بیروڕا

پەروەردەکردنی منداڵ لە ڕۆژئاوا و نەریتەکانی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵات

بەخامەی: سەفوەت سەنیح

 

کەسێکی ژیر و خاوەن ئەزموون هەبوو کە لە سریلانکاوە هاتبووە فیلادلفیا. ناوی موحیەدین بوو… پێیان دەوت حەزرەتی باوا موحیەدین. باوا واتە بابە. ئەو زاتە ببووە هۆکار بۆ هیدایەت وەرگرتنی چەندین کەس، بە بەها ڕەوشتییەکان و بەهای ئیمانی بووە نمونەیەکی جوان بۆ هەموو تەمەن و هەموو ڕەگەز و هەموو نەژادەکان. بۆ نمونە کاتێک باسی سمۆرەی کێوی دەکرد، دەیوت: “سمۆرەی کێوی تووکەکانی زۆر بریقە دەداتەوە، لە پێش چاو بە شتێکی جوان دەردەکەوێت. بە فیز و خۆبەگەورەزانییەوە بە ڕێگەدا دەڕوات. ئەگەر بەو شێوەیە تەماشا بکەین، ڕاستەوخۆ کەسێکمان بەبیر دێتەوە کە لە بەرزاییەوە تەماشای هەمووان دەکات. بەڵام بۆنێکی هێندە پیس و ناخۆشی هەیە کە مرۆڤ کاتێک لێی نزیک دەبێتەوە پێویستە لوتی بگرێت و لێی دووربکەوێتەوە. ئەگەر ئەو سمۆرە کێوییە بیزانییە بۆنێکی هێندە ناخۆشی هەیە و لایەنێکی هێندە پیس و ناشرینی هەیە، ئەوا لە شەرمەزارییدا ڕەگ و ڕیشەی ئەو تووکانەی دەردەهێنا کە بووەتە هۆی درووستبوونی خۆبەگەورەزانین بۆی. بەڵێ ڕەوشتە خراپەکانی وەک فیز و خۆبەگەورەزانین و بە کەم تەماشاکردنی خەڵکی وەک ئەو بۆنە پیس و ناخۆشەی سمۆرە کێوییەکەن. ئەو مرۆڤەی بە ڕاستی دەبێتە مرۆڤ، خۆی دوور دەخاتەوە لە هەموو ئەو شتانەی دەبنە مایەی بڵاوبوونەوەی نەفرین بە چواردەوردا، وە ڕاستەوخۆ بە تەواوی خۆی لەو ڕەوشتانە دادەماڵێت. وە لە شوێنی ئەو ڕەوشتانە پێویستە خۆی لەسەر ڕەوشتە جوانەکانی وەک خۆبەکەمزانی و میهرەبانی و ڕاستگۆی و ڕەوشتە جوانەکانی دیکە ڕابهێنێت. وە هەروەها پێویستە ئەو ڕەوشتە جوانانە هەر لە منداڵییەوە فێری منداڵ بکرێت و گەورەکان ببنە نمونەیەکی جوان بۆیان. ئەگەر هەر لە تەمەنی منداڵییەوە و لە ڕێگەی پەروەردەوە منداڵ فێری ڕەوشتە جوانەکان و ئەنجامدانی ڕەفتاری جوان و گونجاو لەگەڵ کۆمەڵگادا نەکرێت، دواتر ئەو کارە زۆر قورس دەبێت.”

لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێکانم دەربارەی دیموکراسی قسەمان دەکرد. کەسێکی ئەکادیمی کە لە ئەڵمانیا پێگەیشتبوو وتی: “لێرە دیموکراسی شێوازێکی ژیانە… واتە هەر لە منداڵییەوە دەستپێدەکات. ئەو بڕیارانەی لە ماڵەوە دەدرێت دەربارەی ئەو کارانەی کە پێویستە ئەنجام بدرێن، بە بەشداری منداڵان دەدرێن. کاتێک لە خوێندگەکاندا بڕیار دەدرێت شتێک بکرێت، بە دڵنیاییەوە لەگەڵ وەرگرتنی ڕای مامۆستایان ڕای خوێندکارەکانیش وەردەگیرێت… وە بەو هۆیەوە بووەتە کەلتورێک. هەموو شتێک دەنگدانی لەسەر دەکرێت. مافەکانی مرۆڤ، کێشەکانی ترافیک، بابەتی باج و هەتا دوایی… هەموو شتێک لە تەمەنێکی زۆر منداڵییەوە دیاری دەکرێت. ئەو کات لە مێشکدا دەچەسپێت. وە ئەو شتانەش لەو تەمەنە منداڵییەدا لە مێشکی منداڵدا دەچەسپێت هێندە بە ئاسانی گۆڕانکاری بەسەردا نایەت.”

