بیروڕا

پێویستە ئێستا دڵمان پارچە پارچە ببێت!

بەخامەی: جەمیل تۆکپنار

 

مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن لە دواهەمین وتاری هەفتانەیدا باس لە ئاگری ناو دڵ دەکات و بەم ڕستانە دەست بە وتارەکەی دەکات:

“هەمووتان وتارەکەی محمد ئەسەدتان بینیوە کە لە ژێر ناوی “ئاگر کەوتەوە” نوسیوێتی. منیش هەمیشە لە ناخمدا هەستم بەو ئاگرە کردووە. قرچە قرچ سوتانی نەوەکانم هەست پێکردووە، یان ئەوەی بەها دینیەکان خراونەتە ژێر پێکانەوە، حەق و دادپەروەریش چەشنی پارچە دار کە فڕێ دەدرێنە ناو ئاگرەوە.

تەواوی ئەمانە چەشنی ئەوەی ڕەژوویەک ئاگری پێوە بنرێت، هەموویان هەڵدەڕژێنە ناو ناخی منەوە.”

بەتایبەت دەربڕینی ‘سووتانی نەوەکان’ ، ئەو وتانەی مامۆستا سەعیدی نورسی دەهێنێتەوە یاد کە چەندین ساڵ پێش ئێستا گوتوویەتی کە دەڵێت:

“ئاگرێکی زۆر گەورە لە بەرامبەرمدا هەیە. پریشکی ئاگر بەرەو ئاسمان بەرز دەبێتەوە. لە ناو ئەو ئاگرەدا ڕۆڵەکەم دەسوتێت، ئیمانم گڕی گرتووە و دەسوتێت. ڕادەکەم بۆ ئەوەی کۆتایی بەو ئاگرە بهێنم و ئیمانم ڕزگار بکەم. ئەگەر یەکێک هەوڵ بدات ڕێگری بۆ من لەو ڕێگەیەدا درووست بکات، وە شتێک بخاتە بەرپێی من و بکەومە سەر زەوی، چ گرنگییەکی هەیە؟ لە بەرامبەر ئەو ئاگرە گەورەیەدا ئەو ڕووداوە بچوکانە چ قیمەتێکی هەیە؟ بیروبۆچوونی تەسک، تێڕوانینی تەسک!”

“من لە پێناو سەلامەتی ئیمانی کۆمەڵگادا ژیانی دوارۆژی خۆشم فیدا دەکەم. نە خۆشەویستی بەهەشت، وە نە ترسان لە دۆزەخ لە پێش چاومدا نییە. کۆمەڵگاکەم، کە مەبەستم تەنها ئەم چەند ملیۆن کەسەی ئەم ناوچەیە نییە، بەڵکو مەبەستم سەدان ملیۆن کەسی کۆمەڵگای ئیسلامییە، وە لە پێناو ئیمانی ئەو کۆمەڵگایەدا نەک تەنها یەک سەعید، بەڵکو هەزار سەعید بە فیدا بن. ئەگەر قورئانەکەمان لەسەر زەوی بە بێ جەماعەت بمێنێتەوە، من ئەوکات بەهەشتیشم ناوێت؛ ئەوێ دەبێتە زیندان بۆ من. ئەگەر ئیمانی کۆمەڵگاکەم بە سەلامەتی ببینم، ئەوکات بە سوتاندنیش لە ناو پریشکەکانی دۆزەخدا ڕازیم. چونکە ئەوکات ئەگەر جەستەشم بسوتێت ڕۆحم دەبێت گوڵ و گوڵستان.”

گەورەکان هەمیشە دەردەکانیشیان گەورەیە، وە ئامانجەکانیشیان گەورەیە؛ غیرەتیان، هیمەتیان، ناڕەحەتییەکانیان، غەمەکانیان گەورەیە. ئیمان و ڕەوشت و دواڕۆژی نەوەکانی دواتریان کردووەتە غەمی خۆیان، بۆ ئەوان دەگرین و شەو و ڕۆژی خۆیانیان خستووەتە سەر یەک بۆ ئەوان، وە زۆر بە تایبەتی بە کوڵ نزا بۆ ئەوان دەکەن.

