بیروڕا

پەیوەندییەکانی مرۆڤ

بەخامەی پرۆفیسۆر د. شەریف عەلی تێکاڵان

ژیانی مرۆڤەکان لە نێو کۆمەڵگادا، ویستی بەدیهێنەری مەزنە. ئەوەتا ئەو (جل جلالە) کاتێک ئاماژە بەمە دەدات و دەفەرموێت: (ئه‌ی خه‌ڵکینه بێگومان ئێمه هه‌مووتانمان له‌نێرو مێیه‌ک دروستکردووه (که ‌باوکه‌ ئاده‌م و دایکه حه‌وایه‌) و کردوومانن به‌چه‌نده‌ها گه‌ل و تیره و هۆزی جۆربه‌جۆر، تا یه‌کتر بناسن و په‌یوه‌ندیتان خۆش بێت به‌یه‌که‌وه… به‌ڕاستی به‌ڕێزترینتان لای خوا ئه‌و که‌سانه‌تان که‌زۆرتر له‌خواترسه‌و فه‌رمانبه‌رداری خوایه‌، بێگومان خوا زاناو ئاگایه به‌هه‌مووان) (الحجرات، ١٣).

وەک هەموو زیندەوەرانی تر مرۆڤیش تەنها نییە و ئەگەر هەڵگری هەمان هەست و سۆزیش نەبن ئەوا هەر ناچارە لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا پێکەوە بژی. ژیانێکی کۆمەڵایەتی وا کە لە دەوری هەندێک بنەمای هاوبەش بەردەوامی هەبێت هەندێک یاسای هەیە کە بە پێی کات شکڵ و شێوەیان وەرگرتووە. لە پێناو کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ و هاوئاهەنگ و یەکساندا پێویست دەکات جار بۆ جار ئەم یاسایانە وەبیر بهێنینەوە.

 

شێواز و ئەتەکێت

پێش هەموو شتێک بەکار هێنان و ئەنجامدانی ئەم پەیوەندیانە بە شێوە و ئەتەکێتێکی ڕاست و جوان گرنگییەکی زۆری دەبێت. بە پێچەوانەوە، ئەنجام دانی هەر کارێکی خراپ، نەمانی خۆشی و ئاسایشی کەسێک، خراپ بوونی ڕژێمی خیزانی یاخود هاوشێوەی زاڵبوونی ئاژاوە لە نێو کۆمەڵگادا، چەندین بەر ئەنجامی نەرێنی تریشی دەبێت. تەنانەت ئەم لێک تێنەگەشتنانە لە ئەگری گواستنەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگا و دەوڵەتەکان، شەڕ دروست دەکات، کە پەیوەندی بە هەموو مرۆڤایەتییەوە دەبێت و دەبێتە تابلۆی ڕوو ڕەشی مرۆڤایەتی.هەربۆیە جەنگی جیهانی یەکەم و دووهەم و ئەو جەنگە بچووک و گەورانەشی پێش ئەوان ڕوویان داوە، هەروەها ئەو شەڕ و کوشتار و زوڵم و مافخورانەی لە دونیای ئەمڕۆشماندا لە شوێنی جیاواز جیاوازدا بەردەوامیان هەیە، ئەشکەنجەی هەموو ئەو زاڵمانەی هێزیان لە دەستایە، ئەوانەی خەڵک لە ماڵ و نیشتیمانی خۆیان دەکەن و موڵک و سامانیان لە ژێر دەستدا دەردەهێنن، هەموو ئەمانە دەچینە ژێر هەمان ڕستەوە.

