هەواڵ

پەرینچەک: ڕاوێژکارەکانی ئێردۆغان لە 14ی تەموزدا زانیاریان لەسەر کودەتاکە پێگەشت

دۆغو پەرینچەک, سەرۆکی پارتی ڤەتەن

 

دۆغو پەرینچەک سەرۆکی پارتی ڤەتەن کە بە پیاوی یەکەمی ئەرگەنەکۆن و دەوڵەتی قوڵی تورکیا ناسراوە، لە نوێترین لێدوانیدا باسی لەوە کرد کە ڕاوێژکارەکانی سەرۆک کۆمار لە ١٤ ی تەموزی ٢٠١٦، هەواڵیان لەسەر هەوڵی کودەتاکەی ١٥ ی تەموز پێگەشتووە.

پەرینچەک باسی لەوە کرد کە ئەلێکساندەر دوگین نێردەی تایبەتی ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕوسیا، ڕۆژێک پێش هەوڵی کودەتاکە لە تورکیا بووە و، هەواڵی جموجۆڵی نائاسایی سوپای تورکیای بە ڕاوێژکارەکانی ڕەجەب تەییب ئێردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا گەیاندوە.

پەرینچەک باسی لەوە کرد کە ڕۆژێک پێش هەوڵی کودەتاکە، خودی خۆی چاوپێکەوتنی دوگینی لەگەڵ مەلیح گۆکچەک و ڕاوێژکارەکانی ئێردۆغان ساز کردووە و، دوگینیش زانیاری تەواوی لەسەر هەوڵی کودەتاکە پێداون.

ئەمە بەشێکە لەو ڕێپۆرتاژەی پەرینچەک لەگەڵ ڕۆژنامەنوس ئەشرەف ئایدۆغموش ئەنجامیداوە:

پرسیار: ئەم ماوەیە باس لەوە دەکرێت کە جەماعەتی نەتەوەیەکانی تورکیا لەگەڵ ئێردۆغان هاوپەیمانێتیەکی شاراوەیان ئەنجامداوە و خۆشتان ئاگاتان لەو دەنگۆیانەیە، شتی وا هەیە؟ لەبەرچی ئەمە هێندە باسی لێوەدەکرێت؟

پەرینچەک: با سەیری ڕاستیەکان بکەین، لە پێش ساڵی ٢٠١٤، پارتی ڤەتەن لە ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی جەماعەتی فە… بوو، ئەمە خەباتێکی ٥٠ ساڵەیە، تەییب ئێردۆغان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، لەگەڵ جەماعەتی فەتحوڵڵا گولەن پێکەوە حکومەتێکیان دروست کرد. گەر تورکیا ڕووبەڕوی جەماعەتی فەتحوڵڵا گوڵەن بووبێتەوە، ئایا ئەمە هەڵوێستی ئێردۆغانە، یاخود خۆڕاگری پارتی ڤەتەنە؟ ئێمە ئەوەمان سەلماند کە جەماعەتی فەتحوڵڵا گولەن گروپێکی تیرۆرستی نێودەوڵەتی سەر بە ئەمەریکان، هەروەها ڕێگەمان خۆش کرد کە پاکسازیەکی باش بەرامبەر گلادیۆی ئەمەریکا ئەنجام بدرێت.

با بێینە سەر پەکەکە، دەسەڵاتی ئاکەپە قۆناغی ئاشتی لەگەڵ پەکەکەدا ئەنجامدا، هەروەها ڕێگەی بۆ خۆشکردن لە ناوچە کوردیەکاندا هەندێک ناوچە بگرنە دەست، شارەوانیەکانی ڕادەستی پەکەکە کرد، بەڵام گەر لە ٢٤ ی تەموزی ٢٠١٥ سوپای تورکیا سواری ملی پەکەکە بوو بێت، ئەمە سەرکەوتنی پارتی ڤەتەنە.

