بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

دەقی چاوپێکەوتنی گۆڤاری ئەهرامی عەرەبی لەگەڵ مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن

م.فەتحوڵا گولەن لە ڕێپۆرتاژێکیدا لەگەڵ گۆڤاری ئەهرامی عەرەبی، ئاماژەی بەوەدا کە ڕەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، دووبەرەکی خستۆتە نێوان هاوڵاتیانی تورکیاوە.

 

گۆڤاری ئەهرامی عەرەبی، دووهەمین ڕێپۆرتاژی خۆی لەگەڵ مامۆستا فەتحوڵا گولەن ئەنجامدا و تێیدا بابەتە هەنوکەیەکانی تورکیا و ناوچەکە تاوتوێ کرا.

ئەمەی خوارەوە بەشێکە لەو ڕێپۆرتاژە:

ئەهرام: دەتوانی باسی ئەو پێگەیەمان بۆ بکەیت کە بزاڤی خزمەت لە تورکیا و دونیادا پێی گەشتووە؟

 گولەن: ئەم بزاڤە، بە ڕێزەوە سەیری هەموو مرۆڤێک دەکات و، لە جیاتی ئەوەی جیاوازیەکان بە هۆکاری شەڕ ببینێت، بە هۆکاری دەوڵەمەندیان دەبینێت و هەموو کەسێک بە تایبەتمەندیەکانی خۆیەوە قبوڵ دەکات و، لە کۆمەڵە مرۆڤێک پێکهاتووە، کە لە چواردەوری بەهای مرۆڤایەتی بەرزی وەک دەستگرتنی گەنجەکان لە رێگەی پەروەردەوە، کۆبوونەتەوە.

دەزگاکانی پەروەردە، نەخۆشخانەکان، ڕێکخراوەکانی یارمەتی مرۆیی، پڕۆژەکانی دیالۆگ، لە چوارچێوەی “ماقولیەتی قورئاندا” کار دەکەن و دەتوانین بڵێین مرۆڤەکانی ئەم بزاڤە لەم چوارچێوەیەدا کاری خۆیان ئەنجام دەدەن. بە هۆی ئەوەی زۆرینەیان موسوڵمانن و ئیلهامیان لە ئاینی ئیسلام وەرگرتووە، باوەشیان بۆ موسوڵمانان و هەموو مرۆڤایەتی کردۆتەوە و، ئامانجیان ئەوەیە خزمەت بە هەموو مرۆڤایەتی بکەن. ئەوان ئێستا لە ١٦٠ وڵاتی دونیا، لەگەڵ زۆر بیروڕای جیاواز لە خۆیان بەم کارانە هەستاون و باوەشیان بۆ مرۆڤەکان کردۆتەوە و پرۆژەکانی خۆیان ئەنجامداوە.

 

ئەو ڕەشبگیریەی دەسەڵاتدارانی تورکیا بەرامبەر هاوڵاتیان دەستیان پێکردووە لە وڵاتانی دونیاش هەمان کار ئەنجام دەدەن.  ئێستا یەکەم ئەرکی دیپلۆماتکارە تورکیەکان لە دەرەوەی وڵات ئەوەیە خوێندنگەکانی بزاڤی خزمەت بخەنە سەر وەقفی مەعاریف یاخود دایانبخەن. تەنانەت بە بێ ئەوەی گوێ بە یاسا نێودەوڵەتیەکان بدەن، هەوڵی ئەوە دەدەن هاوڕێکانمان لەو وڵاتانە بخەنە فڕۆکەیەکەوە و بیانبەنەوە بۆ تورکیا.

 

بەڵام تەواوی ئەم زوڵمانە بووە هۆکاری شتێک کە ئەوان بە خەیاڵیاندا نەهاتبوو و بیریشیان لێنەکردبوویەوە، ئەویش ئەوەیە هەموو دونیا بزاڤی خزمەتی بە شێوەیەکی باشتر ناسی. هەموو دونیا لەوە تێگەشت کە ئێمە لە کەسانێک نین، کە ئیسلامیان کردۆتە ئامرازی دەستی سیاسەت و ئەمەش بووە جێگەی مەراقیان و لە هەندێک شوێنیش بووە جێگەی ڕووتێکردنیان. ئەمەش ئەگەرچی باجەکەی زۆر قورسە، بەڵام لە هەمان کاتدا لوتفی جەنابی حەقیشە بەرامبەر ئەم بزاڤە.

 

ئەهرام: دوای ئەو جیاوازیەی کەوتە نێوان ئێوە و ئێردۆغانەوە، ئایا ژمارەی ئەو کەسانەی سەر بە بزاڤی خزمەت بوون ڕووی لە کەمی کردووە؟

 

گولەن: لە نێوان ئەو کەسانەی بە باشی بزاڤی خزمەتیان ناسیبوو یاخود دڵیان پێدابوو، زۆر بە کەمی ئەم حاڵەتە بینراوە. بەڵام لە نێوان ئەو کەسانەی پەیوەندیەکی لاوازیان هەبووە، بە هۆی ترس و فشارەوە لە حاڵی ئێستا بێدەنگی یاخود دوورکەوتنەوەیەکی کاتیان هەڵبژاردووە. ئەمەش دەبێت وەک حاڵەتێکی ئاسایی تەماشا بکرێت، لە کاتێکدا گەر دەوڵەتێک بە تەواوی هێزیەوە هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵێک کەس و وەک قۆچی قوربانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکات.

