بیروڕا

پێکدادانی شارستانیەتەکان تەنها بە خزمەت تێدەپەڕێندرێت

 بەخامەی فکرەت کاپڵان

 

لە ئەیلولی ساڵی ١٩٩٠دا پ.د. بێرنارد لویس پرۆفیسۆر لە زانکۆی پرینسیتۆنی ئەمریکا و زانا و شارەزای خۆرهەڵاتی نزیک لە گۆڤاری مۆنتلی دا بە ناونیشانی ”ڕەگی توڕەیی موسوڵمانان” بیردۆزی ”پێکدادانی شارستانییەتەکان”ی خستەڕوو. لویس لە نووسینەکانیدا باسی لەوە دەکرد کە موسوڵمانەکان بەردەوام دەبن لە کاردانەوەی گرنگی مێژوویی بەرنابەر بڵاوبوونەوەی بەها عەلمانیی و میراتە (مەسیحی و یەهودیی)ەکانی ئێمە بە جیهاندا.

بە بڕوای بێرنارد لویس، ئەمریکا کە نوێنەرایەتی بەهاکانی خۆرئاوا دەکات لە وڵاتانی ئیسلامیدا وەک کوبا و ڤێتنامی بەسەر نەهاتووە، بەڵام لە چاوی خۆرئاوادا ئیسلام بەرەو ئەوە دەڕوات کە ببێتە ئاینی پێکدادان و بەرهەمهێنانی تیرۆر. ئەو جۆرە موسوڵمانەش کە ئاینێکی لەو جۆرە پێیدەگەیەنیت کەسێکی شەڕکەر و خۆکوژ دەبێت.

پاش لویس، ساموێل هەنتینگتۆن کەسایەتی و زانای سیاسیی ئەمریکی لە گۆڤاری فۆریگن ئەفەیرس دا وتاریکی لەژێر ناوی (پێکدادانی شارستانیەتەکان؟!) زیاتر ئەو بیردۆزەی بەناوبانگ کرد و لە گرنگترین بنەماکانی بیردۆزەکەیدا ئاینی وەک هۆکارێک دانابوو. هەر خۆی مەبەست لە (پێکدادانی شارستانییەتەکان) پێکدادانی ئاینەکان بوو.

بە تێپەربوونی کات و بەپێی دۆخەکە، خۆرهەڵاتناسەکان تێڕوانین و شیکردنەوەکانیان مۆرکێکی سیاسی وەرگرت. زانیاری و بیرۆکەکانیان بوونە کەرەتسەی ئایدۆلۆژی، بەوجۆرەش خۆرهەڵاتناسەکان چوونە دەرەوی لێکۆڵینەوەکان و بوونە ئاراستەکەری ئەو کۆمەڵگایانەی کە لێیان دەکۆڵینەوە. وردە وردە بابەتی خۆرهەڵاتناسی لە سەرەتاوە لەلایەن دەمارگیر و پیاوە ئاینییەکان و مێژوونووسەکانەوە، دواتر لەلایەن زانا و کۆمەڵناس و سەرباز و سیاسیییەکانەوە، پاشان لەلایەن نووسەر و هونەرمەند و ڕاگەیاندنکارەکانەوە قسەی لەسەر دەکرا، بەبێ ئەوەی سەردانێکی خۆرهەڵاتیان کردبێت زانیارییان پەخش دەکرد و باسی خۆرهەڵاتیان دەکرد.

