هەواڵ

” ٪٢٣ زیندانیەکانی تورکیا ئەشکەنجە دراون ٪١٦ بیریان لە خۆ کوشتن کردۆتەوە”

لە ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی پلاتفۆرمی راستی و دادپەروەری، ئاماژە بەوە کراوە کە لە دوای ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦، ٪٢٣ زیندانیەکانی تورکیا ئەشکەنجە دراون، ٪١٦ زیندانیەکانیش بیریان لە خۆ کوشتن کردۆتەوە.

ڕاپۆرتەکە لەلایەن فاروق گەرگەرلیئۆغلو سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی مەزڵومدێر و چەند چالاکوانێکی تر ئامادە کراوە.

ڕاپۆرتەکە لە ژێر ناوی ” ئەو پێشێلکاریانەی بە هۆی باری نائاسایی دوای ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦ ئەنجام دراوە و ڕەهەندە کۆمەڵایەتیەکانی” بڵاوکراوەتەوە و، لە ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکەدا ٢ هەزار و ١٧٣ کەس بەشداربوون کە ٦٣٠ کەسیان ژن بوون.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە باری نائاسایی وڵات درزێکی زۆر جددی خستۆتە نێوان پەیوەندیەکانی تاک-دەوڵەت، کۆمەڵگا- دەوڵەت و جیاوازنی نێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانان، بەڕێوەبردن، دادگا بە تەواوی هەڵگرتووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە ٪١٦.٧ ئەو کەسانەی لە دوای هەوڵی کودەتای ١٥ ی تەموزەوە دەستگیر کراون لە ناو زینداندا بیریان لە خۆ کوشتن کردۆتەوە، یاخود پلانیان بۆ خۆکوشتن داناوە و هەوڵی جێبەجێکردنیان داوە.

هەروەها ٪٤٦ ئەو کەسانەی لە زیندانەکانن، هێشتا داواکاری گشتی دۆسیەی بانگەشەکانی تەواو نەکردووە و چاوەڕێن بچنە بەردەم دادگا.

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ٪٤٨.٧ ئەو هاوڵاتیانەی لە دوای ١٥ ی تەموزەوە لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە، هەتا ئێستا کارێکی تریان بۆ بژێوی ژیانیان نەدۆزیوەتەوە و بێ کارن.

هەروەها ٪٣٥.٧ ئەو هاوڵاتیانەی لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە بە خەرجکردنی داهاتی چەند ساڵی ڕابردوویان ژیانیان بەڕێوە دەبەن و ٪ ٢٥ هاوڵاتیەکانیش گەڕاونەتەوە لای کەسوکاریان بۆ بەردەوامی دان بە ژیانیان.

٪١٨ ئەو هاوڵاتیانەی لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە خەریکی کاری سەرپێین و تەنیا ٪٨ بوونەتە خاوەنی کارێک کە قەرەبووی ماددیان پێ دەدرێت لە ئەگەری دەرکردنیان لە کارەکەدا.

لەلایەکی ترەوە ئاماژە بەوە کراوە ٪٢٣ ئەو هاوڵاتیانەی لە دوای ١٥ ی تەموزەوە دەستگیر کراون یاخود لە زیندانەکاندا دەستبەسەرن، دووچاری ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ بوونەتەوە لەلایەن بەرپرسانی بنکەی پۆلیس و کارمەندانی گرتوخانەکانەوە.

مامەڵەی خراپی گرتوخانەکان بریتیە لە فشاری دەرونی، ڕێگری لە چاوپێکەوتنی کەسوکاریان، قەدەغەکردنیان لە چوون بۆ تەوالێت و حەمام، جوێندان و قسەی ناشرین.

٪٢٧ ئەوانەی لە توێژینەوەکەدا قسەیان لەگەڵ کراوە، ماوەیەک دەستبەسەر بوون و تەنیا هۆکاریش بۆ ئەمە پارە دانان لە بانکی ئاسیا و بەکارهێنانی بەرنامەی بایلۆک بووە.

هەروەها ٪٢٩ هاوڵاتیە زیندانیکراوەکانیش هەتا دوای ئازاد بوونیشیان نەیانزانیوە لەسەر چی زیندانی کراون. ٪٢٦.٤ بەشداربووەکانیش ئاماژەیان بەوە داوە کە هۆکاری زیندانی کردنیان ئەندامێتیان بووە لە چەند سەندیکایەکی دیارکراو.

 

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە %٩١ ئەو هاوڵاتیانەی لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە فەرمانبەری میری بوون؛ %٧٥ ئەو هاوڵاتیانەی لە کەرتی تایبەت کاریان کردووە، شوێنی کارەکانیان بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لە چوارچێوەی باری نائاسایی وڵاتدا داخراوە.

