هەواڵوتاری هەفتانەی م.فەحوڵڵا گولەن

ڕزین، تاغوتەکان و پارانۆیا

وتاری هەفتانەی م.فەتحوڵڵا گولەن 21.01.2019

 

 

مەولانای مەزن… لە پاڵ ئەوەی کەسێکی مەزن و سوڵتانی وتە بوو، بەو ڕادەیەش کەسێکی خاکی و خۆ بە هیچزان بوو… بیر لە هۆنراوەی من بەندە شودەمی بکەنەوە، یان کە دەڵێت:

مَنْ بَنْدَهِٔ قُرْآنَمْ أَگَرْ جَانْ دَارَمْ

 

سەری موبارەکی هەموو ساتێک دەرقاپی حەزرەتی پەیامبەری خاوەن شان و شکۆ بوو.

هەرچیەک بیەوێت بیڵێت، بەوی دەڵێت ، ئەو شتەشی دەیڵێت لە ڕێگەی ئەوەوە دەیگەیەنێت بە خاوەنەکەی.

چاوێکی هەمیشە لەسەر حەقیقەتەکانە هەتا پشانی مرۆڤەکانی تری بدات، چاوێکیشی هەمیشە لەسەر ئەولای ئەولاکان، ئەولای ئەولاکان بوو…

ڕێگای موسوڵمانێتی ڕاستەقینەمان پێ پشان دەدات، بە یەکێک لەو کەسانە هەژمار دەکرێت کە شوێنکەوتەی جێپێی پێغەمبەرە…

وەک غەزالی و عومەری کوڕی عەبدولعەزیز و یان وتەبێژی سەدە…

بە ناوی خودی خۆیانەوە نەژیاون، لە ڕوانگەی خودی خۆیانەوە بە تەواوی فانی و تیاچوو بوون، خۆیان هیچ کردۆتەوە و کاتێک ئەوەی پێویستی دەکرد ببێت بە بەشێک لە ناخیان و کردیان بە بەشێک لە ناخیان، خۆیان خودی خۆیان فڕێ دایە ناو هیچێتیەوە!

خۆیان دا بە دەم تاڤگەی هیچێتیەوە، خۆیان دا بە دەم ئەو تاڤگەی هیچێتیەی کە گەڕانەوەی بۆ نیە، لەم ڕێگەیەشەوە دەریای “بوون بە هەموو شتێک” لەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتن و بردنی!

 

بەڵام لەم بابەتەشدا پێویستە مرۆڤ حەقی ئیرادەی بدات و هەوڵ و کۆششێکی دیاریکراوی هەبێت بەم ئاڕاستەیەدا.

لەوە دەچێت ئەمە وەک لوتفێکی زیادەی جەنابی حەقیش بە نسیبی هەندێک کەس ببێت، کەس ناتوانێت بەرامبەر ئەمە هیچ بڵێت، بەڵام گەر بە شێوەیەکی بابەتیانە نزیک بینەوە، پێویستە لە سەرەتاوە ئەو شتانە ئەنجام بدات کە دەبێت ئەنجامی بدات، پاشان ئەو شتانەی کە دەبێت دواتر ئەنجامی بدات، ئەنجامی دەدات، پاشان دواتر و دواتر هەرچیەک کە پێویست بکات، دەبێت ئەنجامی بدات.

چەشنی منداڵێک کە فێری ژیان دەبێت، کاتێک لەلای دایک و باوکێتی لەناو ماڵ و هێلانەی خۆیدا…

ڕۆژێک فێری سنگەخشکێ دەبێت، ڕۆژێک فێری گاگۆڵکێ دەبێت، رۆژێک فێری ڕۆشتن دەبێت بە هەستان و داکەوتنەوە، ڕۆژێک بە لاڵەپەتەیی فێری قسە دەبێت، ڕۆژێک فێری قسەی ڕاست دەبێت، ڕۆژێک ئەوەی پیویستە دەتوانێت ئەنجامی بدات و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو مرۆڤ بوون دەچێت، ئیدی لەو ماڵ و خانەیەدا چەندە مرۆڤێتی و مرۆڤایەتی هەبێت، هەوڵ دەدات لە لوتکەدا بەدەستی بهێنێت، بە بێ ویستی خۆی، بە شێوەیەکی لاساییکەرەوانە ئەنجامی دەدات.

ڕێبوارانی ڕێگەی الله، ڕێبوارانی ڕێگەی پێغەمبەر، یەکسەر لە پڕێکدا خۆیان لە لوتکەدا نابیننەوە، پێش هەموو شتێک دەبێت نەفسی خۆیان بە “فەنا” بێتە پێش چاو، دەبێت خۆیان بە “نەبوو” بزانن. دەبێت خۆیان بە بەندەیەکی پت لە ملی تەوق لە ملی بەردەم خودا بزانن کە ئازادی لەو بەندایەتیەی قبوڵ ناکات!

هەر کارێکی چاکەیان کردبێت نادیدە دەیگرن، تەنیا لە ڕووی باسکردنی نیعمەتێکی خوداوە، دەڵێت خودایە ئەمەش لە تۆوەیە و لە ڕێگەی وتنەوەی “سوپاس بۆ خودا” ڕووبەڕووی  ئەو کارە چاکەیان دەبنەوە.

ئەمەش قسەیەکی ئیمامی ئاڵڤاری بیرخستینەوە:

 

ئەمە شایستەی من نیە کەوا بەندەیەکم

ئەم لوتف و ئیحسانەی لەگەڵم کراوە لە پای چی؟!

دەبێت بڵێیت : ئەم لوتف و ئیحسانەی لەگەڵم کراوە لە پای چی، خۆم هیچ بە شایستەی ئەمە نازانم، بەڵام کاتێک سەیری چوارەدورم دەکەم، دەبینم کەوا لوتفگەلێکی زۆری جەنابی حەق، چەشنی سنەوبەر سەریان هەڵداوە و باڵایان کردووە، چەشنی تۆوە چێنراوەکان سەرچڵیان دەرکردووە، بەڵام گەر هێندەی چاوتروکانێک حەرامیشی ئەنجام دابێت، بە درێژایی ژیانی لە بیری نەکات، گەر شتێکی گوماناوی ئەنجام دابێت، بە درێژایی ژیانی لەبیری نەچێتەوە، هەر جارێک هاتەوە بە مێشکیدا تەنیا یەک جار نا، بەڵکو بڵێت : هەزار و هەزار جار استغفرالله… یەک ملیۆن استغفرالله، نەمتوانی بەسەر چاوەکانمدا زاڵ ببم…

