بیروڕا

چیرۆکی خنکانی کۆچبەرێک لەپێناو ئازادی و دادپەروەریدا

 

شەوێکی ساردی زستانی پاش ١٥ی تەمووز بوو، لەوکاتەدا خۆشەویستی و ڕووخۆشیی وڵات لە تاریکی و ماتەمدا نقومببوو. موستەفا شەوی ڕابردووش خەو نەچووبووە چاوی. هەرچەند ئەمدیو و ئەویدیوی کردبوو، بەڵام بۆ ساتێکیش وەنەوزێکی نەدابوو، جا بەهۆی نیگەرانییەوە بوو یاخود لەبەر دڵەڕاوکێ؟! کەس نازانێت! بەڵام وەک بڵێی هەرچی خەمی دونیا هەیە لەسەر شانی ئەو بێت، تەواو لەژێر فشاردا بوو.

هەڵسا و چووە سەر سەری منداڵەکانی، بە چاوی پڕ لە ئەسرین و سۆزەوە لە منداڵە پاک و بێتاوانەکانی دەروانی کە بێ ئاگا لەو ڕووداوانەی کە بەبێ هیچ تاوانێک بەسەریاندێت لە قوڵایی خەودا بوون. زیاد لە سەد هەزار کەس لە هەڵمەتێکی ڕەشبگیردا دەستگیر کرابوون و موستەفاش لەو کەسانە بوو کە دەبووە قوربانیی ئەو هەڵمەتە.

موستەفای گەنج، هەرچەندە هەموو ئامادەکارییەکی بۆ جێهێشتنی وڵات کردبوو، بەڵام هێشتا بیری لە بڕیارەکەی دەکردەوە و شەن وکەوی دەکرد. ئاخۆ بەو بڕیارەی چی بەسەر منداڵەکانیدا دەهێنێت؟ دەیانخاتە چ ماجەرا و ڕووداوگەلێکەوە؟! بەڵام هیچ ڕێیەکی تریش نەبوو، هەموو ڕێکان داخرابوون. جگە لە هەڵهاتن و جێهێشتنی وڵات هیچی تری لەدەست نەدەهات. چونکە بۆ ئەو، ئەگەر نەتوانێت خزمەتی دینەکەی بکات، ئیتر مانەوە هیچ واتایەکی نامێنێت. پاش ئەوەی کە جۆگەلەی فرمێسکە بێدەنگەکانی لەسەر ڕوومەتی سڕی، سەرنجی دا کە هاوژینەکەشی وەک ئەم بێدارە. چوو بۆلای…

 

موستەفا لەو شەوە ئەنگوستەچاوەدا بە هاوژینەکەی وت:

“دەزانیت خۆ، دیسان بڕیاری دەستگیرکردنم دەرچووە. ئەگەر دەستگیرم بکەنەوە، ئیتر بە سەلامەتی دەرناچم” ئەم قسانەی بە قورگی پڕ لە گریانەوە دەکرد. هەموو ئەو ستەمانەی لەبەرچاو بوو کە بەرانبەری ئەنجام درابوون. بەیانییەکی زوو، پۆلیس تۆمەتی ئەوەی کە موستەفا ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆرستییە هەڵیکوتابووە سەر ماڵەکەیان، بەر لەوەی کە بابەتەکە ڕوونبێتەوە، پۆلیسەکان جنێوبارانیان کرد. بەهۆی ئەوەی کە هاوژینەکەی سەری ڕووت ببو، دەرگای ژوورەکەی داخستبوو، بەڵام پۆلیسەکان بەبێ ئەوەی لە دەرگاکەش بدەن، هاوژینەکەیان ڕاپێچی لای ئەم کرد. لە بەردەم ژن و منداڵەکانیدا کە دەگریان، هەمووجۆرە جنێوێکیان بەدەمدا دەهات، ئەوەی بە دەمیاندا دەهات نەیاندەگێڕایەوە.

