هەواڵ

ڕاوێژکارێکی ئێردۆغان: دادگای ئەمەریکا سەر بە گولەنە

ئیلنور چەویک ڕاوێژکاری ڕەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، دادوەری دادگاکانی ئەمەریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە سەر بە م.فەتحوڵڵا گولەنن.

دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی دانپێدانانی رەزا زەراب بە تاوانەکانیدا لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، لایەنگرانی پارتی داد و گەشەپێدان(ئاکەپە)، دەست لە پشتگیریان بۆ زەراب هەڵدەگرن و تاوانباری دەکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە پیش چەند ڕۆژێک، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە شێوەیەکی فەرمی داوای ڕوونکردنەوەی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کرد سەبارەت بە باری تەندروستی زەراب.

ئیلنور چەویک لە چەند ڕۆژی ڕابردودا وتارێکی سەیری لە ڕۆژنامەی یەنیبیرلیک بڵاوکردەوە.

چەویک دوای تۆمەتباریکردنی دادوەری دادگاکانی ئەمەریکا کەوا سەربە گولەنن وتی” کاتێک بینیمان زەراب وەک مەڕ خۆی ڕادەستی ئەمەریکا کرد، دەبوو بمانزانیایە کە بۆ دان پێدانان چووە. پرێت بەهارارا سەرۆکی داواکارە گشتیەکانی نیویۆرک و، جۆن کیم وەک داواکاری گشتی ئێستای نیویۆرک، لەلایەن جەماعەتی فەتحوڵڵا گولەنەوە خزێنراونەتە دادگای ئەمەریکاوە.”

چەویک لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو داواکاری گشتیانەی لە تورکیادا دۆسیەی گەندەڵی ١٧ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣ یان بەڕێوە بردوە، لە دادگای نیویۆرک وەک شایەت گوێیان لێ دەگیردرێت.

چەویک لە درێژە قسەکانیدا وتی” پێش هەوڵی کودەتای ١٥ ی تەموز، جەماعەتی فەتحوڵڵا گولەن بە تەواوی دەستیان گرتبوو بەسەر دادگاکانی تورکیادا. کەسمان جاوەریی ئەوەمان نەدەکرد کە خزابێتنە ناو دادگای ئەمەریکاشەوە. پرێت بەهارارا داواکاری پێشووی نیویۆرک و، جۆن کیم داواکاری گشتی ئێستای نیویۆرک لە لایەن گولەنەوە خزێنراونەتە ناو دادگای ئەمەریکا. هەربۆیە داواکاری گشتی ئیستەنبول، دۆسیەی لێکۆڵینەوەی لەسەریان کردۆتەوە. داواکاری گشتی ئیستەنبوڵ لەوە دەکۆڵێتەوە کە داواکارە گشتیەکانی سەر بە گولەن، چۆن بە بەڵگەی ساختە کاریان کردوە و، ئێستا باس لەوە دەکرێت کە داواکارە گشتیەکانی سەر بە گولەن، ئەوانەی لە تورکیا ڕایانکردوە، لە دادگای نیویۆرک ئامادە دەبن و وەک شایەت گوێیان لێ دەگرن. وا دیارە دەستیشیان گرتوە بەسەر دادگای نیویۆرکدا. دوای ئەوەی لە ڕێگای ١٥ ی تەموزەوە زیانێکی زۆریان بە تورکیا گەیاند، ئێستا دەیانەوێت لە دەرەوەی وڵات، سەرۆکی تورکیا بخەنە سوچێکەوە و زیان بە ئابڕوی بگەیەنن.”

http://www.tr724.com/cumhurbaskani-basdanismani-amerikan-yargisini-f-ilan-etti/

 

Show More
Back to top button