نوسەرانهەواڵ

چەتەکان لە دەرەوەی وڵات تەڵە بۆ گولەن و مامۆستاکان دادەنێن. تورکیا پیسەکەی ئێردۆغان ٦

 

“کاتێک ئەم هەواڵەم بیست باوەڕکەن لەبەر  وڵاتەکەم دڵتەنگ بووم. هەرچی بێت خاوەنی دابونەریتێکی لە مێژینەیە و، دڵتەنگ بووم بەوەی تورکیایەک کە باش تا خراپ ڕابردوویەکی دیموکراسیانەی هەیە، بە دەستی ئەم مرۆڤانەوە وەک پێکهاتەیەکی مافیایی لێهاتووە. ئەمڕۆ لەو وڵاتانەی لە ڕووی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادیەوە دواکەوتوون، یاخود کەمێک پێشکەوتنیان بە خۆیانەوە بینیوە، بە شێوەیەکی مافیائاسایانە کە لەگەڵ جددیەتی دەوڵەت و یاسا و  مافەکانی مرۆڤ و ئازادیەکاندا یەک ناگرێتەوە، هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت دەڕفێندرێن. ئەوەی دیارە لە وڵاتی ئەمەریکاش هەمان هەوڵی لەو جۆرەیان هەبووە. بەڵام لێرە دامودەزگا دیموکراسیەکان بە شێوەیەکی تەندروست کاری خۆیان دەکەن و، یاسا بە تەواوی بەها گەردوونیەکانیەوە سەرەوەرە. لێرە ناتوانن کارێکی لەو جۆرە ئەنجام بدەن. هێزە ئەمنیەکانی ئێرە پێشتریش ئێمەیان لە چەند هەوڵێکی کوشتن ئاگادار کردبوویەوە”.

ئەمەی سەرەوە قسەکانی م.فەتحوڵڵا گولەنە لە میانەی ڕێپۆرتاژێکیدا لەگەڵ ناوەندی ستۆکهۆلم بۆ ئازادیەکان(SCF)، کاتێک ئەوە ئاشکرا بوو کە مایکڵ فلین ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، لەگەڵ هەندێک بەرپرسی ئاکەپە هەڵی ڕفاندنی گولەنیان داوە.

لە ٢٤ ی ئازاری ٢٠١٧ گەورەترین هەوڵی ڕفاندنی چەتەکانی ترانسپۆرتە ڕەشەکە لە دەرەوەی وڵات ئاشکرا بوو، کە لە ناوخۆی تورکیادا بە ڕۆژی نیوەڕۆ هاوڵاتیان دەڕفێنن.

 

” سەرۆکی پێشووی CIA پیلانەکانی حکومەتی تورکیا بۆ ڕفاندنی گولەن ئاشکرا دەکات”

ڕۆژنامەی وۆڵ سریت جۆرنالی ئەمەریکی، لە هەواڵێکیدا لە زاری جەیمس وۆلسی سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری CIA، ئەوەی ئاشکرا کرد کە هەندێک وەزیری ئاکەپە و مایکل فلین، پیلانیان بۆ ڕفاندنی گولەن داڕشتووە، کە  بە تۆمەتی تێوەگلان لە هەوڵی کودەتای ١٥ ی تەموز، لە هەوڵی لەکەدارکردنی ناوبراودان.

وەزیرەکانی ئاکەپەش بریتی بوون لە بەرات ئاڵبایراک وەزیری سامانە سامانە سروشتیەکانی تورکیا  و زاوای ڕەجەب تەییب ئێردۆغانی سەرۆک کۆمار تورکیا، مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا. وۆلسی باس لەوە دەکات کە هەردوولا پیلانیان بۆ ئەوە داناوە نیوە شەوێک بدەن بەسەر شوێنی مانەوەی گولەن و دوای دەستگیرکردنی بەرەو تورکیا بیڕفێنن.

