هەواڵ

ڕووداوی ڕفاندنەکەی کۆسۆڤۆ لە نیویۆرک تایمزدا بڵاوکرایەوە

یەکێکی تر لە ئابڕووچوونەکانی ڕژێمەکەی ئێردۆغان لە کۆسۆڤۆ ڕوویدا. ئابڕووچوونەکە لە میدیا جیهانییەکاندا دەنگی دایەوە

 

٦ مامۆستای کۆلێژە تورکییەکان لە وڵاتی کۆسۆڤۆ لە لایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە (میت) ڕفێندران. ئەم هەواڵە بووە مانشێتی زۆرێک لە میدیا جیهانییەکان و ڕۆژنامەی بەناوبانگی ئەمریکی نیویۆرک تایمز لە مانشێتی سەرەکیدا نووسیویەتی “کۆسۆڤۆ، ٦ هاوڵاتی تورکی نەیاری ئێردۆغانی دەستگیرکرد”،

دەسەڵاتدارانی کۆسۆڤۆ ڕایانگەیاند ڕۆژی پێنجشەممە گروپێک مامۆستای تورک کە لە کۆلێژە تورکییەکان مامۆستا بوون، بە تۆمەتی بەشداری لە کودەتاکەی ١٥ی تەموز دەستگیرکراون و ڕادەستی وڵاتی تورکیا کراونەتەوە. ئاژانسی ئانادۆڵ دامەزراوەی فەرمی تورکیا ڕایگەیاند دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) فڕۆکەیەکی تایبەتی بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی مامۆستاکان بۆ تورکیا.

وەزیری ناوخۆی کۆسۆڤۆ ڕایگەیاند مۆڵەتی مانەوەی ئەو مامۆستایانە هەڵوەشێنراوەتەوە، بەڵام هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی مانەوەی مامۆستاکانی ئاشکرا نەکرد. بە پێی یاساکانی وڵاتی کۆسۆڤۆ، تەنها لە کاتی بوون بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵات، تاوان، هۆکاری تەندرووستی و هەڕەشە بۆ سەر مافی مرۆڤ مۆڵەتی مانەوە لە ولات هەڵدەوەشێنرێتەوە. پاش ئەم ڕووداوە خوێندکارانی کۆلێژە تورکییەکان لە ولاتی کۆسۆڤۆ خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

پاش ئەم ڕوداوانە لە سەر داوای ڕاموش هارادینای سەرۆکوەزیرانی کۆسۆڤۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدرا. لە کۆبونەوەکە لە لایەن وەزیری ناوخۆ و وەزیری دادەوە ئاماژە بەوە کرا کە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی مانەوە و دەستگیرکردن و پاشان ڕادەستکردنەوەی ئەو مامۆستا تورکانە بە وڵاتی تورکیا نهێنییە. لە لایەکی دیکەوە هاشم تەقی سەرۆککۆماری کۆسۆڤۆ ڕایگەیاند دەزگا پەیوەندیدارەکانمان دەربارەی ڕفاندنی ئەو مامۆستایانە تووشی نائومێدیان کردین و ئێمە دوای ڕووداوەکان هەواڵمان پێدراوە. وەزیری دەرەوەی کۆسۆڤۆ ڕایگەیاند “لە کاتێکدا ئەو مامۆستایانە مۆڵەتی فەرمی مانەوەیان هەبوو، دەستگیرکردنیان و ڕادەستکردنیان بە وڵاتی تورکیا پێچەوانەی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە. ئێمە وەک وەزارەتی دەرەوە ئیدانەی ئەم کارە دەکەین. نەدەبوو ئەم کارە ڕووبدات”.

یەکێک لە کاربەدەستانی کۆلێژە تورکییەکان لە وڵاتی یۆنان ڕایگەیاند “بە بێ پیشاندانی هیچ بەڵگە و تاوانێک، بە شێوەیەکی نایاساییانە ئەو مامۆستایانە دەستگیرکراون لە کاتێکدا مۆڵەتی فەرمی مانەوەیان لە وڵاتی کۆسۆڤۆدا هەبووە. ئەمە کاریگەری ئێردۆغان لەسەر وڵاتانی باڵکان و ئەفریقا دەردەخات”.

لە لایەکی ترەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کۆسۆڤۆ داوای لە حوکومەتی وڵاتەکەی کرد بەشداری لە ناکۆکی نێوان حوکومەتی تورکیا و نەیارەکانی نەکات و ڕایگەیاند “ئەو مامۆستا تورکانە بە هۆکاری سیاسی دەستگیرکراون و ڕادەستی تورکیا کراونەتەوە. ئێمە وەک ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ئیدانەی هەموو ئەم جۆرە کارانە دەکەین”.

 

سەرچاوە: AktifHaber

Show More
Back to top button