هەروەها %١٥ ئەو لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە بە شیوازی دەرکردن بووە،  %٦.٩ هاوڵاتیەکانیش زۆریان لێکراوە بۆ دەستکێشانە لە کارەکانیان.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە %٩٢ ئەو هاوڵاتیانەی لە دوای ١٥ ی تەموزەوە لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە ئێستا خۆیان و کەسوکاریان گیرۆدەی کێشەی ئابوری بوون، %٨٦ بە دەست کێشەی دەرونیشەوە دەناڵێنن. هەروەها %٨٦ ئەو هاوڵاتیانەی لە دوای ١٥ ی تەموزەوە ستەمدیدە بوون، لە لایەن کەسە نزیکەکان و کۆمەڵگاشەوە پەراوێز خراون.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە قسەی یەکێک لە بەشداربووەکان کراوە کە دەڵێت ” من خۆم وەک گولێکی ناو کۆمەڵگا هەست پێ دەکەم”، هاوڵاتیەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کەسوکارەکەی سەرەڕای ئەوەی بە حاڵی خراپیان زانیوە، بەڵام لە ترسی ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتەوە زیانیان پێنەگات، خۆیانی تێناگەیەنن و لە ئەحواڵی ناپرسن.

%٨١ ئەو هاوڵاتیانەی بەشداری ڕاپۆرتەکەیان کردووە کە پێشتر بە پرۆسەی دادگاییکردندا تێپەڕیون، پێیان وایە پڕۆسەی دادگایکردنەکەیان دادپەروەرانە نەبووە و، %٥٥.٦ هاوڵاتیەکانیش پێیان وابووە کە ڕێگەی بەرگریکردنیان لێگیراوە و نەهێڵدراوە وەک پێویست بەرگری لە خۆیان بکەن.

 

 هەروەها %٩٨ هاوڵاتیەکان پێیان وایە باری نائاسایی وڵات پارێزبەندی بۆ سەر سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان دروست نەکردووە.

بەشێکی زۆری ڕاپۆرتەکەش بۆ گێڕانەوەی بەسەرهاتی هاوڵاتیان ئامادە کراوە کە بەم شێوەیەیە:

  • هیچ باوەڕم بە یاسا و دادپەروەری و مافی مرۆڤ نەماوە لەم وڵاتەدا. باوەڕناکەم هیچ کاتێکیش ڕوو لە چاکی بکات.
  • من بە هۆی ئەوەی خەڵک وەک تاوانبار دەمبینن و پێم دەڵێن ” شتێک هەر کردووە بۆیە لە کارەکەت دووریان خستویتەوە”، لە ژیان ساردیان کردوومەتەوە.
  • متمانەم بە هاوڵاتیان و دەوڵەت نەماوە، گۆڕانکاریەکی ڕیشەی لە بیروباوەڕمدا ڕوویداوە.
  • هیچ متمانەم بەرامبەر دەوڵەت و میللەت و کەسانی دیندار نەماوە.
  • باوەڕم بە کەسانی دیندار نەماوە.
  • باوەڕم بەو کەسانە نەماوە کە بە خۆیان دەڵێن موسوڵمان.
  • خزمەکانم پێم دەڵێن” گەر تاوانێکت نەکردبێت بۆ لە کارەکەت دوور بخەنەوە؟”.
  • لە مزگەوتیش دەریان کردم ئەمە هەستێکی زۆر خراپی پێداوم.

ڤەلی ساچلیک کە یەکێک بوو لەوانەی ڕاپۆرتەکەیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بڵاو کردەوە، ئاماژەی بە باری تەندروستی نوریە گولمەن کردم کە لە ماوەی ڕابردوودا بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ سەر کارەکەی مانی لە خواردن گرت.

ساچلیک کە خۆشی لەگەڵ نوریە گولمەن مانی گرتبوو، ئاماژە بەوەدا کە لە دوا چاوپێکەوتنیدا بە نوریە گولمەن، ژیانی لە مەترسیدا بووە.

ساچلیک لە درێژەی قسەکانیدا وتی” ئێستا گولمەن کێشی بۆ ٣٤ کیلۆ دابەزیوە، باری تەندروستی زۆر مەترسیدارە. پێویستە کەسانی سۆسیالیست و دیندار لەم کاتەدا یەکبگرن”.

دوای ساچلیک هودا کەیا پەڕلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، ڕەخنەی لە دوا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی تورکیا گرت کە یەک جۆر ڕەنگی جل دەسەپێنێت بەسەر کەسانی دەستبەسەر کراودا.

کەیا وتی” ئەمڕۆ هاتوینەتە خاڵێک بۆ شەرعاندنی کارە خراپەکانیان دەڵێن “لە ئەمەریکاش هەر وەهایە”، من چاوەڕێی ئەوە نیم دەوڵەت باری نائاسایی هەڵبگرێت، هەر گۆڕانکاریەک ڕوو بدات، تەنیا بە دەستی خۆمان دەتوانین ئەنجامی بدەین”.

سەرچاوە: TR724

Show More
Back to top button