دەوڵەتی تورکیا لە هەندێک وڵاتی دەرەوەش کاریگەری داناوە، بە هۆی بەرتیل دان و بەکارهێنانی  هەڕەشە و پەیوەندیەکانی نێوان هەردوولاوە، کاریگەری لەسەر هەندێک حکومەت داناوە و خوێندنگەکانی بە داخستن داوە یاخود ڕادەستی وەقفی مەعاریفی کردوون. بەڵام لە وڵاتانی ئەمەریکا، ئەوروپا، ئوستورالیا، لە ئەفەریقاشدا میسر و نێجیریا و کینیا و باشوری ئەفەریقا،  لەبەر ئەوەی نەیانتوانی مرۆڤەکان بە پارە بکڕن، ئەم کارەیان بۆ نەچووە سەر و سەرکەوتوو نەبوون. بە پیچەوانەوەی ئەم فشارانەی حکومەتی تورکیا و ئەو زوڵمەی ئەنجامی دەدات، بووە هۆکاری ئەوەی لە زۆر شوێنی دونیا ڕوویەکی ئەرێنی بە بزاڤی خزمەت بدات و ڕووی تێبکرێت. هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپاش خۆیان کرد بە خاوەنی ئەو هاوڵاتیانەی لە دەستی زوڵم و زۆری کاربەدەستانی تورکیا هەڵدێن.

 

زوڵم هەتا ڕادەیەک بڕ دەکات، کاتی سیاسیەکان سنوردارە، لە رێگە دیموکراسیەکانەوە هەر ڕۆژێک بێت، دەبێت بڕۆن. بەڵام ئەم بزاڤە کە لەسەر بنەمای خۆشەویستی و دڵخوازی دامەزراوە، بە پشتیوانی خودا، هەر شوێنێک کە توانای گەشتنیشی نەبێت، لە دڵەکاندا هەر کاریگەری خۆی دادەنێت و، لەو شوێنانەشی توانای گەشتنیان هەیە، بەردەوامی دەدەن بە دامودەزگاکانیان.

 “بە گوێرەی و کات و هەلومەرجی بارودۆخە جیاوازەکان،
شێواز و فۆرماتی ئەم جۆرە خزمەتانە گۆڕانکاریان بەسەردا دێت.”

 

ئەهرام: بە هۆی کۆششی دڵسۆزانەوە توانراوە خوێندنگە و نەخۆشخانە و ناوەندی دیالۆگ بکرێتەوە. ئەم دەزگایانە لە ڕۆشنکردنەوەی هزرەکاندا کاریگەری زۆریان هەبووە. کاروچالاکیەکانیان بە چەشنی جاران و بەوپەڕی چڕیەوە بەردەوامی هەیە؟ یاخود بە بەراورد لەگەڵ جاراندا گۆڕانکاریان بەسەر هاتووە؟

گولەن: خزمەتکردنی مرۆڤایەتی لەبەر ڕەزامەندی جەنابی حەق، لە ڕوانگەی دین و مرۆڤایەتیشەوە ئەرکی سەرشانە. ڕێسا سەرەکیەکان ئاشکران و گۆڕانکاریان بەسەردا نایەت. بۆ بەدیهێنانی دونیایەک کە هەموو مرۆڤەکان بە ئاشتی و هەماهەنگی لەگەڵ یەکدا دەژین، هەموو مرۆڤێکیش هەست بە سەربەرزی خۆی بکات و، هەموو کەسێکیش بە ڕێز و لێبوردەییەوە لەیەک نزیک ببنەوە و باوەشیان بۆ یەکدی کردبێتەوە، پێویست بە هەوڵی جددی دەکات لە بواری پەروەردە و کایەکانی تری ژیان. بەڵام بە گوێرەی و کات و هەلومەرجی بارودۆخە جیاوازەکان، شێواز و فۆرماتی ئەم جۆرە خزمەتانە گۆڕانکاریان بەسەردا دێت.

ئەهرام: قبوڵکردنی هەموو مرۆڤێک وەک ئەوەی هەیە، میانەڕەوی و هاوسەنگی و ڕێکوپێکی لە هەستەکاندا، وەک گرنگترین تایبەتمەندیەکانی بزاڤی خزمەت باس دەکرێت. دوای ئەوەی ئێردۆغان بە تەواوی دەسەڵاتەکانی گرتۆتە دەست، دەتوانین بڵێین لە تورکیادا میانەڕەوی و هاوسەنگی بە تەواوی پەراوێزخراوە؟

 