“ناپاکە بێئەرزش و سوکەکان، ئێوە کۆتاییتانە ئیتر، سوک و بێشەرەفانە، دوژمنانی دەوڵەت، سەگەکان، تیرۆستان…” لەو جۆرە جنێوانە تەواوی ماڵەکەیان پڕ کردبوو… هەر بەو جۆرەش موستەفایان سواری ئوتومبێلەکە کرد. هەر لەناو ئوتومبێلەکەشدا لێدان و ئەشکەنجە دەستی پێکرد. یەکێک بە پشتەملیا دەکێشا و وتی: “کوڕی ق…ە، ماندوومان مەکە، هەرچی دەزانیت لە بنکە بیڵێ، دەنا ئێمە تۆ ماندوو دەکەین.”

 

لەو ڕۆاژنەدا، موستەفا جگە لە مردن، ئاواتی هیچی نەدەخواست

پێش زیندانیکردن، خرایە کونێکی تاریک و نوتەکەوە، شوێنی ئەكشەنجەدان بوو. دیارە لە وڵاتدا گوانتانامۆ هەبووە و ئەم نەیزانیوە. بەیەکجار ٧ کەس بەبێ ئەوەی بە خەیاڵیشیاندا بێت لێیان دەدا. لە پشتەوە دەستی بە قولاپێکی بەرزەوە بەسترابوو، بۆیە بەهیچ جۆرێک نەیدەتوانی خۆی لە زەبرەکانیان ڕزگار بکات. بەردەوامیش هاوکاتی لێدانەکان، دەیانوت:

“تۆ کەسێکی چالاکبوویت لەم کودەتایەدا، تۆو هاوڕێکانت ئەمەتان ئەنجام داوە.” لەگەڵ ئەوانەشدا چەندین جنێویان بە خۆی و خێزاناکەی دەدا و سوکایەتییان پێ دەکردن. جگە لەوەش هەڕەشەی ئەوەیان لێ دەکرد، کە ئەگەر دان بە هەمووشتێکدا نەنێت، هاوژینەکەی دەهێنن و لەبەر چاوی خۆی بە هەمانشێوە ئەشکەنجەی دەدەن.

هەمووڕۆژێک، بەیانی تا ئێوارە بەر جنێویان دەدا و جلەکانیان لەبەر دادەکەند، هەر بەو جۆرەش دەم و دەست و چاویان دەبەست و بە ڕاڕەوێکدا دەیانهێنا و دەیانبرد. دواتر لە ئاوی ساردیان هەڵدەکێشا، پاشان چەندین کاتژمێر هەڵدەلەرزی. لەو ڕۆاژنەدا، موستەفا جگە لە مردن، ئاواتی هیچی نەدەخواست.

پاش ئەوەی ئەشکەنجەکان تەواو شەکەتیان کرد و چاوەڕێی مردنی دەکرا، موستەفایان نارد بۆ دادگایی کردن. پاش ئەو هەموو ستەمە، دادوەر بە مەرجی سەردانی هەفتانە بۆ بنکەی پۆلیس ئازادی کرد. کاتێکیش خزم و دۆستەکانی پرسیاری کاتی دەستبەسەرییان لێ دەکرد، ئەو ڕووی نەدەهات باسی ئەشکەنجەکان بکات، چوونکە کەرامەت و شکۆی خۆی ڕێی پێ نەدەدا، ئەو تەنها دەیوت: ”ئەوەی پێی دەڵێن ئەشکەنجە، هەرچی بە مێشکتانا دێت بەرانبەرم ئەنجام درا.”

ئێستاش لەم شەوە ئەنگوستەچاوەدا کە بڕیاری دەستگیرکردنەوەی دەرچووە، بەوپەری ماتەم و دڵتەنگییەوە بە هاوژینەکەی وت: ”تۆ دەڵێی چی؟ نیگەرانییەکانت تەواو بوون؟ بڕۆینە دەرەوەی وڵات؟ من ناتوانم دووبارە بچمەوە بەر ئەو ئەشکەنجانە. وابڕوات ئەمانە دەمکوژن. بەڵام خۆ ناشمەوێت بە تەنها بڕۆم. ئێستا وا بڕیاری گەڕان بەدوای تۆشدا دەرچووە.”