کاتێک تەییب ئێردۆغانەکان شانازیان دەکرد بەوەی فڕۆکەیەکی ڕووسیان خستۆتە خوارەوە، پارتی ڤەتەن بەرگری لە دۆستایەتی تورکیا و ڕوسیا دەکرد. پارتی ڤەتەن بەرەو شام و تەهران و مۆسکۆ ڕایکرد.

 ئێ تورکیا لە کۆتایدا هاتە کوێ؟  قۆناغی ئاستانا دەستی پێکرد، تورکیا-ڕوسیا- ئێران- ڕێکەوتن، سوریاش بە ناڕاستەوخۆ لەم ڕێکەوتنەدا بوونی هەیە، ئەمانە هەمووی سەرکەوتنی پارتی ڤەتەنە.

ئێستا لەبەردەمماندا کێشەی ئابوری هەیە، پارتی ڤەتەن دەتوانێت ئەم کێشانە بە ئاسانی چارەسەر بکات،ئاکەپە خەریکی زیگزاگ لێدانە، کاری بێسەر و بەرە دەکات، چونکە ئەمە پڕۆگرامی ئەو نیە.

چونکە ئاکەپە بە ناچاری پڕۆگرامە کۆنەکەی جێهێشتووە، بەڵام سێبەر و ژەنگی ڕابردووی بە ناچاری لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتوە و هەربۆیە لە کاتی رۆشتندا لەتر دەدات، هەر بۆیە هەرکەسێک خاوەنی ئەو پڕۆگرامە سەرکەوتوانە بێت، ئەو دەبێتە دەسەڵات.

پرسیار: گەر ئەو پڕۆگرامەی ئێوە باسی دەکەن، ئەوان هەستن بە ئەنجامدانی ئیدی پیویست بە ئۆپۆزسیۆن بوونی ئێوە ناکات، وانیە؟

 

پەرینچەک: ساڵی ٢٠١٨ زۆر گرنگە، چونکە لەم ساڵەدا ئابوری بەڕێوەبردن بە هۆی قەرزی دەرەکیەوە مایەپوچ بوونی ئاشکرا دەبێت، لە سەر و ٤٠٠ ملیار دۆلارەوە قەرزمان هەیە، دەبێت بەپەلە لە ماوەی ساڵێکدا پارە بدۆزێتەوە، ساڵی داهاتوو لەگەڵ کورتهێنانی بودجەدا ١٠٠ ملیار کورتهێنانی قەرزی دەرەکیمان دەبێت.

واتە نزیکەی ٢٠٠ ملیار کورتهێنانی دەبێت و ئاکەپە ناتوانێت ئەم پارەیەی دەست بکەوێت. هەر لەبەر ئەوە ساڵی داهاتوو توشی ژانی ئەوە دەبین، کە ئابوریەکی وەبەرهێن دروست بکەین.

ئەمەش بە واتای ئەوە دێت لە تورکیادا گەڕان بە دوای ڕێگە چارەیەکی نوێ و دەسەڵاتێکی نوێ دروست دەبێت، ڕاوێژکارانی ئابوری ئێردۆغان ئەوە چاک دەزانن کە ئابوری تورکیا لە بەرامبەر کۆسپێکی گەورەدایە و دانیان بەمەشدا ناوە.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئەنقەرە، بە هەندێک لە کەسە نزیکەکانی وتووە ” ساڵی ٢٠١٨ بۆ تورکیا دەبێتە دۆزەخ”.

 

پرسیار: ئێوە وتتان لە ڕیفراندۆمی سەرۆکایەتیدا نەخێر دەردەچێت، ئەو کاتەش زۆر دڵنیا بوون لە قسەکانتان.

پەرینچەک: بە ڕێژەی %٠.٠٥ هەڵەمان کردووە، %٤٩.٥ دەنگیان بە نەخێر داوە، جگە لەوە هەندێک فێڵیش کرا، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە ئێوارەی دەنگدانەکەدا بڕیاری ئەوەی دەرکرد ئەو دەنگانەش ئەژمار بکرێت کە مۆری کۆمیسیۆنیان لێنەدراوە.

