هەواڵ

پاسە ڕەشەکانی ڕێگای ئەوروپا و کۆتایی ڕێگا   تورکیا پیسەکەی ئێردۆغان ٩

بە خامەی/ ئێرمان یەڵاز

یەکێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی ئەوروپا لە سەردانیدا بۆ لای یەکێک لە پەنابەرانی تورکی کە پەنای هێنابووە بەر وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات، شتێکی نامۆی لێ بیست، ئەو کەسەی کە پەرلەمانتارەکە قسەی لەگەڵ کردبوو، کەسێک بوو کە بۆ ماوەیەکی درێژ لە نێو دەوڵەتدا کاری کردبوو. ئەو بە تەواوی ئەمەی وتبوو: “پەستانەکانی سەرمان تەنها لە چوارچێوەی تورکیادا نیین، پاسە بچووکە ڕەشەکان، ترانسپۆرتەکان لێرەش لە چواردەورماندا دێن و دەچن!”.

ئەوانەی کە لەو ڕژێمی کپ کردنەی دوای ١٥ی تەمووز لە تورکیادا دروست کرا ڕزگاریان بووە و ڕوویان کردە ئەوروپا و وڵاتە جیاوازەکانی تری دونیا و وەک پەنابەر مانەوە، هەزاران کەس دەبوون. دەوڵەتی ئاکەپە لەگەڵ بەکرێگیراوانی شاراوەدا کە دەبنە هۆی سروست بوونی چەتە و  کاری نایاسای، وەک چۆن لە وڵاتەکانی تریشدا دروستی کردوون، لە ئەوروپاشدا بە شوێن ڕاوەوەن. تەنانەت تا ئێستاش ئەم دامەزراوەیە لە ئەوروپا و تورکیادا بە شوێن ڕۆژنامە نووس  و دادوەر و داواکاری گشتی و مامۆستا و خۆبەخشانەوەن.

هەر دوو ڕۆژ پێش ئێستا بوو لە ئازەرباینجان، بە بیانووی ئەندام بوونیان لە بزڤی گولەندا (ئایهان سەفەر ئۆغڵو و ئێردۆغان تایلان) دەست بەسەر کران و دوای دادگایی کردنیان بڕیاری ئازاد کردنیان دەرچوو. بەڵام دواتر زانرا کە هەر دوای دەرچوونیان لە دادگا، ڕفێندراوون. چەتەکان بەردەوامن لە ئەنجامدانی تاوان.

 

٦ هەزار سیخوڕی میت لە ئەڵمانیادا

ڕۆژنامەی (Proto Thema)ی یۆنان لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١٦دا بە پێی ئەو زانیاریانەی لە ئەندامێکی کۆنی دەزگای CIA وەریگرتبوو، ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە میت فەرمانی ئەوەی داوە؛ ئەو سەربازانەی ڕادەکەنە دەرەوەی وڵات، بکوژرێن.

ڕۆژنامەی (Die Welt)ی ئەڵمانیش لە هەمان قۆناغدا ئەوەی نووسیبوو کە ژمارەی ئەوانەی لە ئەڵمانیادا کار بۆ دەزگای میت دەکەن بە سیخووڕەکان و ئەوانەشی هاوڵاتی ئەڵمانین و بە ڕەچەڵەک تورکن، نزیکی ٦ هەزار کەس دەبن. هەر دوای ئەوە ڕۆژنامەی (Der Spiegel)ی ئەڵمانی دەنگۆی ئەو هەوڵەی گەورە کرد کە گوایە ئەو ٣ ژنەی پەکەکە کە لە فەڕەنسادا کوژران، میت لە کوشتنیان بەرپرسە. بە پێی هەواڵی گۆڤارەکە، لە کوشتنی ئەو سێ ئەندامەی پەکەکەدا (ساکینە جانسس، فیدان دۆغان و لەیلا سۆیلەماز) لە ٩ی کانوونی دووهەمی ٢٠١٣دا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، ڕێکخراوی سیخوڕی تورکیا دەورێکی چالاکی هەبووە.

