بیروڕاهەواڵ

چاوەڕێی چیبووین؟ چاوەڕێی چیبوون؟

ڤەیسەل ئایهان

 

“ژیانی دونیا لایەنی کەم هێندەی ژیانی ئاخیرەت گرنگە” (هەوا ١٣)

“خودا بەندە خۆشەویستەکانی خۆی لە هەموو بەڵایەک دەپارێزێت، هیچ بەڵا و موسیبەتێک نایانگرێتەوە) ( کتێبی نەفس)

“بێگومان بەڵێنی ژیانێکی ئاسودەمان لە دونیا و ئاخیرەت بە کەسانی باوەڕدار داوە”( هیواکان ١٦)

“موژدە بە ئیمانداران بدە هەمیشە لەسەر زەوی بە سەربەرزی بڕۆن و هەمیشە سەرکەوتوو دەبن، هەرگیز توشی دۆڕان نابن” ( سونەنی ئەبو لەیلا)

” هەواڵ بدە بەوانەی لە ڕێگەی خودادا خزمەت دەکەن، لە دونیادا توشی بچوکترین شڵەژان نابن و هەمیشە لە بەردەم موشریک و کافراندا براوە دەبن” ( سەحیحی غافڵەکان)

“ئەوان هەم لە دونیا و هەم لە ئاخیرەتدا بە دڵخۆشی دەژین و لە بەهەشتیش خەریکی کەیف و سەفای خۆیان دەبن” ( دەرونی فێڵاویم)

ئەمانەی سەرەوە نە ئایەتن نە حەدیس.

یەکەمیان تەڵقینی هەوا و ئارەزوی خۆمە، دواتر چاوەڕوانیەکانی نەفسم و پاشان هیواکانم…

دواتر دەربڕینەکانی غەفڵەت و دەنگی فێڵاوی دەرونم…

دەربڕینەکانی نەست و خەیاڵاتەکانم.

ئەو شتە ناڕاستانەی لە ناو ڕۆحمدا دەسوڕێنەوە و “ئایەتە” دەستکردەکانن.

کاتێک ئایەتە ڕاستەقینەکانتان پێ قبوڵ ناکرێت، بە شڵەژانە ساختەکان دەدۆڕێیت و هزرت دەبێتە کۆیلەیان.

 

چونکە ئێمە چاوەڕێی ئەوە نەبووین کە ڕوویدا.

قورئانمان خوێندبوویەوە، بەڵام وامان دەزانی دەرد و ناسۆری و میحنەت تەنیا لە مێژووی ڕابردوودا بووە و لە سەدەی ٢١ هەمیندا ڕووداوی هاوشێوەی ئەوانەی ڕابردوودا دووبارە نابێتەوە.

پێمان وابوو فیرعەون و نەمرود جارێکی تر نایەنەوە.

دایکان جارێکی تر حەجاج و یەزیدیان لێ ناکەوێتەوە.

ستالینی دووهەم پەیدا نابێت.

هیتلەر جارێکی تر سەرهەڵناداتەوە.

بەم شێوە بیرمان کردەوە، بەڵام هەموویان خەیاڵاتی بۆش بوون.

چونکە کەرەستەکان هیچیان گۆڕانکاریان بەسەردا نەهاتووە و نەوەی بەنی ئادەم هەروەک خۆیان ماون.

شەیتانیش بێ وچان دەستبەکارە و کاریان لەسەر دەکات.

هێشتا نازانین کەوا سەدەی ٢١ بە چۆن ڕووداوگەلێکی تر ئاوسە.

 

“وامانزانی لەگەڵ کەوچکی زیوین لە دایک بووین”

 فریومان خوارد. وامانزانی هەمیشە لە بەهاردا دەژین.

هەمیشە کارەکانمان لە وەرزێکدا دەبێت کە گەڵاڕێزانی تێدا نەبێت و ئەسپەکانمان لە هەرێمێکدا تاو دەدەین کە وەرزی پایزی تێدا نیە.

حەزرەتی یوسف ٧ ساڵ لە زیندان مایەوە، بەڵام پێمان وابوو ئەم شتانە چیدی جێگەی باسوخواس نین.

پێمان وابوو دەتوانین لە خۆڕا بگەین بەو کەماڵاتەی حەزرەتی یوسف پێی گەشتبوو.

پێمان وابوو ئەوەی بەسەر هاوەڵانی ئوخدود هاتبوو چیدی دووبارە نابێتەوە.

