بیروڕاهەواڵ

چاکە هەتیو کەوت!

ئالپەر ئێندەر فرات

هەبوو نەبوو لە وڵاتی بێ وەفاییدا کە زاڵمان بەڕێوەیان دەبرد، پەریەکی چاکەخواز هەبوو. هیچ هەلێکی کاری چاکەی لە دەست نەدەدا و بێ ئەوەی ئێوارە و بەیانی بزانێت، بە دەم یارمەتی هەموو لایەکەوە دەچوو. ئەم پەریە لە هەمان کاتدا شیفاهێنەری نەخۆشیەکان بوو، ئەوەی دەرد و لێقەوماویەکی توش دەبوو، یاخود بێ پارە دەمایەوە و کەسی نەبوو، ئەم بە دەمیەوە ڕایدەکرد. منداڵان لەسەر دەستی لە دایک دەبوون و ژنان بە هۆی ئەوەوە لە نەخۆشیەکانیان ڕزگاریان دەبوو، ئیدی لای ئەو زستان و هاوین، بەفر و باران و لافاو بوونی نەبوو، هەرکەسێک پێویستی پێی بووایە بە دەمیەوە دەچوو. وەک خزری ئەو کەسانە بوو کە لێیان دەقەوما. بێ ئەوەی کەس ئاگای لێبێت و بیبیستێت و چاویی پێی بکەوێت، یارمەتی لێقەوماوەکانی دەدا و دواتر بە هەمان شێوە بێ ئەوەی کەس ئاگای لێبێت لەو شوێنە دەڕۆشت.

ڕۆژێک ئەم پەریە لەگەڵ کەسانێکی شیفاهێنەری وەک خۆیدا، ڕوو دەکاتە ئەفەریقا لەبەر ئەوەی بیستویەتی کەوا لەوێ مرۆڤی زۆر لێقەوماو بوونی هەیە. دوای ئەوەی چاوی بە حاڵی مرۆڤەکانی قاڕەی ڕەش دەکەوێت، چەندین ڕۆژ لە خواردن و خواردنەوە دەکەوێت. ئیدی تێڕوانینی بۆ دونیا دەگۆڕێت و بە خۆی دەڵێت: لە دونیایەکدا کە هێندە کەسی لێقەوماو بوونی هەبێت، مرۆڤ ناتوانێت پێکەنینیش بهێنێتە سەر زاری. بیری لەوە کردەوە کە چەندە زۆرە ژمارەی ئەو مرۆڤانەی پێویستیان پێیەتی، هەربۆیە ئەو شتانەی هەتا ئەو کاتە ئەنجامیداوە بە کەم دێتە پێش چاوی و بڕیار دەدات زیاتر کار بکات و خەریکی ڕاکە ڕاک بێت و ئەرکی گەشتن بە ژمارەیەکی زیاتری مرۆڤەکان دەخاتە سەر شانی خۆی.

 

بەڵام فەرمانڕەوا زاڵمەکەی وڵاتەکەی ڕقی لەو مرۆڤانە دەبێت کە خەریکی کاری چاکەن، کاتێک دەبینێت مرۆڤەکان لەسەر دەستی ئەمان چاک دەبنەوە لە ڕقاندا شێت دەبێت و، هەموو کارێکی چاکەی ئەوان وەک داکوتانی بزمارێک بەسەر دڵی خۆیدا هەست پێدەکات. بێزی لەو مرۆڤانە دێتەوە کە بێ دزی  و فزی کردن ڕادەکەن بۆ یارمەتی مرۆڤەکان و، بۆ ئەوەی ئەم ڕقەی ناو ناخی دابمرکێنێتەوە، لەگەڵ پەریەکەدا تەواوی کەسە چاکەخوازەکان فڕێ دەداتە زیندان.

 

ئێوە سەیری ئەمە مەکەن کە وەک داستانی ئەفسانەیی بۆتان دەگێڕمەوە، ئەوەی سەرەوە هەر هەمووی ڕاستیە و ڕوویداوە. ئەمە چیرۆکی ژیانی پزیشکێکی دوور لە هەموو کارێکی سیاسیە، کە هەموو ژیانی بۆ ئەنجامدانی کاری چاکە تەرخان کردووە و، ماوەی دوو ساڵە بێ هیچ هۆیەک لە زیندان قەتیس کراوە؛ بە چەند پاساو و بەهانەیەک کە لە هیچ شوێنێکی دونیا و هیچ یاسایەکدا بە هەند وەرناگیرێن.