یاساکە زۆر ئاشکرایە، دەڵێت دەبێت هەموو زەرفەکان مۆری کۆمیسیۆنیان پێوە بێت، ئەو بڕیارەیان دژی یاسایە. لە ڕاستیدا ئەم بڕیارەیان، لە ڕووی یاساییەوە دەنگدانەکەی پووچەڵ کردەوە، لە زۆر شوێن ساختەیان ئەنجام داوە، ئەگینا هەر دەدنگی نەخێر دەردەچوو…

پرسیار: پێش کەمێک باسی ئەوەت کرد کە تورکیا بەرەو هێڵی ئاڤراسیا هەنگاو دەنێت، ئایا ئێستا تورکیا لە نێوەندی ئاڤراسیا و ناتۆ گیری خواردووە؟

پەرینچەک: تورکیا ئێستا لە سیستەمی ئۆقیانوسی دابڕاوە، تورکیا چیدی ناتوانێت بگەڕێتەوە سیستەمی ئەودیو ئۆقیانوسەکان، چونکە ئەو سیستەمە بە واتای دوولەت بوونی تورکیا دێت.

سیستەمی ئۆقیانوس بە نیسبەت تورکیاوە بە واتای دروستبوونی کوردستانی تورکیا و ئیسرائیلی دووهەم دێت. ئەم سیستەمە بە واتای خنکاندنی تورکیا دێت لە قەرزی دەرەکیدا.

تورکیا ئێستا بەرامبەر هێزەکانی ناتۆ و ئەمەریکا وەستاوە، لەبەر پاراستنی ئاسایش و ئابوری خۆی، دەبێت ڕووبەڕوی ئەو هەڕەشانە ببێتەوە کە لەودیو ئۆقیانوسەوە ئاڕاستەی دەکرێن.

دۆستەکانی تورکیا ئێستا بریتین لە عێراق، ئێران، ڕوسیا، چین، دەوڵەتە تورکەکانی ناوەڕاستی ئاسیا. تورکیا ئیستا لە دەرگای شەنگەهای دەدات.

پرسیار: ئایا لە سیستەمی شەنگاهایدا چ وڵاتێک هەیە ببێتە ڕۆڵ مۆدێلی تورکیا؟ چ وڵاتێک لەم سیستەمەدا خاوەنی بنەماکانی دیموکراسی و ئازادی و سیستەمێکی عەلمانیە؟ ئێوە پێشکەوتنی سیاسی تورکیا بە چ وڵاتێک دەشوبهێنن؟

پەرینچەک: هیچ وڵاتێک نیە بتوانێت ببێتە مۆدێلی تورکیا. تورکیا بە شۆڕشی کەمال ئەتاتورک مۆدێلی خۆی خولقاندووە. تورکیا تەنیا یەک ڕێگە چارەی لەبەردەمدایە، ئەویش تەواوکردنی شۆڕشەکەی موستەفا کەمال ئەتاتورکە. واتە تورکیایەکی کۆماری، نەتەوەیی، لایەنگری خەڵک، لە دەوڵەتێکی عەلمانی شۆڕشگێڕدا بچەسپێنێت.

ئێوە لە دژی ناتۆن، بەڵام گەر تورکیا چووە سیستەمی شەنگەهای، لە بەرامبەر ڕوسیای خاوەن موشەکی S-400 چی پێدەکرێت کە هێزێکی نا هاوتای خۆیەتی و، ئایا بەمە ناچێتە ژێر ڕکێفی دەوڵەتێکی گەورەتر لە خۆیەوە؟

پەرینچەک: لە نێوان ڕوسیا و تورکیا پەیوەندیەکی وەها نیە کە تورکیا ببێت بە ژێر هەژموونی ڕوسیاوە، لە نیوان پەیوەندیەکانی ڕوسیا و تورکیا ئامادەی هاوسەنگی هەیە، ئەمە یەک.

دووهەم، تورکیا بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ئامانجە کە هاوسەنگی پارێزراو بێت، دەتوانێت ڕێچکەیەکی هەبێت کە بەرژەوەندیەکانی تورکیای تێدا پارێزراو بیت.