 

ئیمامە سیخوڕەکان

لە کانوونی دووهەمی ساڵی ٢٠١٦دا ئابڕووچوونی ‘ئیمامە سیخوڕەکان’ی بەڕێوەبەرایەتی ئایینی تورکیا تەقییەوە. دامەزراوەی ئایینی ئەوروپا ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئیمامەکانی یەکێتی ئیسلامی کاروباری ئایینی تورکی (DİTİB) لە ٣٨ وڵاتدا نزیکی ٥٠ ڕاپۆرتیان ئامادە کردووە. لە ڕاپۆرتەکاندا باسی هاوڵاتیانی تورکی ئەوروپایان کردبوو، هەم بە دەستی ئیمامەکانیش. کاتێک زانیارییەکان وەک ڕاپۆرت لە میتەوە چوو بۆ لیژنەکانی پەرلەمانی تورکیا، لەوێدا ئابڕووچوونەکە بەدیار کەوت. یەکێک لەو ڕۆژنامە نووسە ئەوروپیانەی بابەتەکەی بە وردەکارییەوە باس کردبوو؛ دێنیز یوجێل بوو. یەکێکیش لە هۆکارە نا یاساییەکانی پشت دەست گیر کردنیشی بریتی بوو لە گەیاندنی ڕووی ڕاستەقینەی ‘ئیمامە سیخوڕەکان’ بە هەموو دونیا. ئەو ئیمامانەی لە ئەڵمانیا، هۆڵەندا، بەلجیکا و نەرویج و وڵاتانی هاوشێوەی ئەوروپادا خەریکی کاروباری ئایینی بوون، وەک یاری دەستی دەزگا سیخوڕییەکانی تورکیایان لێ هاتبوو. (یوسوف ئاجار) فەرمانبەری کاروباری ئایینی شارەوانی لاهای لە کاتی ئەنجام دانی تاواندا دەست گیر کرا، دواتریش سنوورداش کرایەوە. لە هەمان ئەو ڕۆژانەدا دەزگای سیخوڕی ئەڵمانیا، ١٣ ئیمامی دیاری کرد کە خەریکی هەمان کار بوون. ماڵی ئیمامەکان پشکنران. بەڵام ئیمامەکان لە رێگەی کونسوڵی گشتی تورکیاوە زۆر بە خێرایی نێردرانە دەرەوەی وڵات.

 

ئێردۆغان دەستی دەگاتە ئەوروپاش

لەو ڕاپۆرتانەدا کە لەلایەن سەرۆکایەتی کاروباری ئایینییەوە داوای ئامادە کردنیان کراوە لە نوێنەرانیان لە دەرەوەی وڵات و دواتریش نێردا بۆ لیژنەی کودەتا لە پەرلەمان، ئەوەی تێدا هاتووە کە لە ٣٨ وڵاتدا سیخوڕی کراوە بەسەر ئەندامانی بزاڤی خزمەتەوە و ناویان لە ڕاپۆرتەکاندا هاتووە. دەستی درێژی ئێردۆغان لە ئەوروپادا بووە. بەتایبەت کارەکانی خۆی لە ڕێی یەکێتی ئیسلامی کاروباری ئایینی تورکی و کاروباری ئایینیەوە جێبەجێ دەکرد.

لەو ڕاپۆرتانەدا کە دەهاتنە پەرلەمان دەستەواژە و تێبینی هاوشێوەی ئەمانەی خوارەوەیان تێدا بووە: “بێ لە دووانیان، سێ کەسیان زۆر بە کەمی نەبێ و بۆ نوێژە هەینییەکان و جەژنەکان نەبێت نایەن بۆ مزگەوت”، “ئەگەر بە شێوەیەکی چالاکیش پەیوەندی بە هیچ چالاکییەکەوە نەمابێت، بەڵام دەڵێن کە تا ئێستاش پەیوەندی سۆزداری لەگەڵیان ماوە”، “ژنی ماڵەوەیە”.

