هەواڵ

چیرۆکێکی پەندئامێزی “دادپەروەری”

 

لە تورکیا چیتر هیچ کەسێک متمانەی بە سیستەمی دادوەری و دادپەروەری و یاسا نەماوە. ماوەیەکی دوور و درێژە بارودۆخەکە بەو شێوەیەیە، بەڵام سات لە دوای سات لە دوای ئاشکرابوونی تۆمارەکانی دادگا وێنەکە ڕوونتر دەبێتەوە. ئەم گفتوفۆیەی لە خوارەوە دەیخەینەڕوو، لە شاری ئورفا لە نێوان دادوەرێک و گومانلێکراوێک و هەواڵ لێدەرێکدا ڕوویداوە و جارێکی بارودۆخی دادگاکانی تورکیای خستەوە پێش چاوی هەمووان…

  • شوێن: تورکیا، ئورفا، دادگای شەشی سزادان
  • بەروار: ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨
  • دادوەر عەلی کارا پرسیار ئاراستەی بوشرا دەمیردالی هەواڵ لێدەر دەکات:
  • ئایا ئایشە دەمیر دەناسن؟
  • وەڵام: نەخێر، ئەو ئایشەی دەمیرەی من وتم ئەمە نییە. ئەو ئایشە دەمیرەی من ناوەکەیم پێدان خانمێکی دەرمانساز بوو. لە تەمەنی ٤٠ بۆ ٤٥ ساڵیدا بوو. من ئەم ئافرەتە ناناسم.
  • دادوەر: بڕیارماندا بە بەندکردنی ئایشە دەمیر…

بوشرا دەمیرداڵ کاتێک دەستگیرکرا و لە بنکەی پۆلیس لێپێچینەوەی لەگەڵ کرا ناوی بوشرا ئایشە دەمیری هێنا، بەڵام دواتر ئاماژەی بۆ ئەوەی کرد کە ئەو کەسەی دەسگیرکراوە بە هەڵە دەستگیر کراوە و ناوەکەی لەگەڵ کەسێکی دیکەدا تێکەڵ بووە، بەڵام سەرەڕای ئەوە هیچ ئەنجامەکە گۆڕانی بەسەردا نەهات.

 

دایک و باوک لە هەمان ڕۆژدا لە پێش چاوی منداڵەکانیان دەستگیرکران

ئایشە دەمیر کە مامۆستای زمانی تورکی بوو لەگەڵ هاوسەرەکەی بەیتوڵا دەمیر کە مامۆستای وانەی فیزیا بوو لە بەرواری ١٢ی ئەیلولی ٢٠١٨ لە ماڵەکەی خۆیان لە شاری ئورفا لە پێش چاوی منداڵەکانیان دەستگیرکران. دوای ١٠ ڕۆژ مانەوەیان بە دەستبەسەری لە لایەن دادگاوە ئایشە دەمیر بە کەفالەت ئازاد کرا، بەڵام بەیتوڵا دەمیر بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە گروپی تیرۆریستی” بڕیاری بەندکردنی بۆ دەرچوو، و دواتر ڕەوانەی گرتووخانەی دیاربەکر کرا.

ئایشە دەمیر بە درێژایی مانگ بە بێ هەڵهاتن و خۆشاردنەوە هەفتانە دەچووە بنکەی پۆلیس و واژۆی خۆی دەکرد. لە کۆتایی مانگەکەدا پێشهاتێکی نوێ هاتە ئاراوە. کچێکی گەنج بە ناوی بوشرا دەمیرداڵ کە لە گرتووخانەی سیلیڤری لە ئەستەمبوڵ بەندکرابوو، دانی بە تاوانەکەیدا نابوو، وە هەواڵی لە کەسێک دابوو بە ناوی ئایشە دەمیر، بەو هۆیەوە دادگای شەشی سزادانی ئورفا دۆسییەی لە دژی ئایشە دەمیر کردبووەوە. ئایشە دەمیر بە هۆی ئەوەی لە ناوچەی جەیلانپنار لەدایکببوو، فەرمانی پێکرابوو کە لە دادگای جەیلانپنار لێدوانی لێ وەربگیرێت.