گولەن: زۆر بە داخەوە ئەم بەهایانە لە ئێستای تورکیادا کراوەتە قوربانی سیاسەت. خزمەت، لە تورکیادا نوێنەرایەتی میانەڕەوی دەکرد. بە هۆی ئەو سیاسەتە دووبەرەکی خوازانەی ئێردۆغان لەم دواییانەدا پەیڕەوی دەکات، ڕادیکاڵیزم و توندڕەوی لە برەودایە. خوێندنگە ئاینیەکان بە سیاسی کراون و، دین و پەروەردەی دینی کراوەتە ئالەتی دەستی سیاسەت. تاکەکانی کۆمەڵگا وەک دوژمنی یەکتریان لێکراوە. هەربۆیە نۆژەنکردنەوەی ئەم وێرانکاریەی لە کۆمەڵگادا دروستکراوە، چەندین ساڵ دەخایەنێت. گەر بێینە سەر هاوسۆزانی بزاڤی خزمەتیش، ئەوان سەرەڕای ئەو هەموو زوڵم و فشارەی لەسەریانە، هەر لە سەروەری یاسا لایان نەداوە و پەنایان بۆ توندوتیژی نەبردووە، تەنانەت ئەوان لە بۆ کەسانێکی زاڵم و ستەمکاریش، جگە لە دادپەروەری داوای هیچی تر ناکەن.

ئەهرام: ئێوە نوێنەرایەتی مۆدێلێک دەکەن کە باس لە لێبوردەیی دەکات بەرامبەر کەسانی جیاواز و هەروەها باس لە دیالۆگی نێوان ئاینە جیاوازەکان دەکەن، بە ڕای ئێوە بزاڤی خزمەت لەم بوارەنەدا، توانیوێتی بە تەواوی واتا، بیری خۆی بە خەڵکانی تر بگەیەنێت؟

 

گولەن: لەو وڵاتانەی موسوڵمانان تێیدا کەمینەن، بانگهێشتی بزاڤی خزمەت بۆ دیالۆگ و پێکەوە ژیان، سەرنجی ڕاکێشاوە و بە باشی پەسن کراوە. هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت، لە پاڵ ئەوەی هەوڵی ئەوە دەدەن بە جوانترین شێوە نوێنەرایەتی ئیسلام بکەن لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئەو لایەنانەی مۆدێرنیتە کە لەگەڵ ئیسلامدا دژیەک نایەتەوە، بە جوانی لە خۆیاندا جێگایان کردۆتەوە و لەم بوارەشدا نمونەیەکی جوانیان پێشکەش کردووە. هەروەها ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە شکاندنی ئەو بیروڕا نەرێنیانەی لە ڕۆژئاوادا بەرامبەر موسوڵمانان دروست بووە.

بەڵام ناتوانین بڵێین ئەم کارانە بە باشی لە خەڵک گەیەندراوە لەو وڵاتانەی زۆرینەیان موسوڵمانن. لە ساڵانی ١٩٩٠، هەوڵەکانی دیالۆگی ئێمە لەگەڵ ئاینەکانی تر، وەک سازش لەسەر ئیسلام و تێکدانی ئیسلام خوێندنەوەی بۆ دەکرا، هەربۆیە پڕوپاگەندەی ڕەشی لە دژ ئەنجام دەدرا. هەروەها لەم ساڵانەی دوایشدا، ئێردۆغان وا باسی بزاڤی خزمەت دەکات کەوا دەسکەلای دەستی موساد، CIA  ، ڤاتیکان بێت و هەوڵی شێواندنی ئابڕوی دەدات. هەندێک گروپی پەیوەندیداریش بەوانەوە، هەمان پڕوپاگەندی ئێردۆغانیان ئەنجامدا و،  هەتا ئێستاش بەردەوامن لەسەر ئەنجامدانی ئەم جۆرە کارانە. هەربۆیە ناتوانین بڵێین ئەم کارەمان بە تەواوی لە وڵاتە ئیسلامیەکانیشدا بە ئەنجام گەیاندووە.

 

ئەهرام: لە ساڵانی ڕابردوودا کاتێک سەیری تورکیامان دەکرد، بە ڕادەی ئێستا چاومان بە دیاردەی داعش نەدەکەوت. ئایا پاکتاوکردنی بزاڤی خزمەت لە تورکیادا، هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی داعشە لە تورکیادا؟

 

گولەن: لە ماوەی ڕابردوودا زۆر کەسی شارەزای ناو هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشیان بە تێبینی سیاسیەوە لە کارەکانیان دوور خستەوە و هەندێکیشیان لە زیندان قەتیس کراون. ئەمەش لەلایەن چاودێرە نێودەوڵەتیەکانەوە ئاماژەی پێکراوە و شتێکی ئاشکرایە. هەروەها مێدیا جیهانیەکان باس لەوەش دەکەن کە ئێردۆغان بە مەبەستی ئەوەی ببێتە هێزێکی ئیقلیمی، بە شێوازی جۆرا و جۆر یارمەتی و چەکی پێشکەش بە گروپە چەکداریە ڕەدیکاڵەکان کردووە. دەتوانین بڵێین لە حاڵی ئێستادا، داعش و گروپە چەکدارەکانی هاوشێوەی داعش، لە تورکیادا کەشوهەوایەکی لەبارتریان بۆ ڕەخساوە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوودا.