پێمان وابوو چیدی حەزرەتی موساکان لە تافی منداڵیاندا لە دایکیان دانابڕدرێن و لە بەرامبەر پەیامی پێغەمبەراندا منداڵە ساواکان ناکوژرێن.

چونکە پێمان وابوو ئێمە بەختمان هەیە و کەسانی هەڵبژاردراوین.

پێمان وابوو لە تافی لە دایکبوونماندا بە کەوچکی زیوینەوە هاتووینەتە ناو دونیا.

پێمان وابوو جار جار توشی ناڕەحەتی هاتووچۆ و ترافیک دەبین، دواتر تۆزێک سەرمان دەئێشێت و پاشان لە پشتی هاوەڵانی پیغەمبەرەوە یەکسەر دەچینە ناو بەهەشت.

پێغمبەریشمان لە بەرامبەر ئەم ناڕەحەتیە کەمەدا ئێمەی بە “براکانم” بانگ دەکات!

لە نێوان دوو لوتکەی هیلالدا لەگەڵ هاوەڵان ڕیزمان دەبەست.

وای چەندە خەیاڵاتی جوان بوون. بێ ئەوەی قاچمان قوڕاوی بێت و دەستمان بەر ئاوی سارد و گەرم بکەوێت، هەم بەهەشتی دونیا و هەم بەهەشتی ئاخیرەتمان بە نسیب دەبێت.

بەو شێوەیە خەیاڵمان دەکرد.

هەمیشە سەربەرزانە بەردەوام دەبین لە خزمەت کردن.

دەستێکمان لە هەنگوین و دەستێکمان لە ڕۆندا دەبێت.

هەمیشە تێکۆشەرانی خاوەن پێگە دەبین.

هەموو کارێکمان بەدەستەوە دێت و دەست بدەینە بەرد ببێت بە ئاڵتون و، لە ڕاستیشدا بەو شێوەیە ڕاهاتبووین.

هەموو چینەکانی کۆمەڵگا پشتگیرمان بکات و هەموویان چەپڵەڕێزانمان بکەن.

وامانزانی دەبێت هەموو ڕۆشنبیر و خوێنەوارەکان دەبێت نرخی خزمەت بزانن.

چونکە نیەتێکی خالیسانە و دڵسۆزانەمان هەبوو، دەبوو هەموو کەسێک پاکوبێگەردیمان ببینێت و پێویستیش بوو بیبینێت.

وامانزای کەس ناتوانێت دەست بۆ دەزگا زەبەلاحەکانمان ببات و بە لای چاو سەیری بکات و پێ بنێت بە سێبەرەکەشیدا.

لەبەرچی نازانم ئەوەمان بە مێشکدا نەدەهات کە تەنانەت  کەعبەی ماڵی خوداش چەندین جار لەلایەن چەتە و شەقاوەکانەوە ڕووخێنراوە.

زۆر ڕەنجمان کێشابوو، نەدەبوو کەس دەست لە دەزگاکانمان بدات. وامانزانی ئەوەی دەستی لێبدات دەستی وشک دەبێت و دەبێت بە بەرد.

کێ بەڵێنی ئەوەی پێدابووین کە کەس دەستمان لێنەدات؟

مامۆستا فەتحوڵا گولەن بەڵێنێکی وەهای پێدابووین؟

نەخێر ئەو پێش ٣٥ ساڵ وتی:

“هەرکەسێک کەوا خاوەنی هزری خزمەت کردن بە مرۆڤایەتی  بێت، دەبێت ئەوە بزانێت کەوا ئەرکی سەر شانی پیرۆزە و، ڕێگاکەی دوورە، ڕێگاکە سەرەولێژە و لەو ڕێگایەدا توشی چەندین شتی خراپ دەبێت و، لە سەری هەموو کۆڵانێکدا لوتی بە مەرگێکدا دەتەقێت و،  وەک چەتە و سەرسەریەک توشی سوکایەتی پێکردن دەبێت و، تەنانەت دەبێت زۆر باش ئەوەش بزانێت کە زۆر  جار لە شێوە ژیانی مرۆڤانەش بێبەش دەکرێت و، دەبێت بەم مەرجەوە سەری لە ڕێگەی کەسە قودسیەکان دابنێت”.(گۆڤاری سزنتی، حوزەیرانی ١٩٨٣).

کێ دەیزانی کە  پێدەچێت نەهامەتیەکان زۆر سەختتر بێت لەوەی بەسەر زەحمەتکێشەکانی یەکەمینی ئەم ڕێگایە هات.

