بیروڕا

ڕاستییەکانی ١٧ی کانونی یەکەم کە لە ماوەی ٥ ساڵدا نەتوانرا بشاردرێتەوە

بەخامەی: ئیلکەر دۆغان

 

ڕووداوەکانی ١٧ی کانوونی یەکەم بێ هیچ مشتومڕێک گەورەترین لێپێچینەوە بوو لە دۆسییەی گەندەڵی لە مێژووی کۆماری تورکیادا. بە بڕیاری دادگا هەنگاو بە هەنگاو گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن وێنە دەگیرا و تۆمار دەکرا، وە هەموو قۆناغێکی لێکۆڵینەوەکە دەکرا بە بەڵگە. بەڵام ئەو دەسەڵاتە سیاسیەی کە بەسەر تاوانەکە گیرابوو، لەبری ئەوەی بێتە بەردەم دادگا و بەرگری لەخۆی بکات، هات و بە هاوارێکی بەرز یاسای تەختی زەوی کرد. ئاکەپە، پارتی دەسەڵاتداری تورکیا دەرفەتی ‘بەرگری لەخۆ کردنی’ لە ناو تورکیادا لەدەستدا، لەبەر ئەوە لە ئێستادا ناچارە باجی بەرتیل و گەندەڵییەکانی بە هەموو دونیا بدات. هەموو دانپێدانانێکی ڕەزا زەڕاب کە لە ئەمریکا دادگایی دەکرێت وەک کابوسێکە بۆ بەرپرسانی پارتی دەسەڵاتدار. بەرپرسانی ئاکەپە هەتا دوێنێ ڕەزا زەڕابیان بە ‘بازرگانێکی خێرخواز’ دەناساند بەڵام ئەمڕۆ بە هەموو شێوەیەک قسەی پێ دەڵێن.

کاتێک گەورەترین و گشتگیرترین ئۆپەراسیۆن لە دەژی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن لە تەواوی مێژووی کۆماری تورکیادا بەڕێوەدەچوو ڕۆژمێرەکە بەرواری ١٧ی کانوونی یەکەمی پیشاندەدا. لە ڕاستیدا لێکۆڵینەوەکە لە بەرواری ١٣ی ئەیلولی ٢٠١٢ وە لە ڕێگەی ڕاپۆرتێکەوە دەستی پێکردبوو. بە پێی بەڵگەنامەکان گروپێکی مافیایی بە سەرکردایەتی ڕەزا زەڕابی تەمەن ٢٩ ساڵ کە هاوڵاتییەکی ئێرانییە، لە ڕێگەی کۆمەڵێک بەڵگەنامەی ساختەوە (ئەو پارانەی بە هۆی سزاکانی ئەمریکاوە نەیدەتوانی لە وڵات دەری بکات) دەیهێنێتە تورکیا و دواتر ڕەوانەی دەرەوەی دەکات. بۆ نمونە لە شوێنێکی وەک دوبەی کە گەنم تێیدا ناڕوێت کۆمەڵێکی بەڵگەنامەی ساختەی درووست دەکرد و هەزاران تۆن گەنمی هاوردە دەکرد. کێشەکە لەوەدا بوو کە ئەو سیستەمەی لە پێناو فڕاندنی پارەی ئێراندا بنیاد نرابوو، ملیۆنان دۆلار زیانی بە تورکیا دەگەیاند. ئەگەر لە هەلومەرجی ئاساییدا و بە پێی بەڵگەنامەی ڕاستەقینە و لە ڕێگەی بانکەوە بڕە پارەکە بنێردرایە، ئەوا تورکیا پشکی خۆی لەو پارەیە وەردەگرت و سوودێکی باشی بۆ تورکیا دەبوو، بەڵام لە بری ئەوە ئەو بڕە پارەیە دەچووە گیرفانی ٣ بۆ ٥ سیاسی تورکیاوە. وەزیرەکانی ئەوکات کە بریتیی بوون لە هەریەک لە زەفەر چاڵەیان و موعەمەر گیولەر و ئێگەمەن بارش، وە سولەیمان ئاسلان بەڕێوەبەری ئەوکاتی هاڵکبانک.