بە بڕوای ئەوان، خۆرهەڵات؛ شوێنێکی سەرەتایی و دواکەوتوو، مرۆڤی لاواز و تەمبەڵ و ڕووتوڕەجاڵ، حوکمی پاشای ستەمکار و خۆسەپێن و چەندین شوێنی نامۆیە. خۆرئاواش؛ چالاکی و گفتوگۆ و ئازادی و سەربەخۆیی و ڕژێمی دیموکراسی یە. خۆرهەڵاتناسەکان بەجۆرێک مامەڵەیان دەکرد، کە دەیانوت (ئێمە و ئەوان) واتە مەسیحییەت و موسوڵمانەکان، هەردەمیش بەدوای کەموکورتیدا دەگەڕان. ئەو کارانەش بوونە هۆی ڕێگرتن لە گەیشتنی تێگەیشتنی ڕاست و دروستی پێغەمبەر (د.خ) و هەموو زانایان و موسوڵمانان بە ئەمڕۆ.

لای خۆرئاواییەکان حوکم و بیرۆکەیەکی پێشینە لەسەر موسوڵمانان دروست بوو. بەڵام بەردەوامیش لە ژیانی موسولماناندا ڕووداوگەلێک دروست دەبوون کە بیرۆکەکانی ئەوان پشتڕاست بکاتەوە. ئەو کەسانەش کە دەیانوت موسوڵمانین، هیچ خۆیان لەوە نەدەپاراست کە بە کردەوەکانیان وێنەی پاکی پێغەمبەر (د.خ) و ئیسلام بکەنە قوربانی. بە پێی ژیان و تایبەتمەندییەکانی خۆیان کە دەیانویست، هەندێکیش لەپێناو سودی خۆیاندا ئیسلامیان شێواند.

هاوکات بەم ڕووداوانەی کە لەم دواییەدا لە تورکیاش ڕوویاندا دەکرێت ئەو خاڵە لە لوتکەدا ببینرێت. وەک بڵێی هەواو هەوەس شوێنی بۆخواسوڵحان و بیرکردنەوەی دروست و تێبینییە دروستەکانیان گرتبێتەوە. مرۆڤەکان هەست و ویستەکانی خۆیان بە لۆجیک و مەنتق دەزانن، بە دادوەریی دەزانن و پێی دەڵێن ئاین.

ئەو بیر و هزرانەی کە بە ڕۆژنامە و تەلەڤیزیۆنەکان شێوێندراون، هەر خۆیان لە بنەڕەتدا هەندێک بیرۆکە و حوکمی پێشینەیان داوە بەسەر ئیسلامدا. بەم پارچەپارچەبوونەش بەهۆی حوکمە پێشینەکانەوە زیاتر لە نزیکبوونەوەی خۆرهەڵات و خۆرئاوا بەرەو زیاتر دوورکەوتنەوە و پێکدادانەکان دەڕۆیشن. ئیتر سیناریۆی پیکدادانی شارستانیەتییەکان دووبارە دەبوویەوە.

لەلایەکی تریشەوە ئەو پێشحوکمانەی لەسەر ئیسلام دروستبوون، بە بڵاوکردنەوەیان لە کۆمەڵگەی خۆرئاوادا حەوسەڵە و دۆخی زۆرکەسی ڕادیکاڵیان گەرم دەکرد. هەندێک بە کاریکاتۆر، هەندێک بە فیلم، هەندێک بە فشار و سوکایەتی و هەندێکیش بە هێرشێکی جانەوەرانەی هاوشێوەی ئەوەی نیوزلەندا ڕقی خۆیان دەڕێژن. تیرۆر زیانی خۆی دەدات، لە هەردوو شارستانیەتییەکەشدا ئەو جۆرە لە توندڕەوی دونیا بەرەو نائومێدی و ڕەشبینی دەبات. هەرچەندە تیرۆر لە هەموو ئاینەکاندا بێزراوە، تیرۆر و ترساندن هیچ ئاینێکی نییە، بەڵام پێویستە کە کەسانێکی دڵسۆز و ڕاستگۆ و ڕاشکاو ئەمە بە دونیا بگەیەنێت.

