هەواڵ

پرۆگرامی ڕۆژی جیهانی مامۆستایان لە ئەمستەردام: “هۆڵەندا بردییەوە، تورکیا دۆڕاندی”

ئەو مامۆستایانەی ناچاربوون لە تورکیاوە کۆچ بکەن بەرەو هۆڵەندا و ئەو مامۆستایانەی لە هۆڵەندا دەستیان بە پیشەی مامۆستایی کردووە، لەمیانەی بەشداری کردنیان لە پرۆگرامێکی تایبەتدا کە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی مامۆستایانەوە ڕێکخرابوو، بەسەرهاتەکانیان گێڕایەوە.

چالاکییەکە لە لایەن ڕێکخراوی “تەباشیری شکاو” (Broken Chalk) ڕێکخرابوو، وە ژمارەیەکی زۆر لەو مامۆستایانەی وەک پەنابەر ڕوویان لە هۆڵەندا کردووە بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد. پرۆگرامەکە بە سەرپەرشتی جەیمس ڕولڤینک نووسەری هۆڵەندی بەڕێوەچوو، وە تێیدا چەندین مامۆستا سەرگوزەشتەی خۆیانیان گێڕایەوە و باسیان لەو پێشێلکارییانە کرد کە لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا لە لایەن حکومەتی تورکیاوە بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ ئەنجامدراوە.

 

ڕەمەزان ئینجە، سەرۆکی ڕێکخراوی “تەباشیری شکاو”، وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: “پێشێلکاری زۆر جدی بەرامبەر بە مامۆستایانی هاوپیشەمان لە تورکیادا ئەنجام دراوە. ژیان بۆ ئەوان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قورستر دەبێت. پێویستە کارێک بۆ ئەوان بکەین. ناتوانین ئەوان لەیاد بکەین و لە ژیانی خۆمان بەردەوام بین. ئێمە لەو پێناوەدا ئەم ڕێکخراوەمان بنیادنا. لە دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەموزی ٢٠١٦ وە، زیاتر لە هەزار خوێندنگەی تایبەت لە لایەن حکومەتەوە داخراون. بە پێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستدان، حکومەتی تورکیا ٤١ هەزار و ٥ مامۆستای لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە و بڕوانامەکانیشیانی هەڵوەشاندووەتەوە. لەبەر ئەوە ئەو مامۆستایانە لە ئێستادا ناتوانن پیشەکەی خۆیان ئەنجام بدەن. وە هەروەها ١٦ زانکۆ داخران و ٥ هەزار و ٣٤٢ مامۆستای زانکۆ و ئەکادیمیست لە کارەکانیان دوورخرانەوە. ئەوانە هەمووی لە لایەن حکومەتەکەی ئاکەپەوە لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا ئەنجامدراون. ئێمە وەک ڕێکخراوی خۆمان ڕاپۆرتی تایبەت سەبارەت بەو پێشێلکارییانە ئامادە دەکەین و ڕاپۆرتەکان بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ بەرز دەکەینەوە”.

جەیمس ڕولڤینک، نووسەری دیاری هۆڵەندی و سەرپەرشتیاری چالاکییەکە وتی: “من دەمەوێت بڵێم: هۆڵەندا بردییەوە و قازانجی کرد، وە تورکیا دۆڕاندی و زەرەری کرد. چونکە هۆڵەندا پێویستی بە زیاتر لە ١٢ هەزار مامۆستا هەبوو، وە هاتنی ئەو ژمارە زۆرە مامۆستایە بۆ هۆڵەندا سوودێکی باشی بە هۆڵەندا گەیاند. ئەو مامۆستایانەی هاتن توانییان لە ماوەیەکی کەمدا فێری زمانی هۆڵەندی ببن و دەست بە وانە وتنەوە بکەن. من ئەمڕۆ لەگەڵ ٧ مامۆستادا گفتوگۆم کرد و بە بێ وەرگێڕ لەگەڵ هەموویاندا گفتوگۆم کرد، ئەوەش گرنگییەکی زۆری هەیە. ئەوان دەتوانن جیاوازییە لە سیستەمی پەروەردەی هۆڵەندادا درووست بکەن و سوودێکی زۆر باش بە سیستەمی پەروەردەی هۆڵەندا بگەیەنن. من هیوای سەرکەوتن بۆ تەواوی ئەو مامۆستایانە لە ژیانی داهاتوویاندا دەخوازم”.

https://www.tr724.com/amsterdamda-dunya-ogretmenler-gunu-programi-hollanda-kazandi-turkiye-kaybetti/

 

Show More
Back to top button