داواکاری گشتی ئەڵمانیای فیدراڵ، لە ژێر ناونیشانی ‘ئەوەی بە ناوی وڵاتێکی ترەوە سیخوڕی دەکات و چالاکییە سیخوڕییەکانی میت بەرامبەر ئەندامانی بزووتنەوەی گولەن لە ئەڵمانیادا’دا دوو دۆسییەی لێکۆڵینەوەی کردەوە.

 

زۆر لێکردنی خەڵکانی دەرەوەی وڵات بۆ بوون بە سیخووڕ

ڕادیۆی دەوڵەتی سوید، تۆمارێکی دەنگی بڵاو کردەوە دەیسەلمێنێت کە ڕێکخراوێکی ئەوروپا سیخووڕی بەسەر ئەندامانی بزووتنەوەی گولەنەوە کردووە لە سوید. (ئۆزێر ئێکێن) سەرۆکی لقی سویدی (یەکێتی دیموکراتی تورکییە) کە لە ئەوروپادا وەک باڵی ئاکەپە چالاکی ئەنجام دەدات، لەو تۆمارە دەنگییەدا دەڵێت: “براکەم، هەموو ئەو چالاکیانەی لەوێدا دەگوزەرێ لە تۆی داوا دەکەن، خۆ ئەگەر وەکو پیاو نەتوانیت شتێکیان بدەیتێ ئەوا کۆتایت پێ دێت…دەسگیر دەکرێیت، خێزانیشت دەست گیر دەکەن. خێزانت بە بارمتە دەگرن…ئەگەر ئەوەی دەیزانیت باسی بکەیت، ئەوا سوود لە یاسای پەشیمانبوونەوە دەبینیت، ڕاستەوخۆ ئەمە دەبەمە بەردەم سەرۆک وەزیران.” وەک دەردەکەوێت، بە کەسە نزیکەکانی لە تورکیا هەڕەشە لەم کەسە دەکات.

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی حکومەتی سویددا هاتووە کە؛ میت زۆری لەو تورکانە کردووە کە لە سوید دەژین بۆ چوونە ناو رێکخراوەکەوە. ئەو تورکانەی لە ڕێفراندۆمی ١٦ی نیساندا مافی دەنگدانیان هەبووە و بەشداریان کردووە، بڕیاری ئەوە درا کە لەو باباتە بکۆڵدرێتەوە کە ئایا پرۆسەکە لەلایەن میتەوە چاودێری کراوە یاخود نا.

 

بودجەیەکی دەیان ملیۆن دۆلاری

وتە بێژی ئەمنی پارتی سەوزی نەمسا، پیتەر پیلز؛ ئەوەی ئاشکرا کرد کە تورکیا لە ڤییەنا لە ڕێی کونسوڵخانەکەیەوە تۆڕیکی سیخووڕی دروست کردووە و پارەشی بۆ ئەم تۆڕە سەرف کردووە. بە پێی ئەو ڕاپۆرتە ٣٦ پەڕەییەی پیلز پێشکەشی پەرلەمانی کردووە، تورکیا بە هاوکاری دەزگای میتی وڵاتەکەی لە نەمسا تۆڕێکی سیخووڕی ٢٠٠ کەسی دروست کردووە. ئیشی ئەم تۆڕەش ناساندن و دیاری کردنی ئەو کەسانەیە کە دژی سیاسەتەکانی ئێردۆغان بوون. پیلیز لە ڕاپۆرتەکەیدا ئەم ڕوونکردنەوانەی دابوو: “میت و ATİB (یەکێتی ئیسلامی تورکی نەمسا وابەستە بە سەرۆکایەتی کاروباری ئایینی دەوڵەتی تورکیاوە)، UETD (یەکێتی دیموکراتی ئەوروپا-تورکیا)، MÜSİAD Austria (ڕێکخراوی نەمسای سنعەتکاران و بازرگانانی سەربەخۆ) و دامەزراوەکانی تری هاوشێوەی ئەمانە، زانیاریان لەسەر ئەو کەسانە کۆکردۆتەوە کە دژی پارتی ئاکەپەن و وەک ڕاپۆرت ناردوویانە بۆ ناوەند. حکومەتی تورکیا هەموو ساڵێک بە شێووەیەکی ڕێکخراو ٢٠ بۆ ٣٠ ملیۆن یۆرۆ بودجە یارمەتی ئەم دامەزراوەیە دەدات. ” هەڵە نەمانخوێندۆتەوە، دەیان ملیۆن دۆلار بۆ ئەم کارە نایاساییانە تەرخان کراوە. پارە سەرف کردنی نادیار، پارەی کۆشک بۆ ئەم کارانە دابەش دەکرێت”.

