هەواڵ

پرۆفیسۆرێک لە زیندان گیانی لە دەستدا


سەبری چۆڵاک یەکێک لە پڕۆفیسۆرە بەناوبانگەکانی تورکیا کە لە دوای کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزی ساڵی ٢٠١٦ دەستبەسەر کراو بە تۆمەتی ئەندامێتی لە بزاڤی خزمەتدا سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا لە زیندان گیانی لە دەستدا.
ناوبراو مامۆستایەکی خانەنشینکراوی بەشی ئەندازیاری زانکۆی ئەتاتورکە و لە زینداندا بە هۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لە دەستدا.
بڕیارە دوای تەواوبوونی پشکنینی پزیشکی دادوەری، تەرمی ناوبراو ڕادەستی کەسوکارەکەی بکرێتەوە و لە شارۆچکەی پاسینلەری شاری ئێرزروم بە خاک دەسپێردرێت.
چۆڵاک سەرەڕای ئەوەی لە ڕابردوودا ڕاپۆرتی پزیشکی هەبووە کەوا نابێت لە زینداندا بمێنێتەوە، بەڵام بە هۆی پێشێلکردنی یاساکانەوە و گوێنەدان بە ژیانی هاوڵاتیان، ناوبراو لە زینداندا گیانی لە دەستدا.
لە دوای کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزەوە سەدان هاوڵاتی لە ژێر ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانەدا گیانیان لە دەستداوە و سەبری چۆلاک نوێترین نمونەی ئەو بابەتەیە.
ناوبراو بە هۆی ئەوەی بەشداری لە فیلمێکی دۆکۆمێنتاری کردبوو بە ناوی ” شوێنەواری ڕابردوو” کە لە کەناڵی تەلەڤیزیۆنی ئیرماکی سەر بە بزاڤی خزمەت بڵاوکرابوویەوە و، هەندێک ڕۆژنامەی ناو ماڵەکەی کە وێنەی مامۆستا م. فەتحوڵا گولەنی لەسەر بووە، داواکاری گشتی بە تۆمەتی ئەندامێتی لە گروپی تیرۆرستیدا داوای سزای ٢٢ ساڵ و نیو زیندانی بۆ کردبوو. بەڵام دادگای سێهەمی سزا قورسەکانی شاری ئیرزروم سزای ٧ ساڵ و نیو زیندانی بەسەردا سەپاند.

Show More
Back to top button