ئیسلامۆفۆبیا، دژایەتی جولەکەکان، دوژمنایەتی مەسیحیەت، دژایەتی کردنی هەر بێگانەیەک، یاخود هەر ناکۆکی و دوژمنایەتییەک کە کینە و ترس و کێشە بڵاودەکاتەوە کێشە و ئاریشەیەکی دەروونی و مرۆڤایەتییە. جا لە پشت هەر بیروباوەڕ و بیرکردنەوەیەکەوە ئەنجام بدرێت، تیرۆر جانەوەرییە و چارەسەرەکەشی دەست لەناو دەست یەککردنی مرۆڤایەتییە.

ئێستا بەو ڕووداوەی نیوزلەندادا زیاتر دەرکەوت کە چ ئەرکێکی قورس لەسەر هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت هەیە کە وەک تۆوێک بن و خودا بە هەرچوار لای جیهاندا وەشاندبنی بڵاوبوونەتەوە. لەمەدا نیازیکی ئیلاهی هەیە.  پێویستە دیسان ڕووی ئاشتیی و خۆشەویستی و کراوەی ئیسلام بە شێوە ڕاستەکەی پێشانی دونیا بدرێتەوە. پێویستە بەرانبەر توندڕەویی ترسێنەر، بە دروستیی سەردەمەکە بخوێندرێتەوە و بە باسی بزانین کێشەکان چین و بەپێی ئەوان ڕەچەتە و چارەسەری پێویست بخرێتە ڕوو. بە هەڵسەنگاندنی ئەو دۆخ و شوێن و کات و دامەزراوە کۆمەڵایەتییانەی کە هاوسۆزانی بزاڤی خزمەتیان تێدایە، تێدەگەین کە دۆزینەوەی کێشە و چارەسەرکردنی کێشەکان و پێشکەشکردنی باشترین ڕەچەتە لە بەرپرسیاریەتییە هەرە پیشینەکانی ئەوانە.

ئەگەر کەسانی مەدەنی دەیانەوێت شتێک ڕونبکەنەوە، پێویستە لە ڕێگای زانست و ژیری و لۆجیک و خزمەتەوە بیکەن. ئەوانەی کە بە هەموو جۆرێک خۆیان وابەستەی خزمەت کردووە و بە دڵسۆزی و ئیخڵاسەوە لەپێناو ڕەزامەندی ئەودا دەجوڵێنەوە هەرگیز سەریان ناسوڕمێ و کارێکیش ناکەن ببێتە هۆی سەرسوڕمان. هەرگیز ئەو کەسانە توشی نائومیدی ناکەن کە چاودێریان دەکەن.

ئەو ڕوخسارە گەشەی ئیسلام هێندە تاریک پیشاندراوە، پێویستی بە مرۆڤگەلێکە کە ئەو گەشاوەییەی پیشان بدەن و بیژێننەوە. بەڵێ، لە بەرانبەر کوشتنی مرۆڤەکان لەبەردەم کامێرادا و سەربڕینیاندا لەلایەن ڕوحە تاریک و جانەوەرەکانەوە لە دەیانەوێت ڕووی ئیسلام تاریک بکەن و لە بەرنابەریشدا ئەو توندڕەوانەدا کە دەڵێن’ ئەگەر نەگیرامایە خەڵکی زیاترم لە مزگەوتەکاندا دەکوشت’ پیشاندانی ڕووی خۆشەویستی و ئاشتیی و کراوەیی ئیسلام ئەرکێک و فەرزێکە لە سەرو فەرزەکانەوە کە لەسەر شانی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەتە. چونکە ئێستا مرۆڤایەتی دووچاری توندڕەوییەکی ترسێنەری ئیسلام و مەسیحیەت بووە.

هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت دەست لە دەست و شان بە شانی یەکتر ناچارن کە لە دژی ئەو کێشانەی ڕۆژ بە ڕۆژ گەورە دەبن و وەختە ببن بە شێرپەنجە چارەسەر بدۆزنەوە. ئیتر وەک موسووڵمان دەبێت واز لەوە بهێنن کە لەجیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی خۆیان، باس لە تیۆری دەستێوەردان و پیلانگێڕی بکەن، دەبێت واز لەوانە بهێنن و سەرزەنشتی خۆیان بکەن. پێویستە چالاکانە لە ژیاندا ڕۆڵ ببینن. پێویستە مرۆڤەکان موسوڵمان و ناسنامەی موسوڵمانان وەک خۆیان لەژیاندا ببینن. پێویستە ناوەندەکانی خزمەت ببنە ناوەندی سەرنجڕاکێشان. نابێت کۆمەڵەکان بکەونە دەست ئەو گروپانەی کە بە بیرۆکەی توندڕەوی و هەڵە دامەزراون. نابێت ڕێ بدرێت کە هیچکەس بە لاڕێدا بڕوات و توشی نائومێدی ببێت.

خزمەت بڕوای وایە کە بە دروستکردنی پردی پەیوەندی لەنێوان ئەو کەسانەدا کە بیرۆکە و بڕوای جیاوازیان هەیە دونیایەکی تەژیتر بە ئاشتیی دروست دەکات. خەمی دروستکردنی کەشی گفتوگۆ و نەهێشتنی چەلەحانێ  بێت و بەدوای ئەوەدا نەبێت کە گۆڕانکاری بە ئاراستەی یەکخستنی ئاینەکان بکات. هەڵگری واتایەک بێت کە هەمووان وەک خۆیان پەسەند بکات نەک ئەوەی کە بە چەنئاین یاری و فیڵ خەڵک لە ئاینەکانی خۆیان دووربخاتەوە.

هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت دوور لە چەلەحانێ و ئامانجی سیاسی، ئەو هەنگاوانە بە ئاراستەی ناوەند و ناوچەیەکی گونجاوتر و ئاسودەتر بۆ نەوەی داهاتوو دروست دەکەن. لەژێر مۆڵەت و چاودێری خودادا بە سەرپەرشتی و لەناو ئەو دۆخەدا کە خزمەت کاری لەسەر دەکات بە ماوەیەکی کەمتر لەوەی پێشبینی دەکرێت دونیا دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە.

قورئانی کەریم و پێغەمبەرمان (د.خ) لە وتە و کردارەکانیشیدا بە ڕاشکاوی گفتوگۆی ئاشتیانە و پێکەوەژیانیان پێشنیارکردووە بۆ مرۆڤەکان، قورئان دەفەرموێ:

“گفتوگۆ و (مجادلة) مه‌که‌ن له‌گه‌ڵ خاوه‌نی کتێبه ئاسمانیه‌کاندا مه‌گه‌ر به‌جوانترین شێوه نه‌بێت، جگه له‌وانه‌یان که سته‌میان کردووه (ئه‌وه ڕه‌فتارتان له به‌رامبه‌ریانه‌وه ده‌بێت جیاواز بێت) پێشیان بڵێن: ئێمه باوه‌ڕمان هێناوه به‌وه‌ی بۆ ئێمه و ئێوه دابه‌زێنراوه‌، خوای ئێمه و خوای ئێوه ته‌نها یه‌کێکه‌، ئێمه فه‌رمانبه‌رداری ئه‌و زاته‌ین.”

هاوئامانجی قورئان، تابلۆی شانازی مرۆڤایەتیش داوای بنیاتنانی گفتوگۆ لە نیوان موسوڵمانان و غەیرە موسوڵمانانیش دەکات و دەفەرموێت:”هەرکەسێک ستەم لە یەکتاپەرستێک، یان کۆیلەیەک بکات، یاخود زیاد لە توانای خۆی کاری پێبکات، یاخود مافی بخوات، یاخود بەبێ ڕەزامەندی خۆی شتێکی لێ بەرێت، ئەوا من دوژمنی ئەوم و لە ڕۆژی قیامەتدا ڕووبەڕووی دەبمەوە.” (ئەبو داود، خراج و العمارە. ٣٣) بەوەش فەرمان بە لێکتێگەیشتن و دادپەروەری دەکات.

