هەواڵ

ڕاپۆرتێک دەربارەی ئەو دادوەر و داواکاری گشتییانەی لەژێر ستەمی دەسەڵاتدا گیانیان لەدەستداوە

 

لە دوای هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەموزی ٢٠١٦وە لە تورکیا باری نائاسایی ڕاگەیندرا و نزیکەی ٤ هەزار و ٥٠٠ دادوەر و داواکاری گشتی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و بەشێکی زۆریشیان خراونەتە زیندانەوە و لە زینداندا ئەشکەنجە دراون. بەشێک لەو دادوەر و داواکارە گشتییانە بە بێ گوێدانە دۆخی تەندروستییان ئەشکەنجە دراون و بەو هۆیەوە بەشێکیان گیانیان لەدەستداوە.

ماڵپەڕی مادوورییەت ڕاپۆتێکی بە ناونیشانی “ئەو دادوەر و داواکارە گشتییانەی بە بیانووی کودەتاوە دەستگیرکران و لەژێر ستەمکاری دەسەڵاتەکەی ئێردۆغاندا گیانیان لەدەستدا” بڵاوکردەوە و کۆمەڵێک زانیاری وردی لەو بارەیەوە خستەڕوو. زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکە بەم شێوەیەیە: ئەو دادوەر و داواکارە گشتییانەی دەستگیرکران هەم لە ماوەی دەستبەسەر بوونیان هەم لە ماوەی زیندانی بوونیان توشی دۆخێکی ناڕەحەت بوونەوە. سووکایەتی و هەڕەشە و مامەڵەی خراپ و ئەشکەنجەیان بەرامبەر بەکار دەهێنرا. ئەو کەسانەی نەخۆشبوون ڕێگەیان پێنەدەدرا بە شێوەیەکی گونجاو چارەسەری پزیشکی وەربگرن. دەست بەسەر ماڵ و موڵکیاندا گیرا و ڕێگەیان پێ نەدەدرا لەگەڵ کەسە نزیکەکانیان چاویان بە یەک بکەوێت. لە کاتێکدا ئەو کەسانە بەشێوەیەکی شەرافەتمەندانە ئەرکەکانیان بەڕێوە دەبرد، لە ماوەی شەوێکدا وەک تیرۆریست ناسێنران و لە کارەکانیان دوورخرانەوە و هەموو سزایەکی مادی و مەعنەوییان لە بەرامبەر بەکار هێنرا.

 

ئەمەش ناوی چەند کەسێکە لەو دادوەر داواکارە گشتییانەی لە زینداندا گیانیان لەدەستداوە:

  1. سەیفەدن یغیت – لەو ماوەیەدا یەکەم هەواڵی مردن ١٦ی ئەیلولی ٢٠١٦ لە بورساوە هات. سەیفەدین یغیت داواکاری گشتی بوو لە دادگای کۆماری. بە پێی ڕوونکردنەوە فەرمییەکان لە تەوالێتی ناو زینداندا خۆی بە پەت هەڵواسیوە و گیانی لەدستداوە. بەڵام بنەماڵەکەی ئەو هەواڵە ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن بە هۆی ئەو دۆسییانەی پێشتر بەڕێوەی بردووە کوژراوە بۆ ئەوەی بێدەنگ بکرێت.

  1. مەهمەت تۆسون – هەواڵی مردنی مەهمەت تۆسون لە لایەن حوسەین ئایگونەوە لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە بڵاوکرایەوە. مەهمەت تۆسون دادوەری لێکۆڵەرەوە بووە و ماوەیەک بەر لەوەی بخرێتە زیندان تووشی نەخۆشی تێکچوونی سیستەمی بەرگری بوو. لە زینداندا ڕێگەی پێنەدرا بە شێوەیەکی پێویست چارەسەری پزیشکی وەربگرێت، بۆیە نەخۆشییەکەی چووە قۆناغێکی کوشندەوە. بەهۆی خراپی نەخۆشییەکەیەوە و پشکنینە پزیشکییەکانەوە ئازادکرا، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

  1. موستەفا ئێردۆغان – ئەندامی باڵای دەستەی دادوەران بووە، مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ کاتێک ئاشکرابوو کە تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی مێشک بووە لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئەنتاڵیا نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدرا. بەڵام پێشتر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچووبوو، بەو هۆیەوە چارەسەرە پزیشکییەکانی دوای نەشتەرگەرییەکەی لە بنکەی پۆلیس وەرگرت. دەستگیرا بەسەر هەموو موڵک و ماڵ و پارە و هەژمارە بانکییەکەیدا. موستەفا ئێردۆغان بەو بارودۆخەیەوە و بە بێ پیشاندانی هیچ بیانوویەک دەسگیرکرا و ماوەی ٦ مانگ دەستبەسەر بوو. بە درێژایی ئەو ماوەیەی دەستبەسەر بوو، سەرەڕای بارودۆخەکەی ڕێگە بە کەسوکاری نەدرا بیبینن. پارێزەرەکەی داواکارییەکی ئاراستەی دادگای دەستووری کرد و داوای کرد بە هۆی خراپی بارودۆخی تەندرووستییەوە ئازاد بکرێت، بەڵام بە بیانووی ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانی نییە داواکە ڕەت کرایەوە. لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٧ دوای ئەوەی نەخۆشییەکی پەرەیسەند و بارودۆخی بە تەواوی تێکچوو، خرایە ژێر چاودێری وردەوە، بەڵام دیسان هەر ڕێگەی پێنەدرا کەسوکارەکەی ببینێت. بەڵام دوای ئەوەی بە یەکجاری بیرەوەری لەدەستدا ئازادکرا و پاشان دوای ٤ رۆژ گیانی لەدەستدا.

  1. تیۆمان گۆکچە – ئەندامی پێشووی دامەزراوەی باڵای دادوەران و داواکارە گشتییەکان بووە و یەکێک بوو لەو دادوەرانەی دوای کودەتاکەی ١٥ی تەموز بە بیانووی تیرۆرەوە دەستگیرکرا. تیۆمان گۆکچە لە گرتووخانەی سینجان زیندانی بوو، وە بەردەوام سوکایەتی پێکراوە و ئەشکەنجە دراوە. لە ماوەی ٦ مانگ زیندانی تۆمان گۆکچەدا دایک و باوکی گیانیان لەدستدا. نزیکەی ٢ مانگ لە زیندانی تاکەکەسیدا بوو تا سەرنجام لە زیندانە تاکەکەسییەکەیدا تووشی جەڵتەی دڵ بوو، بەڵام بە هۆی ئەوەی هیچ کەسێک نەهات بە دەمییەوە گیانی لەدستدا.

  1. ئەبوزەر کارا – دادوەری دادگای ئەسلییە بووە لە ئەستەمبوڵ. ڕۆژی ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ بە هۆی جەڵتەی دڵەوە لە زینداندا گیانی لەدەستدا. پێشتر چەند دۆسییەیەکی دەربارەی تێوەگلانی ڕەجەب تەییب ئێردۆغان کە ئەوکات سەرۆک وەزیران بوو، وە وەزیری دادی تورکیا لە گەندەڵیدا ئاشکرا کرد.

سەرچاوە: Aktif Haber

Show More
Back to top button