 

سەیری حەرامم کرد، نەمتوانی زاڵ ببم بەسەر قاچەکانمدا، کەوتمە کاری ئاژەڵیانەوە و بەرەو حەرام ڕۆشتم. نەمتوانی کۆنتڕۆڵی دەستەکانم بکەم، دەستم بۆ حەرام درێژ کرد، خۆم دا بە دەم چەپڵە ڕێزانەوە، خۆم فڕێدایە ناو خۆشەویستی دونیاوە، ئەمانەش هەریەکەیان بۆ خۆیان تاڤگەی بەڵایەکی خودایین،  تاڤگەی بەڵا خودایەکان مرۆڤ بەرەو دەریای شەیتان هەڵدەگرێت و دەیبات، ئیدی گەرانەوەشی کاری نەکردەیە، پەنا بە خودا…

ئیدی جوانیان یاخود باشیەکان، هەروەها خراپەکان، سەرەتا لە خاڵێکی بچوکەوە دەستپێدەکەن، تەنانەت ئەم گەردونەش لە ناوکێکەوە دروست بووە.

چەندین ترلیۆن ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، خۆ گەر لە دەزگای “کن فکان” هەر شتێک دەربچێت، دەیتوانی هەموو شتێک یەکسەر دروست بکات.

قۆناغە جیۆلۆجیەکان بە هەمان شێوە، پێویستی ب ملیارەها ساڵ نەبوو، بەڵام نەریتی ئیلاهی لەمەوە شتێکمان فێر دەکات،  پێمان دەڵێت چەشنی پێگەشتنی ئێوەش هەمان شتە، هەروەها کەوتنیشتان هەر بە هەمان شێوەیە، گەر خراپە چەشنی کێچێک کەوتە گیانتان، یەکسەر پڕی پێدا دەکەن و فڕێی دەدەن، بەڵام گەر ئاگاتانی لێینەبێت، لە کرۆکی ناختانەوە دەتانکرمێنێت.

ئەمە شتێک نیە کەوا من هەر لە خۆمەوە وتبێتم، پەیامبەری خودا دەفەرموێت: مرۆڤێک کاتێک کارێکی خراپ ئەنجام دەدات، لە دڵیدا لەکەیەک دروست دەبێت.

ئیدی ئەو لەکەیە گەر لە ڕێگەی تۆبە و گەڕانەوە “اوبة” و ڕووکردنەوە خودا “انابة” و گەڕانەوە لە دڵەوە “ایابة” و داوای لێخۆشبوونەوە بە خیرایی نەسڕدرێتەوە، بێگومان دەبێتە بانگهێشتکەری گوناحی تر…

وتەیەک هەیە کە دەڵێت:

ئەوەی جارێک درۆ بکات، دواتر بە درێژایی ژیانی درۆ دەکات…

پێویستە بۆ تەنیا جارێکیش دەرگا ئاوەڵا نەکەین. کاتێک تەنیا بۆ تاقە جارێکیش دەرگات بە ڕووی درۆدا ئاوەڵا کرد،    کاتێک دەرگاتان بە ڕووی زیکزاک کردندا ئاوەڵا کرد، کاتێک دەرگاتان بە ڕووی هاودژیەکاندا ئاوەڵا کرد، چەشنی ئەوانەی کاروباری خەڵک بەڕێوە دەبەن، هەمیشە ئەم کارە دەکەن، دواتر تەواوی دەرگا شەیتانیەکان چەشنی دەرگای قەڵاکان بەسەریاندا دەکرێتەوە…

ئیدی شەیتانەکان شەپۆل شەپۆل خۆیان دەکەن بە ژووردا. بۆ ئەم بابەتەش بگەڕێنەوە بۆ حەزرەتی غەزالی، کاتێک دڵ بە ڕووی هاتنی ڕۆحانیەکاندا دادەخرێت، پەنا بە خودا بە تەواوی دەرگاکانیەوە بە ڕووی شەیتانەکاندا دەکرێنەوە.

ئیدی مرۆڤ هەست بە سەرشۆڕی گوناحەکانی ناکات لە ویژدانیدا، دواتر گەر چاکەیەکیشی لە دەست ببێتەوە، لە بەرامبەریدا خۆی وەک قومری دەبینێت کە هەڵفڕیوە!

وا دەزانێت لە ئاسماندایە!

پەنا بە خودا…

گەر بە ناوی نوێژەوە خەریکی هەڵسان و دانیشتن بێت، بە خۆی دەڵێت: وا چ کارێکی گەورە ئەنجام دەدەم! گەرچی ئەوەی دەیکات تەنیا هەستان و دانیشتنە!

لە ڕاستیشدا نوێژ دەبێت بە شێوەیەک بێت کە گەورەیی جەنابی حەق لە ناختدا هەست پێبکەیت و کاتێک دەچیتە ڕکوعەوە بە ناوی ئەم هەستەوە دەچیت نەک ئەوەی لە کتێبە فیقهیەکاندا باسکراوە، بەڵام گەر بە تێبینی ئەوەی پیویستە لەبەردەم گەورەیی ئەودا بچەمێمەوە، دەڵێیت: وای چەند باشە کە خودا فەرمانی بەمە کردووە، کەواتە با ڕکوعێک ببەم…

دواتر هەڵدەستێت و وەک ئەوەی تەماشای ویستی بێ خەوشی جەنابی حەق بکات، جارێکی تر سەیری بڵندایەکان دەکەیتەوە و دەڵێیت: بە ڕاستی چەمانەوە لەبەردەمدا بەس نیە و بە سوجدەدا دەکەویت.

لە ڕێگەی تێژەنین و پاڵپێوەنانی فەرمانەکانەوە ئەمە ناکەیت، لە ڕێگەی هەست کردن بەم بابەتەوە لە ویژدانتدا بەم کارە هەڵدەستیت…

مرۆڤ دەبێت ئەمە بکاتە ئامانجی و گەر بەرەو ئەو ئامانجە بروات، ڕۆژێک بێ ئەوەی ئاگای لە خۆی دەبێت، لە پڕێکدا هەست بەوە دەکات لە پلەی ئیمانەوە بەرەو پلەی ناسینی خودا بەرز بۆتەوە…

لە ناسینی خوداشەوە بەرەو خۆشەویستی خودا بەرز بۆتەوە، ئەمەش ئەو بابەتەیە کە لە غەزالیدا دەیخوێنین…

لە ناسینی خوداوە بۆ خۆشەویستی، ئەوەی نەیناسێت ناتوانێت خۆشی بوێت، دەبێت بە هەموو شتەکانیەوە بیناسیت، ئێوە لە ڕێگەی پێکهاتەی ئەنەتۆمی خۆتانەوە، وەک پێڕستی ئەم گەردوون و بوونەن، هەموو بوون چەشنی مرۆڤێکی گەورە وەهایە، ئێوەش بوونەوەرێکی بچوک و کاکڵەی ناوەڕۆکی ئەو بوونەن!

