هەواڵ

چیرۆکی هاوڵاتیەکی هەڵهاتوو بۆ ئیسپانیا

هاوڵاتیەکی تورکیای هەڵهاتوو بۆ وڵاتی ئیسپانیا، کە وەک یەکەم پەناهەندەی سیاسی مافی مانەوەی لەو وڵاتە وەرگرتووە، باسی چیرۆکی هەڵهاتنی خۆی لە تورکیا دەکات.

هاوسۆزەکەی بزاڤی خزمەت لەگەڵ ڕۆژنامەی “ئێل پایس” ڕێپۆرتاژەکەی ئەنجامداوە و باسی چیرۆکی هەڵهاتنی خۆیی و چۆنیەتی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی دەکات لەو وڵاتە.

میگوێل گۆنزالێس ئامادەکاری ڕاپۆرتەکە، بەم شێوەی بەسەرهاتەکانی هاوڵاتیەکە دەگێڕێتەوە:

دوو هەفتە دوای هەوڵی کودەتاکەی مانگی تەموزی ٢٠١٦ کە دژی حکومەتی تورکیا ئەنجامدرا، موستەفا یڵدز بە هۆی پەیوەندیەکی تەلەفۆنیەوە لە کاتژمێر ٥ ی سەر لە بەیانی، پشووی هاوینیەکەی لێ تاڵ دەبێت. دراوسێکەی پێی ڕادەگەیەنێت کە ٢٠ پۆلیس لە بەردەم ماڵەکەی لە شاری ئیستەنبول چاوەڕێی دەکەن.

گەرچی دراوسێکەی هۆکارەکەی پێ نەوت، بەڵام موستەفا پێشبینی هۆکارەکەی دەکات.

هەڵمەتێکی ڕەشبگیری لە دژی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت دەستی پێکردبوو. ئێردۆغان بانگەشەی ئەوە دەکات کە م.فەتحوڵڵا گولەن و شوێنکەوتوەکانی لە پشتی کودەتاکەوەن. هەزاران هاوڵاتی بە تۆمەتی تیرۆرست بوون تۆمەتبار کرابوون.

موستەفا پێشتر لە دەزگایەکی مێدیایی هاوشێوە لەگەڵ دەزگای ئۆپس دەی ئیسپانی کاری کردووە. بۆیە هەستی کرد مەترسی لەسەرە، ئیدی زۆر بیری نەکردەوە،  لەبەر ئەوەی نەیدەتوانی ڤیزەی شنگن وەربگرێت بۆ گەشتی وڵاتانی ئەوروپا، سەرەتا بلیتێکی فڕۆکە دەبڕیت بۆ وڵاتی کۆلۆمبیا کە پیویستی بە ڤیزە نیە بۆ هاوڵاتیانی تورکیا.

دوای ٣ ڕۆژیش هاوسەرەکەی و منداڵەکانی لە بۆگۆتەی پایتەختی کۆڵۆمبیا بە یەک گەشتن.

موستەفا ناوێکی خوازەیە و لەبەر ئەوەی لە تورکیا نەناسرێتەوە، خۆی بەو ناوە ناساند بە ڕۆژنامەکەمان. هەروەها ناشیەوێت دەموچاوی لە ڕۆژنامەکاندا دەرکەوێت هەتا کەسوکارەی لە تورکیا نەیناسنەوە.

موستەفا لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێت ” لە وڵاتی من بە بێ هۆ هاوڵاتیان دەخرێنە زیندانەوە،  ئیرت گەنج و پیر و پەکەوتە و نەخۆش و ساغ هیچ جیاوازی نیە”.

لە ڕاستیدا ئەوەی موستەفا دڵخۆش دەکات، ئەو کارتی پەنابەرییەیە کە لە مانگی ١٢ ی ساڵی ڕابردوەوە وەریگرتوە. ئەی ئێستا یەکەم تورکە کە مافی پەنابەرێتی  سیاسی لە ئیسپانیا وەرگرتووە. دوای موستەفا دوو کەسی تریش وەریان گرتووە، یەکێکیان لە بەرشەلۆنەیە یەکێکیان لە مەدریدە. هەردووکیشیان پیاوی کارن.

موستەفا تەنیا ٣ مانگ لە پایتەختی کۆڵۆمبیا ماوەتەوە، بەڵام لەوێ زۆر هەستی بە دڵنیایی نەکردووە، چونکە بەردەوام هەواڵی ئەوەی پێدەگات کە دەزگای هەواڵگری تورکیا لە وڵاتانی ئەفەریقا و ئاسیا هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت دەڕفێنن،  هەر بۆیە هەستی بە ترس کردووە.

موستەفا دەڵێت” دەترساین لەوەی ئێردۆغان لە دووری ١٠ هەزار کیلۆمەترەوە دەستی پێمان بگات”.