بەڵام ئایشە دەمیر بە هۆی ئەوەی لە ناوەندی شاری ئورفا دەژیا، وتی ‘من خۆم دەچمە بەردەم دادوەر و بەرگری لەخۆم دەکەم’ و دواتر ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ سەردانی دادگای شەشی سزادانی ئورفای کرد بە مەبەستی ئامادەبوونی لە کاتی بەڕێوەچوونی دۆسییەکەی. لەو دادگایەی بە پێی خۆی سەردانی کرد بڕیاری بەندکردنی بۆ دەرچوو. دادوەر عەلی کارا سەرەڕای لێدوانەکەی بوشرا دەمیردال کە لە ڕێگەی سیستەمی دەنگی و ڕەنگی دادگاکانەوە لە دانیشتنەکەی دادگا ئامادەبوو، وە وتی ‘من ئەم ژنە ناناسم’، بڕیاریدا ئەو دایکە گەنجە لە سێ منداڵەکەی جیابکاتەوە. ئایشە دەمیری تەمەن ٣٢ ساڵ بە تۆمەتی ئەندامبوون لە گرووپی تیرۆریستی سزای ٦ ساڵ و ٦ مانگ و ٢٢ ڕۆژ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا. دە ڕۆژ پێش ئێستاش دادگای تێهەڵچوونەوە بڕیارەکەی پەسەند کرد.

ئایشە دەمیر و هاوسەرەکەشی خوێندنی زانکۆیان لە زانکۆی دیجلە تەواوکردبوو. لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٤ لە دەزگای پەروەردەیی نەهیری تایبەت وەک مامۆستای وانەبێژ کاریان دەکرد.

ئایشە دەمیر کاتێک دووگیان بوو، ناچار بوو واز لەو خوێندنگەیە بهێنێت. دوای ئەوەی ئەو دەزگایە داخرا کە کاریان تێدا دەکرد، لە شاری ئورفا نیشتەجێ بوون. لەو ماوەیەدا ژمارەی منداڵەکانی گەیشتە سێ منداڵ. لە ئێستادا بچوکترین منداڵی تەمەنی تەنها ساڵ و نیوێکە و هێشتا لە شیر نەبڕدراوەتەوە. کوڕە گەورەکەی تەمەنی ٧ ساڵانە و کچە ناوەنجییەکەشەی تەمەنی سێ ساڵانە.

بەیتوڵا دەمیری هاوسەریشی ٢٠ ڕۆژ پێش ئێستادا برایە بەردەم دادوەر بۆ پێداچوونەوە بە دۆسییەکەیدا، بەڵام دانیشتنەکە دواخرا و بڕیار وایە ٢ مانگ دواتر دووبارە دانیشتنی دادگا بۆ هەمان پرس بەڕێوە بچێت و لەو دانیشتنەدا بەیتوڵا دەمیر هەوڵ دەدات بیسەلمێنێت کە ئەندامی “گروپی تیرۆریستی” نەبووە.

هەم چاودێری سێ نەوەکەم و هەم چاودێری باوکە ئیفلیجەکەم دەکەم

شەرەف ئاتای خانەنشینکراو، باوکی ئایشە دەمیر هەم چاودێری نەوەکانی و هەم چاودێری باوکی دەکات کە بە هۆی خوێنبەربوونی مێشکەوە تووشی نەخۆشی ئیفلیجی بووە و لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە. بەو هۆیەوە پێیەکی لە نەخۆشخانەیەوە و پێکەی تری لە ماڵەوە بۆ ئەوەی فریای هەردوولا بکەوێت. شەرەف ئاتای وەک باوک و باپیرەیەکی بێچارە سمانحاڵی هەموو چەوساوە و ستەملێکراوەکان، بەم شێوەیە ئەو شتانە دەگێڕێتەوە کە لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا بەسەریاندا هاتووە:

“پێویستە هەڵبکەین لەگەڵ دۆخەکەدا، ئەگەر وانەبێت هیچ چارەسەرێکی دیکە نییە. لە کچەکەمم پرسی، تۆ بوشرات دەناسی؟ ئەو لە وەڵامدا وتی وەڵاهی سوێند بە خوا باوکە نایناسم. ئێمە بوشرا دەمیرداڵمان لە دادگا بینی و نازانین کێیە. وابزانم پیشتر چووەتە شاری دیاربەکر. بە هیچ شێوەیەک ڕێی تێناچێت بوشرا دەمیردال لەو بەروارانەدا کچەکەمی ناسیبێت. کچەکەم لەو بەروارانەدا لە زانکۆ دەیخوێند. هێشتا هاوسەرگری نەکردبوو، ناسناوی منی هەڵگرتبوو… من ئێستا زۆر پەرێشان بووم. چاودێری نەوەکانم دەکەم. باوکە تەمەن ٨٠ ساڵەکەم تووشی خوێنبەربوونی مێشک بوو، بەو هۆیەوە تووشی ئیفلیجی بوو، ئێستا لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە. سێ منداڵ بەسەر ئێمەدا کەوتووە. منداڵە بچووکەکە هێشتا لە شیر نەبڕدراوەتەوە و پێویستە شیری پێ بدرێت. بەیانیان و ئێواران دەیبەمە گرتووخانە بۆ ئەوەی دایکی شیری پێ بدات. من کەسێکی خانەنشینکراوم. تەواو ئیتر باری دەروونیمان تێکچووە. کاتێک دەچمەوە ماڵەوە، منداڵەکان یەکسەر دەست دەکەن بە پرسیار: باپیرە، دایکمان کەی دەگەڕێتەوە. نازانم ئێستا چی بکەم.

هیچ دەرگایەک نەماوە لێم نەدابێت

نایاسای و ناحەقی بەو شێوەیە ناکرێت. ئەگەر کچەکەی من تاوانبارە با سزاکەی خۆی وەربگرێت و تەواو ببێت! بەڵام نەخێر، بیانوویەک پیشانی من بدەن! یەکێک لەو تۆمەتانەی ئاراستەی کچەکەم کراوە بریتییە لە خۆشاردنەوە لە ماڵێکی نهێنیدا. باشە کەسێک لە ماڵەکەیدا خۆیدا و لەگەڵ سێ منداڵەکەی بژی چۆن دەکرێت خۆی شاردبێتەوە و لە ماڵێکی نهێنیدا بژی! نووسینگەی خانوبەرەکە ئاشکرایە، ئێمە کچەکەمان برد و لەوێ نیشتەجێمان کرد. لە خودا بترسن. گروپی تیرۆریستی چی! ئایا چەکی بەکارهێناوە، تەقەی کردووە، قاچاغچێتی کردووە؟ چی کردووە تێنەگەیەشتم. هیچ دەرگایەک نەماوە لێم نەدابێت. چیتر متمانە بە هیچ کەسێک و هیچ شتێک نەماوە. زۆر پڕم…”

سێ تۆمەت ئاراستەی ئایشە دەمیر کراوە کە عەقڵ نایبڕێت. وانە وتنەوە لە دەزگایەکی پەروەردەیی تایبەت وەک مامۆستای وانەبێژ لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٤، هەواڵ لێدانی لە لایەن کەسێکەوە بە ناوی بوشرا دەمیردال کە تەنانەت ناوەکەشی نەبیستووە، خۆشاردنەوەی لە ماڵێکی نهێنیدا. پارێزەرەکەی ئایشە دەمیر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە سەرەڕای پوچەڵکردنەوەی هەموو ئەو تۆمەت و دەنگۆیانە، نەمانتوانیوە بگەینە هیچ ئەنجامێک.

 

سەرچاوە: http://www.shaber3.com/turkiyeden-ibretlik-bir-adalet-hikayesi-haberi/1321465/

Show More
Back to top button