ئەمەریکا و مێدیاکانی هەموو جیهان بۆ ماوەی هەفتەیەک باسیان لەم هەواڵە کرد. مایکڵ فلین کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکاوە، لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو لە کارەکەی دوور خرایەوە، لەبەردەم لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوەدا ناوە کە مەبەستی ئەنجامدانی کاری لۆبیچێتی، بڕی ٥٣٠ هەزار دۆلاری لە بەرپرسانی تورکیا وەرگرتووە،  هەتا گولەن لە ناوخۆی ئەمەریکادا لەکەدار بکرێت و ناوی بزڕێنن. بەڵام پیلانەکانی دەوڵەتی قوڵ و گەمە چەتەییەکانی کاربەدەستانی ئەنقەرە، لە وڵاتانی دونیا و بە تایبەت شوێنێکی وەک ئەمەریکا کە لانکەی دیموکراسیە، هەروا بە ئاسانی بۆیان نەچووە سەر. ڕووداوەکان وەک ڕیسی خوری شی بوونەوە.

ئەو چاوپێکەوتنەی لە ڕیستۆرانتی 21 Clup لە بەرواری ١٩ ی ئەیلولی ٢٠١٦ لەگەڵ مایکڵ فلین ئەنجامدرا بە مەبەستی پیلان دانان بۆ ڕفاندنی گولەن، هەریەک لە بەرات ئاڵبایراک، مەولود چاوشئۆغلو، ئەکیم ئاڵپتەکینی خاوەنی کۆمپانیای Inovo BV تێیدا بەشدار بوون.

بە گوێرەی پیلانەکەیان بێ ئەوەی چاوەڕێی بڕیاری یاسایی دادگاکانی ئەمەریکا بکەن سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی گولەن، خۆیان هەوڵی ئەوەیان دابوو نیوە شەوێک بدەن بەسەر شوێنی مانەوەی گولەن و بەرەو تورکیا بیڕفێنن. ئەمە یەکێک بوو لە لوتکەی ئەو کارە نایاساییانەی لە دوای کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموز ئەنجامیاندا.

ئەم ڕووداوە کە لەبەرچاوی هەموو دونیا ئاشکرا بوو، ئەوەی دەرخست تورکیا زیاتر لە دەوڵەت و دامودەزگای یاسایی- وەک م.فەتحوڵڵا گولەنیش ئاماژەی پێدا- مافیائاسایانە مامەڵە دەکەن.

 

“دانوستان لەسەر ١٥ ملیۆن دۆلار بۆ ڕفاندنی گولەن”

دوای ئەوەی رۆبەرت مولەر وەک داواکاری گشتی تایبەت بە لێکۆڵەنەوەی پەیوەندیەکانی مایکڵ فلین و باڵیۆزی ڕوسیا دیاری کرا، زۆر شتی نهێنی لەسەر پەیوەندی نێوان فلین و کاربەدەستانی تورکیا ئاشکرا بوون. لە ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوانە ئەوە ئاشکرا بوو، کە کاربەدەستانی تورکیا بڕی ١٥ ملیۆن دۆلاریان وەک تەکلیف خستۆتە بەردەم فلین و کوڕەکەی هەتا ئۆپەراسیۆنێک بۆ ڕفاندنی گولەن ئەنجام بدەن.

چەتەکان بۆ کاری نایاسایی پارەیان بە چواردەوری خۆیاندا هەڵڕشتبوو، فلین لە میانەی لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوەدا نا، کە  لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیادا گەشتوونەتە ڕێکەوتن و واژۆیان لەسەر ڕێکەوتنێکی کاری لۆبیچتی کردووە.

بەڵام دەوڵەتی یاسا و بەدواداچوونی مێدیای ئەمەریکی، پیلانی ئەو چەتانەی هەڵوەشاندەوە، کە بە فەرمانی ڕەجەب تەییب ئێردۆغان کاریان دەکرد.