لە کاتێکدا مرۆڤایەتی، بۆ ئەوە دروست کراوە کە ژیان بە تێگەشتنەوە بباتە سەر. وەک چۆن حەزرەتی بەدیعوزەمان ئاماژەی پێ دەکات؛ سەرکەوتن بەسەر کەسانی شارستانیدا بە تێگەیاندن و قایل کردنیان دەبێت. ئەوەی لە بەنی ئادەم چاوەڕێ دەکرێت ئەوەیە کە لە جێی ڕێ پێدان بە هێنانە پێشەوەی جیاوازییە بچووکەکان و ئەنجامدانی کاولکاری گەورە، لە چوار دەوری پەیوەندییە هاوبەشەکان کۆ ببنەوە و لە خۆشی و شادیدا بژین، ئەمەش هەڵس و کەوتێکی گرنگی مرۆڤەکانەیە. دان بە خۆدا گرتن و پشوو درێژی و لێ بووردن لە هەموو ڕووەکانیانەوە ئەو دینامیکە کاریگەرەن کە دەبێتە هۆی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی لە توانای دایە تاک و خێزان و کۆمەڵگا بسوتێنێت. خوادای گەورە لەم ئایەتەدا کە دەفەرموێت: (ئەوانەی لە خۆشی و ناخۆشیدا، لە هەرزانی و گرانیدا ماڵ و سامانیان دەبەخشن، ڕق ق کینەی خۆیان دەخۆنەوە و خۆ گرن، لە خەڵکی خۆش دەبن و لێبووردەن، خوای گەورەش چەکەکار و چاکە خوازانی خۆش دەوێت) (ئال عمران، ١٣٤)، ئاماژە بە یاسایەکی گرنگی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان دەکات. گەورەمان پێغەمبەر (دروودی خودای لەسەر بێت) بەم دەربڕینە: (دەستەبەری کۆشکێک دەکەم لە بەهەشتا بۆ ئەو کەسەی سەرەڕای ئەوەی لەسەر حەقە بەڵام واز لە ڕووبەڕوو بوونەوەی گوفتاری دێنێت) (ئەبوداود، ئدب ٧)، چەندە ڕەچەتەیەی جوانی پێشکەش کردووە لە پێناو ئەوەی جیاوازییە بچووکەکان نەبنە هۆکاری دروست بوونی برینی گەورە. لە ڕاستیدا هەندێک جار بەدەست هێنانی نرخێکی خێرا، ڕەنگە ببێتە هۆکاری دۆڕانە گەورەکان لە داهاتوودا.

ئەگەر بتوانین ئەو بابەتە بچووکانەی ئەگەری گەورە بوونیان هەیە، لە ڕێی بە ناوەند وەرگرتنی پەیوەندییە مرۆییەکەنمانەوە پێش ئەوەی بگۆڕێن بۆ کێشەی گەورەتر چارەسەر بکردایە، دەتوانین هەر لە خێزانەوە تا کاری ڕۆژانەمان، هەر لە چواردەورمانەوە تا ژیانی کۆمەڵایەتی لە هەموو بوارەکاندا بەرهەمی لێبچنین.

 

خێزان

لە پەیوەندی نێوان خێزانەکاندا ڕێز، گوێ لێک گرتن و هاودەرد بوون بنەمای گرنگی خۆش بەختی ماڵن. دەبێت هەر یەکێک لە خێزانەکان کار و مەژغەڵەتی بەرامبەرەکەی لەبەر چاو بگرێت و بە پێی ئەوە هەڵس و کەوتی دیاری بکات. دەبێت خۆی بخاتە شوێنی ئەو و لە ئەنجامی ئەو هاودەردییەی دروست دەبێت کەش و هەوایەکی وا دروست بکات تا خێزانەکەی تێیدا ئارام بگرێت. پێشنیاری قورئانیش لە م بابەتەدا هەر بەم ئاڕاستەیەدایە و دەفەرموێت:( یەکێک لە نیشانە و بەڵگەکانی تری ئەوەیە کە: هەر لە خۆتان هاوسەری بۆ دروست کردوون، بۆ ئەوەی ئارام بگرن لەلایدا و لە نێوانتاندا خۆشەویستی و ئارامی و سۆزی فەراهەم هێناوە، بەڕاستی ئا لەو دییاردانەدا نیشانە و بەڵگە هەیە بۆ کەسانێک بیردەکەنەوە و تێدەفکرن) (سورة الروموم،٢١)،  هاوسەرێک کە بە درێژای ڕۆژ بەردەوام توشی کێشە و پەشۆکان دەبێت، کاتێک لەگەڵ هاوسەرەکەیدا یەک دەگرێت و کێشەی زیاتریشی دەخرێتە سەر شان لە کاتێکدا ئەم خۆی توانای بەرگە گرتنی کێشەکانی نەماوە، ڕەنگە ئارامی نەمێنێت و ببێتە هۆکاری تەقینەوەی بە بەرامبەرەکەیدا. ئەم هەنگاوەش زۆربەی کات بە گەورە کردنی پشێوییەکان و ئەو کێشانەیە کە دەکرێ بە ئاسانی چارەسەر بکرێن و ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ کردنەوەی برین گەلێکی وەها کە چارەسەریان نەبێت. کێشە ڕۆژانەییەکان و ئاڵۆزییەکان لەو بارودۆخانەدا کە هەردوولا سەرقاڵن ئەگەری هەیە پشوو کوورتییەکی بچووکی لەو شێوەیە ببێتە هۆی جووڵاندنی تەقینەوەی تووڕەی بەرامبەر بە یەک. بەم شێوەیە، هەم کردنی ماڵ بە گۆشەیەکی بەهەشت تا شەماڵی فێنکی ببەخشێت و هەم کردنیشی بە زیندانێک کە هەر لەگەڵ چوونە ژوورەوەدا هەناسەی کێشە و ناکۆکی هەڵمژین بە دەستی خۆمانە. پێویستە بە شێوازێک بجووڵێینەوە کە ئەنجامی هەر هەنگاوێک کە دەیهاوین لەبەر چاو بگرین و پلە و پایەی کۆمەڵایەتیمان هەر چۆنێک بێت، دەبێت مافی پێگەکەمان لە شوێنی خۆی و مافی ماڵیش لە ماڵەوە بدەین تا ئەوەی لە ماڵ دەردەچێت هەر خۆشی بێت. گەورەمان پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێت: (وەک چۆن نەفسمان مافی لەسەرمان هەیە، مافی هاوسەر و منداڵەکانیشمان لەسەرە) (بوخاری،ئدب٨٦؛ صيام ٥١، تهجود ١٥).