 

ئامادەکارییەکانی کوشتن

هەموو کەس لە ئامانجدا هەبوو، کوردەکان، سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەکان و ڕۆژنامە نووسەکان. مەحەمەد فاتیح سایان، پەیامنێری تەلەفیزیۆنی (Denge TV) کە لە ١٥ی کانوونی دووهەمی ٢٠١٦دا لە ئەڵمانیدا و لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەست بەسەر کرا، بانگەشەی ئەوەی بۆ کرا کە ئەندامی دەزگای میت بووە و لە ئامادەکاریدا بووە بۆ کوشتنی ڕەمزی کارتاڵ و یوکسێک کۆچاکی سەر بە پەکەکە.

بانگەشەکانی هاوشێوەش کرا بۆ کوشتنی جان دوندار، هایکۆ باغداد و ناوە دیارەکان ناو بزاڤی خزمەتیش. بە کورتی؛ ئەم دامەزراوە نایاساییە و حساب نەکردن بۆ یاسا لەلایەن ئەم چەتانەوە، سنووریشی تێ پەڕاندووە. لەو وڵاتانەدا کە لە سنووری یەکێتی ئەوروپادا نین، بۆ وەدەرنانی پەنابەران و ئۆپۆزیسیۆنەکانی حکومەتی تورکیا تێیاندا؛ هەموو کارێکی وەک؛ پێدانی بەرتیل بۆ دوور خستنەوەیان لەو وڵاتانەی تێیدا دەژین، تا دەست تێوەردانی چەتەکانی ئەو وڵاتەش لە بابەتەکەدا.

 

ئەنجام و هەڵسەنگاندنەکانمان

لەم زینجیرە نووسینەماندا کە هەوڵمان داوە پەردە هەڵبماڵین لەسەر ئەو بەرپرسانەی چاویان داخستووە لە ئاستی دامەزراوەی چەتەیی ترانسپۆرتەرەکانی دەرەوەی وڵات و ناوەوەی وڵات،  پیاو ڕفاندن و کاری دۆسییە نادیارەکان و ئەشکەنجەدانەکان، هەروەها ئەو ڕووداو و دۆسییەی تاوانانەی تا ئەمڕۆ هەوڵمان داوە ئاماژەیان پێ بکەین؛ تەنها پارچەیەکی بچووکن لە وێنەیەکی گەورە.

لەسەرەتای زینجیرە نووسینەکەماندا، لەبەر ئەم هۆکارە لە یەکەم دێڕەکاندا ئەمانەمان نووسی:

“ئەوانەی بە کودەتا دروست کراوەکەی ١٥ تەمووز نەیانتوانی ئەو ئەنجامەی دەیان ویست بەدەستی بهێنن، دەستیان برد بۆ ئەو ڕێکارانەی لە ساڵانی ١٩٩٠دا JİTEM’ بۆ بێدەنگ کردنی ئۆپۆزیسیۆنەکانی پیادەی دەکردن. چەتەیەک هەیە کە  لە ناو ئاسایش و میتدا دروست کراوە بۆ پیاو ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ کردن. ئەمانە ئەو کەسانەن کە هێز لە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی ئاکەپە وەردەگرن و تەنانەت بەڕێوەبەری ئاسایش و داواکارە گشتییەکانی شارە گەورەکانی هاوشێوەی ئەنکەرە و ئیستانبووڵ و ئیزمیریش دەناسن و چاو لە ئاست تاوانەکانیاندا دادەخەن. بە مانایەکی تر؛ ئەشکەنجەدەری بڕوانامە دار. تا دوێنێ ئوتومبێلی تۆرۆسیان بەکار دێنا، ئەمڕۆ تڕانسپۆرتەرەکان…