 هاوژینەکەشی وتی: “مانەوە و کۆچکردنیش مەترسیدارە، زۆر لە دەستگیرکردنیش دەترسم، بەتایبەتیش لە دەستگیرکردنی تۆ.. نیگەرانی منداڵەکانمانیشم. دەنا بۆ هەموو شوێنێک ئامادەم لەگەڵ تۆبم. بۆ هەموو شوێنێک دێم، خۆ هیچ چارەیەکی تریشمان نییە.”

بە خوڕ دەگریا، لەتاوی ئەوەی کە لە دونیایەکی گەورەدا بێکەس ماون و هیچ شانێک نییە کە سەری بخاتە سەر تا دەرد و ناخۆشییەکانی لەسەر بڕەوێنێتەوە.

موستەفا ئیتر جگە لە جێهێشتنی وڵات بەڕێی قاچاخدا هیچ چارەیەکی تری نەبوو. ڕۆژێک خۆی و هاوژینەکەی و ٢ منداڵەکەی کە تەمەنیان ٢ ساڵ و ٣ساڵ و نیو دەبوو، لە ڕووباری مێریچەوە ملی ڕیی یۆنانیان گرت.

 

بە کۆڵەپشتێکەوە پشتیان لە ژیانی ٣٠ ساڵەی ڕابردووی خۆیان کردبوو، کۆچیان دەکرد

ئاسان نەبوو تا بەبێ ئاشکرابوون و کەوتنە بۆسەی پۆلیسەوە بگەنە مێریچ. لە بێچارەیی و بێئارامیدا توند دەستەکانی نوقاندبوو، لەژێرلێوەوە بەردەوام لەبەر خۆیەوە شتی دەوت، لەلایەکی تریشەوە دەبوو زوو زوو دڵی هاوژینەکەی بداتەوە و ورەی بداتە بەر. دەیوت: ”هێندەمان نەماوە، هەر بگەینە مێریچ ئیتر تەواو! ئازاد دەبین و ژیانێکی نوێ دەستپێدەکەین. ئیتر هیچ لەیەک جیا نابینەوە. ئیتر خۆشاردنەوە و ترس و هەڵهاتن نامێنێت.”

بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە ناچاربوو خەندە بۆ ئەو هیوایانە بکات لە سەبارەت بە ئەوبەری مێریچ بۆ هاوژینەکەی باس دەکرد. بەڵام هەرچەندی دەکرد، نەیدەتوانی ئەو ماتی و نیگەرانی و شکاویەی ڕووخساری بشارێتەوە. هاوڕێ لەگەڵ ئەوان، چەند هاوکارێکی تریشی کە لە کارەکانیان دەرکرابوون ڕێی بەرەو ئازادییان دەبڕی. لەپێناو گەیشتن بە ژیانێکی ئاسودە و ئازاددا، بە کۆڵەپشتێکەوە پشتیان لە ژیانی ٣٠ ساڵەی ڕابردووی خۆیان کردبوو، کۆچیان دەکرد.

بەڵام لەو دۆخەی وڵاتدا، گەیشتن بە ئازادی هێندەس ئاسان نەبوو، چەندین کۆسپ و تاقیکردنەوە و ئاستەنگ لە ڕێ بوون، دەبوو هەموویان ببڕن، بەڵام لە گوندێکی نزیک مێریچ جەندرمەیان لێ پەیدا بوو. دەنگێکی بەرز و ترسێنەر لە ئوتومبێلی جەندرمەکانەوە هات: “بووەستن!”

شۆفێرەکە بێ گویدانە ئەو هۆشدارییە، ئوتومبێلەکەی تا ئەودیو سنووری قەدەغەکراوی یۆنان لێخووری، بەڵام نەشیاندەتوانی زۆر بڕۆن. ئەوەی لێی دەترسان بەسەریاندا هات. هێندەی نەمابوو دەستگیربکرێن. هەمان ئەو ئەنجامەی کە پێشتر موستەفا تێیکەوتبوو. دووبارە ئەو ئەشکەنجانەی کە لێی هەڵهاتبوون. موستەفا سەیری هاوژینەکەی کرد، دەستەکانی خستە دەستیەوە و وتی:

“هەر بکەومە دەستیان، ئیتر ڕزگارم نابێت.”