ئیدی ئەو ڕۆژە هەندێک بە هۆی ترسەوە لە هێڵەک دەدران و، هەندێکیش بە هۆی حیرسی بەدەستهێنانی داهاتوەوە کە زۆر خۆیان بۆی سەغڵەت کردبوو لە هێڵەک دەدران، هەروەها هەندێکیش بە هۆی ئەوەی ئیخلاس و دڵسۆزی سەرەتایان لە دەستدا لە هێڵەک دران، هەندێکیش بە هۆی نەخۆشی شۆهرەت و ناوبانگەوە، هەندێک بە هۆی نەخۆشی خۆپەرستیەوە، بێگومان لە هێڵەک دەدرێن، چونکە هەتا ئێستا نە پیغەمبەرە گەورەکان، نە ئەولیا و دۆستانی گەورەی خودا، نە هەڵبژێردراوە بەڕێزەکان، نە موجتەهید و تێکۆشەرە گەورەکان، نە نوێخوازە بەڕێزە گەورەکان، هیچیان لە ڕێگەی ساف و بێ گرێ و گۆڵەوە نەگەشتوون بە ئامانجی خۆیان.( پریزما ٢٠٠١).

                                                                                                                      

هەروەها مامۆستا لە ساڵی ٢٠٠١ بە شێوەیەکی زۆر سەر سوڕهێنەر باس لە لۆژیکی ڕووداوەکانی ئەمڕۆ دەکات و دەڵێت:” لە ڕاستیدا دەبێت قەیومێک بەسەر سەری مرۆڤەوە هەبێت و  هەرکاتێک سەری لێشێوا و چاوی بە شتە دونیایەکان ئەبڵەق بوو یەکسەر بیڕوخێنێت. بە چەشنی منداڵێکی گەورە کاتێک دێت شتی منداڵێکی بچوک تێک دەدات و پەرشوبڵاوی دەکاتەوە کە بە هەزار حاڵ دروستی کردبوو. بەڵێ دەبێت قەیومێک هەبێت بەسەرمانەوە هەتا چاومان لەسەر دونیا پێهەڵبگرێت هەموو شتە دونیایەکانمان لەبەرچاو تەختی زەوی بکات، هەتا هەموو نیەت و ئیخلاسمان هەر لەبەر خودا بێت. لە ڕاستیشدا خودا دونیا بە نسیبی ئەو کەسانە ناکات کە خۆشی دەوێن. هەرکاتێک دەستیان درێژ کرد، دونیا لە دەستیان ڕادەکات. جەنابی حەق بە شێوازی زۆر جیاواز دونیا لە پێش چاوی ئەوان دەخات”.

بەڵێ هەم لێیسەندینەوە و هەم ڕشاندینیەوە، سوپاس بۆ خودا.

بیری ئەم قسانەی خستینەوە. ئێمەی لە دونیای خەیاڵ بە ئاگا هێنایەوە. قاچمان خستەوە سەر زەوی و قژمان هاتەوە بەردەممان.

لەوەش تێگەشتین کە ئێمە لە دۆڵێکین و قورئان لە دۆڵێکی ترە.

خودا ڕەحمی پێکردین و بە زۆرلێکردنی لوتفی خۆی دەرگاکانی قورئانی بوونی بۆ هەموومان کردەوە.

ئێستا هەندێکمان لە سورەتی ئەنفالدا خەریکی گەڕانە و هەندێکمان لە سورەتی تەوبەدا خەریکی خۆ پاکردنەوەیە، هەندێکمان لە ئالی عیمراندا خەریکی خۆ پاڵفتەکردنە و هەندێکمان لە سورەتی کەهفدا ئاراممان گرتووە و بەرەو کەماڵات ملی ڕێگەمان گرتووە.

هەندێکیشمان لەگەڵ شەهیدەکانی سورەتی بوروجدا بەرەو ئاسمان بەرز دەبێتەوە، هەندێکیشمان بەخششە قورئانیەکان وەک تاجێک لەسەری دەنرێ.

دواتر هەریەکێک لەوان دەست دەکەن بەوەی شوێنێک لەناو ئەو کەسە پیرۆزانەدا بدۆزنەوە بۆ خۆیان، کە لە سێبەری بەخششە ئاسمانیەکان و ڕێگەی پێغەمبەراندا ڕێگە تەی دەکەن و ئەوانیش بریتیە لە:

چەند بەندەیەکی باشە…

” بە تەواوی ڕاستگۆییەوە بەردەوام ڕووی لە خودای خۆی کردبوو”.(ص، ٣٠).