لە نێو ئەشکەنجەخانەکانی ئاسایش و میتدا هەزاران تاوانی مرۆڤایەتی ئەنجام دراوە. تاوانەکان بە تەواوی ئاشکرا نەبووە، بەڵام ئەشکەنجەدانەکانیان و پیاو ڕفاندنەکانیان یەک یەک خەریکە ئاشکرا دەبێت، بێگومان لەگەڵ ناوی ئەوانەشدا کە تاوانەکان ئەنجام دەدەن. جارێکی تریش گەیاندنەوەی دەنگی ئەم دۆسیانەی هەواڵ لەگەڵ دەنگی زووڵم لێکراواندا؛ هەوڵ بدرێ چەند زووتر ون بووەکان بدۆزرێنەوە و ئەگەر تاوانێکیشیان هەبێت لە ڕاستیدا، با لەبەردەم دادگادا بووەستێندرێن، لەگەڵ ئاشکرا کردنی ئەشکەنجە و ئەشکەنجەدەراندا، بێ هیچ گومانێک دەبێت کاتێک کە دەوڵەتی یاسا گەڕایەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت لەبەرامبەر ئەو تاوان و پێشێلکارییانەی بەرامبەر مرۆڤایەتی ئەنجامیان داوە. با کۆتا وتەکانمان لە سەرەتاوە بکەین: ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ و ڕفاندنی مرۆڤ؛ تاوانێکی مرۆڤانەیە. کات هیچ ئەم ڕاستییە ناگۆڕێت. ئەوانەشی ئەنجامی دەدەن، درەنگ یا زوو لە بەرامبەر یاسادا حسابیان لەگەڵ دەکرێت”.

 

ئەشکەنجەدەران، میت و یەکە ئەمنییەکانی پەیوەندیدار

بەتایبەتی لەو ڕێکخستنەوە یاساییانەدا کە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ ئەنجام دران، میت بووە خاوەن ناسنامەیەکی ڕێکخراوەیی وەها کە بە هیچ شێوە و مەرجێک نەتوانرێت لێی بپرسرێتەوە. ئەو ڕاستی و ئەشکەنجەدان و دۆسییە نادیار و ڕووداوی ڕفاندنانەی لەم زنجیرە نووسینەماندا ئاشکرامان کردن، ئاماژە بە میت و یەکە ئەمنییە پەیوەندیدارەکانیان دەکات. ئەو کەسانەی ڕفێنراون تاوان بار دەکرێن بە ئەندام بوون لە ڕێکخراوی فەتۆدا، ئەندامێتی ڕێکراوێکی تیرۆرستی و ئەنجامدانی کودەتا و چەند تاوانبارکردنێکی بێبنەمای تر.

 لە دانیشتنەکانی دادگا بێلایەنەکاندا، بە شوێن هۆکاری ڕاستەقینەدا دەگەڕێن و بە پێی شێوازی خۆی، هەموو جۆرە بەڵگەیەکی بەدەست هاتوو بەکار دەهێنرێت. بەڵام لەم ڕووداوانەی روویان داوە، لە هیچ یەکێکیاندا بڕیاری دادگا بوونی نییە. یاسا لە دەرەوەی باسەکەیە. یاسایەکی چەتە، لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە جێبەجێ دەکرێن.

