هەواڵ

ڕفاندنی هاوڵاتیان لەلایەن ئاکەپەوە لە مێدیا جیهانیەکاندا

ڕفاندنی مامۆستاکانی بزاڤی خزمەت لەلایەن ڕژێمی ئاکەپەوە، یەکێکە لە ڕۆژەڤە گەرمەکانی ناو مێدیا جیهانیەکان و ڕۆژنامەی لێ مۆدەنی فەڕەنسی لە دوا ژمارەیدا، ڕاپۆرتێکی درێژی لەسەر ئەم بابەتە بڵاو کردەوە.

ڕۆژنامە فەڕەنسیەکە باسی لە ڕووداوی ڕفاندنی ٥ مامۆستا و پزیشکێکی بزاڤی خزمەت کرد لە وڵاتی کۆسۆڤۆ و وتی ” ئەمە جاری یەکەمە لە ئەوروپا مامۆستا بڕفێنرێت”.

ڕۆژنامەکە لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا دەڵێت ” لە ئەفەریقاوە هەتا ئاسیا، تورکیا گولەنچیەکان ڕاو دەکات”، پاشان باسی لە ڕفاندنی ٣ مامۆستای بزاڤی خزمەت دەکات لە وڵاتی گابۆنی قاڕەی ئەفەریقا.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٣ هاوڵاتی سەر بە بزاڤی خزمەت بە ناوەکانی عوسمان ئۆزپنار، ئیبراهیم ئاکباش، عەدنان دەمیرئۆناڵ، لەلایەن دەزگای هەواڵگری میتەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری وڵاتی گابۆن دەستگیر کران و پاشان هێنرانەوە بۆ تورکیا.

لێ مۆندە باس لەوە دەکات کە میت ئەم ٣ مامۆستایەی ڕفاندووە و بێ ئەوەی بهێڵێت چاویان بە پارێزەرەکانیان بکەوێت و بزانن بە چ تۆمەتێک دەستگیر کراون، سواری فڕۆکەیەکی تایبەتی کردوون و  بۆ تورکیای گواستوونەتەوە.

ڕۆژنامەکە باس لەوەش دەکات کە ئەم مامۆستایانە بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە گروپی تیرۆرستی” دا دادگایی دەکرێن و ئەگەر هەیە ساڵانێکی درێژ لە زینداندا بمێننەوە.

ئاماژەی بە قسەکانی ئێردۆغانیش کراوە کە دەڵێت ” بۆ هەر شوێنێک دەڕۆن با بڕۆن، دەیانگرین و دەیانهێنینەوە بۆ تورکیا”، پاشان ڕۆژنامەکە دەپرسێت ” دوای کۆسۆڤۆ و گابۆن، ئەمجارەیان سەرەی چ وڵاتێکە؟”.

ماریۆ جێگۆ ئامادەکاری ڕاپۆرتەکەیە و ئەمە بەشێکە لە سەر دێڕە گرنگەکانی:

دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦، کاربەدەستانی تورکیا دەستیان کرد بە ڕەشبگیری لایەنگرانی گولەن. خودی گولەن کە لە ساڵی ١٩٩٩ لە وڵاتی ئەمەریکا ژیان بەسەر دەبات، تۆمەتەکانی حکومەتی تورکیا سەبارەت بە کودەتاکە ڕەت دەکاتەوە. ئۆپەراسیۆنەکانی حکومەتیش تەواو بوونی بۆ نیە و هەتا ئێستا ٥٥ هەزار هاوڵاتی دەستبەسەرکراوە، کە لە نێوانیاندا مامۆستا، داواکاری گشتی، ڕۆژنامەنوس و کەسانی ڕەخنەگر بوونیان هەیە.

 

“حکومەتی تورکیا زوو زوو دەیانڕفێنێت”

لە ٢٩ ی ئازاری ئەمساڵدا ٥ مامۆستا و پزیشکێکی سەر بە بزاڤی خزمەت لە وڵاتی کۆسۆڤۆ دەستگیرکران، بە گوێرەی هەواڵەکانی ناو مێدیای کۆسۆڤۆ، بە فڕۆکەیەکی تایبەتی دەزگای هەواڵگری تورکیا، ٦ هاوڵاتیەکە براونەتەوە بۆ تورکیا.