هاوشێوەی هاوسەراکان، ئەندامەکانی خێزانیش پێویستیان بەوە هەیە ڕوو بە ڕوو پێکەوە وتوو وێژ بکەن. لە ڕاستیدا، ئەو بابەتە بچووکانەی کە ئەگەری بوونە کێشەیان هەیە ئەگەر بە هۆی ئاخاوتنەوە دوا نەخرێن، زۆربەی کات ڕەنگە ببنە هۆکاری ئاڵۆزی وەها کە چارەسەریان نەبێت. نابێت ئەوە لە بیر بکرێت کە سەرەتای ئەو ئاگرە گەورانەی سبەینێ ماڵەکان دەکەنە سووتوو، ئەو پریشکانە دەبن کە لە کاتی خۆیدا پشت گوێ خراون.

پشت گوێ نەخستنی مداڵەکانیش کە ئەندامێکی مەڵەکەن، بۆخۆی ڕاستییەکە کە دەبێت لەسەری بووەستین. منداڵەکان دەبێت بە پێی ئاستی خۆیان ئاخاوتنیان لەگەڵ بکرێت، پێویستە لەگەڵ ئەوانیشدا قسە بکرێت و لە هەمان کاتدا بۆ ئەوەی بۆ داهاتوو ئامادە بکرێن لەو هەنگاوە گرنگانەی پەیوەندیان بە خێزانەکەوە هەیە بیروڕایان وەربگیرێت.

ئەو شێوازی مامەڵە کردنەی کە پێویستە بەرامبەر دایک و باوک لە ماڵدا ئەنجام بدرێت ڕاستەوخۆ لەلایەن خودای گەورەوە پیشانمان دەدرێت و دەفەرموێت: (پەروەردگارت بڕیاری داوە کە جگە لەو کەسی تر نەپەرستن، هەروەها بڕیاریداوە چاکەکاریش بن لەگەڵ دایک و باوکتاندا، هەرکاتێک یەکێکیان یان هەردووکیان بە پیری کەوتنە لای تۆ “تەنانەت” ئۆفیان لەدەست مەکە و “هەرگیز” پێیاندا هەڵمەشاخێ و هاواریان بەسەردا مەکە. بەردەوامیش گفتو گۆت لەگەڵیاندا با چاک و جوان و بەجێ بێ) (الاسراء ٢٣).

 

ژیانی کار

لە پاڵ گرنگیدان بە کاری ڕۆژانەدا ڕەچاو کردنی مافی خەڵکیش زۆر گرنگە. ئەو تاکانەی لە یەک شوێندا کار دەکەن، بەدەم یەکەوە بوونی کەسێکیان کاتێک کێشەی دەبێت، هەوڵدان بۆ دروست کردی بیری نوێ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر لە ڕێی گوێ لێگرتنییەوە و پێشکەش کردنی ڕێگە چارە بۆ ڕزگار کردنی هاوڕێکەیان، لەو پەیوەندییە گرنگە مرۆییانەن کە یارمەتی دەر دەبن لە بەهێز کردنی کەش و هەوای شوێنی کاردا.