لە هەموو ئەو کارانەدا کە لەلایەن وەزیرەکان و سەرۆک وەزیرەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت، یاسای هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی لە هەر تاوانێک کە میت ئەنجامی دەدات دانرا. بەو یاسایانەی رێکخستنیان تێدا کرا؛ یارمەتیدانی ڕێکخراوێکی تیرۆرستی لە ڕووی چەکەوە بە فەرمانی حکومەت، هاوبەشی کردن لە بازرگانی نەوتدا لەگەڵ رێکخراوێکی تیرۆرستی، رێکخستنی چالاکییەکی توندوتیژی بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوێکی تیرۆرستیدا لە تاوان دەرهێنران. ئەگەر نموونەی راستی بهێنینەوە، ئەگەر لەلایەن میتەوە هاریکاری داعش بکرێت بە چەک و ئەم یارمەتیدانە بە فەرمانی حکومەتیش ئەنجام بدرێت ئەوا لە یاسای نیشتیمانیدا ئەم کارە لە تاوان دەرهێنرا. بەم شێوەیە، ئەم شێوازە لە کار کردن نەک تەنها میت و یەکەکانی ئاسایش، بەڵکو دەسەڵاتی بەڕێوەبردنیش کە حکومەتە لە وابەستە بوونی بە یاساکانەوە کێشایەوە و کردییە دەسەڵاتێکی نایاسایی و نا شەرعی. لە ئەنجامیشدا، کادرانی سەرەوەی حکومەتی ئاکەپە و ئەم دامەزراوانەی دروستیا کردووە گۆڕاون بۆ رێکخراوێکی تاوان کە هیچ لێپرسراوێتییەکی سزادانیان لەسەر نەبێت.

 

لە وێنە گەورەکەدا چی هەیە؟

وێنە گەورەکە ئەمەیە؛ لە تورکیادا لە دوای ١٥ی تەمووزەوە، پاکتاوکردن، دەست بەسەر کردنی چینێکی دیاری کراو، ئەشکەنجەدان، ڕفاندن، مردنی گوماناوی، دەست بەسەر کردنی نەخۆش و خۆ کوشتن بەرامبەر بە ئۆپۆزیسیۆن و لە پێش ئەوانیشەوە بەرامبەر بە ئەندامانی بزڤی خزمەت ئەنجام دراوە و بە شێوەیەکی بەربڵاو بارێکی سیستماتیکی وەرگرتووە. وێنەکەش هەر ڕۆژێک بەرەو خراپ بوونی زیاتر دەڕوات.

کاتێکیش بە شێوەیەکی گشتگیر لێی دەڕوانیت، یەکێکی تر لە ڕاستەقینە دڵ هەژێنەکان دانانی بەردی بناغەی لە ناوبردنی بە کۆمەڵی جەماعەتێکی کۆمەڵایەتییە. ڕژێمەکەی ئێردۆغان لە ماوەی ٣ بۆ ٤ ساڵدا لە ژێر سایەی دەسەڵاتی سیاسی و مێدیاوە هەوڵی داوە ئەندامانی بزڤی خزمەت لە نێو کۆمەڵگادا بە شەیتان بکات. بە زمانی ڕق، دەوڵەتی ترس دروست کرا و دواتریش دوژمن بۆ ئەم دەوڵەتەش دروست کرا. بەتایبەتی لە چینی وەفادار و ڕاستگۆی ڕژێمی ئێردۆغاندا، بارێکی دەروونی وا بۆ کۆمەڵگا دروست کرا کە لە پشت هەر ڕووداوێکی خراپەوە کۆمەڵەی گولەن بوونیان هەیە. چیتر خراپییەکانی  ئەم هەستە دەروونییە تەنها جەماعەتی گولەن نا، بەڵکو هەموو چینەکانی کۆمەڵگا دەسوتێنێت. جەهەپە، جوڵانەوەی کورد، پارتە نەتەوە پەرستە نوێکان و هەر چینێکی ئۆپۆزیسیۆنی تر لەبەر ئەم هۆکارە بە ئامانج دەگیرێن.

