بیروڕاهەواڵ

چەند تێبینیەکی فەلسەفی لەسەر چەمکەکانی خزمەت

بەخامەی تەرزی

 

 

بزاڤی خزمەت لە حاڵی ئێستادا توشی ئەشکەنجە و فشار و کۆمەڵکوژیەکی کەموێنە بووە، کە لە مێژوودا هاوشێوەی دەگمەنە. بێگومان ئەمەی باسمان کرد تا ڕادەیەکی زۆر بە نیسبەت هاوڵاتیانی تورکیاوە ڕاستە.

هەندێک شار و وڵاتی دونیاش بە هۆی هیجرەتی زۆرەملێی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەتەوە، شێوازێک لە جوڵە و زیندوویەتی تێکەوتووە. هەربۆیە بۆ یەکەم جارە لە ناوخۆی بزاڤی خزمەتدا نوسینگەلێکی ڕەخنەگرانەی زۆر توند بڵاو دەکرێتەوە.

لە بەرامبەر نوسینە ڕەخنەیەکاندا نوسینی بەرگریکارانەی زۆریش بڵاو دەکرێتەوە. ڕێسای فەلسەفە وەهایە، وشەکان بە وردی هەڵدەبژێریت و هزری خۆتی لەسەر هەڵدەچنیت. ئەم وشانەی کە لەناو ئێمەشدا زۆر بەکاردێن بریتیە لە خزمەت، جەماعەت، فیتنە، دەستەی بەڕێوەبەرایەتی، دامودەزگاکان، گونجاوێتی، پاراستنی ئەوەی هەیە، هیجرەت… پێویستە لەسەر ئەم وشانە بوەستین و بە وردی هەڵیان بسەنگێنین.

پرسیارە سەرەکیەکانی فەلسەفەش بریتیە لە ” لە کوێوە هاتین، ئێستا چین، بەرەو کوێ دەڕۆین”. بێگومان کاتێک بابەتەکە فەلسەفی بوو، ئیدی هەموو هزرەکان بریتی دەبن لە بیری سوبێکتی نوسەرەکە. لێرەدا ئامانج ئەوەیە هەموو لایەک ئاڕاستەی بیرکردنەوە بکەین. بە پێچەوانەوە نوسینی فەلسەفە ئامانجێکی وەهای نیە کە کۆتا قسە و کۆتا حەقیقەت بڵێت.

خزمەت:

سەرەتا با بیر لە هەریەک لە چەمکەکانی خزمەت و جەماعەت بکەینەوە. چەمکی خزمەت بریتیە لە کردار، تەنانەت یەکێکە لە چەمکەکانی ڕێبازی سۆفیگەری کە سەدان ساڵە بوونی هەیە. ئەم چەمکە لە هەموو دین و کەلتورەکاندا بوونی هەیە. بەڵام لەبەر ئەوەی مامۆستا فەتحوڵا گولەن بناغەی ئەم چەمکەی لەسەر خەسڵەتی ئیسار داناوە، خزمەت بە  کاری وەها فیداکارانە هەستاوە و  بەرەو پێشەوە چووە کە لە مێژوودا هاوتای نەبووە.  بۆ نمونە ئیمانیۆل کانت فەیلەسوفی ئەڵمانی، پشتگیری ئەوە دەکات کە مرۆڤەکان یارمەتی یەکتری بدەن، بەڵام پێی وایە مرۆڤ دەبێت لە سەرەتادا پێداویستیە سەرەکیەکانی خۆی دابین بکات. پێی وایە کاتێک مرۆڤێک یارمەتی کەسانی تر دەدات، دەستهەڵگرتنی لە پێداویستیەکانی خۆی سنوردارە.

