بیروڕاهەواڵ

ڕۆحێکی خۆ تەرخانکەر: حەسەن فەیزی

عەبدوڵا ئایماز

 

 

حەسەن فەیزی کە مامۆستا و ئەدیب و شاعیر و سۆفیگەرە، کتێبەکانی مامۆستا سەعید نورسی لە ڕێگەی کاک موحەرەمی خوێندکاری خۆیەوە دەناسێت لە ساڵی ١٩٤٣، کە لەو کاتەدا مامۆستا لە دادگای دەنیزلی دادگایی دەکرێت.

کاک موحەرەم کە دادنوسی دادگا دەبێت، پەیامەکانی نور لە دادگاوە دەهێنێت و دەیبات بۆ لای حەسەن فەیزی مامۆستای. بەم جۆرە حەسەن فەیزی حەیرانی نوسینەکانی مامۆستا بەدیعوزەمان سەعید نورسی دەبێت و ئارەزوی بینینی لە دڵیدا زیاد دەکات.

هەربۆیە دەچێتە سەر ئەو ڕێگایەی کە سەربازەکان مامۆستا سەعیدی لە زیندانەوە بۆ دادگا دەگوێزنەوە.    لە دڵی خۆیدا دەڵێت: گەر بەدیعوزەمان ئەو زاتە گەورەیە بێت کە لە ئەخیر زەماندا دێت، ئەوا ئیشارەتێکم پێدەدات.

مامۆستا سەعیدیش لەو کاتەی بەلای حەسەن فەیزیدا تێدەپەڕێت دەوەستێت و بە شێوەیەکی زۆر قوڵ سەیری دەکات. حەسەن فەیزی لەو کاتەدا دڵی هێندە بە پەلە لێدەدات خەریکە بوەستێت. ئوستادیش لەو کاتەدا دوو یان سێ جار دەستەکانی بەرەو سەری بەرز دەکاتەوە و سڵاوی لێدەکات. ئیدی ئەویش لەبەر ئەمە لە هۆش خۆی دەچێت و وای لێدێت کە چیدی نەتوانێت بە پێوە بوەستێت. لە دوای ئەو ساتەشەوە واز لە هەموو شتێک دەهێنێت و بە تەواوی ڕاستگۆیی و ناخیەوە وابەستەی مامۆستا دەبێت. ئیدی تامەزرۆی ئەو ڕۆژانە دەبێت کە دادگایی مامۆستای تێدا دەکرێت و بە چوار چاو چاوەڕێی دەکات. دوای ئەوەی دادگاش بڕیاری ئازادکردنی مامۆستا دەدات، لەو ماوەیەی لە هۆتێلێکی شاری دەنیزلی دەمێنێتەوە، واتە لە پێش ئەو ماوەیەی کە ڕەوانەی ئەمیرداغ دەکرێت، هیچ ڕۆژێک نابێت حەسەن فەیزی سەردانی مامۆستا نەکات و چاوی پێی نەکەوێت.

 

دەگێڕنەوە کەسێک بە ناوی حاجی حەسەن فەیزی کە سەر بە تەریقەتی مەولانا خالیدی بەغدادی دەبێت، لەو ڕۆژەی مامۆستا سەعید لە دایک دەبێت، لە پڕێکدا هەڵدەستێتە سەرپێ و دەڵێت:” ئەمڕۆ زاتێکی گەورە هاتە دونیاوە، ئەم زاتە خاوەنی زەمانی خۆیەتی و بریکاری سەردەمی خۆیەتی”. دوای چەندین ساڵ خودا کەسێک تری بە ناوی حەسەن فەیزی یورەگیل نارد و نوێنەرایەتی کردنی پەیامەکانی لە دەنیزلی گرتە ئەستۆ.