بەم فەرموودە و ئایەتانە و هاوواتاکانیان دەردەکەوێت کە ئیسلام پێچەوانەی ئەو ئاینە توندڕەوانەیە کە خۆرهەڵاتناسەکان باسی دەکەن و پێچەوانەی ئەو ترس و تیرۆرەیە کە باس دەکرێت. کار دەکات بۆ ڕێکخستنی نێوان موسوڵمان و دونیا، موسوڵمان و غەیرە موسوڵمان، هەوڵ دەدات خاڵە هاوبەشەکان لە نێوانیاندا بدۆزێتەوە.

پێویستە مرۆڤایەتی بزانێت کە جگە لە دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان و گەڕان بەدوای چارەسەردا و جوڵە کرد بە ئاراستەی بنیاتنانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن کە پێویستیی قۆناغەکەن، هیچ بژاردەیەکی تری لەبەردەمدا نییە. قۆناغی گفتوگۆ دەبێت ئەو بیرۆکانە بسڕێتەوە کە بە بیرۆکە و حوکمی پێشینە باس لە ئیسلام دەکەن. لە هەمانکاتدا، هەم بە ئەکادیی و هەم بە تاوتێ کردنی ژیانی ڕۆژانە هەڵسەنگاندن و لەبەرچاوگرتنی نوێ بۆ ئیسلام بکەن.

خزمەت هەرگیز ڕێ بە ئەگەری پێکدادانی کەلتور و شارستنایەتەکان نادات، ڕووبەڕووی ئەو نیازانە دەبێتەوە کە کار بۆ بەرگرتن لە خۆشویستنی مرۆڤەکان و گفتوگۆ دەکەن.

بە لوتف و کەرەمی خودا هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت کە تا ڕادەیەک لە هەموو دونیادا بڵاوبوونەتەوە، هەوڵ دەدەن تا بنەماکانی ڕووی گەش و گفتوگۆکردن بە بەردەوامی بڵاوبکەنەوە و بە مۆڵەتی خوای گەورە پێشبینییەکانی ”پێکدادانی شارستانیەتییەکان” بەدرۆ دەخەنەوە. لەکاتێکدا ئەو فیداکارانە، شنەی خۆڕووی و خۆشەویستی، هێندە بەهێزن کە چەکی بکوژەکان و لەناوبەرەکان لەناوبەرن. گەیاندنی ئەم پەیامانەی کە بنەچەیەکی زۆر کۆنیان هەیە بە کۆمەڵگا و خستنەڕوویان لە مەیداندا، بەسەرکردنەوەیەکی خودایی بۆ ئەو کەسانەی کە ئەنجامی دەدەن. بۆیە لەو ڕووەشەوە پێویستە خۆشڕوویی و خۆشەویستی بە جوانترین شێوە پیشان بدرێت و پێویستە ببن بە جوانترین نموونە بۆ جیهان. پێویستە ئەو ئاینانەی کە سەرچاوەکەیان لە خوداوەیە، بۆ پێکدادان نا، بەڵکو بۆ بەها هاوبەشەکانیان یەکبگرن و پێش قیامەت بەهارێکی تر لە دونیا بۆ مرۆڤایەتی بهێننە بەرهەم.

لە کۆتاییدا، بە توندی ئیدانەی هێرشە ناپاکانەکە دەکەین بۆسەر دوو مزگەوتەکەی نیوزلەندا و داوای ڕەحمەتی جەنابی حەق بۆ شەهیدەکان و ئارامگری و سیبوری بۆ کەسوکار و نزیکەکانیان دەکەین و هیوادارین بە زووترین کات شیفای بریندارەکانیش بێت.

 

http://www.shaber3.com/medeniyetler-catismasi-ancak-hizmet-le-asilabilirfikret-kaplan-fikret-haberi/1320959/

Show More
Back to top button