بۆ ئەوەی کار و بارەکان لە شوێنی کاردا بە شێوازێکی تەندروست بڕۆن بەڕێوە، بە پێی سروشتی کارەکان کەسانێک لە پلەی بەڕێوەبەردا دەبن. بەڵام نابێت هەل بڕەخسێنرێت تا ئەم بارە بگۆڕدێت بەو میکانیزمەی لە نێوەندەکاندا دیوارێکی ئەستوور دروست بکات. دەبێت بەڕێوەبەرەکان لە سەرەوە سەیری فەرمانبەرەکانیان بکەن، هەروەها نابێت فەرمانبەرەکانیش لە بارێکی وادا بن کە گوێ بۆ بەڕێوەبەرەکانیان نەگرن. ئەم بار و دۆخە دەبێت لە ژێر خاڵێ هاوبەشی مرۆڤ بووندا و لە نێو هاوسەنگییەکی شیریندا چارەسەر بکرێت. وەک وابەستە بوونێک بەو دەستوورە قورئانییەی لە سەرەتاوە باسمان کرد کە دەفەرموێت: (…به‌ڕاستی به‌ڕێزترینتان لای خوا ئه‌و که‌سانه‌تان که‌زۆرتر له‌خواترسه‌و فه‌رمانبه‌رداری خوایه‌، بێگومان خوا زاناو ئاگایه به‌هه‌مووان)، لە ڕێی دروست کردنی پێوانەیەکەوە دەبێت هاوسەنگییەک دەستەبەر بکرێت. بەڕێوەبەری و فەرمانبەری هەردووکیان لە پێناو سەرکەوتنی ئەو دامەزراوەیەدا هەن کە تێیدا کار دەکەن؛ کاتێک بەرژەوەندییەکانی دامەزراوەکە پیش بەرژەوەندییەکانی خۆمان دەخەین ئەوا لای هەمووان ئاشکرایە کە لە بەرژەوەندی هەم دامەزراوەکە و هەمیش ئەو تاکانەدایە کە بوونیان مانایەکی بەخشیووە بە دامەزراوەکە. لە ڕاستیدا، پێویستییەکی مرۆڤێتییە بێ ئەوەی سازش لەسەر مافە دیموکراتییە بنەماییەکان بکرێت، دەبێت بە هاوئاهەنگی و دوور لە هەر ناخۆشییەک کار لەگەڵ بەڕێوەبەراندا بکرێت و بە ڕێزداری بەرامبەر مرۆڤەکان و بیروباوەڕەکان و داب و نەریتەکان بمێنینەوە و بەردەوام سەقاڵی کاری خۆمان بین.

 

میللەت

لە دونیاییەکی جیهانیدا، ئەوانەی بە پێی شەرت و مەرجەکانی ڕۆژ هەڵس و کەوت دەکەن و لە ڕێ ناساندنی خۆیانەوە باها بۆ خۆیان دروست دەکەن و هەم لای تاک وهەم لە پلانی میللەتدا گرنگ دەبن. ئەو تاک و کۆمەڵانەی کە وەک ئەوەی لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی خۆیاندا ڕژابنە ناو ئاوی دەفرێکەوە، بە پێی ئاست و قورسایی خۆیان ڕەنگ و تام و بۆن دەدەن بە ئاوەکە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا پێشبڕکێیەکی لەم شێوەیە بۆ هەموو میللەتەکان لە ئارادایە. بەتایبەتی لەمڕۆدا کە خۆبەخشانی بزوتنەوەی خزمەت بە جوگرافیای زۆر جیاوازی دونیادا بڵاو بوونەتەوە؛ دروست نەبوونی کێشە بۆیان لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیانەی تێیدا دەژین و تەنانەت گەشتنە ئاستێکی وەها کە بتوانن پێکەوە جووڵە بکەن تا کێشەکانی ئەو کۆمەڵگەیە چارەسەر بکەن و هەستیاریان لە پەیوەندییە مرۆییەکاندا وەک گرنگییەکی ژیان دەبینرێت. لەبەر ئەوە دەتوانین هەندێک لەو بنەمایانەی کە پێویست دەکات ڕەچاویان بکەین بەم شێوەیە ڕیز بەند بکەین:

  • ناسینی دوێنراوەکانی بەرامبەرمان گرنگە. زانینی ئەو شتانەی لای ئەوان گرنگترینن، ئەو شتانەی حەزیان لێیە، زانینی خولیا و چاوەڕوانییەکانیان، کەم و کوڕی هەڵەکان لە پەیوەندییە مرۆییەکاندا بۆ کەمترین دادەبەزێنێت.
  • هاوشێوەی ئەو داب و نەریتانەی لە ڕێی کەلتوورەکەمانەوە چەسپاوە لامان، نابێت ئەوامان لەبەر چاو لا بچێت کە دوێنراوەکانیشمان بە پێ کات چەندین داب و نەریتیان بۆ دروست بووە، هەرچەند ڕەنگە لە یەکەم بەر یەک کەوتنیشدا بۆ ئێمە جیاواز بێت، بەڵام دەبێت بەرامبەر نەریتی بەرامبەرەکان ڕێز بنوێنرێت. ڕەنگە هەندێک یاسا لە کەلتووری ئێمەدا نەچەسپیبن؛ بەڵام لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا گونجاو هەڵس و کەوت نەکردن بەو یاسایانە، ڕەنگە وەک کەم و کوڕییەکی گەورە لێک بدرێتەوە، جا زانینی ئەمانە بۆ ئەوەی نەکەوینە بارێکی لەو شێوازەوە گرنگی خۆی هەیە.
  • ئەنجام نەدانی بابەتگەلێکی وەها کە بەرامبەرەکانمان پێیان هەزم نەکرێت و ئازاریان نەدات.
  • هەمیشە خاوەنی هەڵس و کەوتی نەرم بین، تەنانەت ئەگەر خۆشمان کێشەمان هەبوو نابێت دوێنراوەکانمان تێ بگەیەنرێن و هەڵە و کەم و کوڕییەکانیان بە سنگ فراوانییەوە وەربگرین.
  • ڕەچاو کردنی ئادابەکانی تێکەڵی و پەیوەندی پێکەوە کردن گرنگە.
  • هۆکارەکانی پەیوەندی قسە و نووسینەکانمان دەبێت لە چوارچێوەی پرێنسیپەکانی نەرم مامەڵەکردن بێت. هەرچەن دوێنراوەکان ڕەفتاری نەگونجاویشیان لێ ببینرێت هەرگیز نابێت بچینە ئاستی هەڵس و کەوتەکانی ئەوان، کاتێکیش هەر بابەتێک باس و خواس دەکرێت، دەبێت هەمیشە بە پێوانەکانی عەقڵی سەلیم چارەسەر بکرێن.
  • بەڕێوە بردنی کارەکانمان لە چوارچێوەی پلانێکی دیاری کراودا، تەنانەت زانینی ئەمەش لەلایەن دوێنراوەکانمانەوە گرنگە.
  • هەندێک جار دیارییەکی بچووک، دەبێتە هۆکاری کردنەوەی دەرگای گەورە. ئەواتە پێغەمبەریشمان (درودی خودای لەسەر بێت) هەواڵی ئەوەمان پێ دەدات کە ئاڵ و گۆڕ کردنی خەڵات لە نێوان تاکەکاندا بنەمایەکی گرنگە بۆ زیاد کردنی خۆشەویستی.(بوخاری؛ ئدب المفرد، بيهقي؛ سونن الكبرا ١٢٢٩٧).

 

دروست کردنی دیالۆگ و بەردەوامی پێدانی

هەڕچەندە مرۆڤەکان ڕەگەز،ڕەنگ، زمان، ئایین و وڵاتیشیان جیاواز بێت بەڵام خاڵی هاوبەشی مرۆڤێتی لە نێو مرۆڤەکاندا زۆر گرنگە. بە جووڵان لەم خاڵەوە، دەتوانین دیالۆگ لە گەڵ سەرجەم مرۆڤەکانی سەر زەویدا دروست بکەین. هەر کەسێک تایبەتمەندێتی تایبەتی خۆی هەیە و دەشکرێ هەموو مرۆڤێک چەند خاڵێکی تێدا هەبێت کە بتوانرێت خۆشبویسترێت. نابێت ئەم دەستوورەمان بیر بچێت کە دەفەرموێت: “هەموو مرۆڤێک ناوازەیە؛ هەموو وڵاتێک تایبەت و جوانە”. کاتێک لەم جۆرە تێڕوانینەوە هەنگاو دەنێین، پەیوەندییە مرۆییەکان بە شێوازێکی خێرا گەشە دەکەن، تایبەتمەندییە جوانەکانی مرۆڤەکان دەتوانرێت چاوی لێ بکرێت. پەسەند کردنی هەر یەکێکیش لە شوێن و پێگەی خۆیەوە دەچێتە نێو ئەم بنەمایانەوە.

