بیروڕاهەواڵ

ڕاڤەی خەوی پاشاکە!

عەبدوڵا ئایماز

 

کاتێک کەسیان دەستنەکەوت کە خەوی پاشاکەی میسر لێکبداتەوە، لە پڕێکدا ئەو گەنجەی لە زینداندا چاوی بە حەزرەتی یوسف کەوت و واتای خەوەکەی لێکدایەوە، حەزرەتی یوسفی بە بیردا هاتەوە و بە پاشای وت:

من دەتوانم واتای ئەم خەوەتان بۆ بەدەستبهێنم، تەنیا مۆڵەتم بدەن کە بڕۆم لێرە و بۆ ئەم کارە ڕامبسپێرن. کاتێک گەشتە زیندان وتی:

ئەی یوسفی ڕاستگۆ لە قسە و کرداردا؛ واتای ئەو خەوە چیە کە ٧ مانگای ٧ لاوز ٧ مانگی قەڵەو دەخۆن و ٧ گوڵە گەنمی وشکیش ٧ گوڵە گەنمی سەوز دەخۆن، هەتا بگەڕێمەوە لای پاشا و بۆی باسبکەم…

یوسفیش لە وەڵامدا وتی:

ماوەی ٧ ساڵ خاکەکانتان بکێڵن و بەرهەمی تەواوی دروێنەی ئەو چەند ساڵە هەڵبگرن، جگە لە کەمێک کە بۆ خواردنی جیا دەکەنەوە، گەنمەکانی تر لە گوڵەکانیاندا هەڵبگرن و عەمباریان بکەن، دواتر ٧ ساڵی وشکە ساڵی دێت و ئەو بەروبومەی لە عەمبارەکاندا هەڵتانگرتووە هەمووی دەردەهێنن و دەیخۆن”.

 

وەک دەبینن یوسف تەنیا ڕاڤەی خەوەکەی نەکرد، تەنانەت ڕێگەی چارەی کێشەکە و چۆنیەتی گرتنەبەری تەگبیرەکانیشی پشاندان.

لەبەرچی وتی گەنمەکان لە گوڵەکانیاندا هەڵبگرن؟ چونکە لەو کاتەدا لە هەموو مێروو و حەشەرەیەکی زیانبەخش پارێزراو دەبن. هەروەها بە گوێرەی چەند توێژینەوەیەک کە ئەنجامدراوە، هەر گەنمێک کە لە گوڵەکانیدا عەمبار بکرێت، بۆ ماوەیەکی دور و درێژ بەهای بەروبومی و کوالیتی تۆوەکەی بە باشی پارێزراو دەبێت. ئەو گەنمانەشی لە گوڵەکانیان دەردەهێنرێن، لە دوای ساڵێک تۆوەکانیان توانستی خۆیان لە دەست دەدەن و پاشان وردە وردە بەهای بەروبومی خۆیشیان لە دەستدەدەن.

دواتر لە ئایەتی ٥٥ دا باس لەوە دەکات کە حەزرەتی یوسف جێدەرکەوتی سیفاتەکانی زانابوون و پارێزگارکاربوونە.

حەزرەتی یوسف لە دوای لێکدانەوەی ئەمە خەوە مژدەیەکی خۆشیش دەدات و دەڵێت:

لە دوای ئەم هەموو ناڕەحەتیە چەند ساڵێک دێن کە بارانی زۆر دەبارێت و بەروبومی ترێ و زەیتون زۆر دەبێت و دەیانگوشن و شەربەتیان لێ دروست دەکەن.

کاتێک ئەم ڕاڤەیە بە پاشا دەگەیننەوە، زۆر خۆشحاڵ دەبێت و دەڵێت: ئەو کەسەم لە زیندانەوە بۆ بهێنن.