 ئەمەش لە ئێوەدا بیری جەنابی الله تان دەخاتەوە، چەشنی پێڕستی کتێبێکن، هەر مرۆڤێک بە باشی ئەو پێڕستە بزانێت، بێ ئەوەی سەری لێبشوێت بە کۆڵانەکانی گەردوندا دەسوڕێتەوە، بە هەرکەسێک دەگات سڵاوی لێدەکرێت و سڵاو لە هەرکەسێک دەگات کە بە لایدا دەڕوات!

سڵاو لە دار و بەرد و ئاو و خاک دەکات! سڵاو لە رووبار و باڵندە و مێرولە دەکات…

 

 

سڵاو لە هەموو شتێک دەکات و تێدەپەڕێت، چونکە هەریەک لەوان کۆمەڵەی پێکهاتەی کتێبی ڕێساکانی بوونن. بەڵام مرۆڤ لە پێش هەموویانەوە وەک پێڕستە. پێویستە پێکهاتەی ئەنەتۆمی خۆی بخوێنێتەوە، گەر بگەڕێینەوە بۆ تێبینیەکەی حەزرەتی پیر، لە پێش گەڕان و بیرکردنەوەی لە نەفسی گەردون، پێویستە بە خودی نەفسی خۆماندا بگەڕێین و بیری لێبکەینەوە، چونکە گەر ئێوە ئەو بابەتە بەربڵاوە لە پێڕستی نەفسی خۆتانەوە شی نەکردبێتەوە، پێدەچێت لەو جیهانە بەر فراوانەدا توشی شڵەژان و سەر لێتێكچوون ببن.

لەوە دەچێت نەتوانن بارتەقای چوارچیوەی بابەتەکە بدەن، پەنا بە خودا، هەر بۆیە لە ئیمانەوە بۆ ناسینی خودا، لە ناسینی خوداوە بۆ خۆشەویستی خودا، لە خۆشەویستی خوداوە بۆ چێژی ڕۆحانی، دواتر ئەوەی حەزرەت زۆر پێداگری لەسەر دەکات: عەشق و تامەزرۆیی گەشتن بە دیداری الله…

تەواوی سۆفیەکانیش لەسەر ئەم بابەتە وەستاون. ئیدی عاشقی الله دەبێت، زۆر لە بان ئەو عەشقەی مەجنون بۆ لەیلا هەیبوو، گەر بچێتە حزوری جەنابی حەق، یاخود جەنابی حەق بیباتە حزوری باڵای خۆی، لەوێشدا لە هۆش خۆی دەچێت و هەر دەڵێت : الله…  هاواری عەشقی دەکات، چەشنی نەی هاواری عەشقی دەکات. چونکە ناتوانێت ببینێت و ببیستێت و چواردەوری بگرێت.

هەربۆیە لەوێشدا هاواری عەشقی دەکات. پێویستە داواکاری ئەو لوتکەیە بین، نرخی ڕاستەقینەی مرۆڤێک بە شێوەیەک لە شێوەکان، پەیوەندی ڕاستەوانەی لەگەڵ ئەو شتانەدا هەیە کە داواکارێتی!

بە شێوەیەکی ڕاستەوانە…

داوای هەرچیەک بکەن هەر ئەوەشە نرخی ئێوە، کاتێک ئەمە بە ناوی شتە باشەکانەوە بەم شێوەیەیە، بە ناوی شتە خراپەکانیشەوە هەر بە هەمان شێوەیە.

هەربۆیە تابلۆی شانازی مرۆڤایەتیش دەفەرموێت: هەر گوناحێک لەکەیەک لەسەر دڵت بەجێدەهێڵێت، گەرچی ئەو ئەمەی نەوتووە، بەڵام لێرەدا دەڵێم؛ دەبێتە بانگهێشتکەری گوناحی دووهەمیش.

كَلَّا بَلْ رَانَ عَلَى قُلُوبِهِمْ مَا كَانُوا يَكْسِبُونَ،

كَلَّا بَلْ رَانَ عَلَى قُلُوبِهِمْ

لە وشەی “بل” سکون هەیە، ئێمە لە ڕووی قیرائەتەکانەوە، لە ڕوی میوزیکی ناوخۆی وشەکانی قورئانەوە، بێ ئەوەی دەستکاری ناوەڕۆکی واتاکانیان بکەین، گەر بتەوێت دەستکاری واتای ناوەڕۆکەکەی بکەیت دەڵێیت بَرَّانَ، لێرەدا واتاکەی دەگۆڕێت، هەر بۆیە دەڵێیت بَلْ رَانَ

لێرەدا دەبێت هەناسەیەک وەربگریت، رین واتە لە دڵیاندا پەردەیەک دروست بوو، تەنیا گومانێکی بچوک، شتێک کەوا بە گومانی بچوک ناو ببرێت، گەر چەشنی کێچێک دووچاری دڵ ببێت، بانگهێشتی دووهەمی دەکات، ئەویش سێهەم بانگهێشت دەکات، پاشان چوارەم و پێنجهەمیش بانگهێشت دەکات.

