هەواڵ

پشتیوانی لە ڤییەناوە بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە تورکیا دەستگیرکراون

 

بە گوێرەی ئیندێکسی ئازادی ڕۆژنامەوانیی لە جیهاندا، تورکیا لە ساڵی ٢٠١٩دا لە پلەی ١٥٧ مین وڵاتدایە. لە تورکیادا هەتا ئێستا ١٣٣ ڕۆژنامەنووس و کارمەندی دەزگای میدیایی لە گرتووخانەکاندان. لە ڕۆژی ٣ی ئایاردا بە بۆنەی “ڕۆژی ئازادی ڕۆژنامەوانیی جیهانی” لە ڤییەنای پایتەختی وڵاتی نەمسا چەند چالاکییەک لە پێناو ئازادکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە تورکیا دەستگیر کراون، ئەنجامدرا.

لە پێناو باسکردنی ئەو هێرشانەی لە تورکیادا دەکرێتە سەر ئازدی ڕۆژنامەوانیی بۆ هەموو جیهان، بە بۆنەی ڕۆژی ئازادی ڕۆژنامەوانیی جیهانییەوە گروپێک تورک و هاوڵاتی نەمسایی لە شاری ڤییەنا چەند چالاکییەکیان ڕێکخست. چالاکییەکان لە لایەن گروپێکی خۆبەخشی سەر بە پلاتفۆرمی (1 stimme 1 scheitt) سەرپەرشتی دەکران و لە ناوچەیەکی گەشتیاری ڤییەنا ئەنجامدرا و خەڵکی بە گرنگییەوە لێیان دەڕوانی.

بەشداربووانی چالاکییەکان وێنەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەیان بەرز کردبووەوە کە لە گرتووخانەکانی تورکیادا بەند کراون. وێنەی چەند ڕۆژنامەنووسێکی وەک ئەحمەد ئاڵتان، نازلی ئیلیجاک، گورای ئۆز، فەوزی یازیجی، ئایشەنور پارڵداک، مەلتەم ئۆکتای، ڕەیهان هاجیئۆغڵو، یاکوب شیمشەک و ئەمرە سۆنجان و چەند ڕۆژنامەنووسێکی دیکە و چەندین درووشمی وەک “ئازادی بۆ ڕۆژنامەنووسانی دەستگیرکراو” و “ئەگەری ئازادی ڕۆژنامەوانی نەبێت ئازادی بوونی نابێت” و چەندین دروشمی دیکە بەرز کرابووە. دواتر بە هەر سێ زمانی ئەڵمانی و تورکی و ئینگلیزی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی ئەنجامدرا.

دواتر لە چوارچێوەی چالاکییەکاندا ئیبراهیم کارایەغەن کارمەندی پێشووی ڕۆژنامەی زەمان کە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە گرتووخانەدا بەندکرابوو، وتارێکی کورتی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. ئیبراهیم کارایەغەن لە قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە دەستگیرکردنی ئەو ژمارە زۆرەی ڕۆژنامەنووسان لەم چەند ساڵەی دواییدا لە تورکیا زۆر بە باشی بارودۆخی ئازادی ڕۆژنامەوانی لە تورکیا دەخاتە پیش چاوی هەموو جیهان.

لە درێژەی چالاکییەکاندا پەیامێکی پرۆفیسۆر فرێد تۆرنهایم سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەوانیی نەمسا خوێندرایەوە. تۆرنهایم لە پەیامەکەیدا باسی لە بارودۆخی ماکس زینگاست ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی نەمسایی کرد کە بۆ ماوەی ٨ مانگ لە گرتووخانەدا مابووە و هەتا ئێستاش گەشتی دەرەوەی وڵاتی لێ قەدەغە کراوە، و ڕایگەیاند “تورکیا بەرەو ڕژێمی زۆرداری و دیکتاتۆری دەچێت و پێویستە بە پەلە بەرەو بنەماکانی دیموکراسی بگەڕێتەوە”.

 

 

سەرچاوە: http://www.shaber3.com/turkiyedeki-tutuklu-gazetecilere-viyana-dan-destek-haberi/1323876/

Show More
Back to top button