کاتێک نێردراوی پاشا دەگەڕێتەوە بۆ لای یوسف، یوسف لە وەڵامدا دەڵێت:

بڕۆ بە پاشات بڵێ کەوا پرسیار بکات سەبارەت بەو ژنانەی دەستی خۆیان بە چەقۆ بڕی، بێگومان پەروەردگار بە باشی ئاگای لە فێڵ و تەڵەکەی ئەو ژنانەیە کە لە دژی من گێڕایان. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە پێش ئەوەی هاوڕێکەی لە زیندان بچێتە دەرەوە، داوای ئەوەی لێکرد کە لای پاشا باسی بکات. بەڵام هاوڕێکەی ئەوەی لەبیر کرد کە ئەم داوایەی بە پاشا بگەیەنێت. لەم ئایەتەدا بۆ یەکەم جار هاوڕێکەی دەستەواژەی ” شەیتان لە بیری بردمەوە” بەکاردەهێنێت، ئەویش بەو واتایەیە کە کاروباری سەرسوڕهێنەری کۆشک و باقوبریقەکەی ئەرکە گرنگەکەیان پێ فەرامۆش کردووە.

بەڵام دەبێت لێرەشدا ئاماژە بە دانستی جەنابی حەق بکەین کە ناخوازێت حەزرەتی یوسف کێشەکانی لە ڕێگەی بەندەیەکی خۆیەوە چارەسەر بکات، چونکە حەزرەتی یوسف کەسێکی ئاسایی نیە،  بەندەیەکی دڵسۆز و هەڵبژێدراو و نزیک لە جەنابی حەقە. چونکە جەنابی حەق دەیەویت ئەوە پشانی حەزرەتی یوسف بدات کە گەر خۆی خواستی لەسەر نەبێت، ئەوا هیچ هۆکار و ئامرازێک بە فریای ناکەوێت و تەنیا خۆی دەتوانێت بە فریای بکەوێت. بێگومان جەنابی حەق حەز بەوە دەکات کە بەندە ڕاستەقینەکانی لە هەموو کار و کردەوەیەکیاندا بەو پەڕی ئیخلاس و ڕاستگۆییانەوە ڕوو لەو بکەن و لە هەموو بابەتەکانیاندا تەنیا خۆیان ڕادەستی ئەو بکەن و لە هەموو هەنگاوێکیاندا ئارەزوی چاودێری ئەو بکەن. وەک مرۆڤێک گەر بۆ سانیەیەک بەم هەڵوێستەوە هەنگاویان هەڵنەگرت، جەنابی حەق دیسان بە لوتفی خۆی وایان لێبکات کە بگەنەوە هەمان ئاستی هەست و شعور. کاتێک بە تەواوی ئەم هەست و شعورەیان بەدەست هێنا و تامیان کرد، ئیدی لە هەموو هەنگاوێکیاندا لە بەرامبەر جەنابی حەق لەوپەڕی گوێڕایەڵی، ڕەزامەندی، خۆشەویستی و تامەزرۆیی دەبن. بەم شێوەیە نیعمەتەکانی خودا بە تەواوی بەسەریاندا دەڕژێت.

هەربۆیە حەزرەتی یوسفیش سەرەڕای ئەوەی چەندین ساڵە لە زیندانە و لەلایەن پاشاوە بانگهێشتکراوە، بەڵام لەم کارەیدا خۆی توشی شڵەژان و پەلە هەنگاوهەڵگرتن ناکات. بە پێچەوانەوە هەوڵ دەدات بە تەواوی بوختان و فێڵ و تەڵەکەکان ڕوون بکاتەوە و بۆ ئەو مەبەشتەش داوا دەکات هەموو شایەتحاڵەکان لە حزوری پاشا ئامادە بکرێن، هەتا بە تەواوی بێ گوناحی خۆی بسەلمێنێت… لە ڕاستیشدا ئەو کەسێکە لەلایەن پەروەردگاری خۆیەوە پەروەردە کراوە، هەربۆیە دڵی لەوپەڕی دڵنیایی و ئاسودەیی و متمانەدایە. هەربۆیە لە بەرامبەر ئەم ڕووداوەدا توشی شڵەژان و پەلە هەنگاو هەڵگرتن نابێت. کاتێک نێردراوەکەی پاشا ئەم قسانە بە پاشا دەگەیەنێتەوە، پاشا ژنان کۆ دەکاتەوە و لێیان دەپرسێت:

کاتێک داواتان لە یوسف کرد کە لەگەڵتاندا بخەوێت، ئەو چۆنی وەڵامی دانەوە؟

ژنەکانیش لە وەڵامدا وتیان:

حاشا، ئێمە بە هیچ شێوەیەکی مامەڵەیەکی خراپمان لەو بەدینەکرد.

پاشان هاوسەری پاشای میسر وتی: ئێستا هەموو ڕاستیەکان ئاشکرا بوون، لە ڕاستیدا من یوسفم بانگهێشتی ناو جێگاکەم کرد، ئەو یەکێکە لە کەسە ڕاستگۆکان”.

بێ گوناحی و ستەنیدەدەیی یوسف لای هەمووان ئاشکرا و ڕوون بوو، لە ئایەتەکانی دواتردا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە هاوسەرەکەی پاشای میسر باوەڕی بە خودا و حەزرەتی یوسف هێناوە و دەڵێت” با یوسف ئەوە بزانێت کە لە کاتی دیارنەمانیدا خیانەتم لێنەکردووە، بێگومان خودا فێڵ و تەڵەکەی خائینان ناگەیەنێت بە ئەنجام”.

ئایەتی دواتریش دەفەرمێت” بێگومان من پاکانە بۆ نەفسی خۆم ناکەم، بەڕاستی نەفسی زۆرێک لە مرۆڤەکان فەرمانکەر بە کاری خراپەن، تەنیا ئەوانە نەبێت بەر ڕەحمەتی پەروەردگاریان کەوتوون، بێگومان خوداش زۆر لێبوردە و میهرەبانە”.

لە تەفسیری “فی الضلال القران” سەبارەت بەم ئایەتە دەڵێت” ئەم دانپێدان و خۆسەرزەنشتکردنانە ڕاستیەکانی پشت پەردەمان پێدەڵێن. ئەمە قسەی ژنێکە کە کەسێکی خۆش ویستووە! ئەم ژنە لە سەردەمی جەهالەت و لە دوای موسوڵمان بوونیشی هەر حەزرەتی یوسفی بە گەورە زانیوە. تەواوی ئەم قسانە دەکات لەبەر ئەوەی ئامانجی ئەوەی هەیە قسەیەک لە حەزرەتی یوسفەوە ببیستێت کە دڵی ئاسودە بکات. ئەمە تەنیا لە ڕووی هونەریەوە باس نەکراوە، لە هەمان کاتدا بۆ پەند و ئامۆژگاریشە، لە بابەتی ئیمان و بانگەوازدا، ڕەهەندی مرۆڤانەی مرۆڤەکان بەرجەستە دەکات. تەواوی قوڵی هەستەکان و لەرینەوە و لەرزەی ناخ و ویژدانیان، بە شێوەیەکی زۆر هونەریانە لە چیرۆکەکەدا نەخشێنراوە. لەم چیرۆکەدا لایەنی واقیعی و ڕاستەقینەیی چیرۆکەکە دەبینین. دونیای ناوەوەی کەسەکان و هۆکار و فاکتەرەکانی کاریگەری سەریان و هەموو ئەگەرەکان بە تەواوی لەبەرچاو گیراوە. هەروەا خاڵی کۆتایی تاقیکردنەوەی حەزرەتی یوسف بە زیندان و تۆمەتبارکردن دانراوە. لە دوای ئەمەوە چیدی حەزرەتی یوسف بە ناڕەحەتی تاقی نەدەکرایەوە، بەڵکو دەبوو بە ژیانێکی خۆش و پڕ لە سەروەت و سامان تاقی بکرێتەوە.

 

Show More
Back to top button