ئیدی هێواش هێواش لە ویژدانی مرۆڤدا ڕزین دەست پێدەکات، دەتوانین ئەمە لە ڕوانگەی پێکهاتەی ئەنەتۆمی مەعنەوی مرۆڤەوە بە تێکچوون لە قاڵبی خۆی ناو ببەن، ئەنەتۆمی مەعنەوی مرۆڤ، واتە دڵ و ڕۆح و ویژدان و هەست و شعور، لەو میکانیزمەی کە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و الله دروست دەکات، ئیدی بە شێوەیەک لە شێوەکان، چەشنی ئەوەی کێچ لێیدابێت لە هەموو لایەکەوە کوناودەربوونی دەبینیت. بێ ئەوەی ئاگات لە خۆت بێت. هەربۆیە پێموایە بە بچوکتری شیوەش دەرگا بۆ ئەو جۆرە شتانە نەکەینەوە، تەنانەت گەر ئیمکان هەبوو، بۆ نمونە گەر تەکلیفی پەڕلەمانتارێتی و پارێزگارێتی و قائیمقامێتیشیان بۆ ئێوە هێنا، دەبێت بڵێیت : کورە ئەم تەکلیفە بخەنە بەردەم فڵان باشترێکە، چەشنی ئەوەی لە نێوان حەزرەتی ئەبوبەکر و عومەر ڕوویدا، خودا لە هەردووکیان ڕازی بێت، هەزاران هەزار جار، هەزار جار خودایان لێ ڕازی ببێت، ئەو دەستی ئەو دەگرێت و دەڵێت من بەیعەتم بەمدا، ئەویش دەستی ئەو دەگرێت و دەڵێت: منیش بەیعەتم بەمدا کە هیچ کاتێک لە سەردارمان جیا نەبۆتەوە، پێموایە دەیانتوانی ئەم بابەتە زیاتر درێژ بکەنەوە، بەڵام ئەوەش دەبوو بەفیڕۆدانی کات و دەبوونە هۆی سەرلێتێکچوون و، کەسانی تریان دەخستە بیری جیاوازەوە، مەگەرنا حەزرەتی ئەبوبەکر بێ ئەوەی بوەستێت دەستی حەزرەتی عومەری دەگرت و حەزرەتی عومەریش دەستی ئەوی دەگرت، ئەم دەیوت نابێت و دەستی عوسمانیان دەگرت، ئەویش دەیوت نابێت و دەستی عەلی دەگرت، دەبوونە پەرتەوازەیی و پەرشوبڵاوی لە بیروڕادا…

ئەمەش ڕۆحی ئیسارە؛ واتە پێشخستنی کەسانی تر بەسەر خۆتدا، واتە بڵێیت تۆ شایستە بە ئیمامەتی و فەرموو پێش بکەوە، چی دەبێت لەبەر خاتری خودا تۆ پێش بکەوە.

لەبەر خاتری خودا تۆ ببە بە پارێزگار، لەبەر خاتری خودا تۆ ببە قائیمەقام، لەبەر خاتری خودا تۆ ببە پەڕلەمانتار، با منیش یەکێک بم لەوانەی هەڵتدەبژێرن، هەربۆیە ئەم جۆرە شتانە مرۆڤ بێ ئەوەی ئاگای لە خۆی بێت، توشی تێکچوون و دەرچوون لە قاڵبی خۆی دەکات. بێ ئەوەی ئاگای لە خۆی بووبێت ڕزیوە و هێشتا بە خۆی نەزانیوە…

 

لە بابەتی ڕزیندا تەنیا هزرتان بەم نمونەیە مەبەستنەوە و لە ڕووی ئەمەوە هەڵسەنگاندنی بۆ مەکەن، خۆ گەر ئەو کەسە چواردەورەکەشی توشی ڕزین نەبووبێت، یەکێک لەوان هەڵدەستێت و دەڵێت “ئیتر بەسە!”. ئێوە هیچ بیستوتانە کەسێک هەستێت و بڵێت “ئیتر بەسە!؟”.

لە بەرامبەر ئەو هەموو زوڵمە، لە بەرامبەر ئەو هەموو سەرکەشیە، لە بەرامبەر ئەو هەموو کارە قێزەونە، لە بەرامبەر ئەو هەموو کارە سووکانە، ئەوەی کە هیتلەریش ئەنجامی نەداوە، ئەوەی سەدامیش ئەنجامی نەداوە، ئەوەی قەزافیش ئەنجامی نەداوە، تەنیا یەک دەنگی ئەرێنی، تاقە هەناسەیەکی مرۆڤانە، گوێتان لێبووە بەرز ببێتەوە؟ بەڵێ، خۆ گەر شتێکی لەو شێوەیەش ڕووبدات، ئەویش لەو شوێنە خۆی دەبینێتەوە کە دەبێت خۆی تێدا ببینێتەوە!

ئەویش لەبەر ئەوەی ئەمە دەزانێت، گەر هەر بە ڕاستیش هەبێت ئەم دەنگە لە ناخیشیەوە هاتبێتە دەرەوە، لە ترساندا بێدەنگی هەڵبژاردووە.

هەربۆیە گەر یەکێک سروشتی خۆی ئامادەیی ئەوەی تێدابێت توشی ڕزین و تێکچوون و دەرچوون لە قاڵبی خۆی تێدا بێت، چواردەورەکەشی لەم بابەتەدا کاتەکەی خێراتر دەکەن.

بێ ئەوەی ئاگای لە خۆی بێت لە دوای ئامنۆفیسەوە دەڕوات، مادام باسەکە هاتە ئامنۆفیس، هەموو شتێک بابەتێکی تر بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت و با ئەم گێڕانەوەیەشتان عەرز بکەم…

دەگێڕنەوە کەوا شەیتان ڕۆژێک دەچێتە لای ئامنۆفیس، واتە ئەو فیرعەونەی کە لە سەردەمی حەزرەتی موسادا بووە، مەهمەت ئاکیف وای ناوبردووە،  ئیدی ئەو ناوی هەبووە یاخود ناوێکی تر، دەشڵێن ناوی ئیبنوشەمس بووە، شەیتان دێت و دەڵێت : کورە وا قژ و ڕیشت سپی بووە، هەمیشە دەڵێیت: أَنَا رَبُّكُمُ الأَعْلَى، لە هەندێک شوێنیش دەڵێیت: جگە لە من خوایەکی گەورەتر نیە، دەڵێیت وا ڕووبارەکان لە ژێر پێمەوە دەڕۆن، موسا کێیە شانی لە شانم بدات، ئەمانە بە گوێرەی ناوەڕۆکی قورئان دەردەبڕم، ئیدی واز لەم شتانە بهێنە کە دەیانڵێیت، ئەگەر زۆرە فیرعەون لەم کاتەدا لە قاقای پێکەنینی دابێت، گەر هەمان قسە بەمانەی ئێستاش بڵێیت، ئەوانیش لە قاقای پێکەنین دەدەن، ئەویش بە شەیتان دەڵێت: دەبڕۆ بەیانی وەرەوە…