 

بەڵام ئیدی کاتی ماڵئاوایی دێت. دڵە عاشقەکەی حەسەن فەیزیش دڵێک نیە بەرگەی جودایی و ماڵئاوایی بگرێت. هەربۆیە لە بەرواری ٣١ ی تەموزی ١٩٤٤، کاتێک پاسەکەی مامۆستا لە دەنیزلیەوە بەرەو ئەمیرداغ دەکەوێتە ڕێ، پارچە هۆنراوەیەک لە جامی پاسەکەوە دەخاتە بەردەمی مامۆستا کە لە نێوان دیڕەکانیدا دەڵێت:

هەرگیز بەرگەی جودایی لە دەرگای فەیزت ناگرم

نەزری سەرم بێت، گیانم قوربانی تۆ بێت

 

حەسەن فەیزیش؛ بە چەشنی ئەو کاتەی حافز عەلی ئاغا لە زیندان جەماعەت بۆ نوێژی ئێوارە کۆ دەکاتەوە و دەڵێت: من نزا دەکەم و ئێوەش هەمووتان بڵێن ئامین، دوای نزایەکی درێژ دەڵێت: خودایە گەر کۆتایی تەمەنی ئوستاد هاتووە کەوا لەو ژوورەی ئەودیومان ژەهرانخوارد کراوە و دەتلێتەوە، لە تەمەنی من هەڵگرە و بیخەرە سەر تەمەنی ئەو!

ئەوانەی دواوەش هەموویان دەڵێن ئامین.

ئیدی دوای ئەو نزایەی ئازارێکی گەورە لەسەر سنگی دروست دەبێت و پاش چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانە گیان لە دەستدا و بە شەهیدی دەگەڕێتەوە بۆ لای پەروەردگاری خۆی، ئەو حەسەن فەیزیەی لە دێڕە هۆنراوەکەیدا دەڵێت گیانی قوربانی ئوستاد بێت، لەو ڕۆژەی ئوستاد لە زیندانی ئەمیرداغ ژەهرانخوارد دەکرێت، کە دەکاتە ١٣ ی تشرینی دووهەمی ١٩٤٦، لە جیاتی ئوستاد ڕۆحی تەسلیمی خودا دەکاتەوە و لە گۆڕستانی دەنیزلی لە پاڵ حافز عەلی بە خاک دەسپێردرێت.

جەعفەر تەیار هۆجا کە مامۆستایەکی خانەنشینە لەگەڵ نورەدین ئاکسەکال کە هەردووکیان خوێندکاری بە وەفای مامۆستا حەسەن فەیزین دەگێڕنەوە:

” مامۆستا حەسەن فەیزی پێش ئەوەی چاوی بە پەیامەکانیش بکەوێت هەر کەسێکی خۆشەویستی ناو خەڵک و چرایەکی ڕۆشنکەرەوە بوو. ئەو کاتەی لە گیوڤەچلیکیش مامۆستا بوو هەر لە ناو خەڵکدا بوو. کاتێک لە دەنیزلیش فەرمانبەر بوو، هەمیشە دەهات بۆ مزگەوتی جیلۆڤ لە دەلیکلیچنار. هەمیشە بێدەنگی و گۆشەگیربوونەکەی جێگای سەر سوڕمانی هەموو لایەکمان بوو. کاتێک لە مزگەوتی ئاڵتنتۆپ وتاری دەدا، هەمیشە دەستی بە گریان دەکرد و گوێگرەکانیشی دەخستە گریان”.

جیابوونەوەی بەدیعوزەمان لە دەنیزلی خەمی خستبوویە دڵی زۆر کەسەوە و لە هەموو کەس زیاتر حەسەن فەیزی بە پەرۆشیەوە بۆی دەسوتا، هەر بۆیە گیانیشی فیدای ئەو کرد.

دەنزیلی قارەمانی زۆر گەورەی پەروەردە کردووە، بەڵام حەسەن فەیزی لە هەموویان جیاوازترە، خودا لە هەموویان ڕازی بێت.

 

 

Show More
Back to top button