هۆکاری ئەوەی داوای مافی پەنابەرێتی لە ئیسپانیا کرد ئەوە بوو بە گەنجی لە ئیسپانیا ژیاوە و زانکۆی لێرە تەواو کردووە، هەروەها زمانی ئیسپانی بە باشی دەزانێت. هەروەها لەبەر ئەوەی وڵاتێکی سەر دەریای ناوەڕاستە، بیری شارەکەی خۆی دەخاتەوە کە ئەویش لەسەر دەریای سپیە.

بەڵام ڤیزەی نەبوو، ئەویش قوماری بە ژیانی کرد، بلیتی فڕۆکەیەکی کڕی کە لە ئیسپانیاوە دەڕۆی بۆ ئەنقەرە، کاتێک دەگاتە فڕۆکەخانەی باراجاس، لە پۆلیسەکان نزیک دەبێتەوە و پێیان ڕادەگەیەنێت، کە داوای مافی پەنابەرێتی سیاسی دەکات.

بە خۆشحاڵیەوە یادی قسەی پۆلیسەکە دەکاتەوە کە پێی وتووە “بەخێربێن”. لەو کاتەدا ژنەکەی زۆر دەترسێت و پێی دەڵێت ” باشە باشتر نەبوو لە کۆڵۆمبیا بمێنینەوە، گەر مافی پەناهەندی سیاسی نەدەن پێمان ئەو کات چی بکەین”.

موستەفاش لەو کاتەدا هەرچەندە زۆر نیگەرانیەکی قوڵ دایدەگرێت، بەڵام ئاشکرای ناکات.

موستەفا دوای ئەوەی یەک هەفتە لە باراجاس دەمێنێتەوە، هەواڵێکی خۆشی پێدەگات، ئیسپانیا داواکەی قبوڵ دەکەن و دەیخەنە ژێر لێکۆڵینەوە. ئیدی سەربەستی وەردەگرێت.

لە ماوەی ١٠ مانگدا، کاربەدەستانی وەزارەتی ناوخۆ دوو جار چاویان پێدەکەوێت و هەموو پرسیارێکی لێدەکەن سەبارەت بە ژیانی، ئەویش هەموو وردەکاریەکیان سەبارەت بە ژیانی خۆیی و پەیوەندی خۆی بە بزاڤی خزمەتەوە پێ رادەگەیەنێت.

موستەفا نکوڵی لەوە نەکات کە هەندێک بیروباوەڕی گولەنی لا پەسەندە. باس لەوە دەکات کە  کاتێک تەمەنی ١٥ ساڵ بووە کتێبەکانی خوێندۆتەوە و جارێکیش سەردانی ئەمەریکای کردووە و لەوێ گوێی لە وتارێکی گولەن گرتووە. بەڵام نکوڵی لەوە دەکات کە کەسێکی تیرۆرست بێت و پەیوەندی بە هەوڵی کودەتاکەوە هەبێت.

موستەفا دەڵێت” هیچ گومانم لەوە نەبوو کە ئیسپانیا مافی پەنابەرێتیم پێنەدات، چونکە ئیسپانیا وڵاتێکی ئەوروپایە و دەوڵەتێکی دەستوریە و هەموو کەسێکیش ئاگای لەوەیە کە لە تورکیا چی ڕوو دەدات”.

بە گوێرەی دوا ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە تورکیادا ٥٠ هەزار کەس بە بێ یەکەم دانیشتنی دادگا دەستبەسەر کراون و ١٠٠ هەزار کەسیش دوای دەستگیرکردنیان ئازاد کراون.

لە نێوان ئەو کەسانەی دەستبەسەر کراون، ڕۆژنامەنوس، دادوەری دادگا، داواکاری گشتی، مامۆستا، ئەندامانی سوپا، چالاکوانانی مافی مرۆڤ، کارمەندانی دەزگا خێرخوازیەکان بوونیان هەیە.

موستەفا دڵنیایە لەوەی ساڵانێکی درێژ لە ئیسپانیا دەمێنێتەوە و دەڵێت:

ئێردۆغان نایەوێت لە کورسیەکەی دابەزێت. لە تورکیادا ئۆپۆزسیۆن و مێدیا بوونی نیە، هەر بۆیە هیچ هیوام نیە بارودۆخەکە بگۆڕێت. گەر ئێستا بگەڕێمەوە تورکیا، لە فڕۆکەخانە دەستگیرم دەکەن و وەک زیندانیەکانی تر دەمخەنە ژێر ئەشکەنجەوە.

لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەریەک لە بینالی یڵدرمی سەرۆک وەزیرانی تورکیا و ماریانۆ راژۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا چاویان بە یەک دەکەوێت،  موستەفا زۆر نیگەرانە لەوەی کە لەو چاوپێکەوتنە باسی پەنابەرانی سیاسی دەکرێت یاخود نا.

http://m.haberdar.com/gundem/bir-cemaat-uyesinin-ispanya-ya-kacis-hikayesi-h86529.html?mnst=34526

 

Show More
Back to top button