هەواڵ

ڕوونکردنەوەیەکی گرنگ لەلایەن پارێزەرەکانی م.فەتحوڵا گولەنەوە

پارێزەرەکانی م.فەتحوڵڵا گولەن لە ڕوونکردنەوەیەکدا بە توندی وەڵامی درۆی کاربەدەستانی تورکیایان دایەوە و بە تۆمەتی بێ بنەما و بوختان ناویان برد.

پارێزەرەکانی گولەن لە ڕوونکردنەوەکەدا دەڵێن:

هەندێک کەسایەتی سیاسی بە دروستکردنی دەنگۆی هەوڵدانی بزاڤی خزمەت بۆ ئەنجامدانی کودەتا و کوشتنی هەندێک کەسایەتی هەڵمەتێکی نوێی بوختانکردنیان لە دژی بزاڤی خزمەت دەستپێکردووە.

 لە کاتێکدا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار دۆسیەی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە و زیاتر لە ٥٠ هەزار هاوڵاتی دەستبەسەر کراون ، هەوڵیش دەدرێت تاوان دروست بکرێت لە چەند کارێکی یاسایی کە لە چوارچێوەی دەستور ناچنە دەرەوە و ڕێگەیان پێدراوە، وەک پارەدانان لە بانکی ئاسیا، ئەندامبوون لە سەندیکایەکی سەر بە بزاڤی خزمەت، بەخشینی یارمەتی ماددی بە ڕێکخراوی خێرخوازی کیمسە یۆک مو، ناردنی منداڵەکانیان بۆ خوێندنگەکانی بزاڤی خزمەت، هەڵبەستنی تۆمەتی هەوڵدان بۆ کودەتا و کوشتنی چەند کەسایەتیەک، بوختانێکی ئاشکرا و ڕوونە لە دژی بزاڤی خزمەت.

ئەم بوختانانە لە کاتێکدایە سەرۆکی پارتێکی سیاسی، سەردانی سەرۆکی گروپێکی مافیای دەکات لە زیندان و هەرئەمەش جێگەی سەرنج و گومانە.

بزاڤی خزمەت هەرگیز پەنای بۆ کاری توندوتیژی نەبردووە و مامەڵەی توندڕەوانەی هەرگیز پەسەند نەکردووە. کودەتا قێزەونەکەی ١٥ ی تەموزیش لە هەمان چوارچێوەدا هەڵدەسەنگێنێت. گرنگترین بەڵگە لەسەر ئەوەی ئەندامانی بزاڤی خزمەت پەنا بۆ کاری توندوتیژی نابەن ئەوەیە، ماوەی ٥ ساڵە لەپاڵ ئەوەی بزاڤی خزمەت بە پێچەوانەی هەموو یاساکانەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و، ئەوەی لەگەڵ ئەقڵ، ویژدان، رەوشت، ئینساف ناگونجێت لە هێرش و پێشێلی مافی مرۆڤ بەرامبەری ئەنجام دەدرێت، بەڵام هەتا ئێستا یەک کاردانەوەی نەرێنی پشان نەداوە. لەم ماوە دوور و درێژەدا جگە لە کۆششی یاسایی بۆ بەرگریکردن لە خۆی، پەنای بۆ هیچ ڕێگە و شێوازێکی تر نەبردووە.

وەک بەڕێز فەتحوڵا گولەنیش هەمیشە ئاماژەی پێ دەدات، هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدەن کە “بێ پەنابردنە توندوتیژی، وەڵامنەدانەوەی زاڵمان بە چەشن و شێوازی  خۆیان” بکەنە دروشمی خۆیان و،هەرچیەک لە خراپەکاری بەرامبەریان ئەنجام بدرێت بە خراپە وەڵام نادەنەوە و هەرگیز پەنا بۆ توندوتیژی و کاری دەرەوەی یاسا نابەن.

لە دوای کودەتا قێزەونەکەی ١٥ ی تەموز، قبوڵنەکردنی داواکەی بزاڤی خزمەت سەبارەت بەوەی بە زووترین کات لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە پێکبهێنرێت و، زیندانی کردنی ئەو ڕۆژنامەنوس و نوسەرانەی بەڵگەی بەهێزیان لەسەر کودەتاکە بڵاودەکردەوە کە وتاری فەرمی کاربەدەستانی تورکیای ئاوەژوو دەکرد، پێنەدانی زانیاری بە شێوەیەکی شەفافانە بە ڕای گشتی تورکیا سەبارەت بە چۆنیەتی دادگایکردنی ئەو کەسانەی لە کودەتاکەدا بەشداریان کردووە، ئەوە دەسەلمێنێت کە بانگەشەکانی دەسەڵات سەبارەت بە بەشداریکردنی بزاڤی خزمەت لە کودەتاکەدا، بێ بنەمایە.

بزاڤی خزمەت جگە لە وڵاتێک کە یاسا تێیدا سەروەرە و، بوختان و درۆ و پەراوێزخستنی ئەوانی دی کۆتایی پێهاتبێت و، دادپەروەری جێگەی ناحەقی گرتبێت و، لە جیاتی ستەمدیدە و مەغدورەکان زاڵمان دادگایی بکرێن، هیچ چاوەڕوانیەکی تری نیە.

ئەوانەی دوور لە هەموو جددیەتێکی کاری دەوڵەت، لەبەر بەرژەوەندی خۆیان و خەمی داهاتوویان وڵاتیان کردووە بە بەهەشتی فێڵ و تەڵەکە بێ نرخەکان، بێگومان ڕۆژێک دێت کە لەبەردەم یاسا و مێژوو و دادپەروەری ئیلاهی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ئەنجام دەدرێت.

Show More
Back to top button