هاونیشتیمانییەکمان کە هیچ نەچووبێتە دەرەوەی وڵات، کاتێک دەچێتە گەشتی حەج کردن و لە بەرامبەر تێڕامانی دوور ودرێژیدا لە موسوڵمانێکی ئەفریقی و وتنی: “ئایا بۆیەکەت بە دڵ نییە یاخود بۆیە چییەکە؟” لەلایەن کەسێکی ترەوە کە تێروانینی هاونیشتیمانییەکەی ئێمەی بە لاوە نامۆ بێ، خاڵێکی ورد و ناسکە بۆ شەرمەزار بوونی ئەو کەسەی ئەو شتانەی دەیبینێ بە نامۆ وەریان دەگرێت.  ئەو مرۆڤانەی کە لەبەر وابەستە بوونیان بە مەرجەکانی ژیان لەمڕۆدا لە ڕووبەڕێکی فراوانی دونیادا دەژین پێکەوە، لێک نەگەشتنیان سەرەڕای ئەوەی یەک جۆر هەوا هەڵدەمژن، بە یەک زمان ئاخاوتن دەکەن و خاوەنی یەک کەلتوورن و یەک شوێنی ژیان دابەش دەکەن، بار و دۆخێکی ناڕوونە.

ڕێگاکانی دروست کردنی دیالۆگ تا بڵێی زۆرن. دەوترێت”ئەو ڕێگایانەی دەچن بەرەو خودای گەورە بە قەد ژمارەی هەناسەی دروست کراوەکانە”، کەواتە ڕێگاکانی دیالۆگ کردن بێ سنوورن. بە دەربڕینێکی تر بۆ ناو هەر دڵێک ڕێیەک هەیە.

هاوشێوەی دانیشتن لە هەمان شوێن و هاوشارێتی و هاوپیشە بوون و کار کردن لە هەمان شوێندا و هەندێک جاریش بەش کردنی هەمان چارەنووس، هاوسێیەتی و هاوڕێ بوون، زینجیرەیەک لە هۆکاری دیالۆگ، بوونیان هەیە. بەردەوامی دان بە یەکتر ناسینێك دوای یەکتر ناسینی جاری یەکەم، چارەسەر کردنی کێشەکانی بەرامبەرەکەت بە ئەنجام دانی فیداکاری لە چوارچێوەی پێوەرەکانی مرۆڤایەتیدا، بەڵام بێ ئەوەی بیر بکرێتەوە لەوەی قەد سوود لەوە ببینرێت، ئەگەر کەم و کوڕییەکیشی هەبوو بشارێتەوە و ئارامی لەسەر بگرێت، تەنانەت ئەگەر لەسەر حەقیش بوو لەو کێشانەی دروست دەبێت، لە پێناو ئەو دۆستایەتییەی کە دەکرێت لە داهاتوودا فراوانتر ببن، چارەسەریان واز لێبهێنێت بۆ کات، بتوانێت بەسەر خودی خۆییەوە ببێتە دادوەر و بۆ خەڵکی تر ببێتە داکۆکی کار، هەمیشە دەم بە پێکەنین بوون، پەیوەندی کردنی زوو زوو بە دۆستەکانییەوە و پرسینی حاڵ و گوزەرانیان، هەموو ئەمانە لە فاکتەرە گرنگەکانن. بەڵام کاتێک ئەم کارانە جێ بە جێ دەکەین، دوور کەوتنەوە لەو هەڵس و کەوتانەی بەها باڵاکانی ئێمە بێ بەها دەکەن و ڕاکردن لە هەر شتێک کە ناوبانگی ئێمە لەکە دار بکات کارێکی گرنگ و پێویستە.

