هەواڵ

پەیامی مافەکانی مرۆڤ لە دۆستانی کتێب لە ئەڵمانیاوە

 

بە بۆنەی ڕۆژی ١٠ کانوونی یەکەم کە ڕۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤە، دۆستانی کتێب لە شاری کایسەرسلاوتێرن لە ئەڵمانیا کۆبوونەوە. هەردوو ڕێکخراوی (Pfalzbibliothek ) و (impuls) بە هاوبەشی چالاکییەکیان ئەنجامدا و تێیدا ئاماژەیان بۆ ئەو ئەشكەنجە و پێشێلکارییانەی مافەکانی مرۆڤ کرد کە لە تورکیا و لە تەواوی جیهاندا دەگوزەرێت. ڕینەیت فلێش بەڕێوەبەری ڕێکخراوی (Pfalzbibliothek ) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە گرنگییەکی گەورەیان بە مافەکانی مرۆڤ داوە و ئامانجی سەرەکییان لە ڕێکخستنی ئەو جۆرە چالاکییانە بریتییە لە گەیاندنی دەنگی ئەو کەسانەی ناتوانن دەنگی خۆیان بە جیهان بگەیەنن.

هوری ئوغور لە پەیامێکیدا بە ناوی ڕێکخەرانی چالاکییەکەوە، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەوان دەیانەوێت لە ڕێگەی ڕێکخستنی ئەو جۆرە چالاکییانەوە سەرنجی جیهان بۆ لای ئەو کەسانە ڕابکێشن کە لە وڵاتانی وەک تورکیا و ئێران و سوریا و یەمەن و وڵاتانی هاوشێوەیان لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ بێبەش کراون و وتی “تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ ژمارەی ئەو کەسانەی بە هۆی جەنگ و پێکدادان و فشاری سیاسی و ستەمکارییەوە ناچاربوون هەڵبێن و ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن گەیشتە ٧١ ملیۆن کەس. بەرپرسەکان وانەیان لە مێژوو وەرنەگرت و دیسان بێدەنگییان هەڵبژارد. بەڵام ئێمە بێدەنگ نابین. تا ئەو کاتەی دەنگمان هەبێت مافەکانی مرۆڤ بیردەهێنینەوە و هاوار بۆ ڕاستیەکان دەکەین.”

ئوغور لە درێژەی قسەکانیدا بە شێوەیەکی ورد باسی لەو پێشێلکارییانە کرد کە بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا ئەنجامدراوە و وتی “بە گوێرەی هەموو سیستەمە یاساییەکانی گەردوون مرۆڤ لە کاتی لەدایکبوونییەوە کۆمەڵێک مافی هەیە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک زەوت بکرێت و پێشێل بکرێت. بەڵام لە لایەن ڕژێمی تورکیاوە کە هیچ بەهایەکی یاسایی تێدا نەماوە شکۆی مرۆڤ خراوەتە ژێر پێوە. تورکیا کراوە بە ناوەندێکی کراوەی گەورە بۆ ئەشکەنجەدان. دەیان مرۆڤ بە هۆی ئەشکەنجەوە گیانیان لەدەستداوە یاخود کەمئەندام بوون. لە گرتووخانەکاندا هەزاران کەس بە شێوەیەکی سیستەماتیکی ئەشكەنجە دەدرێن و لە هەموو مافە تەندرووستییەکانیان بێبەش بوون و مافی ژیانییان لێ وەرگیراوەتەوە. زیاتر لە ١١ هەزار ژن کە لە ژیانیاندا لە هیچ تاوانێکەوە تێوە نەگلاون بە شێوەیەکی نایاسایی خراونەتە گرتووخانەکانەوە. زیاتر لە ٧٨٠ منداڵی ساوا کە لە کاتێکدا بە پێی یاسا دەبوو لەگەڵ دایکیان ئازاد بکرێن لە ئێستادا لە زیندانەکاندا لەگەڵ دایکیان بەند کراون”.

 

https://www.tr724.com/alman-kitapseverlerden-insan-haklari-mesaji/

 

Show More
Back to top button