هاوژینەکەی:”ڕاستە، تۆ ڕابکە، مەوەستە.”

 

بەرچاوی تاریک بوو، قورگی پڕبوو لە ئاو، هەناسەی برا و شەپۆلێک دایپۆشی.

موستەفا سەیری هاوژین و منداڵەکانی دەکرد و پێیەکانی لەگەڵی نەدەچوون، ئاخر چۆن دەکرێت جێیان بهێڵێت! هەردووکیان دەگریان. هاوژینەکەی زۆری لەخۆی کرد و وتی: “ئەزانی ئەگەر ڕانەکەیت دەتگرن. هیچ لە من ناکەن، هیچ نەبێ با یەکێکمان لەدەرەوەبین لەبەر منداڵەکان..”ئیتر لە ساتێکی خێرای ماڵئاواییدا موستەفا ڕایکرد.

وەک ئەوتەی تاوانێکی زۆر گەورەی ئەنجام دابێت، بەوپەڕی ترس و نیگەرانی و عەزابی ویژدان و خەمەوە تا دەیتوانی ڕایدەکرد. ژیریی وەلاوەنابوو، هەستەکانی فەرامۆشکردبوو، هاوژین و منداڵەکانی کە وەک گیانی خۆی خۆشیدەوسیتن، لە پشتەوە لەبەردەم چەند پیاوێکی بێویژداندا جێهێشتبوو. ئەو ئەگەر بشگەڕایەتەوە، هیج سودێکی بۆ ئەوان نەدەبوو. لە پشتیەوە دەنگی قیژە و هاوار و فیکە و هۆشدارییەکان دەهاتن، کەوتبووە نێوان دوو بەرداشەوە، یان لە بەردەستی پیاوە بێویژدانەکاندا پارچە پارچە ببێت، یان لە ڕووباری مێریچدا بخنکێت. لەبەر ئەو تەقانەس کە بەسەریدا دەکران، نەیدەتوانی ئیتر ئاوڕ بۆ بداتەوە.

لە بێچارەییدا ڕایدەکرد و خۆی هەڵدایە ئاوە ساردەکەی مێریچەوە. چەند سەوڵێکی بە باسکەکانی لێدا و ئیتر لە ئاوە ساردەکەی مێریچدا بوو، هەموو گیانی نقوم دەبوو، شەپۆلەکان خۆیان بە دەموچاو و گوێیەکانیدا دەکێشا، مێریچ زوو زوو دەیخستە بن ئاوە ساردەکەوە و دەیهێنایەوە دەرەوە. وەک پارچە تەختەیەکی بێگیان بەملاو لادا دەهات و دەچوو. موستەفای گەنچ جار جار هێزی دەهاتەوە بەر و شەڕی مانەوەی دەکرد، بەڵام لە کۆتاییدا ئیتر هێزی تێدا نەما. بەرچاوی تاریک بوو، قورگی پڕبوو لە ئاو، هەناسەی برا و شەپۆلێک دایپۆشی….

 

جەندرمەیەک بەهۆی شریتە سوورەکەی سەر قۆڵیەوە تەرمی موستەفای لە ڕووبارەکادا بینی و هاواری کرد: ”ئەمە فەتۆچییە..!”

لەو کاتەدا کە جەندرمەکان سەرقاڵی کەلەپچەکردنی هاوژینەکەی موستەفابوون، یەکێکیان شریتە سوورەکەی شانی موستەفای بینی و هاواری کرد:”ئەمانە فەتۆچین..!”بەڵام هیچ گوێیان بەوە نەدا کە وەختە موستەفا نقوم ببێت و بخنکێت. تەنانەت یەکێکیان وتی:”زۆرم پێ ناخۆش دەبێت ئەگەر ئەم ناپاکە بگاتە ئەوبەر. ئەما دەبێت هەموویان لەناوبچن.”