 

چۆن ڕێ لەم تاوانانە دەگیرێت؟

وەڵامی یەکەم و گرنگی ئەم پرسیارە، دروست بوونی ئاگاهی و هەستیارییە لە نێو ڕای گشتیدا. پێشێلکاری و تاوانەکانی هاوشێوەی ڕفاندنی پیاو و دۆسییە نادیارەکان، دەبێت بە بەکار هێنانی سەرجەم هۆکارە یاسایی و سیاسییەکان پێشی لێ بگیرێت. یاسای ناوخۆیی پیادە ناکرێت، دادگاکان و ئاسایش و جەندەرمەکان و دامەزراوەکانی تری هاوشێوە، لە جێی گەڕان بە شوێن ون بووەکاندا، خەریکی زۆر کردن لە خانەوادەی ڕفێنراوان. بابەتێکی تری گرنگی هاوشێوەی ون بووەکان؛ پاراستنی ئەوانەیە کە لە ئێستادا دەست بەسەرن لە ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ کردن لەگەڵیاندا. گرنگی دان بەو پەیماننامە نێو دەوڵەتیانەی کۆماری تورکیا تێیاندا بەشدارە، هاوشێوەی؛ دەستەی سکاڵای ئەشکەنجەی ئەوروپا کە وابەستەیە بە ئەنجومەنی ئەوروپاوە، هەروەها ئۆفیسی دەستەی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان (OHCHR) و بەڕێوەبەرایەتییە هاوشێوەکان لەم کات و سەردەمەدا گرنگە. هیچ نەبێت لە ڕێی سیاسەت و کاری ئابووریەوە کار بکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بنەما یاساییانەی ڕێ خۆش دەکەن بۆ ئەم پێشێلکاریانەی مافەکانی مرۆڤ و پیاو ڕفاندنانەی ئەنجام دەدرێن.

 

لە یاسای سزدانی تورکیا و دەستووریشدا، خۆ بواردن لە یاسا نێو دەوڵەتییەکان نییە

لە یاسای سزادانی تورکیادا، ماددەکانی ٩٤ و ٩٥دا، ئەشکەنجە و ئازاردان بە شێوەیەکی ڕوون وەک تاوانی مرۆڤایەتی ڕێکخراوە. لە ڕێکەوتنی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپادا کە تورکیاش تێیدا ئەندامە (ماددەی سێهەم) و هەروەها لە بەیاننامەی گەردونی مەفەکانی مرۆڤدا (ماددەی پێنجەم) و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکانی تری هاوشێوەیاندا؛ ئەشکەنجەدان، مامەڵەی خراپ و ڕفاندن قەدەغە دەکات. لە ئێستادا سەرەڕای ئەم ڕێکەوتنە نێو دەوڵەتی و یاساییانە بە شێوەیەکی ڕوون ئەشکەنجەی کرداری و جەستەیی و شکاندنی دەروونی و ڕفاندنەکان و دۆسییە نادیارەکان بە شێوەیەکی سیستماتیکی و لە ژێر هەیمەنەی دەوڵەتدا ئەنجام دەدرێن.

لە ڕێکەوتن نامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپادا و لە ماددەی سێهەمدا هاتووە کە؛ نابێت هیچ کەسێک سزای دوور لە مرۆڤایەتی و شکۆ شکێنەر یاخود ئەشکەنجەی هاوشێوە بدرێت. دووبارە لە ماددەی پێنجی بەیاننامەی گەرودوونی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە کە؛ نابێت هیچ کەسێک بخرێتە ژێر ئەشکەنجە و زوڵم و مامەڵەی نا مرۆڤانە و شکۆ شکێنەرەوە. “لە دامەزراوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە لە ١٨ی کانوونی دووهەمی ١٩٩٢دا بە بڕیاری ٤٧/١٣٣ پەسەند کراوە، تییدا؛ پاراستنی هەموو کەسێک لە بە زۆر ڕفاندن و بە زۆر ونکردنیش بە تاوانێک لە دژی مرۆڤایەتی پێناسە کراوە.