بەم شێوەیە گەورەترین پیلانی چەتەکان سەبارەت بە هەوڵی ڕفاندنی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت، شکستی خوارد. گەرچی لە ڕواڵەتدا وای پشان دەدەن کە ئەم کارانە لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە ڕاستیدا لەلایەن کەمینەیەکی سەر بە ئێردۆغانەوە بە شێوازی مافیایانە لە دەرەوەی وڵات ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن و، مامۆسایان و هاوسەرەکانیان و منداڵەکانیان دەکەنە ئامانج.

هەربۆیە لە مالیزیا، پاکستان، کازاخستان، سعودیە، کۆسۆڤا، دوبەی، گورجستان و وڵاتانی ئەفەریقا، پیلانی هاوشێوەیان داڕشت.

“تەڵە بۆ مامۆستایانی مالیزیا لەلایەن مافیاکانەوە”

لە بەرواری ١٣ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦، ٢ هاوسۆزی سەر بە بزاڤی خزمەت لە ناوەڕاستی  شەقامێکی وڵاتی مالیزیا ڕفێندران. یەکێک لەو هاوڵاتیانە بە ناوی تامەر تیبیک(٤٣) بوو کە سکرتێری گشتی ڕێکخراوی خانەی بازرگانی و پیشەسازی تورکیا و مالیزیا بوو، ئەوی تریشیان ناوی عەلائەدین دومانی تەمەن ٤٥ ساڵ  بوو، کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی خوێندنگەی تایم ئینتەرناشناڵی وڵاتی مالیزیا.

لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٧، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوشێوەی تردا دوو هاوڵاتی تر کرانە ئامانج. تورگای کەرەمان(٤٣) بەڕێوەبەری خوێندنی تایم ئینتەرناشناڵ، کە بەر لە ماوەیەک لە شاری ئیپۆهی مالیزیا کرابوویەوە، لەگەڵ ئیحسان یڵماز(٣٩) کە ساڵانێکی زۆرە لە شاری کوالالامپوری خەریکی کار و کاسپی خۆیەتی، لەلایەن ٥ هاوڵاتی مالیزی کە جلی مەدەنیان لەبەردابوو ڕفێندران.

مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە جیاتی ئەوەی لەسەر مێزە دیپلۆماسیەکان بەرگری لە بەرژەوەندیەکانی تورکیا بکات، لەگەڵ چەتەکانی ڕفاندنی مرۆڤ دادەنیشێت و دانوستان لەسەر ملیۆنان دۆلار دەکات، ناوبراو لە ١٣ ی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ ئەوەی ڕاگەیاند کە هاوڵاتیەکانیان هێناوەتەوە بۆ تورکیا. تامەر تبیک و عەلائەدین دومان، هەتا ئێستا لە زیندانی سینجانی شاری ئەنقەرەن.

بەڵام دوای ئەوەی لە بەرواری ٢ ی ئایاری ٢٠١٧ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕفاندنی هەریەک لە تورگای کەرەمان و ئیحسان ئەسڵان  و، لە ٤ ی ئایاریشدا عیسمەت ئۆزچەلیک کاردانەوەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتوەکانی بە دوای خۆیدا هێنا، حکومەتی مالیزیا ناچار بوو بەوەی لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەستگیرکردنی هاوڵاتیەکان ڕابگەیەنێت. دوای ئەوەی ماوەیەک خۆیان خڵەفاند، بە شێوەیەکی نایاسایی ٣ هاوڵاتیەکەیان ڕادەستی ستافێکی تایبەت کرد، کە لە تورکیاوە هاتبوون.