 

لە پاڵ ئەوەی زوڵم بە تەواوی لاشەیەوە ڕاستەقینەیە، بەڵام دکتۆر نورجان وەک ئەوەی لە داستانێکی ئەفسانەیی هاتبێتە دەرەوە، لە ژیانی ڕاستەقینەدا هێندەی ئەوەی خەیاڵی نەکەیت ژیانی بۆ “ئەوانی دی” تەرخان کردبوو. ئەو پێیوابوو لە ژیاندا جەنگێک لە نێوان باشەکان و خراپەکان بوونی هەیە و، ئەو بەوپەڕی ئازایەتی خۆیەوە لە ڕیزی چاکەکاران، چاکەخوازی وەک شێوەی ژیانی خۆی هەڵبژاردبوو. ماوەی دوو ساڵی ڕێکە ئەم پزیشکە لە زیندانە بە بێ ئەوەی بچێتە بەردەم دادگا و تەنانەت خودی داواکاری گشتیش ناتوانێت لەسەر هۆکارەکەی ڕوونکردنەوەیەک بدات و، ناتوانین ئەم حاڵە بە حوکمی یاسای زوڵمیش ڕوون بکەینەوە.

ئەم ڕۆژانە تێدەپەڕن و تەواو دەبن، زاڵمانیش وەک ملهوڕەکانی پێش خۆیان بەرەو زبڵدانی مێژوو خلۆر دەبنەوە.

ئەم قۆناغەش لە داهاتوودا بە سەردەمی زیندانیکردنی دکتۆر نورجان، واتە بە زیندانیکردنی پەری چاکەخوازی یاد دەکرێتەوە. ئیدی زوڵمی ئەم قۆناغە تەنیا لە ڕێگەی باسکردنی ئەم نمونەوە بەس دەبێت.

لە داهاتوودا دەڵێن :” تەنیا بیر لەوە بکەنەوە کە پزیشکێکی وەک دکتۆر نورجان کە تەواوی ژیانی  -بێ گوێدانە باوەڕ و نەتەوەی مرۆڤەکان- بۆ کاری چاکە تەرخان کردبوو،  بۆ ماوەی دوو ساڵ زیندانی کرا بە بێ ئەوەی بچیتە بەردەم دادوەر و دادگایی بکرێت”.

ئەمەش لە کاتێکدا  ڕوو دەدات کە چەندین سەربازی تۆمەتبار بە ئەنجامدانی کودەتا لە زیندانەکان دەهاتنە دەرەوە، بەڵام دکتۆر نورجان کە پزیشکێک بوو دەتوانین بڵێین بە تەواوی کەسێکی دوور لە سیاسەت و هەموو ژیانی لەسەر بنەمای چاکەکردن دانابوو، زیندانیکردنی بۆ ماوەی دوو ساڵ شتێک نەبوو بتوانیت ڕوونکردنەوە و پاساوێکی بۆ بدۆزیتەوە.

ئەو ماوەی دوو ساڵی ڕێکە لە نێوان چوار دیواردا زیندانیە. نەبوونی ئەو وایکردووە پشیلە و کوکوختی و کۆترەکانی گەڕەکەکەی بە بێ خواردن و خاوەن بمێننەوە. کەس نیە دەرماڵەی خوێندکارە هەژارەکان بدات هەتا بتوانن بەردەوامی بدەن بە خوێندنیان. ئیدی پزیشکێکی باش نەماوە لە دەرگای ژن و منداڵە لێقەوماوەکان بدات کە هەرگیز هەلی ئەوەیان دەستنەدەکەوت چاویان بە پزیشکێکی باش و شارەزا بکەوێت لە ئاستی دکتۆر نورجان.

دکتۆر نورجانەکان لە زیندانن و  چاکە هەتیو کەوتووە.

 

http://www.tr724.com/iyilik-oksuz-kaldi/

 

 

Show More
Back to top button