پاش کەمێکیش کە هەندێک لە دەستەی ڕزگارکەرەکان گەیشتنە شوێنەکە، کە زانییان ئەوەی پێویستی بە یارمەتییە کەسێکە کە بە ناحەق ناسینراوە، کەسێک کە بەدوای ژیانێکی دادپەروەرانە و ئازاددا وێڵە، ئیتر کۆتاییان بە گەڕان هێنا، وەک بڵێی موستەفا بەهای ئەوەندە نییە کە خۆیان پێوە ماندوو بکەن و بۆی بگەڕێن.

ئافرەتێکی بێتاوانی کەلەپچەکراو، دوو منداڵی ستەمدیدەی بێتاوان کە نازانن چی دەگوزەرێت، لاشەیەکیش لەولاوە لە ڕووباری مێریچدا کە تاکە تاوانی گەڕان بەدوای دادپەروەریی و ئازادیدا بووە…

موستەفای بێکەس و نامۆ بەتەواوی لەو خاکە ڕزگاریبوو کە ئەو بە هەموو توانایەوە کاری بۆ خۆشگوزەرانیی و هەڵهاتنی خۆری ئاواتی دەکرد، بەڵام هەر لەسەر ئەوخاکە هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک درا و ناچار بە هەڵهاتن و پشتکردنی ژیان و ماڵ و منداڵی کرا. ئەو لەو دۆخە ڕزگاریی بوو، بەرەو دۆستەکانی تری دەچوو. ئەو لە کۆتاییدا بە ئاواتی خۆی گەیشت، جگە لە بەدەنی، ڕوحیشی لەو هەموو ستەمە ڕزگاری بوو، بولبولی گیانی لە قەفەزی جەستەی هەڵفڕی و چووە لای ئەو زاتەی کە خاوەنی دادپەروەریی ڕەهایە و هەموو مافەکانی خۆی پێ دەداتەوە.

موستەفا تاکە کۆچبەر نەبوو بەدوای دادپەروەریی و ئازادیدا، چەندین هاوبیر و دۆستی تری موستەفا ڕێی ئەو ڕووبارەیان گرتەبەر و هەر لەوێشدا خنکان و چوونە هەمان وێستگەی کۆتایی کە موستەفا بۆی چوو، تەرمی زۆرێک لەوان هێشتا نەدۆزراونەتەوە. بەڵام ڕوحیان دەمێکە لەلایەن سەیدل ئەمانەوە پێشوازی لێکاوە.

نە موستەفا و نە ئەو پاڵەوانانەی تر لەبیرنەکراون، لەبیریش ناکرێن. هەردەم لەگەڵ یادکردنەوەی نامی جەلیلی محمەدی یاد دەکرێنەوە. پاداشتیشیان تەنها لای خودای بانیسەرە. خودا بیانخاتە بەر ڕەحمەد و بەزەیی و پاداستی فراوانی خۆیەوە.

یادکردنەوە و هەردەم نزا کردن بۆ خۆشبەختیی و ئاسودەییان لەو دنیادا، مافێکی ئەو کۆچبەرانەیە بەسەرمانەوە و ئەرکێکی دینی و مرۆڤایەتی ئێمەشە، چونکە ئەوان لەپێناو گێڕانەوەی بەها مرۆییەکاندا ئەوپەڕی ئەشکەنجە و سوکایەتی نامرۆڤانەیان بەرانبەر بەکارهێندرا. ئێمە دەبێت هەردەم بەوەفابین بەرنابەر ڕێبازەکەیان، شوێنپێێان هەڵگرین، لەپێناو ئاسودەیی مرۆڤایەتییدا و بۆ ئاسودەکردنی ڕوحی ئەوان درێغی نەکەین لە هەرچی کە لە دەستمان دێت.

 

سەرچاوە: http://www.shaber3.com/hicret-yolunda-sonsuza-ucmak-haberi/1319185/

Show More
Back to top button