کەواتە مرۆڤ جاری وا هەیە خۆی دەخاتە حاڵی وەهاوە، کە تەنانەت شەیتانیش ئەقڵی پێناشکێت، دەڵێت بڕۆ و بەیانی وەرەوە، ئەویش دەروات و کاتێک بەیانی دێتەوە، دەبینێت لە قاهیرە – شوێنی فیرعەونەکان هەر قەهر لێگیراوە – کاتێک بە کۆڵانەکاندا تێدەپەڕێت، دەبینێت هەندێک لە مرۆڤەکان بەسەر دەست و قاچانیاندا کەوتوون و  چەشنی چوارپێیەک لەسەر زەوی هەڵنیشتوون، – بمبورن – وەکو مانگا دەبۆڕێنن، هەندێکیش وەک ئاژەڵی سواری دەزەڕێنن، هەندێکیشیان وەک ئەسپ دەحیلێنن، هەندێکیشیان چەشنی مەڕ دەباعێنن، هەندێکیشیان چەشنی سەگ دەحەپێنن، هەندێکیشیان نازانم وەک چی دەلورێنن…

شەیتانیش سەری بەمە سوڕ دەمێنێت، دێتە لای فیرعەون و دەپرسێت ئەمە چیە؟

هەموو کۆڵانەکانی قاهیرە پڕ بوون لەم جۆرە مرۆڤانە، ئەویش  دەڵێت ئەمانە بەندەکانی منن، ئەمانە ئەو مێگەلەن کە لە دوای منەوە خەریکی ڕاکە ڕاکن، کاتێک من بەمانەم وت أَنَا رَبُّكُمُ الأَعْلَى، ئەمانەش بەڵێیان بۆ کردم. بە دوام کەوتن. بەڵام سەیرکە چەندین ساڵە قسەکانم بە گوێی موسا و هاروندا نەچووە.

بەڵێ، ئەو مرۆڤەی لە ڕووی پێکهاتەی ئەنەتۆمی مەعنەویەوە خۆی دابێتە دەست ڕزین، کەسانێکی بێ شعور و بێ ئینساف و بێ ئیزعانی چواردەوریشی، ئەوانەی بە ئەنقەست ژیانی دونیا بەسەر ژیانی ئاخیرەتدا سەردەخەن، گەر چەپڵەڕێزانی بکەن و بە شانوباڵیدا هەڵبدەن، بە ڕای من بە بێ ئەوەی ئاگایان لە خۆیان بێت، ئەو مرۆڤە دەکەن بە ئامنۆفیس. دەیکەن بە قەزافی، دەیکەن بە سەدام. بێ ئەوەی ئاگایان لە خۆیان بێت

وەک چۆن لە بابەتی بەرزبوونەوە بۆ لای الله، هەنگاو بە هەنگاو بەرز بوونەوە هەیە، لە بابەتی ڕزین و تێکچوونی ترسناکی قاڵبیشدا، هەمیشە لە سەرەتاکەیەوە بە شتی بچوک دەست پێدەکات. بە کرانەوەی گۆشەیەکی بچوک دەست پێدەکات، بەڵام تا دێت مەقەستەکە زیاتر و زیاتر دەکرێتەوە، زیاتر و زیاتر دەکرێتەوە، بەمەش دەڵێن قوچان و دوورکەوتنەوە لە چەقی ناوەند،  جاران دەیانوت جوڵە بە پێچەوانەی چەقی ناوەندەوە، ئێستا دەڵێین قوچان لە چەقی ناوەند، تا دێت زیاتر دەکرێتەوە، تا دێت زیاتر و زیاتر دەکرێتەوە، ئیدی بە شێوەیەک دەکرێتەوە، تەنانەت وای لێ دێت شەیتانیش بە کارەکانی مرۆڤ سەری سوڕ دەمێنێت، چەشنی گوزارشتی هاوڕێیەکی شاعیرم:

چارۆکەم بە ڕووی دەریای سەرکەشیدا هەڵداوە و چیدی ڕێگەی گەڕانەوە کەنارم نەماوە…

 

هەڵیدەگرێت و لەگەڵ خۆی دەیبات، بە شێوەیەک لە شێوەکان، دەیباتە ئەو چاڵ و نشێویەی شەیتان ئامادەی کردووە، بێ ئەوەی ئاگای لە خۆی بێت.

 

ئەم دونیا فانیە تا ئەبەد کەس لێرە نیە

بڕۆ ئەی دونیا کۆتایی تۆ وێرانەیە

 مەدەد؛ لە دوای ئێرەوە ئاخیر زەمانە…

ئەمە تایبەتمەندیەکە کە پێدەچێت دەرونناسەکان باشتر بیزانن، نەخۆشی پارانۆیا هۆکار کاریگەری جیاواز جیاوازی هەیە، بۆ نمونە لە ژیانێکی سادە و پڕ کەموکوڕیەوە هاتووە، بەڵام دواتر بەرەو پێگەیەکی شادەماریانە بەرز بۆتەوە. گەر ڕوونتر قسە بکەین:

بۆ نمونە لە خێزانێکی هەژارەوە هاتووە، کە لە خانوی بێ تاپۆدا ژیانی بەسەر بردووە، گەر لە پڕێکدا جەنابی حەق هەندێک ئیمکان بخاتە بەردەمی، ئیدی توشی سەرکەشی دەکات، وای لێدێت لە سەرەوە بەسەر هەموو کەسێکدا دەڕوانێت، فیرعەونەکانیش بە هەمان شێوە بوون، هیتلەریش بە هەمان شێوە بووە، گەر سەیری سەرگوزەشتەی ژیانیان بکەیت و ژیانیان بە دروستی بخوێنیتەوە، دواتر گەر ئەمە بە شێوەیەکی بەرجەستە وێنە بکەیت و بیدەیتە دەست وێنەکێشێک، گەر وێنەی هەموویان بکێشێت، هەموویان هەمان تابلۆ دەردەچن، یاخود هەموویان تابلۆکانیان زۆر لە یەک دەچێت…

هەروەها لە ترسی لە دەستدانی ئەو شتانەی بەدەستیان هێناوە کە لە ڕاستیدا حەقی ئەوەیان نەبووە بەدەستی بهێنن، بەردەوام توشی وەهم و ترس و دوودڵی دەبن،  ئیدی هەرچیەک پێویستیش نەکات، بۆ نمونە دەڵێت: تۆ بڵێی خومەینی بێتەوە؟!