ئەهرام: بەڕای ئێوە چ هەنگاوێک پێویستە هەڵبگیردرێت بۆ لەناوبردنی ڕێکخراوەی هاوشێوەی داعش؟

گولەن: لەم بابەتە ئەرک دەکەوێت سەر شانی موسوڵمانان، وڵاتانی زلهێز و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان.  موسوڵمانان پێش هەموو کەسێک دەبێت لە بابەتی تیرۆردا واز لەوە بهێنن، کە تاوانەکە بخەن سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا و سیاسەتی دەرەوەیان،  پێویستە لێپرسینەوە لەگەڵ نەفسی خۆیاندا دەست پێبکەن. دەبێت لێپرسینەوە لە خۆیان بکەن کە بۆچی گەنجەکانیان بەو ڕادە زۆرە دەکەوێتە داوی گروپە تیرۆرستیەکانەوە. ئەو ئەرکانەی لەسەر شانی ئێمەی موسوڵمانە ئەوەیە پەروەردەیەکی جوانی گەنجەکانمان بکەین، کە تەیاریان بکات بە زانستە ئاینیەکان و زانستە ئەرێنیەکان و مرۆیەکان و،   لە وانەکانی خوێندندا باس لە بەها گەردونیەکان بکرێت و ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بە تەواوی واتای خۆیانەوە لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا فەراهەم بکرێت.

ئەوەی لەسەر شانی دەوڵەتە زلهێزەکانیشە ئەوەیە تیرۆر وەک بابەتێکی ئاسایش تەماشا نەکەن و هەوڵ نەدەن تەنیا لە ڕێگەی سەربازی و دەزگا هەواڵگریەکانیانەوە چارەسەری بکەن، دەبێت لە ڕوی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیشەوە هەنگاو هەڵبگرن. دەبێت هەنگاوی بە پەلە هەڵبگرن بە ڕووی ئەوەی موسوڵمانانی ناو وڵاتەکانیان بتوانن لەو کۆمەڵگایانەدا جێگایان ببێتەوە و ئینتەگرە ببن، هێندەی بایەخ بە ژیانی مرۆڤەکانی وڵاتی خۆیان دەدەن، بەو ڕادەیەش بایەخ بە ژیانی مرۆڤەکانی وڵاتانی تر بدەن.

 

ئەوەی لەسەر شانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی وەک نەتەوەیەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپاشە ئەوەیە هەوڵی ئەوە بدەن مافی مرۆڤ و ئازادیەکان لە هەموو شوێنێکی دونیا بە یەکسانی بپارێزرێت، سەبارەت بەو دەسەڵاتدارانەی بە شێوەیەکی تۆقێنەر مافی هاوڵاتیانی خۆیان پێشێل دەکەن، هەنگاوی پێویست بۆ بەرگرتن بەو کارانەیان هەڵبگرن.

ئەهرام: لە نێوان ئێوە و ئێردۆغاندا چ خاڵێکی سەرەکی ناکۆکی هەیە، لە کاتێکدا زۆر کەسی شارەزا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێردۆغان خوێندکارێکی ڕاستگۆی ئێوە بووە؟

گولەن: ئەوانەی من و بزاڤەکەم بە باشی دەناسن، ئەوە باش دەزانن کە ئێردۆغان هیچ کاتێک خوێندکاری من نەبووە. بە ئامرازگرتنی دین بۆ مەرامی سیاسی لەسەروی هەموو بابەتەکانەوەیە و، لە زۆر بابەتی تردا جیاوازی ڕیشەییمان هەیە. واز لە خوێندکاری ئێردۆغان بهێنە، تەنانەت هیچ کاتێک لە یەکیش نزیک نەبووین. تەنیا چەند جارێک چاومان بەیەک کەوتووە. پشتگیری هەندێک لە براکانی ئێمە بۆ پارتەکەی، لەبەر هەندێکی بەڵێنی ئەو بوو، کە سەبارەت بە دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و ئازادی دەیدان. چونکە هەموو کاتێک ئەندامەکانی ئەم بزاڤە، لە پێش ئێردۆغانیشدا پشتگیریان لەو پارتانە کردووە، کە بەڵێنی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادیەکان و بوونە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپایان داوە. بەڵام کاتێک ئێردۆغان و پارتەکەی ١٨٠ پلە لەم بەڵێنەیان پاشگەزبوونەوە، ئیدی پشتگیریان نەکردن و نەشیاندەتوانی پشتگیری بکەن. یەکێکی تریش لە خاڵەکانی ناکۆکی نێوانمان ئەوە بوو، ئێردۆغان هەوڵی ئەوەی دەدا، خوێندنگەکانمان کە لەسەر ئاستی هەموو دونیا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بە مەبەستی پڕوپاگەندەی ئەوەی “سەرۆکی هەموو جیهانی ئیسلامە” بەکاربهێنێت.  هەربۆیە ئێستا لە ڕێگەی دیپلۆماتکارەکانیەوە هەوڵی ئەوە دەدات ئەو خوێندنگانە دابخات یاخود ڕادەستی وەقفی مەعاریفیان بکات و کارمەندەکانیشی سنورداشی تورکیا بکاتەوە و بیانخاتە زیندان.