بەڵام مامۆستا فەتحوڵا گولەن جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هێندەی ئەوەی ڕێگەی ماڵی خۆت لەبیر بچێتەوە، خزمەت بە مرۆڤەکانی تر بکەیت. لە ژیانی هاوەڵانیشدا بەم شێوەیە بووە. کاتێک خۆی برسی بووە، هەوڵی تێرکردنی کەسانی تری داوە. بەڵام لە دوای هاوەڵانەوە، هەتا هاتنی بزاڤی خزمەت، تایبەتمەندی ڕۆحی ئیسار لە ناو جیهانی ئیسلامدا زۆر بە دەگمەن بینراوە. بۆ نمونە چەند گروپ هەیە لە جیهانی ئیسلامدا، بێ ئەوەی سەیری دوای خۆی بکات بەرەو وڵاتگەلێک بەڕێ بکەوێت کە هیچیان لەسەر نازانێت؟

دەبێت ئا لێرەدا هەڵوێستەیەک بکەین. ئایا ئەو ڕۆحی ئیسارەی لە سەرەتاوە لە بزاڤی خزمەتدا هەبوو، هێشتا لە بواری پراتیک و جێبەجێکردندایە؟ گەر ئەم خەسڵەتە لە حاڵی ئیستادا بوونی نەمابێت، ئیدی جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ گروپە فیداکارەکانی تردا نەماوە.

 

جەماعەت:

بە بێ بوونی خزمەت جەماعەت هیچ واتایەکی نیە. بۆ نمونە جەماعەتێکی یەک ملیۆنی، گەر ماوەی یەک ڕۆژ ناوی خودایان نەهێنا و نەیانگەیاند بە هیچ کەسێکی تر، هیچ خزمەتێکیشی ئەنجام نەدا، ئیدی ئەمە جەماعەتێکی بێ ئەنجامە. ڕەحمەتی خودا لەسەر جەماعەتەکانە، بەڵام هەتا ئەو کاتەی خزمەتێک ئەنجام دەدەن. بە پێچەوانەوە بە چەشنی ئەو ڕێکخراو و ناوەند و یانانەی لێدێت کە ئەندامیان هەیە و پێکەوە کاری کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدەن، دەبنە ئەندامی سەندیکایەک یان ڕێکخراوێک و لەم ڕێگەیەوە ناسناوێکیان دەست دەکەوێت، بەم هۆیەشەوە پێداویستی سایکۆلۆژیانەی ”تێکەڵ بوون بە کۆمەڵگا”ی خۆیان فەراهەم دەکەن. هەربۆیە جیابوونەوەی هەندێک کەس لە بزاڤی خزمەت لەم دوایانەدا، بە واتای ئەوە دێت کە پێشتر لەبەر خاتری پێداویستی سایکۆلۆژی – ماددی خۆیان لەناو بزاڤی خزمەتدا بوون.

 

فیتنە:

 لە هەر شوێنێکدا مرۆڤی لێبێت فیتنەشی لێیە. بە تایبەت لە بزاڤێکدا کە سەدان هەزار فیترەتی جیاوازی مرۆڤەکانی لە خۆی گرتبێت، بابەتی فیتنە زیاتر دێتە ڕۆژەڤەوە. تەنیا ڕێگەش بۆ بەرگرتن بە فیتنە ئەوەیە، هەموو تاکێک خۆی بە کاری خۆیەوە سەرقاڵ بکات و، میکانیزمی چاودێری کارەکان بە باشی بخرێتە گەڕ و، هەموو کەسێک پێناسەی کار و ئەرکی خۆی بە باشی بۆ دیاری کرابێت. لەبەر ئەوەی جەماعەتەکان دەوڵەت نین و دادگایان نیە هەتا سزای سەرپێچیکەرانی پێبدەن، لەبەر ئەوەی دڵخوازی و خۆبەخشی تێیدا بنەمایە، ئەگەری هەیە فیتنەی زیاتری تێدا بڵاو ببێتەوە.