توشی ئەم جۆرە پارانۆیانە دەبێت، ترسی لە دەستدانی دەسەڵات و سەڵتەنەتەکەی دایدەگرێت، لە شوێنەکانی تریشدا هەروایە، سەدامیش هەروابوو، ترسی ئەوەی هەبوو لە کوردەکاندا کەسێک چەشنی خومەینی بێت و دەسەڵاتی لە چنگ دەربهێنێت، ئەوەی یەمەنیش هەروابوو، ترسی ئەوەی هەبوو کەسێک چەشنی خومەینی بێت و سەڵتەنەتەکەی لە دەست بدات، ئەمە لە کاتێدایە لە چەندین شوێن کۆشک و تەلاری هەیە و دەترسێت لە دەستیان بدات، کە لە شوێنێکەوە دەڕواتە شوێنێکی تر، بە ٥٠ ئۆتۆمبیلی زرێپۆشەوە دەڕوات، هەروەک ئەوە وەهایە سوپایەک بە دوایەوە بێت و بیپارێزن، دەشڵێت: منێک کە فەرمانڕەوای ئەم گەلەم، گەر من نەبم کەسی تر نابێت!…

 

تەواوی ئەم شتانە فاکتەری بزوێنەری ئەو هەست و هزرە پارانۆیانەن کە لە مرۆڤدا هەیە. بە هۆی ترس و گومان و دوودڵی لە دەستدانی ئەو شتانەی لە ڕێگەی ناحەقەوە بەدەستی هێناوە، بە شێوەیەک لە شێوەکان وەک کەسێکی “گومانگەرا” ژیان بەسەر دەبەن، هەربۆیە حوکمەکانیان لەسەر بناغەی ئەگەرەکانە، لەوە دەچێت لە سەدا یەک ئەگەر هەبێت، قەرەباڵغیەک لە شوێنێکدا، ڕەشاییەک، یاخود سێبەرێک، لە بەرامبەریدا دەڵێت: ئامان ئەمە جنۆکە نەبێت، هەربۆیە فەرمان بە مرۆڤەکانی چواردەوری دەکات کەوا تەقە لەو سێبەرە بکەن، دەڵێت لەوە دەچێت جنۆکە بێت!

دواتر دەڵێت گەر کەسی شارەزای جنۆکە هەبێت، با بێت و شتێک بخوێنێت هەتا ڕاوی بنێت.

گەر لە کەسێکدا پارانۆیا هەبوو، ئیدی شتێک نامێنێت کە پەنای بۆ نەبات.

پێموایە ئەو کەسە پارانۆیانەی بەسەر جیهانی ئیسلامدا زاڵ بوون، بە تێبینی لە دەستدانی ئەو شتانەی لە ڕێگەی ناحەقەوە بەدەستیان هێناوە، ئامادەیی دەستدرێژیکردنە سەر خوێن و ناموس و داوێنی بێ گوناحترینی مرۆڤەکانن، لە ڕاستیشدا لەو جۆرە کەسانە شتێک بە ناوی ناموس و داوێن جێگەی باس نیە و، دەستدرێژیان دەکەنە سەر… پەنا بە خودا…

کاتێک ئەمانەش دەکەن، ترسناکترینی ئەم جۆرە کەسانە لە جیهانی ئیسلامدا بوونیان هەیە، لەبەرچی؟

چونکە بۆ پاراستنی سەڵتەنەتە شەیتانیەکانیان، ئارگومێنتی ئیسلامی بەکاردەهێنن، بۆ نمونە دێنە مزگەوت، دەچنە ڕیزی پێشەوە، لەناو خەڵکدا خۆیان پشان دەدەن، بێ ئەوەی بوەستن، بەردەوام ناوی جەلیلی ئیلاهی دووبارە دەکەنەوە، باسی پێغەمبەر دەکەن، گەر لەو ڕۆژگارەدا باوی شتێک بێت، بۆ نمونە دەڵێن “موسوڵمانی قورئانی”، هەندێک جاریش دەڵێن “موسوڵمانی حەدیسی”، یان دەڵێن “موسوڵمانی فیقهی”، گەر ئێوە شتێکی دیاریکراوتان وتبێت، ئەوان بە گوێرەی خۆیان باس لە شتێکی جیاواز دەکەن، هەندێک جار دەڵێن جا ئیمامەکان چیە قورئان بەسە بۆ ئێمە، کاتێک من ئەمانە دەڵێم: پێم وایە ئێوە خۆشتان ئەمانەتان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بینیوە، ئەمانەتان لە دەمی ئەو خراپەکارانەوە بیستووە کە خۆیان بەسەر جیهانی ئیسلامدا سەپاندووە، ئەو جیهانی ئیسلامەی کە سەرچاوی شکاوە، چەشنی پریشکە، ئەم شتە سوک و قێزەونانەتان چەندین جار بیستووە.

بەکارهێنانی ئارگومێنتی ئیسلامی، بەکارهێنانی نوێژ و ڕۆژوو و حەج، بەکارهێنانی الله، حاشا و کلا، یاخود باسکردنی پێغەمبەر، بەکارهێنانی ئەمانە ترسناکترینی شتەکانن…

هەربۆیە پێدەچێت مێگەلەکان بەم شتانە فریو بخۆن، چەشنی ئەوەی فیرعەون بەکاری دەهێنا… بۆ نمونە دەڵێت: سەیری ڕووباری نیل بکەن کە لە شاخی قەمەرەوە دەردەچێت، ئەو ئاوەی لە ماوەی ساڵێکدا لێی دێتە دەرەوەی، هێندەی خودی شاخەکە و بگرە گەورەتریش دەبێت، ئێ ئەم ئاوە لە کوێوە دێت؟!  دەی مادام ئەم ئاوە بە بن پێی مندا دەڕوات کەواتە شتێک لە مندا هەیە!..

مادام ئەم هەموو مرۆڤە چەپڵەڕێزانی من دەکەن، قابیلە ئەم هەموو مرۆڤە درۆ بکەن، گەر دەخوازن ئەمە ناوبنێن “تواتر” یاخود “مشهور”.

ناشێت ئەم هەموو مرۆڤە بە هەڵەدا بچن،  کەواتە لە منیشدا لایەنێکی شایستە بە چەپڵە هەیە وا چەپڵەڕێزانم دەکەن، ئیدی بۆ ئەوەی ئەمە لە دەست نەدات، ئامادەیە هەموو شتێک بکات.