دوای ئەوەی مۆڵەتی مانەوەیان لەو وڵاتە پوچەڵ دەکرێتەوە، بە زۆر سواری ئۆتۆمبیلێکیان دەکەن و دەیانبەن بۆ فڕۆکەخانەی پیریستینا لە کۆسۆڤۆ. فڕۆکەیەکی سەر بە دەزگای هەواڵگریش لەوێ چاوەڕیان دەکات، ئێردۆغانیش لەم کاتەدا دەیقیڕاند” ئەوانمان قۆڵبەست کرد”.

حکومەتی تورکیا زوو زوو ئەم ڕێگەیە بەکار دەهێنێت. بەکر بۆزداغ وتەبێژی حکومەتی تورکیا، ئەوەی راگەیاند کە دوای هەوڵی کودەتاکەی ١٥ ی تەموز، ٨٠ لایەنگری گولەنیان لە دەرەوەی تورکیاوە هێناوەتەوە تورکیا. حوسەین ئایدن کە پاریزەری ئێردۆغانە، لە میانەی بەشداری لە بەرنامەیەکی ڕادیۆی تەرەتە وتی ” ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە داهاتووش بەردەوام دەبن”.

 

” لە وڵاتانی ئەوروپا، لە ڕابردوودا شتی وەها رووی نەداوە”

ئەم ڕووداوە لە وڵاتی کۆسۆڤۆدا قەیرانێکی سیاسی دروست کرد، ڕاموش هارادیناژ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە، ئەوەی دووپات کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە بە ئاگاداری ئەو ئەنجام نەدراوە. ئەمە یەکەم جارە لە وڵاتێکی ئەوروپا ڕووداوێکی لەو شیوەیە ڕوو دەدات.

پێشتر لە ١٤ وڵاتی ئەفەریقا کە کەسانی نزیک لە گولەنی لێیە ڕووداوی وەها ڕوویداوە،  هەروەها لە ئازاەربایجان، تورکمەنستان، ئازەربایجان، سودان، ئەفغانستان، پاکستان، بەڵام ئەمە جاری یەکەمە لە وڵاتێکی هێندە نزیک لە یەکێتی ئەوروپاوە شتی وەها ڕوو دەدات.

ماژا کۆجیژانجیج وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا لە ڕوونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە ڕفاندنی مامۆستاکانی وڵاتی کۆسۆڤۆ وتی” دەبێت ڕێز لە مافی دادگایکردنێکی دادپەروەرانەی هەموو تاکێک بگیرێت. وڵاتێکی وەک تورکیا کە کاندیدی بوونە ئەندامە لە یەکێتی ئەوروپا و ئەندامی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپایە، دەبێت پەیڕەوی لە بنەما هاوبەشەکان بکات”.

“وەقفی مەعاریف، تورگێڤ، بیلال ئێردۆغانیش لە ڕاپۆرتەکەدا ناویان هاتووە”

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە ئەو خوێندنگانەی سەردەمانێک بە پاڵپشتی ئەنقەرە کراونەتەوە لە دەرەوەی وڵات، ئێستا وەقفی مەعاریف هەوڵ دەدات دەست بگرێت بە سەریاندا و، خوێندنگە ناوخۆیەکانی تورکیاش لەلایەن ڕێکخراوی تورگێڤەوە بەڕێوە دەبرێت، کە بیلال ئێردۆغانی کوڕی سەرۆک کۆماری تورکیا سەرپەرشتی دەکات.

هەروەها ڕۆژنامەکە باس لەوە دەکات کە خودی کەربەدەستانی ئاکەپەش لە ڕابردوودا منداڵەکانیان بۆ ئەو خوێندنگانەی بزاڤی خزمەت ناردووە و لە دوای ١٥ ی تەموزەوە توشی هیچ لێپرسینەوەیەکیش نەبوون، بەڵام هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت توشی سزایەکی زۆر سەخت بوون بە هۆی بەڕێوەبردنی ئەو خوێندنگانەوە.

 

 

 

Show More
Back to top button