 

سەرپەرشتی:

یەکێکی تر لەو بابەتانەی لە بزاڤی خزمەتدا زۆر جێگای مشتومڕ بووە بابەتی سەرپەرشتیە. لە دونیای ئەمڕۆماندا چالاکی و سەرپەرشتیارانی دامودەزگا نادەوڵەتیەکان زیاتر بووە. بزاڤی خزمەتیش لەو بوارانەی کە گرنگترین پێداویستیەکانی مرۆڤایەتی پێکدەهێنن وەک پەروەردە، مێدیا، تەندروستی، دیالۆگ لە ١٧٠ وڵاتی دونیا کار و چالاکی هەیە. ئەمەش وای لێدەکات سەرەتا لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەی کاری تێدا دەکات کارو چالاکیەکانی هەڵبسوڕێنێت و، دواتر لەبەر ئەوەی پارچەیەکە لە پێکهاتەیەکی ئایدیاڵی نێودەوڵەتی، دەبێت خاوەنی زمانێکی جیهانیش بێت. بزاڤی خزمەت لەم خاڵەدا توشی کێشە و ئازاری زۆر بووە، لە بەرامبەر فشاری بێ سنوری دەوڵەتی تورکیا  و داهاتوویەک کە ئۆباما بە “سەردەمێکی سەیر و  پێشبینینەکراو” ناوی دەبرد، پێویستە سەرلەنوێ پێناسەی خۆی بکاتەوە. بێگومان کاتێک دەوڵەتان ڕەچاوی مافی مرۆڤ ناکەن و تەنیا دوای بەرژەوەندی خۆیان بکەون، خزمەت لەو حاڵەتەدا تەنیا لە ڕێگەی ئەوەی ببێتە موڵکی کۆمەڵگاکەی دەتوانێت بەردەوامی بە خۆی بدات. بێ ئەوەی زیاتر بابەتەکە پڕ گرێ بکەین، دەبێت هەموو کەسێک بە شێوەیەک هەڵسوکەوت بکات کە بتوانێت حسابی ماددی و مەعنەوی کارەکانی بدات. گەر خزمەت بشوبهێنین بە هەڕەمێک، ئەوا دەبێت هەموو کەسێک سەری خۆی نەوی بکات و بیر لەوە بکاتەوە کە چۆن دەتوانێت بە باشترین شێوە خزمەتی ئەوانەی خوار خۆی بکات. خۆ گەر هەمیشە سەیری سەرەوەی خۆی بکات، ئەوا وەک سیستەمی کەپیتاڵی ئەمڕۆی لێدێت و هەمیشە خەریکی ئەوە دەبیت کە سەروی خۆت ڕازی بکەیت و لە پڕێکدا وای لێدێت کە لە ژێرەوە کەس نەماوە و هیچ کەسێک نامێنێت کەوا فیداکارانە کارێک ئەنجام بدات.

 

دامودەزگاکان:

مرۆڤەکانی خزمەت لە حاڵی ئێستادا بەسەر ڕووی زەویدا بڵاوبوونەتەوە. وەک چۆن لە تورکیاشدا دامەزراندنی دامودەزگای گەورە کارێکی سەختە، لە شوێنەکانی تری دونیاش سەخت و دژوارترە.     گەر تەنیا بیر لەوە بکەینەوە کە فێربوونی زمانێکی بیانی نیوەی تەمەنی مرۆڤ دەبات… لە حاڵی ئێستادا گەر تورکیا بکەینە بنچینەی تێڕوانین لە بابەتەکە ئەوا توشی بێ هیوایی دەبین… بەڵام وەک چۆن دامەزراندنی دامودەزگای ماددی لە دەرەوەی وڵاتیش کاتی زۆری دەوێت، هەر تاکێکی ئەو کۆمەڵگایەش دەبێت وەک دامودەزگایەک سەیر بکەیت و، بۆ ئەوەی یارمەتی ئەو مرۆڤانە بدەین کە لە تورکیاوە بۆ خزمەتی مرۆڤەکانی دونیا بڵاوبوونەتەوە و تێکەڵیان بوون، پێویستە لەو وڵاتانەدا بە گوێرەی هەلومەرجی تایبەتی خۆی، بیر لە دامەزراندنی پێکهاتەی جیاواز بکەینەوە.