” ئۆپەراسیۆنێکی قێزەون بۆ ڕفاندنی مامۆستایەک و خێزانەکەی لە وڵاتی پاکستان”

لە بەرواری ٢٧ ی ئەیلولی ٢٠١٧ کاتژمێر ٢:٤٠ خولەکی شەوی چوارشەممە، مەسوت کاچماز و هاوسەرەکەی و دوو کچی، لە شارۆچکەی واپدای ویلایەتی لاهوری وڵاتی پاکستان بە زۆرملێی لە ماڵەکەی خۆیان لە بلۆکی B2 یەکەی نیشتەجێبوونیان دەرهێنران و بەرەو شوێنێکی نادیار ڕفێندران.

سەرەڕای ئەوەی مەسوت کاچماز و خانەوادەکەی لە بەرواری تشرینی دووهەمی ٢٠١٦ بە مۆڵەتی کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) لە وڵاتی پاکستان دەمێننەوە و چووبوونەی ژێر پارێزگاری نەتەوەیەکگرتوەکان، هەروەها دادگای باڵای پاکستان لە  بەرواری ٢٨ ی ئەیلولی ٢٠١٧ بڕیاری سنورداشکردنەوەی کاچماز و خانەوادەکەی هەڵوەشاندەوە، بەڵام لە ١٤ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ بە فڕۆکەیەکی بێ ناسنامە و بە چاوبەستراوی ڕەوانەی وڵاتی تورکیا کرانەوە.

دوای ڕادەستکردنەوەی کاچماز و خانەوادەکەی، دادگای باڵای پاکستان لە بڕیارێکی نوێدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە نابێت هیچ مامۆستایەکی بزاڤی خزمەت، بە بێ مۆڵەتی دادگا ڕادەستی تورکیا بکرێتەوە.

لە دوای ئەم بڕیارەی دادگاوە، بە مەبەستی ڕێگرتن لە مەترسی ڕفاندنی مامۆستایانی بزاڤی خزمەت لە وڵاتی پاکستان،  حکومەتی ئەو وڵاتە لەبەردەم ماڵی هەریەک لەو کەسانەی لە بڕیارەکەی دادگای باڵادا ناویان هەبوو، هێزەکانی پۆلیسی بە مەبەستی پاراستنیان بڵاو کردەوە. بەڵام لەم سەروبەندەدا خانەوادەی کاچماز بوونە قوربانی دەستی چەتەی ناو ترانسپۆرتە ڕەشەکە، کە هەوڵیان دەدا کارەکانی ناوخۆی تورکیا لە وڵاتانی دەرەوەش ئەنجام بدەن.

” دوو کەس لە ناوەڕاستی کازاخستان ون دەبن”

کارێکی قێزەونی تری چەتەکان لە دەرەوەی وڵات، لە نێوان کازاخستان و کرغزستان ڕوویدا. ئەنڤەر کڵچ و  زابیت کیشی کە دانیشتووی وڵاتی کرغزستانن، لە بەرواری ١٦ ی ئەیولی ٢٠١٧، کاتێک ویستیان لە فڕۆکەخانەی ئاڵماتی شاری کازاخستانەوە گەشت بکەن، دەستگیر کران. هەردوو هاوڵاتیەکە لە بەرواری ٣٠ ی ئەیلولی ٢٠١٧ لە دادگای کازاخستان دادگایی کران و پەیوەندیان بە خانەوادەکانیانەوە تا ئەو بەروارە نەپچڕابوو، دادگای کازاخستان بڕیاری ئەوەی لەسەر دەرکردبوون کە سنورداشی شاری بیشکەکی کرغزستان بکرێنەوە، دوو هاوڵاتیەکە لە کاتژمێر ١٨:٠٠ سەر لە ئێوارەی ڕۆژی ٣٠ ی ئەیلول، سواری فڕۆکەی KG 109  هێڵی ئاسمانی ئاستانا دەبن، بەڵام پێش ئەوەی فڕۆکەکە دەست بە گەشتەکەی بکات، دوو هاوڵاتیەکە لە فڕۆکەکە دادەبەزێنرێن و دەڕفێنرێن.

ئیدی لە دوای ئەو بەروارەوە بێسەروشوێنن.