بۆ ئەوەی ستایشی خەڵکی لە دەست نەچێت، هەرچی لە دەستی بێت ئەنجامی دەدات، لەبەر ئەوەی بە ئەنقەست ژیانی دونیای بەسەر ژیانی ئاخیرەتدا پێشخستووە، لەو بابەتەدا هەرچی لە دەستی بێت ئەنجامی دەدات، هەربۆیە وابەستە بە تێبینیەکانی پێشووترمانەوە، ئەم جۆرە کەسە کێچ کەوتۆتە کەوڵی و، بێ ئەوەی ئاگای لە خۆی بێت، دەیکرمێنێت و دەیکرمێنێت دەیکرمێنێت، بەڵام ئەو هەرگیز ئاگای لە خۆی نیە. ئەمە بە واتای ئەوەیە توشی تێکچوونی فۆرمی ناوەکی بووە، واتە لە ناخەوە توشی ڕزین بووە، لە جیاتی ئەوەی جوانی و باشیەکانی تایبەتمەند بە دین بکاتە بەشێک لە قوڵایی ناخی، تێوەژەنین و پزیسک و سیگناڵەکانی شەیتانی کردۆتە بەشێک لە ناخی و، لەبەر ئەوەی بەردەوام لە ڕێگەی نەفسیەوە ئەمانە شیکاریان بۆ دەکرێت و دەخرێنە بەردەمی، هەربۆیە بە گوێرەی پزیسکە شەیتانیەکان و تێوەژەنینەکانی نەفسی فەرمانکەر بە خراپە و بە گوێرەی هەواو ئارەزوی هەنگاو هەڵدەگرێت.

 وەک شاعیر دەڵێت:

گوێڕایەڵی هەواو ئارەزوم بووم زۆر گوناحم کرد

بە چ ڕوویەکەوە بێمەوە حزورت یا رسول الله…

ئەمە شیعری لەیلا خانمی دیاربەکریە کە هەرگیز گوێڕایەڵی هەواوئارەزوی نەفسی نەکردووە.

مَنِ اتَّخَذَ إِلَهَهُ هَوَاهُ

ئەوەی نەفس و هەواو ئارەزوی کردووە بە خودای خۆی. هەرچی تێخوڕینێک کەوا لە ناخیەوە بێت، چەشنی ئەوەی بیانپەرستێت، هەموو داخوازەکانیان بەجێدەگەیەنێت. پەنا بە خودا، کەسانێکی ئاوەها چەشنی ئەوەی شێت بوو بێتن، ئامادەن هەموو شتێک ئەنجام بدەن، یاسا نازانن و نازانن یاسا چیە، لای ئەوانە حقوق و دادپەروەری لە کتێبیاندا نیە چونکە ئەوانە لە ڕاستیدا هەر بێ کتێبن! ئەوانە کتێبیش ناخوێننەوە!

لەوە دەچێت بە شێوەیەک لە شێوەکان بڕوانامەیەکیان بەدەستهێنابێت، بەڵام ئەمانە خاوەنبڕوانامەی جاهیلن!

هەر هەموویان…

 

دارودەستەکەی فیرعەون “  الْمَلَأُ  ” وتیان موسا و هارونی برای دەیانەوێت گەلەکەت لە خاک و ئاوی خۆیان ببەنە دەرەوە.   الْمَلَأُ  واتە سەرگەردانەکانی نێوەندی کۆشک کە دارودەستەی فیرعەونن

هەربۆیە زۆر ئاساییە سەرکارێکی لەو شێوەیە سەرگەردانی لەو شێوەیەشی هەبێت. ئەمەیە واتای  الْمَلَأُ  کە وشەیەکە لە قورئانی کەریمدا هاتووە.

واتە دارودەستەکانی ناو کۆشک یاخود ئەوانەی لە پەڕلەماندان،  یان ئەوانەی ڕاوێژیان پێدەکرێت.

ئیدی نازانم تێژەنینی خەڵکەکەشی بریتی بوو لەم جۆرە پارانۆیانە، یاخود بەهانەیەک بوو بۆ زوڵمەکەی. لەڕاستیشدا بەهانە دۆزینەوە بۆ زوڵم، تایبەتمەندیەکە کە دەتوانین بە نەخۆشی پارانۆیاوە بیبەستینەوە. ئیدی ئەو کەسە هەرچی ئەنجامی دەدات زوڵمە، هەربۆیە دەست لە تواندنەوە و داپڵۆسینی مرۆڤەکان ناپارێزێت، ئەوەی پێش کەمێک باسم کرد سەرگوزەشتەیەکە دەیگێڕنەوە، خەڵک بەو دەردە دەبات و قورئانی کەریمیش وشە بە وشەی ئەمەمان بە بیر دەهێنێتەوە، فَاسْتَخَفَّ قَوْمَهُ فَأَطَاعُوهُ إِنَّهُمْ كَانُوا قَوْمًا فَاسِقِينَ

بە سوک سەیری گەلەکەی خۆی کرد و ئەوانیش ملکەچی بوون، بە گوێرەی سیستەمی کاست، وتی ئێوە مرۆڤگەلێک نین لە ئاستی مندا بن، ئیدی نازانم سیستەمی کاست لە میسرەوە ڕۆشتە هندستان یاخود لە هندستانەوە هاتە میسر، ئەویش بریتیە لە جیاکردنەوەی مرۆڤەکان بۆ چەند چینێکی جیاواز، مرۆڤەکانی پلەی یەکەم، ئەوانیش بریتین لە سەرکارەکان، گەر بە دەربڕینێکی جوانتر گوزارشتی لێبکەین دەڵێین سەرکەرەکان…

 

ئەوانەی لە پلەی دووهەمدان بریتین لەوانەی چەپڵەی بۆ دەکوتن، پلەی سێهەمیش بریتیە لەوانەی پاڵپشتی چەپڵەکوتەکان دەکەن، پلەی چوارەمیش بریتیە لەوانەی سەیری چاوی ئەوان دەکەن، پلەی پێنجهەمیش بریتین لەوانەی لە چاوی ئەودا وەک دوژمن وەهان و شایستەی ئەوەن بیانپلیشێنێتەوە!، ئیدی پلەی شەشەم و حەوتەم و هەشتەم و نۆیەم و دەیەم دێت، کە هەموویان مرۆڤگەلێکن لە چاوی ئەودا شایستە بە پلیشاندنەوەن.