پرسیار: لە وتارێکتاندا دەپرسن ” ئایا ئێردۆغان دەگەرێتەوە لای ئەمەریکا؟”، ئێوە سەرنجێکی لەو شێوەیەتان هەیە؟ گەر ئێردۆغان دووبارە ڕووی کردەوە بە لای ئەمەریکا و ناتۆ چی دەبێت؟

پەرینچەک: ئێستا لە ناوەندەکانی کۆمەڵگادا باسی ئەمە دەکرێت، هەندێک شاگەشکەی ئەوەن ئێردۆغان بگەڕێتەوە لای ئەمەریکا. واتە گەر بگەڕێتەوە زۆر خۆشحاڵ دەبن. منیش بەو هۆیە نوسیم، بەڕای من تورکیا جارێکی تر ناتوانێت بگەڕێتەوە لای ئەمەریکا.

پەرینچەک: لەبەر ئەوەی تورکیا بواری گەڕانەوەی نیە، بەرپرسانی ئێستای تورکیا خاوەنی مەودایەکی فراوانی سەربەستانە نین، تورکیا ئێستا ڕووبەڕووی ئەمەریکا بۆتەوە.

ئەمەش لە بابەتی ئابوریدا بەدی دەکەین، دەبینین کە هەندێک هەڕەشەی ئابوری ئاڕاستەی تورکیا دەکەن، تورکیاش بە هۆی ئابوری قەرزی دەرەکیەوە شانسی بەردەوامی نیە.

کاتێک هەموو ئەمانەمان خستە سەر یەک، تورکیا ئێستا لەسەر ڕێگای ئاڤراسیایە،  ساڵی پار لە پەکین وێنەیەک گیرا، لە ناوەڕاستدا پۆتین، شی جین پینگ سەرۆکی چین، تەییب ئێردۆغان، نورسوڵتان نەزەربایەڤ سەرۆکی کازاخستان، واتە ئەمە وێنەی داهاتووی دونیایە، ئەو وێنەیە شانسی گۆڕانکاری تێدا کردنی نیە.

پرسیار: دەمەوێت وردە وردە بێمە سەر باسی سوپای تورکیا، دەڵێن لە ناو سوپادا جەماعەتی پەرینچەک هەیە، ئایا ئەمە ڕاستە؟

پەرینچەک: نەخێر ئەمە قسەیەکی زۆر هەڵەیە، ڕۆژنامە ئەمەریکیەکان ئەمە دەنوسن، ڕۆژنامە ئەڵمانیەکان ئەمە دەنوسن، مایکڵ ڕوبین کە پێشتر یەکێک بووە لە بەرپرسەکانی پێنتاگۆن و دەزگای هەواڵگری ئەمەریکی، بەردەوام ئەمە دەهۆنێتەوە.

لە ناو سوپادا پاکتاوێکی گەورە ئەنجامدرا، سوپای تورکیا ڕاپۆرتێکی زۆر گرنگی بە دادگاکانی تورکیا داوە،  لەو ڕاپۆرتەدا ٣٠ هەزار ئەندامی سوپا لە جەنەڕال و ئەفسەر و یاریدەدەری ئەفسەر و خوێندکاری سەربازی سەر بە فە… لە ناو سوپادا پاک کردۆتەوە.

پرسیار: با بێینە سەر ١٥ ی تەموز، ئێوە لە لێدوانێکتاندا دەڵێن”  کاتێک دوگین پێی وتین لە ناو سوپای تورکیادا جموجوڵێکی نائاسایی هەیە، ئێمەش پێمان وت بە کاربەدەستانی تورکیا ڕابگەیەنێت، ئەویش هەرچی بە ئێمە وت، بە مەلیح گۆکچەکی سەرۆک شارەوانی ئەنقەرە ڕاگەیاند، حکومەت ئاگای لە کودەتاکە هەبوو، گەر من ئاگام لێ بوو بێت، قابیلە میت ئاگای لێنەبێت؟”