ئەهرام: هەندێک کەس پێیان وایە هزری ئێوە زیاتر لە سەر بنەمای نەتەوەپەرستی، لیبرالیزم و دیموکراسی ئیلهامی وەرگرتووە و، ئێردۆغانیش زیاتر بە دوای خەلافەتێکی ئیسلامیدا دەگەڕێت کە سنوری قاڕەکان تێدەپەڕێنێت، ئایا ئەمە ڕاستە؟

گولەن: نە من و نە ئەوانەی دڵیان بە بزاڤی خزمەت داوە، هیچ کاتێک بە ئیلهام وەرگرتن لە ئایدۆلۆژیاکانی ئەوروپاوە ملی ڕێگەمان وەرنەگرتووە. ئێمە هەموو کاتێک ئیلهاممان لە ژیانی سەردارمان و بەها گەردونیەکان وەرگرتووە کە پێمان وایە بریتین لە بەها سەرەکیەکانی ئاینی ئیسلام. ئەویش ئەوەیە هەموو مرۆڤێک ڕێز خۆی هەبێت و، لەبەردەم یاسادا یەکسان بێت، هەلی ئەوە بە ژنان بدرێت لە کۆمەڵگادا شوێنیان هەبێت، لە دەسەڵاتیشدا هاوڵاتیان مافی بەشداریان هەبێت و هەمیشە یاسا سەروەر بێت. ئەمانە بەها ئیسلامیەکان و گەردونیەکانە کە باوەڕمان پێیەتی. لەوە دەچێت بە هۆی ئەم هەڵوێستانەمانەوە هەندێک کەس بە هەندێک لایەنمان بچوێنن، بەڵام سەرچاوەی هزری ئێمە زۆر ئاشکرایە.

بەڵام بە نیسبەت ئێردۆغانەوە کە خۆی بە سەرۆکی هەموو جیهانی ئیسلام دەزانێت و، جا ئیتر لە رێگەی قسەکانی یان کردارەکانی بێت، یاخود بەکارهێنانی تەواوی سەرچاوەکانی وڵات بێت بۆ رەواجدان بە خۆی، ئەمە شتێکە دەتوانین بڵێین چەسپاوە. تەنانەت ئەوانەی لایەنگری دەکەن، بەمەشەوە نەوەستاون و بە سەرۆکی هەموو دونیا ناوی دەبەن.

ئەهرام: ئێردۆغان کە تورکیای لە باری “سفر دوژمن” ەوە هێنایە باری “سفر دۆست”، بە چ هۆکارێک هەموو کێشەکانی تورکیا دەخاتە ئەستۆی ئێوە؟

گولەن: بەڵێ، تورکیایان لە پێگەی “سفر دوژمن” ەوە خستە باری “سفر دۆست”ەوە.  چونکە دەستیان خستە کاروباری وڵاتانی دەرەوە و لە رێگەی یارمەتی و پێدانی چەک بە گروپە تیرۆرستیەکان، هەوڵی ئەوەیاندا کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتانە بە خواستی خۆیان دیزاین بکەن. بە گوێرەی ئەوەی خۆیان بە سەرۆکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خەلیفەی جیهانی ئیسلام دەزانن، ئەو حەقەیان بە خۆیاندا بەم کارانە هەستن. ئێمە هیچ کارێکمان لەمانەی ئەنجامیانداوە پەسن نەکردووە. هەر لەبەر ئەوەشە ئێمەیان  بە دوژمنی خۆیان ڕاگەیاندووە. لەمەودواش هەر شتێکی نەرێنی بێتە سەر ڕێگایان، دەیخەنە ئەستۆی بزاڤی خزمەت و بەم هۆیەوە هەوڵی خۆ قورتارکردن دەدەن لە کێشەکان. بۆ نمونە ئۆپەراسیۆنەکانی گەندەڵی مانگی کانونی یەکەمی ٢٠١٣ ی کردە بەهانەی ئەوەی دەست بەسەر دامودەزگاکانی دادگادا بگرێت و بە سیاسیان بکات. ئێستاش دادگاکان بە تەواوی لەکار خراون. هەروەها تەواوی کەسە شارەزاکانی بواری ئاسایشی وڵاتی لە کارەکانیان دوور خستەوە و بەو هۆیەوە دەزگا ئەمنیەکانیشی پەک خستووە. تەواوی مێدیا زەبەلاحەکانی وڵاتی خستە ژێر لایەنگرانی خۆیی و، مێدیاکانی تریش لە ڕێگەی تەندەر و ڕێکلامەوە، هەندێک جاریش لە ڕێگەی هەڕەشەوە، ڕێگری ئەوەی لێکردن ڕاستیەکان بە هاوڵاتیان بگەیەنن. هەروەها لە رێگەی ڕووداوی ١٥ی تەموزیشەوە گەورەترین زیانی بە سوپای وڵات گەیاند و ئێستا هەموو دامودەزگاکانی خستۆتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. هەروەها هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەتی خستۆتە خزمەتی بەرژەوەندیە تایبەتەکانی خۆیی و، بە شێوەیەک دووبەرەکی خستۆتە نێوان هاوڵاتیان، کە پێشتر شتی وەها نەبینراوە و هاوشێوەی نەبووە.