بۆچی بەو دەربڕینانە دەستم بە نووسینەکەم کرد؟ لەبەر ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوودا دەزگای توێژینەوەی (کۆندا) ڕاپۆرتێکی دەربارەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانی ١٠ ساڵی ڕابردوو بڵاوکردەوە. بە پێی زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی ئەو کەسانەی بە خۆیان دەڵێن “دیندار” لە ٥٥ لە سەدەوە دابەزیوە بۆ ڕێژەی ٥١ لە سەد.

ڕێژەی ئەو کەسانەی بە خۆیان دەڵێن “بڕوادار” لە ٣١ لە سەدەوە بەرز بووەتەوە بۆ ڕێژەی ٣٤ لە سەد، ئەمە لە کاتێکدا ڕێژەی ئەو کەسانەی بە خۆیان دەڵێن “سۆفی” لە ڕێژەی ١٣ لە سەدەوە دابەزیوە بۆ ڕێژەی ١٠ لە سەد.

لە لایەکی دیکەوە ڕێژەی ئەو بە خۆیان دەڵێن “بێ ئایین (ئەتایست)” سێ هێندە زیادی کردووە و لە ڕێژەی یەک لە سەدەوە بۆ ڕێژەی ٣ لە سەد بەرزبووەتەوە. وە هەروەها ڕێژەی ئەو کەسانەی بە خۆیان دەڵێن “بێ باوەڕ” لە یەک لە سەدەوە بۆ ڕێژەی دوو لە سەد زیادی کردووە.

ئەوانە کۆمەڵە ئەنجامێکن کە ناخ دەسوتێنێت، وە هەواڵێکە کە مرۆڤ دەڕوخێنێت. وە ڕاستییەکی لەوە ناڕەحەتتر هەیە کە بریتییە لە بێئاگایی کۆمەڵگا لە بەرامبەر ئەو ئەنجامە ناخۆشانەدا، وە گوێ پێنەدانی. هەتا ئەو ڕادەیەی بێ ئایینی و بێ باوەڕی ڕێژەی پێنج لە سەدی ئەو کۆمەڵگایە هێندەی دانانی نرخی ٢٥ قوروش لەسەر زەرف نەبووە جێی باس لە ڕۆژەڤی ئەو کۆمەڵگایەدا. ئەمە لە کاتێکدا پێویست بوو هەرکەس لە ئاستی خۆیەوە کاری بۆ ئەو بابەتە بکردایە و کۆبوونەوە و دانیشتنی کراوە و شیکردنەوە دەربارەی ئەو بابەتە ئەنجام بدرایە.

ئەو ڕێژەی ٥ لە سەدەی خۆیان وەک بێ ئایین و بێ باوەڕ دەناسێنن، واتە ٤ ملیۆن کەس لە کۆی گشتی ٨٠ ملیۆن کەس لە تورکیادا. واتە ٤ ملیۆن مرۆڤ بە دڵنیاییەوە بابەتی ئیمانیان وەلا ناوە و لەدەستیان داوە.

مامۆستا سەعیدی نورسی ئەو پیاوەی بۆ گوناحی کەسانی دیکە دەگریا، لە بەرامبەر ئەگەری لەدەستدانی ژیانی هەمیشەیی کۆمەڵێک گەنجدا بە کوڵ دەگریا و بەم شێوەیە باس لەو حاڵەتە ڕۆحییەی دەکات:

“سەردەمانێک لەبەر پەنجەرەی گرتووخانەی ئێسکیشەهیر لە ڕۆژی ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری تورکیادا دانیشتبووم. لە خوێندنگەیەکانی ئامادەیی کچان کە لە بەرامبەر ئەو گرتووخانەیەدا بوو کۆمەڵێک کچ بە دەم پێکەنینەوە سەمایان دەکرد. لە ناکاو لە دیمەنێکی مەعنەویدا دیمەنی ٥٠ ساڵ دواتر ئەو کۆمەڵەم هاتە پێش چاو. وە بینیم کە نزیکەی ٤٠ بۆ ٥٠ کچ لەو ٥٠ بۆ ٦٠ کچەی سەمایان دەکرد لە ژێر خاکدا دەبوونە خۆڵ و ئازاریان دەچەشت. وە نزیکەی ١٠ کەسێکیان پیر ببون و لە تەمەنی ٧٠ بۆ ٨٠ ساڵیدا بوون و ناشرین بووبوون. بە هۆی ئەوەی لە تەمەنی لاوێتیدا پارێزگارییان لە عیفەتی خۆیان نەکردبوو، وە ئەو نیگایانەی ئەوان چاوەڕوانی خۆشەویستی بوون لێیان، بوو بە مایەی نەفرین بۆیان. زۆر گریام بۆ ئەو حاڵەی ئەوان کە جێی بەزەیی بوون. بەشێک لە هاوڕێیانی ناو زیندان هاوبەشییان کردم لەو گریانەدا. هاتن و پرسیاریان لێکردم دەربارەی ئەو دۆخە. منیش وتم: بڕۆن و ئێستا من بە حاڵی خۆمەوە بەجێ بهێڵن.”

بەڵێ مامۆستا سەعید غەمخۆری ئەم سەدەیە ژیانی خۆی بۆ ڕزگارکردنی ئیمانی نەوەکانی سەردەمی خۆی و دوای فیدا کردبوو، بە تەواوی ٤ ساڵ دوای ئەو ڕووداوەی لە ساڵی ١٩٣٥ڕوویدا تێڕوانینێکی بڵاوکردەوە کە دەری دەخات “گەرەنتی نییە بە ئیمانەوە بچیتە باو گۆڕەوە”. ساڵی ١٩٣٩، جەنگی جیهانی دووەم دەستی پێکردووە و ٥٠ ڕۆژی بەسەردا تێپەڕیوە. لە کاتێکدا هەمووان بە دوای گوێ گرتن لە هەواڵەکان ڕایاندەکرد، ئەو هیچ گوێی پێ نەدەدا و هیچ پرسیارێکی لە بارەیەوە نەدەکرد. تەلەبەکانی زۆر سەرسام بوون بەو هەڵوێستەی مامۆستا و پرسیاریان لێکرد لەو بارەیەوە، وە ئەویش لە وەڵامدا وتی:

“ڕووداوێکی زۆر گەورەتر لەم جەنگە جیهانییە هەیە کە لە ئێستادا دەگوزەرێت، وە ئەو ڕووداوە لە هەموو ڕووداوەکانی سەر زەوی گرنگترە، بە شێوەیەک ئەگەر کەسێک هێندەی ئەڵمانیا و بەریتانیا هێز و توانای هەبێت و خاوەنی ژیری بێت، بە بێ هیچ دوودڵییەک هەمووی لە پێناو بەدەستهێنانی ئەو داوایەدا خەرج دەکات. وە ئەو ڕووداو و داوا گرنگە بریتییە لە: هەموو کەسێک لە بەرامبەر ئیمانیدا بەم زەوییەوە وابەستە دەبێت و ڕووبەڕووی بەدەستهێنان یاخود لەدەستدانی کۆشکە ڕازاوەکان و باخە هەمیشەیی  و پڕ لە بەرهەمەکان دەبێت. ئەگەر بڕوانامەی ئیمان بە شێوەیەکی سەلامەت بەدەست نەهێنرێت، ئەوا دەدۆڕێت. وە لەم سەدەیەدا زۆرینەی سەرلێشێواوان ئەو داوایە لەدەست دەدەن. وە تەنانەت کەسێکی ئەهلی کەشف و تەحقیق، بینیویەتی کە لە شوێنێکدا لە چل کەس تەنها چەند کەسێکی کەم بە ناڕەحەتییەکی زۆر لە بەدەستهێنانی ئەو داوایەدا سەرکەوتوو بوون. ئەوانی دیکە هەموویان دۆڕان. باشە ئاخۆ لە جێی ئەو داوایەی کە لەدەستی داوە، هەموو سامان و دەسەڵاتی دونیا بدرێتە ئەو کەسە سوودی پێ دەگەیەنێت؟”