 

 

لە ترسی ئاشکرابوون ئۆپەراسیۆنەکە پێشخرا

لە ڕاستیدا بڕیار وابوو ئۆپەراسیۆنەکە لە ساڵی ٢٠١٤ ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی هەموو ئەندامانی گروپە مافیاییەکە ئاشکرا بکرێت. بەڵام موعەمەر گیولەر وەزیری ناوخۆی ئەوکات، ئەو پۆلیسانەی لێکۆڵینەوەیان لە گروپە مافیاییەکەی ڕەزا زەڕاب دەکرد لە ڕێگەی چەند پۆلیسێکی دیکەوە خستبووە ژێر چاودێرییەوە. کاتێک مەترسی ئەو درووست بوو ئۆپەراسیۆنەکە ئاشکرا ببێت، بەرواری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە پێشخرا، وە بەرەبەیانی ڕۆژی ١٧ی کانوونی یەکەم ئۆپەراسیۆنەکە دەستی پێکرد. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ژمارەیەکی زۆر خەڵک دەستگیر کران کە لە نێویاندا کوڕی چەند وەزیرێک و ڕەزا زەڕاب و پیاوەکانی هەبوون. لە کاتی پشکنینی ماڵی بەڕێوەبەری هاڵکبانک لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، لە ناوی کارتۆنی پێڵاو و پلاستیکی گەرماودا نزیکەی 2.5 ملیۆن دۆلار دۆزرایەوە. جگە لەوە 1.2 ملیۆن دۆلار لە ماڵی کوڕەکە وەزیری ناوخۆدا دۆزرایەوە. بەڵام بە هۆی ئەوەی ئەو خانووەی کوڕەکەی زەفەر چاڵەیان تێیدا دەمایەوە بە ناوی باوکییەوە بوو، وە باوکی وەزیر بوو نەتوانرا بپشکنرێت.

 

 

بڕی بەرتیلەکە بریتیی بوو لە 63.5 ملیۆن دۆلار

بە پێی ئەو بەڵگەنامەیەی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسەوە ئامادەکرابوو، وەزیرەکان و منداڵەکانیان لە بەرامبەر بڕە پارەیەکدا هاوکاری سپی کردنەوەی پارەکانی ئێرانیان دەکرد. ئەوەش لە ڕێگەی درووستکردنی بەڵگەنامەی ساختەوە ئەنجام دەدرا. لە ڕێگەی بڕیاری دادگاوە سەرجەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ڕەزا زەڕاب و وەزیرەکان خرابوونە ژێر چاودێرییەوە، وە تەواوی تۆمارە دەنگییەکان لە بەڵگەنامەکە بوونیان هەبوو. ئەو کەسەی کە گوێی لێ دەگیرا ڕەزا زەڕاب بوو، بەڵام وەزیرەکان بە هۆی ئەوەی قسەیان لەگەڵ ڕەزا زەڕاب دەکرد دەنگیان تۆمار دەکرا. بە پێی بەڵگەنامەکان زەفەر چاڵەیان لە کۆی ٢٨ جار ٥٢ ملیۆن دۆلار، وە موعەمەر گیولەر لە کۆی ١٠ جار ١٠ ملیۆن دۆلار، وە ئێگەمەن بارش لە کۆی ٣ جار ١،٥ ملیۆن دۆلاریان وەک بەرتیل وەرگرتبوو. ئەو بڕە بەرتیلەی بارش ئەگەمەن لە کارتۆنی پێڵاودا وەریگرتبوو، سات بە ساتی وێنەگیرابوو. هێزەکانی پۆلیس بە مەبەستی کۆکردنەوەی بەڵگەی تەواو لەسەر بەرتیل وەرگرتنەکە سات بە ساتیان خستبووە ژێر چاودێرییەوە.