بەڵێ، بۆ ئەوەی تەواوی ئەم کارانەی بە شێوەیەکی شەرعی پشان بدات، پێویستی بە دوژمنێک هەبوو، کاتێک زانی بزاڤی خزمەت، نایەنە ژێر باری بەرژەوەندیە سیاسیەکانی خۆیەوە، بزاڤی خزمەتی کردە دوژمنی خۆیی و هەوڵیدا بەم شێوەیە لایەنگرانی خۆی لە دژیان هان بدات و لە چواردەوری خۆی کۆیان بکاتەوە. بۆ بەردەوامیدان بەم کارەشی، پێویستی بەوە هەیە هەموو کێشەیەک بخاتە ئەستۆی بزاڤی خزمەت. دەتوانین بڵێین لە ڕووی ئەو مەرامەی هەیبوو، هەڵبژاردنێکی باشی کردووە. چونکە ئەوەی باش دەزانێت، کە هەرچەندە زوڵم و زۆر بەرامبەر ئەم بزاڤە بکەیت، بە شێوەی خۆی وەڵامی نادەنەوە و تەنانەت مستیان بۆ بۆکس لێدانیش ڕەق ناکەن.

ئەهرام: ڕووداوی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦ چۆنی دەخوێننەوە؟

 گولەن:  کاتێک ڕووداوەکەی ڕوویدا، بە نەفرەتم و کرد و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی منیان کردبوو ڕەتمکردەوە. هەروەها ئێردۆغان ئەوەی ڕەتکردەوە کە لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە کودەتا پێکبهێنرێت، لە کاتێکدا من بەڵێنی ئەوەمدابوو کە هەر بڕیارێک لەو لیژنەیەدا بدرێت، قبوڵی دەکەم و، تەنانەت گەر تاوانباریشم بکەن، بە دەستی خۆم بلیتی فڕۆکە دەبڕم و دەچمەوە بۆ تورکیا. هەروەها تەنانەت هیچ قسەیەکیان سەبارەت بەم داوایەم نەکرد. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە شتێک هەیە لەم رووداوەدا دەیانەوێت بە شاراوەیی بمێنێتەوە. هەر لەبەر ئەوەشە سەبارەت بە بوختانەکانیان، هەتا ئیستا نەیانتوانیوە قەناعەت بە دونیا بکەن. من پێموایە ١٥ ی تەموز سیناریۆیەکە کە ئێردۆغانیش تێیدا بەشداری کردووە و بە پشتیوانی خودا بە تێپەڕینی کات هەموو ئەمانە ئاشکرا دەبن.

ئەهرام: وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا، لەبەرچی بەرامبەر ئەو پێشێلکاریانەی ئێردۆغان بەرامبەر مافی مرۆڤ ئەنجامی دەدات کە هەزاران مرۆڤی خستۆتە زیندانەکانەوە بێدەنگی هەڵبژاردووە؟

گولەن: کاردانەوەکانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا بەرامبەر ئەو پێشێلکاریانەی تورکیا بەرامبەر مافی مرۆڤ ئەنجامی دەدا، زۆر لە دوای ئاستی چاوەڕوانیەکانەوە بوو. ناشتوانین بڵێین هیچ دەنگیان لێبەرز نەبۆتەوە. جا ئیتر لە پەڕلەمانتار، سیناتۆر و وتەبێژەکانی وەزارەتەوە بیگرە، هەتا دەگاتە دامودەزگا جیاوازەکانی ناو یەکێتی ئەوروپا، لە زۆر شوێندا هەڵوێستیان دەربڕیوە، بەڵام ئەمانە تەنیا لە ئاستی وتاردا مانەوە و نەگۆڕان بە هەڵوێستێکی پراتیکی. بە داخەوە لە پەیوەندی دەوڵەتاندا، بەرژەوەندی کورت خایەن ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت، نیگەرانیەکانی ئەوروپا بەرامبەر ئاوارە سوریەکانی و پەیوەندیە ستراتیژیەکانی ئەمەریکا لەگەڵ تورکیا، لەو دینامیکە سەرەکیانەن کە لەم بابەتەدا ڕۆڵیان هەبووە. لە ڕاستیدا باوەشکردنەوەی تورکیا بۆ هاوڵاتیانی سوریا، بڕیاری شەخسی ئێردۆغان نیە و هاوڵاتیانی تورکیا لە ئامێزیان گرتوون.

گەر لە ڕووی ئاسایشەوە بابەتەکە هەڵبسەنگێنین، دەتوانین بڵێین ئێردۆغان بە هەڵوەشاندنەوەی دامودەزگا دیموکراسیەکان و خستنە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، ناوچەکەی خستۆتە گێژاوێکی پڕ کێشەوە. لەلایەک ناچارن لە ڕووی سەربازی و هەواڵگریەوە هەماهەنگی لەگەڵدا ئەنجام بدەن و، لەلایەکی ترەوە بە پەیڕەوکردنی سیاسەتگەلێک، زەمینە بۆ بەردەوامی توندوتیژی و تیرۆر خۆش دەکات. تورکیایەک کە لە بنەما دیموکراسیەکان و دەوڵەتی یاسا دوور کەوتبێتەوە، لە ناوچەکەدا لە جیاتی ئەوەی ببێتە نوێنەری ئاشتی و سەقامگیری بێت، دەبێتە پارچەیەک لە برەودان بە پێکدادان و ڕادیکالیزمی ناوچەکە. لە ڕاستیشدا نمونەکانی ئەم بابەتە لە حاڵی ئێستادا دەبینین.