دیاری ئاڵ و گۆڕ کردن لە ڕوانگەی دەست کردن بە دیالۆگ و بەردەوامی پێدانی هۆکارێکی گرنگە. بەڵام لەم بابەتەش دەبێت هاوسەنگی بپارێزرێت، نابێت هەرگیز بەرامبەرەکان بخرێنە ژێر منەتەوە. ئەو چاکانەی بێ چاوەڕوانی کردنی بەرامبەر ئەنجام دەدرێن و ئەو دیاریانەی پێشکەش دەکرێن دوێنراوەکان ئاسوودە دەکات. بە پێچەوانەوە، ڕێگایەک دەکرێتەوە کە تا بەرتیل خواردن و گەندەڵی کردن دەڕوات.

گرنگی دانی مرۆڤ بە بەردەوامی بە چوار دەوری، بە ئاگا بوون لەو ڕووداوانەی لە چوار دەوریدا ڕوو دەدەن و با ئاگا بوونی لە بار و دۆخی ئەو کەسانەی کاریان لەگەڵدا دەکات لە بنەما گرنگەکانی پەیوەندی مرۆڤایەتیین. مرۆڤ لە نێو ئەم پێوەرانەدا، هەندێک جار بە باس کردنی هۆکاری ئەو شتانەی ئەنجامیان دەدات بۆ بەرامبەرەکەی، خۆی لەوە دوور دەخاتەوە کە لەلایەن ئەوەوە گومانی خراپی پێ ببرێت. هەندێک جاریش دەکرێت مرۆڤ لەو بار و دۆخ و شەرتانەی تێیدا دەژی هەموو بەها و فاکتەرەکان پێچەوانە بووبنەوە. بە پێی ئەم دەستوورەی قورئانی پیرۆز کە دەفەرموێت: (هەر کەس لەسەر سروشت و فیترەتی خۆی هاڵس و کەوت دەکات) (الاسراء، ٨٤)، مرۆڤ لە نێو ئەو جۆرە بنەمایانەدا هەموو کات ئەوە ئەنجام دەدات کە دەکەوێتە سەر شانی، هەرگیز نابێت هەڵس و کەوتە چەوتەکان بە نموونە وەربگرێت.

 

زمانی حاڵ

لە پەویوەندییە مرۆییەکاندا گرنگترین فاکتەر زمانی حاڵە کە زمانێکی جیهانییە. ئەوە ڕاستییەکی چەسپاوە کە ئەگەر زمانی مرۆڤەکانی ئەو وڵاتەش نەزانرێ کە لێی دەژیت، ئەوا دەتوانرێت لە ڕێی ڕەوشتی جوانەوە زۆر شت بۆ ئەو مرۆڤانە باس بکات. بەداخەوە لە کۆمەڵگاکانی ئێستاماندا گرنگترین کەم و کوڕی نەبوونی ئەم زمانی حاڵەیە. واتە نەگوێزانەوەی وتە و بنەما جوانەکانمان بۆ نێو ژیان لە ڕێی حاڵ و هەڵس و کەوت و کردارەکانمانەوە.

بەرامبەرەکانمان هەر کەسێک بن، گرنگی و ماف پێدانی تەواو پێی و گوێ لێگرتنی، هەرگیز خۆ بە گەورە نەبینین و بوونە تاکێک لە نێو مرۆڤەکانی تردا، بەردی بناغەی پەیوەندییە مرۆییەکانن.

 

بەم جۆرە…

بەدیهێنەری مەزن کە مرۆڤی وەک جێنشینی سەر زەوی ناردووە،  هەموو ئەو پێداویستیانەی لە جێنشینییەکەیدا پێویستی پێ دەبێت پێی داوە و بەو هۆیەشەوە ئەو شێوازە هەڵس و کەوتانەی لە جێنشینییەکەیدا پێویستینی پێیەتی و چاوەڕێی لێ کراوە پێی گەیاندووە. لە پەیوەندییە مرۆییەکاندا دروستکردنی دیالۆگ لە ڕێی گرتنە بەری هۆکارە جیاوازەکانەوە، لە پێناوی بەدەست هێنانی ڕەزامەندی بەدیهێنەردا، بەردەوام لە خۆی بپرسێت؛ “تۆ بڵێی بتوانم چی زیاتر ئەنجام بدەم”، هەروەها بەمشێوازە بەردەوامی دان بە ژیانی، شێوازی هەڵس و کەوتێکی چاوەڕوان کراوە لە هەموو مرۆڤێکدا.

Show More
Back to top button