 

ڕاکردن لە بەرپرسیارێتی سزادان، نییە

ئەو مافانەی لە ماددەی ١٧ی دەستووری وڵاتدا هاتووە وەک: “پاراستنی کەسێتییەکان و بوونی ماددی و مەعنەویان: پاراستنی ژیانی هەر کەسێک و پاراستنی کەسەکەن لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە و بوونی مافی بەرەو پێش بردنی خودی خۆیان” ئەمانە هەمووی پێشێل کراون. زووڵم لێکراوان لە ئێستادا لە باری دابڕانن لە ئازادیان. کەسانێک هەن کە بۆ دوو ساڵ دەبێت ونن. لە ماددەی ١٩ی دەستووردا هاتووە کە: “لە بەشی ئاسایش و ئازادی کەسەکاندا؛ هەموو کەس خاوەنی کەسێتی و ئازادی خۆیەتی”، لە ئیستادا ئەم یاسا و مافەش پێشێل دەکرێت. هەمیش، زووڵم لێکراوان خۆیان، خێزانەکانیان و منداڵەکانیان بەردەوام چاودێری و وەڕس دەکرێن. ئەمەش بە واتای پێشێل کردنی سەربەستی کەسەکان دێت کە لە ماددەی ٢٠ی دەستووردا بەم شێوەیە ئاماژەی پێکراوە: “شاراوەیی ژیانی تایبەت؛ هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە داوای پیشاندانی ڕێز بکات بۆ ژیانە تایبەتییەکەی خۆی و ژیانی خانەوادەکەی”.

 

بەردەوام بوون لە هەوڵدان بێ ئەوەی نائومێدی ڕوو بدات

لە دەستوری کۆماری تورکیادا تاوانی ئەشکەنجەدان لانی کەم لە سێ مانگەوە بۆ ١٢ مانگ سزای هەیە. خۆ ئەگەر تاوانەکە بەرامبەر بە منداڵێک، ژنێکی دووگیان، پارێزەرێک یاخود بەرامبەر بە فەرمانبەرێکی تری دەوڵەت ئەنجام بدرێت، سزاکە دەبێت بە ٨ بۆ ١٥ ساڵ، ئەگەر تاوانەکە لە جۆری دەست درێژی نامووس بێت ئەوا حوکمی سزاکە لە نێوان ١٠ بۆ ١٥ ساڵدا دەبێت. تاوانەکانی هاوشێوەی کوشتن و ڕفاندنی پیاو بە پێی یاساکانی سزادان ڕەنگە تا بەند کردنی هەتا هەتایی سزای هەبێت. لە ڕاستیدا ئەو دادگا سەربەخۆیەی لە یاسای ناوخۆدا دەبێتە چاودێری ئەم کارانە، پێویست بە ئەنجوومەنی دادوەری و دادگای دەستووری ناکات. بە دەیان یاسای دەسووری پێشێل دەکرێت. بەڵام بێ ئەوەی نائومێدی ڕوو بدات پێویست دەکات بەرامبەر ئەم تاوان و چەتانە دەنگ بەرز بکرێتەوە و ململانێی بکرێت. لە کۆتایشدا، ئەوەی ئەنجام دەدرێت، تاوانی مرۆڤایەتییە و کەسیش ناتوانێت لە بەرپرسیارێتی سزادان ڕابکات.

ململانێکردن بەرامبەر  پیادەکردنە نایاساییەکانی ڕژێمی ئێردۆغان، هەر بەتەنها ململانێ لە پێناو مافەکانی مرۆڤدا نییە. ئەم ململانێیە ڕێگرتنە لە هەوڵەکانی قڕکردن کە خەریکە بە دزییەوە بەردەکانی بینا دەکرێت و دەنگی هاتنی پێی دەبیسترێت و بەرگرتنە لە هەڵەی گەورەتر کە وڵات بەرەو شەڕی ناوخۆ ببات و ململانێیەکە کە  ڕێ لە ڕووبەڕوو بوونەوەی کۆمەڵایەتی دەگرێت. بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە کە بێ ئەوەی کارەسات ڕوو بدات، جمووجووڵ دەست پێ بکرێت. تا ئێستاش هیچ تاوانێک کە بەرامبەر مرۆڤایەتی ئەنجام درا بێت، بێ سزا نەماوەتەوە. وەک کۆتا وتە؛ ئەوە بیر دێنینەوە کە ئەم تاوانانەش بێ سزا نامێننەوە.

کۆتایی

Show More
Back to top button