ئەهرام: بیرت لەوە کردۆتەوە بگەڕێیتەوە بۆ تورکیا؟

گولەن: گەر تورکیا ببێتە وڵاتێکی دیموکراسی و یاسا تێیدا سەروەر بێت ئەوا حەز بە گەڕانەوە دەکەم، بەڵام لەبەر ئەوەی نازانین کەی بەم ئاستە دەگات، لە حاڵی ئیستادا ناتوانم هیچ بڵێم. نیشانەیەکی وەها نابینم کە لە ماوەیەکی کورتخایەندا ئومێدەوارم بکات. بەڵام ڕاستیەک هەیە ئەویش ئەوەیە: گەر کوفریش بتوانێت بەردەوام بێت، ئەوا زوڵم توانای بەردەوامی نیە. گەر جەنابی حەق خواستی لەسەر شتێک بێت، ئەوا هۆکارەکانیشی دروست دەکات. باوەڕدار هیچ کاتێک هیوابڕاو نابێت. ئێمەش هیوابڕاو نەبووین و هەرگیز هیوابڕاویش نابین.

ئەهرام:   ئەوەی نوێنەرایەتی میانەڕەوی دەکات لە تورکیادا ئێوەن نەک ئێردۆغان، بەڵام لەبەرچی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پارێزگاری لە ئێوە ناکات لە دژی ئەو زوڵمانەی ئێردۆغان بەرامبەرتان ئەنجامی دەدات؟

گولەن: دەوڵەتەکانی دونیا لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندیە ستراتیژیەکانیاندا هەنگاو هەڵدەگرن. هەتا ڕادەیەک دەتوانین بڵێین ئەم کارەیان بە ماقوڵ تەماشا بکەین، بەڵام لە تورکیادا بە شێوەیەک لە مێژوودا هاوشێوەی نەبووبێت پێشێلکاری بەرامبەر مافی هاوڵاتیان ئەنجام دەدرێت و بەردەوامن لەم کارانەیان، بزاڤی خزمەت بە قۆناغێکدا تێدەپەڕێت، کە پێناسەی جینۆسایدی ناو نەتەوەیەکگرتوەکان دەیگرێتەوە، ئەو مرۆڤانەی لەبەر ڕەزامەندی خودا، لە ڕێکخراوە خێرخوازیەکاندا قوربانیان سەربڕیوە و گۆشتەکەیان پێشکەش بە هاوڵاتیە هەژارەکانی دونیا کردووە، لەگەڵ ئەو کەسانەی یارمەتیان بە خوێندکارە هەژارەکانی دونیا پێشکەش کردووە، وەک دز و جەردە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت لە تورکیادا.

ئەو هاوڵاتیانەی ساڵانێکی زۆر بە ئارەقی ناوچەوانیان و بە ڕەنجەشانێکی زۆر چەند دامودەزگایەکیان پێکەوە نابوو، هەموو دەستی بەسەردا گیرا و داخرا. ١٥٠ هەزار فەرمانبەری میری، سەرەڕای ئەو هەموو ماف و تایبەتمەندیانەی بەدەستیان هێنابوو، لە ڕێگەی زوڵم و غەدرەوە هەموویان هەڵوەشاندەوە و  لە کارەکانیان دەریانکردن. خۆیان و خانەوادەکانیان مەحکوم بە برسێتی کراون. بەڵێ کاتێک هاوڵاتیانی تورکیا بە قۆناغێکی ئاوەهادا تێدەپەڕن، چاوەڕێی دەنگێکی بەرزترمان دەکرد، لەو وڵاتانەی لە ماوەی ڕابردوودا بوو بوونە دۆست و هاوپەیمانی تورکیا. ناشتوانین بڵێین هیچ دەنگیان هەڵنەبڕیوە، زۆر جار لەسەر ئاستی کاربەدەستانی وڵات و ئەندام پەڕلەمان کاردانەوەیان پشانداوە و داوایان لە تورکیا کردووە بگەڕێتەوە بۆ ڕێچکەی یاسا، بەڵام ئەمانە لە چوارچێوەی وتار تێپەڕیان نەکرد و نەیانتوانی ببنە ڕێگر لەبەردەم ئەو کارانەدا.

لەلایەکی تریشەوە زۆر وڵات ملیان بۆ هەڕەشە و گوڕەشەکانی ئێردۆغان کەچ نەکرد کە پەیوەندی هەردوولای کردبووە هەڕەشە بۆسەریان، دەسیان لە هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت و دامودەزگاکانی نەدا. دەرگاکانیان بە ڕووی ئەو هاوڵاتیانەدا کردەوە کە لە دەست ئەو زوڵمەی لە تورکیادا ئەنجام دەدرێت، هەڵهاتبوون.

میسر، سوید، نەرویج، ئەڵمانیا، ئەمەریکا، کەنەدا، ئوستورالیا، زۆر وڵاتی تریش، لێرەدا شوێنی خۆیەتی بە سوپاسەوە یادیان بکەمەوە.