پرسیارەکەم ئەوەیە بۆچی هەواڵی بە گۆکچەک دا؟ گەر وەک خۆت دەڵێی میت و حکومەت ئاگایان لێبووە، بۆچی ڕێگریان لێنەکرد؟

پەرینچەک: من یەکەم جار ئەم هەواڵەم لە یاریدەدەری گشتی پارتەکەمان بیست بە ناوی حەسەن ئەتیلا ئوغور، ئەو ڕۆژە ئەتیلا لەگەڵ ڕۆژنامەی یەنی شەفەق ڕێپۆرتاژی هەبوو، لەو ڕێپۆرتاژەدا وتی ” سوپا بە تەمایە لە کۆتای مانگی تەموزدا کۆ ببێتەوە و جەماعەتی فە… پاکتاو بکات، ئەوانیش پێش ئەوە چەک بکرێن، هەوڵی کودەتایەک دەدەن چونکە لە دوای ئەو بەروارە چەکیان لە دەستدا نامێنێت”.

پێش ئەوەی ئەم قسانە بۆ یەنی شەفەق بکات لای من باسی کرد، منیش پێم وت کەوا بە یەنی شەفەق بڵێت ئەم قسانە بە حکومەتی تورکیا بگەیەنن. پێش ئەوەی ئەم قسانە بۆ یەنی شەفەق بکات لای من باسی کرد، منیش پێم وت کەوا بە یەنی  شەفەق بڵێت ئەم قسانە بە حکومەتی تورکیا بگەیەنن.

پرسیار: ئێ باشە ئێوە بە ڕۆژنامەی یەنی شەفەقتان وت، ئەی بۆ بە میت و حکومەتتان ڕانەگەیاند؟

پەرینچەک: ئێ شتێک بگاتە ئێمە و ئەتیلا، قابیلە نەگاتە میت و حکومەت؟

دووهەم: ئەلێکساندەر دوگین کە لەسەر بانگهێشتی ئێمە پێش دوو ڕۆژ هاتە تورکیا، پێی راگەیاندین کەوا دەوڵەتی ڕوسیا پێشبینی جموجوڵێکی نائاسایی سوپای تورکیا دەکەن. ئەو ڕۆژە لەگەڵ ڕاوێژکارەکانی ئێردۆغان چاوپێکەوتنی ئەنجامدا، هەروەها چوو بۆ لای سەرۆک وەزیرانی تورکیاش. دواتر چاوی بە مەلیح گۆکچەکیش کەوت.

دواتر کە بینیمانەوە ئەوەی پێ راگەیاندین کە زانیاریەکەی بە کاربەدەستانی وڵات ڕاگەیاندووە، دوگین لە ١٤ ی تەموز، زانیاری تەواوی لەسەر کودەتاکە بە مەلیح گۆکچەک و ڕاوێژکارەکانی ئێردۆغان ڕاگەیاند.

 

پرسیار: لەگەڵ چ ڕاوێژکارێکی چاوپێکەوتنی ئەنجامدا؟

پەرینچەک: ئێستا با من ناوەکانیان نەڵێم، لەگەڵ دوو یان سێ ڕاوێژکاری کۆبوویەوە، لە تۆماری دەوڵەتدا هەموو ئەمانە هەیە.

لە هەموو ئەمانەش گرنگتر، ئێمە لە ١ ی تەموزددا واتە پێش ١٥ ڕۆژ، ٤٠٠ هەزار بەیاننامەی چاپکراومان لە ناوخۆی وڵات بڵاوکردەوە، لەو بەیاننامەدا ئاماژەمان بەوە کرد کە ئەمەریکا پرۆژەی دروستکردنی دەسەڵاتێکی نوێی هەیە لە تورکیادا. هەروەها ئاماژەمان بەوە کرد کە ئەمە لە ڕێگەیەکی ناشەرعی ئەنجام دەدات.

 

سەرچاوە: TR724

Show More
Back to top button