” هەمیشە لە الله دەپاڕایەوە و بەندەیەکی تەواو ڕوو لە خودا و تەسلیم بە خودا بوو”( هود، ٧٥).

” ئەوان هەموویان لە کەسانی خۆڕاگر و ئارامگربوون و هەر بەو هۆیەشەوە ڕەحمەتی خۆمانمان بەسەر ئەواندا باراند. بەڕاستی ئەوان کەسی چاکەکار و پێگەشتوو بوون”.( الانبیاء، ٨٥).

 

لایەنی ڕاستی هاوکێشەکە:

گەر وەک هاوکێشەیەک بیر لە بابەتەکە بکەینەوە، ئەوا لەلای ڕاستی هاوکێشەکە ئەم شتانە ڕوویاندا. هەر لەبەر ئەوەشە چیدی پێویست بەوە ناکات کە سەیری لای چەپی هاوکێشەکە بکەین و بەرد لە قەدەرمان بگرین و بپرسین لەبەرچی فڵان و فیسار شت ڕوویدا.

کاتێک قەدەر هات ئیدی چاو کوێر دەبێت. گرنگ ئەوەیە لەم بابەتەدا وانەیەک فێربین و نەهێڵین جارێکی تر هەمان شت دووبارە ببێتەوە.

دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە گەر لایەنی چەپی هاوکێشەکە نەبووایە ئەوا لای ڕاستیشی نەدەبوو.

گەر لە ساڵانی ڕابردوودا ئەوەی دەتوانین بە ئەهلی خودا ناوی بەرین ژمارەیان لە سەد کەسێک تێپەڕی نەکردبێت و ئێستا ژمارەیان بووبێت بە دەیان هەزار کەس، ئایا ئەمە شتێکە کە سکاڵا و گازندەی لەسەر بکەین؟

لەمە زیاتر چی دەستکەوتێک هەیە شایەنی باس بێت؟

گەر دەستکەوت مەبەستتان هێز و دەسەڵات و پلە و پایە بێت، ئەوە ڕاستە کە ئێستا هیچیان نەماوە. ئەوانەشی بە دوای ئەمەوە بوون هیچیان نەماون.

لە هیچ کاتێکی مێژوودا ئەم جۆرە کەسانە لەگەڵ دۆستانی خودا نەبوون و نابێت بە یەکەوەش بن.

هیچکام لەو دووانە پێکەوە لە یەک بازاڕدا نافرۆشرێن.

 

ئەو ئایەتانەی دەبێت لەسەر مۆخی مێشکمان هەڵیکەنین

وەک لە سەرەتای نوسینەکەشەوە ئاماژەم پێدا، پێویستە دەرگا بەسەر دەنگ و هەناسەی هەوا و نەفسماندا دابخەین و، دەرگا بە ڕووی ئایەتەکانی خودا بکەینەوە و داوای چاکەی لێبکەین لە دونیا و ئاخیرەتدا.

 

“بێگومان ئێمە ئێوە بە کەمێک لە ترس و برسێتی و کەمی لە ماڵ و گیاندا تاقی دەکەینەوە، بەڵام تۆ موژدە بە ئارامگران بدە!”( بقرة، ١٥٥).

” بێگومان ئێوە توشی تاقیکردنەوە دەکەین هەتا کەسانی تێکۆشەر و دڵسۆزی ناو ئێوە دەرکەون”

” لە کاتی ڕووبەڕوبوونەوەی دوو سوپاکەدا ئەوەی بەسەرتان هات بە خواستی خودا بوو. ئەوەش بە مەبەستی جیاکردنەوەی کەسانی باوەڕدار و دووڕووەکان بوو”.( ال العمران ١٦٦- ١٦٧).

” ئەوەی بەسەرتان هات بە مەبەستی تاقیکردنەوەی ئێوە و پاکردنەوەی دڵەکانتان بوو لە هەموو وەسوەسە و پیساییەک…”( ال عمران ١٥٤).

” بۆ ئێوە واتانزانی دەچنە بەهەشتەوە پێش ئەوەی ئەو شتانەتان بەسەر بێت کە بەسەر کەسانی پێش خۆتان هات. ئەوان بە شێوەیەکی سەختی وەها توشی لەرزین و شڵەژان بوون کە تەنانەت پێغەمبەران و شوێنکەوتوانیشی دەیانپرسی: خودایە کەی سەرکەوتنی تۆ دەگات بە هانامانەوە. بەڵام ئەوە باش بزانن کە یارمەتی خودا نزیکە”

 

 

 

Show More
Back to top button