هەواڵ

ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کاردانەوەی میدیا جیهانییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا

 

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی دەربارەی دۆخی ناوخۆیی تورکیا بڵاوکردەوە و تێیدا باسی لە درێژکردنەوەی باری نائاسایی و ئەو ئەشکەنجە و یاسا پێشێلکردنانە دەکات کە لەم ماوەیەدا ئەنجام دراوە. ئەم ڕاپۆرتە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و لە زۆربەی میدیا جیهانییەکان وەک واشینتۆن پۆست، ڕۆیتەرز، ئەی بی سی نیوز، ئەلجەزیرە و، بی بی سی و چەندین دەزگای میدیایی دیکەدا گرنگی تایبەتی پێدراوە.

دوای ئەوەی لە ١٥ی تەموزی ٢٠١٦ هەوڵی کودەتایەکی سەربازی لە تورکیا درا، لەو کاتەوە هەتا ئێستا بە بەردەوام باری نائاسایی درێژ دەکرێتەوە. لە ماوەی ڕاگەیاندنی باری نائاسییدا کۆمەڵی لە یاسا بەرکارەکان کاریان پێناکرێت و ئەمەش ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ ڕەشبگیر و ئەشکەنجەدان و ستەمکردن. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی دەربارەی ئەو دۆخە بڵاوکردەوە کە لە کاتی ڕاگەیاندنی باری نائاساییدا لە تورکیا دەگوزەرێت. ڕاپۆرتەکە لە لایەن زۆربەی دامەزراوە میدیاییە جیهانییەکانەوە بە گرنگییەوە باسی لێوە کرا.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە دەکرێت کە لە دوای ١٥ی تەمووزەوە هەزاران مامۆستا و کارمەند و خاوەن پیشە دەستگیرکراون و لە زینداندا خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و ئەشکەنجە دەدەرێن بە بێ ساغبوونەوەی هیچ تاوانێک لەسەریان. لە هەمان کاتدا ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە پێشێلکارییەکی زۆر بەرامبەر بە مافی مرۆڤ لە تورکیادا دەکرێت.

Show More
Back to top button