کەسێکی ناسیاوم کە نزیکەی ١٠ بۆ ١٥ ساڵ پیش ئێستا لە لەندەن بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێنابوو، بارودۆخی ئەو شوێنەی بۆ گێڕامەوە و وتی: “لە شاری لەندەن لە ناوچەیەکدا دەماینەوە کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی لە چینی باڵا بوون. دایەنگە و باخچەی ساوایانیشی بە هەمان شێوە کوالیتی زۆر بەرزبوو. لە دوای سێ ساڵییەوە کوڕەکەمان ناردە باخچەی ساوایان. هەموو ڕۆژێک کارتێکیان پێدەداین دەربارەی کار و چالاکییەکان منداڵەکەمان. واتە بۆ هەموو منداڵەکان… تێبینی ئەوەیان کردبوو کە ‘ئەمڕۆ منداڵەکە لە کاتی ڕۆشتندا فڵان شتی بەسەرهات، یاخود ڕەنگە شتێک لە چاویدا هەبێت’. ئێمەش ڕاستەوخۆ بردمانە لای پزیشکی چاو، وە بۆمان دەرکەوت کە کێشەیەکی هەیە بەڵام دەکرێت چارەسەر بکرێت… وە ڕۆژانە چەندین تێبینی دیکەیان دەربارەی کوڕەکەمان بۆ دەناردین وەک ‘منداڵەکەی ئێوە لە بواری بیرکاریدا توانای زیاترە’، ‘منداڵەکەی توانای میوزیک و وێنەکێشانی هەیە’. زۆر بە باشی پەروەردەیان دەکردن. بۆ نمونە پێویستە بە خێرایی بڕۆین بۆ فڕۆکەخانە بۆ ئەوەی فڕۆکەکەمان لەدەست نەچێت. دەمەوێت بە کارمەندەکانی باخچەی ساوایان بڵێم و منداڵەم ببەم. بۆم نییە یەکسەر بە منداڵەکەم بڵێم ‘وەرە ڕۆڵە… واز لە یارییەکەت بهێنە’ وە یەکسەر بیبەم. هەرگیز ڕێگە نادەن شتێکی وا ڕووبدات. سەرەتا پێویستە قسەی لەگەڵ بکەیت و بۆی ڕوون بکەیتەوە کە بۆچی پێویستە زوو بڕۆین و بۆچی پێویستە واز لە یارییەکەی بهێنێت، وە پێویستە قەناعەتی پێ بکەیت دەربارەی ئەو بابەتانە و پاشان دەتوانیت بیبەیت… ئێستا لە ئەنقەرەوە بەرەو لەندەن دەگەڕێینەوە. خەسووم کوڕەکەمی زۆر خۆش دەوێت. ڕۆژێک لەگەڵ خۆی بردی بۆ کۆگایەک کە پاسکیلی تێدا دەفرۆشرا. حەزیان لە پاسکیلێکی زۆر جوان کردبوو، وە خەسووم دەیویست بیکڕێت و بیکات بە دیاری بۆ نەوەکەی. کاتێک هاوسەرەکەم هەستی بە بارودۆخەکە کرد وتی: ‘دایکە من کۆمەڵێک شتی زۆر قورسم پێیە و ناتوانم ئەوە لەگەڵ خۆم بە فڕۆکەکە بەرمەوە. لە لەندەن لەوە جوانتری لێیە و هەم هەرزانتریشە، بۆ خاتری خوا واز بێنە و بۆی مەکڕە’. بەڵام کوڕەکەمان بە دڵخۆشییەوە باوەشی کردبوو بە پاسکیلەکەدا. ئەوانەش کە لەوێن شاهێدی ئەو دیمەنەن و تەماشا دەکەن بۆ ئەوەی بزانن چی ڕوودەدات. واتە منداڵێک باوەشی بە پاسکیلێکدا کردووە کە زۆری حەز لێیەتی و ئێوەش دەتانەوێت لێی بسەنن. ئایا ئەوە دەکرێت؟ ئەو ناوە تێکوپێک دەدات!.. هاوسەرەکەم دەڕوات و دوای کەمێک قسەکردن لەگەڵ کوڕەکەمان بە ئاسانی قەناعەتی پێدەکات. لەبەر ئەوەی لە پەروەردە و کەلتورێکی لەو شێوەیەدا پێدەگەن. بەڵێ ئێمەش پێویستە ئەو جوانییانە وەربگرین و بیکەین بە بەشێک لە خۆمان…”

لەگەڵ ئەو کچانەی لەنێو ئەو کەلتورەدا پێگەیشتوون، وە هەم ئەوانەی موسوڵمان بوون، هەندێک جار ناتوانن درێژە بە پرۆسەی هاوسەرگیرییەکەیان بدەن… موسوڵمانەکانی ئێمەش واز لە نەریت و خووە کۆنە خراپەکانیان ناهێنن. دواتر گرژی و ئاڵۆزی گەورە درووست دەبێت و هەندێک لە لانەکان هەڵدەوەشێنەوە. کچەکانی عەقڵیان ئەو شتانە نابڕێت و دەڵێن: “لە ئایینی ئیسلامدا ڕێز لە ماف و یاسا و حەق دەگیرێت، بەڵام ئێوە ڕەچاوی هیچ شتێک لەوانە ناکەن. من لە باوەڕ و تێگەیشتنێکی دیکەوە هاتووم و لە نێو جوانییەکانی ئیسلامدا دەژیم، بەڵام تۆ ڕەچاوی هیچ شتێک ناکەیت!..” ئایا ناحەقییەتی؟ نەخێر…

لەبەر ئەوە پێویستە هەر لە سەرەتاوە پەروەردەی ماف و یاسا و دادپەروەری فێری منداڵان بکرێت. بەها مرۆڤایەتییە جیهانییەکان، وە لە هەمان کاتدا ئەو جوانییانەی لە پەیامە ئاسمانییەکاندا هەیە…

تکایە ئاگاداربن… تکایە ئاگادار بن…

 

سەرچاوە: http://www.shaber3.com/batida-cocuk-yetistirmek-ve-dogu-toplumlarinin-aliskanliklari-haberi/1319656/

Show More
Back to top button