 

“پارەم زۆر گواستۆتەوە بۆ ئەنقەرە”

خۆی لە خۆیدا ئەو کەسەی پارەکانی ڕەزا زەڕابی دەگواستەوە لە وتەکانیدا لە بەردەم لیژنەی لێکۆڵینەوەی گەندەڵییەکان لە پەرلەمانی تورکیا دانی بە بەرتیلەکاندا نا. ئەو کەسە ناوی موحەمەد سادق بووە و لە وتەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە چەندین جار ملیۆنان دۆلاری گواستووەتەوە بۆ ئەنقەرە. ئەو کەسە لە کاتی گواستنەوەی دوو ملیۆن دۆلار و دوو ملیۆن یۆرۆ لە ناو جانتای شاندا لە فڕۆکەخانەی ئەستەمبوڵەوە بۆ فڕۆکەخانەی ئەنقەرە وێنەی گیراوە و وێنەکان لە ناو دۆسییەکەدا بوونیان هەیە. بە پێی بەدواداچوونەکان ئەو پارانە دواتر ڕادەستی کوڕە گەورەکەی زەفەر چاڵەیان کراوە.

 

 

داواکاری گشتی: ئێردۆغان یەکەم کەس بوو

جەلال کارا ئەو داواکارە گشتییەی سەرپەرشتی دۆسییەکەی دەکرد، دوای ٤٠ ڕۆژ لێکۆڵینەوە لە دۆسییەی ئۆپەراسیۆنی ١٧ی کانوونی یەکەم دۆسییەکەی لێ سەندرایەوە. جەلال کارا لە ساڵی ٢٠١٥ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی جومهورییەت ڕایگەیاند یەکێک لەو ژمارە گومانلێکراوانەی لە پەیوەندییە تۆمار کراوەکاندا هەبوو ڕەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا بوو. جەلال کارا وتی: “بە هیچ شێوەیەک ناکرێت ئەو کارانە بە بێ ئاگاداری و بە بێ زانیاری و هەواڵی سەرۆک وەزیران ڕوو بدات. ئەو دۆسییەیە دانەخراوە و هەرگیز داناخرێت. تاکە ڕێگە بۆ داخستنی ئەو دۆسییەیە بریتییە لە چوونە بەردەم دادگای ئەو تاوانبارانە.”

پارتی دەسەڵاتدار هەڵوێستی زۆر توند بوو بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنەکە. ئەوکات ئێردۆغان ئۆپەراسیۆنەکەی بە ئۆپەراسیۆنێکی سیاسی ناوبرد کە حکومەتی تورکیا و ئابوری تورکیای کردووەتە ئامانج. ئەمە لە کاتێکدا کە یەکەم دەزگای میدیایی کە پارە قاچاغەکانی ئێرانی ئاشکرا کرد ڕۆژنامەی یەنی شەفەق بوو کە سەر بە ئاکەپەیە. سەرەتا ئەو پۆلیسانەی ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەنجامدا، وە دواتر داواکاری گشتی و دادوەرەکان کە سەرپەرشتی ئەو دۆسییەیان دەکرد لە کارەکانیان دوور خرانەوە. وەک ئەوەی ئەوەندە بەس نەبێت زۆرێکیان خرانە زیندانەوە، وە هەندێکی دیکەیان بە مەبەستی پاراستنی ژیانیان ناچار بوون تورکیا جێبهێڵن.

دواتر دۆسییەی لێکۆڵینەوە لە ئۆپەراسیۆنی ١٧ی کانونی یەکەم ڕادەستی داواکارێکی گشتی نوێ کرد بە ناوی ئەکرەم ئایدنەر، وە ئەوەی چاوەڕوان دەکرا ڕوویدا. ئایدنەر دوای تێپەڕبوونی ١١ مانگ بەسەر لێکۆڵینەوەکەدا لە بەرواری ١٧ی تشرینی یەکەم بڕیاریدا دۆسییەکە دابخرێت و بەدواداچوونی بۆ نەکرێت. لە بڕیارەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت کە بە شێوەیەکی ئوسوڵی بەڵگەکان کۆنەکراوەتەوە، هیچ گروپێکی مافیایی لە ئارادا بوونی نییە لەبەر ئەوە بڕیاری داخستنی دۆسییەکە دراوە. ئەو ملیۆنان دۆلارەی لە لایەن پۆلیسەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، دوای داخستنی دۆسییەکە درایەوە بە خاوەنەکانیان کە وەک بەرتیل وەریان گرتبوو.