ئەهرام: گۆڕینی سیستەمی پەڕلەمانتاری بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی  لە کاتی دەسەڵاتی ئێردۆغاندا، چۆنی هەڵدەسەنگێنن؟

گولەن: لە وڵاتانی دونیادا زۆر شێواز و سیستەمی جیاوازی بەڕیوەبردن بوونیان هەیە. لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر ئەمانە گۆڕانکاریان بەسەردا دێت. بەڵام ئەوەی گرنگە، جیاوازی دەسەڵاتەکان، سەروەری یاسا، مسۆگەرکردنی مافی هاوڵاتیان و ئازادیەکان و ڕەچاوکردنی بەها گەردونیەکانە. پێم وانیە لەو سیستەمی بە نیازن لە تورکیادا جێبەجێ بکەن، ڕەچاوی ئەم بەهایانەی سەرەوە کرابێت و بکرێت.

ئەهرام: هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەمجارەی تورکیا چۆنی هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا ئەمە بەشێکە لە هەوڵەکانی ئێردۆغان بۆ مانەوەی لە دەسەڵات هەتا ساڵی ٢٠٢٩؟

گولەن: دەتوانین بڵێین هەر هەنگاوێکی سیاسی کە لە ساڵانەی دوایدا هەڵنراوە، بە مەبەستی مانەوەی ئێردۆغانە لە دەسەڵاتدا وەک تاکە هێز.

ئەهرام: پارچەپارچە بوونی سوریا و بوونی کورد و عەلەویەکان لە تورکیادا، وەک مەترسیەک لەسەر یەکپارچەیی تورکیا دەبینن؟

گولەن: سەبارەت بە سوریا پێشتر باسی قەناعەتی خۆمم کردووە، پێویست بە بەڕێوەبەرایەتیەک هەیە کە شوێنی موسوڵمانانی سوننی، نوسەیری، کوردەکان و پێکهاتە نا موسوڵمانەکانی تێدا بو بێتەوە و، ئەمە تەندروستترین چارەسەرە بۆ کێشەی سوریا. بە مەبەستی بەدیهێنانی ئەم چارسەرە دیموکراسیە، گەر پێویست بکات دەتوانرێت بە شێوازێکی قۆناغبەند، ماوەیەکی کاتیش ڕەچاو بکرێت.

هەندێک لە هاوڕێیانم لەوانەی چاودێری مێدیاکان دەکەن، دەڵێن هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا، بە هیچ شێوەیەک دەسەڵاتدارانی ئێستای سوریا، لە هیچ پێکهاتەیەکی داهاتووی سوریادا قبوڵ ناکەن.      بەڵام بۆ ئەوەی خوێنی زیاتر نەڕێژێنرێت، لە جیاتی ئەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی باشترین بدەین، باشتر وەهایە  کار بە ڕێسای ” ڕازی بوون بە بژاردە باشەکە لە جیاتی باشترین” بکەین و پێم وایە ئەمە ڕێگە چارەیەکی گونجاو بێت.

ئەهرام: پێتوایە ئێردۆغان هەتا ساڵی ٢٠٢٩ لە دەسەڵات دەمێنێتەوە؟ ئایا هاوڵاتیانی تورکیا لە هەڵبژاردنەکاندا ڕایەکی جیاواز دەگرنە بەر؟

گولەن: بێگومان هاوڵاتیانی تورکیا دەتوانن بژاردەیەکی جیاواز بگرنە بەر. بەڵام لە حاڵی ئێستادا هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ئەنجام نادرێت. مێدیا لە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتدایە. دادگا بە هەمان شێوە، سەرمایەدارانی وڵاتیش بە هەمان شێوە لە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتن. لە ژێر ڕۆشنایی ئەم بارودۆخەدا، زۆر ئەستەمە بتوانین بە شێوەیەکی تەندروست، هەڵوێسیتی هاوڵاتیانی تورکیا دیاری بکەین.

ئەهرام: دەڵێن بە منداڵی دایک و باوکت ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لەو پەروەردە ئاینیەی وەرتگرتووە، لەم بابەتەدا حەز دەکەن چی بڵێن؟

گولەن: یەکەم مامۆستای قورئانم دایکم بوو. لە تەمەنێکی بچوکی منداڵیدا قورئانی پێ خەتم کردم. سەرەڕای فشاری دەوڵەت لەو کاتەدا، قورئانی بە منداڵەکانی گوندەکەشمان خەتم کرد. لەبەر ئەوەی لەو کاتەدا فێرکردنی قورئان قەدەغە بوو، بە دزیەوە لە بەشێکی تەویلەی ئاژەڵەکاندا فێری قورئانی دەکردین. ئەم فیداکاریەی دایکم زۆر کاریگەری لەسەرم دانا. لە باوکیشمەوە ڕێز و خۆشەویستی بەرامبەر هاوەڵانی سەردارمان فێر بووم.

ئەهرام: ئێوە کتێبی زۆرتان هەیە، ئێستا هیچی نوێتان لەبەردەمدا هەیە بۆ بڵاوکردنەوە؟

گولەن: من ئێستا سەرقاڵی نوسینی هەندێک وتارم بۆ گۆڤاری چاغڵەیان، هەروەها هەندێک لە هاوڕێکانم هەندێک لە وتارەکانیان کردووم بە کتێب، ئێستا خەریکی پێداچوونەوەی کارەکانیانم.

 

 

 

 

 

Show More
Back to top button