 

دارودەستەی تاغوتەکان دەڵێن: گەر ئەم مرۆڤانە نەپلیشێنینەوە،  ئەگەرە هەیە ئەوان بێن و ئێوە بپلیشێننەوە، لە هەزاردا یەک ئەگەر هەیە،  قاهیرەمان لە چنگ دەردێنن خێمەیان لە ناو ئەهرامەکاندا هەڵدەدەن، هەربۆیە ئەوەی هەتا ئەمڕۆ بە پەلەقاژە پەیاتان کردووە، هەر هەمووی لە دەست دەدەن. ئەو شتانەی بە ئەنجامدانی ٥٠ “سەرشۆڕ”ی پەیات کردووە، گەر چاوپۆشی لە ٣ تا ٤ ڕەشوڕوت و مفتەخۆر بکەیت کەوا بێن و لە چنگت دەربهێنن، ئەوە واتای ئەوەیە کەوا کەسێکی بێ ئەقڵیت!

هەربۆیە پێویستە بێخیان لە ڕەگەوە دەرکێشین و، تێزابیان پێدا بکەین و وشکیان بکەین.

ژیانی من لە ناو ئەم سەڵتەنەت و باق و بریقەدا وابەستەی ئەمەیە. بوونی من وابەستەی نەبوونی کەسانی ترە! یان دەبێت وەک من بیر بکەنەوە، یاخود بێ هیچ یاسا و ڕێسایەک ئەمان هەموویان شایەنی مەرگن!

ئەوەی لە جیهانی ئیسلامدا ڕوو دەدات ئەمەیە، قۆڵبەستت دەکات و دەتبات، سەدامیەکان، قەزافیەکان، خەلکی قۆڵبەست دەکەن و دەیبەن.

دەڵێن تۆ تاوانباریت، لە وەڵامدا دەڵێت: نا من هیچ تاوانێکم ئەنجام نەداوە، لە وەڵامدا دەڵێن: کەواتە بیسەلمێنە کە هیچت نەکردووە!…

سەیرکەن ئەمە مەنتقی حقوقیانە، وەڵڵاهی پێموایە لە بەرامبەر نامەنتقیەکی لەم شێوەیە، هەروەها لە بەرامبەر ئەوانەی کە بێندەگیان دەرحەق بەم شتانە هەڵبژاردووە، شەیتان زڕ و خرخاڵی بەستووە و سەما دەکات!

شەیتان دەڵێت: هیچ کاتێک بەم شێوەیە فەرمانڕەوایی خۆم بەسەر مرۆڤەکاندا نەسەپاندووە، الله بە گەورەیی خۆی، سەدەی بیستهەمی لە بۆ من ئەفراندووە! مرۆڤگەلی خۆپەرست و ئێگۆیست، مرۆڤگەلێکن بە تەواوی بە گوێرەی منن،  وابزانم ئەم سەدەیە سەدەی خۆمە!  سەدەی خۆپەرستی! سەدەی ئێگۆیزم و ئێگۆسەنتەری و عاشق بە خۆ بوون(نارسیزم).

لەوە دەچێت پارانۆیا لە زۆرێک لە مرۆڤەکاندا هەبێت، پەنا بە خودا ، لەوە دەچێت بیگرێت بە وەهمەکانیەوە، لەوە دەچێت مرۆڤ وای بێت کە بە گوێرەی وەهمەکانی هەنگاو هەڵبگرێت، بەڵام پێموایە ئەوەی بتوانێت ئەم کێشانە و ژەنگ و ژارە بسڕێتەوە، ئەویش ئەوەیە لەگەڵ دەستەیەک کە خاوەن ئەقڵێکی سەلار و دڵێکی سەلار و ڕۆح و هەستێکی سەلارە، ڕاوێژی بابەتەکان بکەیت و بەو شێوەیە هەنگاو هەڵبگریت.

کەسانێک کە بە شیوەیەکی سەلار بیر دەکەنەوە و بە شێوەیەکی سەلار هەست بە شتەکان دەکەن و بە شێوەیەکی سەلار قسە دەکەن، خاوەنی ڕۆحێکی سەلارن. مَا خَابَ مَنِ اسْتَشَارَ گەر بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانە هەنگاو هەڵبگریت، ئیدی پێتان هەڵنانوتێت، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا. خۆشتان فڕێ نادەنە ناو تاڤگەی قوڕ و چڵپاوەوە پەنا بە خودا.

دواتریش ناڕژێنە ناو دەریای قوڕ و چڵپاوەوە. پەنا بە خودا.

بەڵام گەر خۆت بدەیت بە دەست هەندێک وەهمەوە، بڵێیت ئەوە بوومە خاوەنی فڵان و فیسار شت، گەر خۆت بدەیت بە دەست ئەم جۆرە تێبینیانەوە، ئیدی لە پلە جیاوازەکانی پارانۆیادا،     لە مەقامە جیاوازەکانیدا، شوێنێک بۆ خۆتان دەگرن!

ئێوە شوێنێکتان بۆ خۆتان نەگرت و پشتیوان بە خودا هەرگیز نایگرن و کەسیش نەتوانێت پێتان بگرێت! بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا.

چونکە ئێوە بوونەتە داواکاری شتێکی وەها مەزن و باڵا، داخوازی بوونە جێدەرکەوتی “احسن التقویم” یش هەر ئەوەیە. ئێوە ئەوەی دەبوو بیدۆزنەوە دۆزیوتانەتەوە و ئیدی شتێک نەماوە بۆ دۆزینەوە!

هەرکەسێک ئەوەی دۆزیبێتەوە، ئیدی شتێک نەماوە نەیدۆزیبێتەوە!

هەرکەسێکیش لە دەستی دابێت، بە دۆزەرەوەی هیچ شتێک ئەژمار ناکرێت. وەک لە کتێبی ” الحِكم العطائية” ی  أحمد بن عطاء الله السكندري هاتووە کە دەڵێت:

مَاذَا وَجَدَ مَنْ فَقَدَكَ وَمَا الَّذِي فَقَدَ مَنْ وَجَدَكَ

حەزرەتی بەدیعوزەمانیش هەمان شتی بەکارهێناوەتەوە بە جیاوازی یەک وشەوە:

مَاذَا وَجَدَ مَنْ فَقَدَهُ * وَمَاذَا فَقَدَ مَنْ وَجَدَهُ

ئەوەی لە دەستیداوە چی دۆزیوەتەوە و هەرکەسێکیش دۆزیبێتیەوە چی لە دەستداوە؟

سەرم ئێشاندن و گەردنم ئازاد بکەن. ئێش و برینەکانیشم کولاندنەوە، جارێکی تر و جارێکی تر، هاواری ئەمەم بە ویژدانتان و ویژدانەکان گەیاند، ئەو ئازارەی لە ڕێگەی ناسۆری کەسانی نزیک و ناسیاوتانەوە دەیچێژن!

 

 

 

 

 

 

Show More
Back to top button