 

گونجاوێتی:

وشەی گونجاوێتی لە فەلسەفەدا واتای زۆر قوڵی هەیە، لەگەڵ کێدا چۆنی دەگونجێیت؟ گونجاوێتی لە خزمەتدا بە واتای باشهەڵکردن دێت لەگەڵ کەسانی چواردەورت. ئەوانەی کاری کەم دەکەن و گونجاون لەگەڵ چواردەوریان، هەمیشە لە کەسانی تر زیاتر جێگای قبوڵن. بەڵام ئێستا هەلومەرجەکە گۆڕاوە. ئێستا مرۆڤەکانی خزمەت لە جیاتی ئەوەی لەگەڵ یەکتریدا گونجاوبن، گونجاویان لەگەڵ مرۆڤەکانی ناو کۆمەڵگای خۆیان زیاتر جێگای گرنگیە. گەرچی گۆڕانکاری سەختە و تەمەنی مامناوەندی مرۆڤەکانی خزمەت بەرەو سەرەوە هەڵدەکشێت. هەموو کەسێک دەبێت زۆر لە فیترەتی خۆی بکات و لەگەڵ بارودۆخە نوێکەدا خۆی بگونجێنێت.

 

پاراستنی ئەوەی هەیە:

لەوە دەچێت چەمکی “پاراستنی ئەوەی هەیە” مرۆڤەکان بەرەو شوێنێکی مەترسیدار بەرێت. لە خزمەتدا ئەوە بناغەیە کە باسی بەهاکانی خۆمان بۆ کەسانی تر بکەین و بیانژێنین. ئەوەی باسی شتێک بۆ کەسانی تر نەکات، جۆش و خرۆشی لە دەست دەدات. بۆ نمونە لە کاتی گەشتێکدا، گەر تایەی ئۆتۆمبیلەکەتان پەڕی، هەموو کەسێک بە ترس و دڵەڕاوکێوە لە چواردەوری خۆی دەڕوانێت، گەر ئێوە هێمنی و هاوسەنگی خۆتان لە دەستنەدا و وتتان هەموو شتێک هەر لای خوداوەیە، ئەوا هەموو کەسێک بە دوای سەرچاوەی هاوسەنگی ئێوەدا دەگەڕێت. دواتر کە وایان لێدێت فێری ئەوە ببن کەوا خودا هەموو شتێکی کۆنتڕۆڵ کردووە، ئەمە وا لە ئێوەش دەکات جۆش و خرۆشتان زیاتر ببێت.

 

هیجرەت:

بە تایبەت ئەوانەی لە ڕێگەی زۆرەملیەوە هیجرەتیان کردووە، دەبێت کاتێکی زیاتر بۆ تێگەیاندنی خزمەت لە کەسانی تر، تەرخان بکەن. ئەوانەی زمانی بیانی دەزانن و قسەزانن و دەستیان قەڵەم دەگرێت، دەبێت بۆ ئەو کۆمەڵگایانەی تێیدا دەژین باسی بەهاکانی خزمەت بکەن. هەریەکێک لەوان لە کەناڵە جیاوازەکانی مێدیای ئەم سەردەمەوە، گەر باسی فیداکاری، دیالۆگ، لێبوردەیی و خۆشەویستی بکات، دەتوانن بگەن بە ملیۆنان مرۆڤی سەر زەوی و ئەمەش کارێکی زۆر سەخت نیە.

بۆ نمونە گەر لە تەلەڤیزیۆنێک یان ڕادیۆیەک قسەتان کرد و باسی خەسڵەتی ئیسارتان بۆ کردن و ١٠٠ ملیۆن مرۆڤ گوێبیستی قسەکانتان بوو، هەروەها لە سەد شوێنی تری دونیاش ئەمە دووبارە بوویەوە، ئەوا زۆر بە ئاسانی گەشتوون بە ملیارێک مرۆڤ و ئیخلاس و برایەتی دراوە بە گوێیاندا. گەر بزاڤی خزمەت بیەوێت بەردەوام بێت، دەبێت لە  خزمەتگەلێکدا کە کەسانی تر دەکاتە بنچینەی خۆی، زیاتر قوڵ ببێتەوە.

http://www.tr724.com/hizmet-kavramlari-uzerine-felsefi-mulahazalar/

Show More
Back to top button