هەواڵ

پڕۆفیسۆرێکی تورکیا بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەستدا

هوداڤێردی ئادەم کە پڕۆفیسۆرێکی زانکۆی سەکاریایە لە تورکیا، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەستدا.

هوداڤێردی لە چەند ڕۆژی ڕابردودا، لە کاتی چاوەڕوانی لە قەراغ شەقامێکی ناوچەی دوزجە، ئۆتۆمبیلێک خۆی پێدا دەکێشێت و هەر لە شوێنی ڕووداوەکە گیان لە دەستدەدات.

ئەم ڕووداوە لە دوای ئەو قسانەی کادیرێکی ئاکەپە دێت بە ناوی جەم کچوک، کە لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا ئاماژەی بە ئەگەری ڕوودانی ئەم جۆرە کارەساتانە کرد.

کوچوک لە بەرنامەیەکی تەلەڤیۆنی کەناڵی تەگەرەتەی سەر بە ئاکەپە باسی لەوە کرد، کە پێویستە کەسانی سەر بە بزاڤی خزمەت دەرەوەی زیندانەکانی تورکیا، بە ڕووداوی هاتوچۆی دەستکرد بکوژرێن.

گیان لە دەستدانی پڕۆفیسۆرەکەش چەند ڕۆژێک دوای قسەکانی کچوک، گومانی لەلای کەسوکاری ناوبراو دروست کردووە.

پڕۆفیسۆرەکە لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی ئەندامبوون لە بزاڤی خزمەتدا دەستگیر دەکرێت و دواتر ئازاد دەکرێت؛ دواتر دادگا بڕیاری ئەوە دەدات کە بە ئازادکراوی پڕۆسەی دادگاییەکەی بەڕێوە بچێت.

شەوی ڕابردوو ناوبراو لە قەراغ شەقامێکی شاری دوزجە دەوەستێت و، لە ناکاو ئۆتۆمبیلێک خۆی پێدا دەکێشێت کە لەلایەن شۆفێرێکەوە بە ناوی ئۆزگور شەکەرجیەوە بەرەو ئاڕاستەی ئیستەنبوڵ دەڕۆشت.

تیمەکانی فریاگوزاری لە شوێنی ڕووداوەکە چارەسەرێکی سەرەتاییان بۆ دەکەن و لە دوای بردنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە، پزیشکەکان پێیان ڕاگەیاندن کەوا هەر لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لە دەستداوە.

مێدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی تورکیاش هەواڵی مردنی ناوبراویان بە شێوازی ” هاوڕێیەکی عادل ئۆکسوز کە لە زانکۆی سەکاریا مامۆستای زانستە ئاینیەکان بووە گیانی لە دەستدا” پێشکەش کرد.

بە گوێرەی هەواڵی مێدیاکانی ئاکەپە عادل ئۆکسوز یەکێکە لە بەرپرسە گەورەکانی هەوڵی کودەتای ١٥ ی تەموز.

ڕوماڵکردنی هەواڵەکە بەم شیوەیە لەلایەن مێدیاکانی سەر بە دەسەڵاتەوە گومانەکانی زیاتر کرد.

دوای ئەنجامدانی نوێژی مردوو لەسەر تەرمی هوداڤێردی لە مزگەوتی ئۆرهان، لە گۆڕستانی سەردیڤان مەشەڵی بە خاک سپێردرا. دانانی پارچە پەڕۆیەک لەسەر تابوتی ناوبراو کە لێی نوسراو بوو ” بەخێربێن بۆ ئاهەنگەکەمان”، بووە جێی سەرنجی زۆرێک لە بەشداربووان.

جەم کچوک پێش چەند ڕۆژێک چی وت؟

 جەم کچوک کادیرێکی مێدیای سەر بە ئاکەپە، لە پەخشی راستەوخۆی بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا، ئاماژەی بە پێویستی کوشتنی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت کرد لە ڕێگەی ڕووداوی هاتووچۆی دەستکردەوە.

جەم کچوک لە میانەی بەرنامەی تەلەڤیزیۆنیەکەددا وتی ” بۆ نمونە ١٧ ی کانونی ٢٠١٣ لە ئیسرائیل ڕووی بدایە، یاخود لە وڵاتێکی وەکو ڕوسیا ڕووی بدایە، ئیدی هەموو ڕۆژێک گوێمان لەوە دەبوو کە ١٥ یان ٢٠ کەس خۆیان کوشتووە، یان بە کۆمەڵ خۆیان کوشتوە، لە ڕووداوی هاتوچۆ، یاخود بە هۆی خواردنەوەی ماددەی کحولی و ماددە هۆشبەرەکان. یاخود دەمانبیست کەوا فڵان کەس لە پردێکەوە خۆی فڕێ داوە بە هۆی ئەوەی کێشەی ماددی یان تەندروستی هەبووە، تەواوی ئەم شتانەیان بە شێوەیەکی جوان ڕێک دەخست بۆ کوشتنیان”.

 

سەرچاوە: ماڵپەڕی سامانیۆڵو

Show More
Back to top button