چەند ڕۆژێک دوای ئۆپەراسیۆنی ١٧ی کانوونی یەکەم ژمارەیەکی زۆر تۆماری دەنگی دەربارەی ئەو دۆسییەیە لە ماڵپەرەکانی ئیتەرنێتدا بڵاوکرایەوە. یەکێک لەو تۆمارە دەنگییانە بریتیی بوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان ئێردۆغان و بیلالی کوڕی. ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدا ئەنجامدرا کە ئێردۆغان بە مەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی جەماوەری سەردانی شاری کۆنیای کردبوو، بەڵام ئێردۆغان کاتێک هەواڵی ئۆپەراسیۆنەکە دەبیستێت ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بیلالەوە دەکات و ڕێنمایی ئەوەی دەداتێ کە پارەکانی ماڵەوە سفر بکاتەوە. کاتێک بیلال بە تەواوی لە بابەتەکە تێناگات، ئێردۆغان پێی دەڵێت “سومەیە (کچی ئێردۆغان) دەنێرم بۆ لات”. هەر ئەو بەیانییە کاتژمێر ٩ سومەیە بە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی تورکی بەرەو ئەستەمبوڵ بەڕێ کەوت. بیلال ئێردۆغان لە هەمان ڕۆژدا بۆ جاری چوارەم پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ باوکیدا ئەنجامدا و پێی وت کە هەتا ئێستا بە تەواوی نەمانتوانیوە پارەکانی ماڵەوە سفر بکەینەوە و هەتا ئێستا نزیکەی ٣٠ ملیۆن یۆرۆمان پێماوە، وە دەکرێت ئەوە لە ڤێلاکانی شەهریزار بشارینەوە.

 

ڕەزا زەڕاب: سەرۆک وەزیران ڕەزامەندی نیشاندا

هەرچەندە دۆسییەی ١٧ی کانوونی یەکەم لە تورکیا بە بڕیارێک داخرا، بەڵام پاش ئەوەی ڕەزا زەڕاب چووە ئەمریکا و لەوێ دەستگیر کرا بووە هۆکاری ئەوەی هەموو دونیا لە دۆسییەی گەندەڵی ١٧ی کانوونی یەکەم ئاگادار بێت. ڕەزا زەڕاب بە مەبەستی بەسەربردنی پشووەکانی چووە ئەمریکا، بەڵام لە بەرواری ١٩ی ئازاری ٢٠١٦ لە ئەمریکا دەستگیر کرا، دواتر بە تۆمەتی شکاندنی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هەڵخەڵەتاندنی ئەمریکا و فێڵکردنی لە سیستەمی بانکی و سپی کردنەوەی پارە خرایە زیندانەوە. دواتر زەڕاب لەگەڵ داواکاری گشتی گەیشتە ڕێکەوتن و یەک یەک دانی بە هەموو تاوانەکانیدا نا. ڕەزا زەڕاب لە دانپێدانانەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هەموو شتێک بە ڕەزامەندی ئێردۆغان بەڕێوەچووە و وتی: “لە سەر ڕەزامەندی و ڕێنمایی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی ئەوکات ئەو کارانە دەستی پێکرد. دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ڕەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆک وەزیرانی ئەوکات و باباجان بڕیاریاندا ئەو بازرگانییە دەستپێ بکات.”

ڕەزا زەڕاب لە دانپێدانانەکانیدا دەربارەی ئەو بەرتیلەی دراوە بە زەفەر چاڵەیان بۆ ئەوەی ڕۆڵی هەبێت لە دەستپێکردنی ئەو کارانە لەگەڵ هاڵکبانک دەڵێت: “لە ساڵی ٢٠١٢ پەیوەندییەکانم لەگەڵ هاڵکبانک دەستیپێکرد بەڵام لەگەڵ ئەو کەسانەی لە ڕێگەی ئەوانەوە پەیوەندیم درووست کربوو پەیوەندییەکەمان کۆنتر بوو. زەفەر چاڵەیان بە مەرجی ئەوەی ٥٠بە ٥٠ هاوبەش بێت لە قازانجدا ڕازی بوو ببێتە نیوەندگیر لەو نێوانەدا بۆ ئەوەی بازرگانییەکە سەربگرێت. من بڕی ٤٥ بۆ ٥٠ ملیۆن یۆرۆ بەرتیلم داوەتە زەفەر چاڵەیان.”

 

سەرچاوە: http://www.tr724.com/5-yilinda-gizlenemeyen-gercek-17-aralik/

Show More
Back to top button