 

“هەندێک لەو کەسانەی لە دەروەی وڵات هێنران لە “کێڵگە”کەدا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ئەنجامدرا”

ناوەندی ئەشكەنجەدانی گەڕەکی یەنیمەحەلەی سەر بە دەزگای هەواڵگری میت لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، ٤ کیلۆمەتر لە پشتی کۆشکەکەی ئێردۆغانەوەیە و خۆیان بە “کێڵگە” ناوی دەبەن. ئەم ناوەندە تەنیا ئەشکەنجەی هاوڵاتیانی ڕفێندراوی ناوخۆی تورکیای تێدا نادرێت، بەڵکو زۆرێک لەو هاوڵاتیانەی لە دەرەوەی وڵات بە شێوەیەکی مافیایانە ڕفێندرابوون، هێنراونەتە ئەم ناوەندە و ئەشکەنجەیان داون.  تورگای کەرەمان و مەسوت کاچماز دوو قوربانی دەستی ئەم ڕێکخراوە نایاساییەن. وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا، ئێرە ناوەندێکی سەر بە دەزگای سەرۆکایەتی هەواڵگری ئاسایشە.

بەڵام ئەم شوێنە تاکە ناوەندی ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان نیە. بنکەی سەربازی ئۆغلو بەی سەر بە هێزە تایبەتەکانی سوپای تورکیا، ناوەندێکی تری نایاسایی تورکیا کە ئەشکەنجە و لێپرسینەوەی هاوڵاتیانی تێدا ئەنجام دەدرێت. میت هەتا ئێستا لە ناوچەی ئێتیمەسگوت دەستبەکارە  و بینا نوێکەشیان بۆ ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان بەکار هێناوە. هەروەها دەزگای میت لە ناوچەی چاملیدەرە کە بنکەی مەشقی ئەندامانی دەزگاکەیە، بە مەبەستی ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان بەکار دەهێنێت.

دەیان نمونەی تری ڕفاندنی هاوڵاتیان بوونی هەیە کە لە مێدیای ناوخۆی تورکیادا باسی لێوە ناکرێت. دوو کارمەندەکەی دەزگای میت بە ناوەکانی ئێرهان پێکچەتین و ئایدن گونەل، کە لە دەستی هێزەکانی پەکەکەدان وەک بارمتە، باس لە بوونی چەندین ناوەندی تری ئەشکەنجەدان دەکەن لە شارەکانی ئیستەنبول، ڤان، دیاربەکرد.

دوو کارمەندەکەی میت سەبارەت بە ناوەندی ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان لە دەرەوەی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، لە دانپێدانانەکانیاندا بۆ ماڵپەڕەکانی پەکەکە وتیان” لە دوای ساڵی ١٩٩٩ ئەو ناوەندانە بەکار نەدەهێنران. تەنیا کاری پاکردنەوە و ئامادەکاری لەو ناوەندانەدا ئەنجام دەدرا. بەڵام دووبارە کردمانەوە. لە شاری ئیستەنبول، دیاربەکر، ڤان چەندین خانەی لێپرسینەوە هەیە. ئێمە مۆڵەتی دەستگیرکردنی هاوڵاتیانمان نیە، تەنیا هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی دەزگا سیخوڕیەکان مۆڵەتی ئەنجامدانی ئەم کارانەیان هەیە. گەر ئێمە ئەم کارانەمان بکردایە بە نایاسایی ئەژمار دەکرا. دەبێت ئەم کارانە بە نهێنی ئەنجام بدەیت و لە ناوخۆی تورکیادا باسی لێوە نەکرێت. زۆربەی کات دەستگیرکردنی هاوڵاتیان بە مەبەستی ئەوەیە بیکەیت بە ئەندامی دەزگای هەواڵگری و داوای پێدانی زانیاری لێدەکەیت”.

 

 

 

 

Show More
Back to top button