ئاخۆ هیچ کەسێک لە ئێمە گەرەنتی ئەوەمان هەیە بە ئیمانەوە بچینە ناو گۆڕەوە؟ یاخود ئەگەر لە کۆتا ساتەکاندا پێمان هەڵبخلیسکێت؟ ئایا پێویست ناکات لە ئێستاوە ئامادەکاری بکەین بۆ کۆتا ڕۆژمان؟ ئایا پێویست ناکات شەو و ڕۆژمان بخەینە سەر یەک و بەردەوام هەوڵ بۆ گەورەترین کارمان لەم ژیانەدا بدەین کە بریتییە لە خزمەتکردنی ئیمانی پێش هەموو کەس خۆمان و خانەوادەکانمان، وە دواتر ئیمانی تێکڕای مرۆڤەکان؟

پێویستە هەوڵدان بۆ ڕزگارکردنی گەنجان لە گێژاوی بێباوەڕی و بەهێزکردنی ئیمان و پشتیوانی لێکردنی ببێت بە یەکێک لە ئەرکە هەر گرنگەکانی مرۆڤی باوەڕدار و لە گرنگترین سەرقالییەکانی بێت. پێویستە دڵمان پڕ لە ناڕەحەتی و ئیزدیراب بێت بۆ ئەو کەسانەی ئیمان لەدەست دەدەن، وە پێویستە زوبانمان بەردەوام بە نزاکردن بجوڵێتەوە و میشکمان بەردەوام بیرۆکە و پرۆژەی نوێ بهێنێتە بەرهەم بۆ ئەو مەبەستە.

زوبەیر گیونوزاڵپ یەکێکە لەو کەسانەی بە جوانترین شێوە باسی لەوە کردووە کە پێویستە هەست بە چ ناڕەحەتییەک بکەین لە بەرامبەر ئەو نەوەیەی لە ئیمان دادەبڕێن. زوبەیر لە کاتی بەرگری لەخۆ کردنیدا لە بەردەم دادگای ئافیۆندا وتی:

“ئەگەر لە بەرامبەر هەر ناڕەحەتی و کاریگەر بوونێکدا پارچەیەک لە دڵ لێببوایەتەوە، ئەوا لە بەرامبەر بیستنی هەواڵی ‘بێدین بوونی گەنجێکدا’ دەبوو دڵ هێندەی گەردیلەکانی ئەتۆم پارچە پارچە ببوایە”.

ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە بیستنی هەواڵی ‘بێدین بوونی گەنجێک’ ملیاران جار گەورەترە لە هەر ئازار و ناڕەحەتییەکی دیکە. چونکە بێ ئایینی تەنها بە تاڵ کردنی ژیانێکی ٧٠ ساڵەی ئەم دونیایەوە ناوەستێت، بەڵکو لە هەمان کاتدا خۆشحاڵی ژیانێکی هەتاهەتایی و نەبڕاوە لەناو دەبات کە ملیاران ساڵ ناخەمڵێنرێت.

ئەو ڕاپرسییەی ساڵی ٢٠١٧ لە لایەن دامەزراوەی MAK بۆ کاری ڕاوێژکاری  و توێژینەوەوە ئەنجام درا، سەرتاپای ئەنجامەکانی پڕ بوون لە ناڕەحەتی و بێئومێدی. بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ بیرم لە ئەنجامەکانی ئەو ڕاپرسییە دەکردەوە، وە چەندین جار زۆر بە کوڵ گریام، وە چەندین پرسیاری بێسوورم لە خۆم کرد. لە نووسینێکی تردا دەمەوێت باسی ئەو ئەنجامە ناخۆشانە بکەم و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەم. تەنها دەمەوێتە ئەمە بڵێم: واز لەوە بهێنن کە ئەنجامی ئەرێنیمان دەست بکەوێت لە بەجێهێنانی پەرستشەکاندا، نزیکەی ٥٠ لە سەدی ئەو کۆمەڵگایە کێشەی گەورەی لە بنەما سەرەکییەکانی ئیماندا هەیە و ئەوەش مەترسی گەورە بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

پێویستە بە تەواوی توانای خۆمان هەوڵ بدەین هەموو وێرانکارییەکانی ئیمان نۆژەن بکەینەوە و پرۆژەی گەورە و جیهانی ئەنجام بدەین بۆ بەجێهێنانی ئەو ئەرکە.

 

سەرچاوە: http://www.tr724.com/kalbimiz-paramparca-olmali-simdi/

Show More
Back to top button