هەواڵ

٣٠ هەزار هاوڵاتی بێ واژۆی ئامادەکاری ڕاپۆرتی پۆلیسی بە هۆی بەرنامەی بایلۆکەوە زیندانی کراون


عەلی چیتیل یەکێکە لە پارێزەرە دیارەکانی تورکیا، لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا ئەوەی ڕاگەیاند کە داواکاری گشتی ئەنقەرە لیستێکی ٣٠ هەزار کەسی کە بە تۆمەتی بەکارهێنانی بەرنامەی بایۆک زیندانی کراون، خستۆتە ژێر لێکۆڵینەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی ڕابردوودا ١١ هەزار هاوڵاتی زیندانی کراو بە تۆمەتی بەکارهێنانی بەرنامەی بایلۆک، بە هۆی ئاشکرا بوونی بێ تاوانییانەوە ئازاد کران.

چیتیل لە میانەی بەشداری لە بەرنامەیەکی کەناڵی KRT وتی” داواکاری گشتی ئەنقەرە ئێستا لێکۆڵینەوە لەسەر ناوی ٣٠ هەزار کەس دەکات کە بە هۆی بەکارهێنانی بەرنامەی بایلۆکەوە لە زیندانن. زۆرێک لەم هاوڵاتیانە بە هۆی ڕاپۆرتی هێزە ئەمنیەکانەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام لە ژێر ڕاپۆرتەکەدا واژۆی کەسی ئامادەکار بوونی نیە”.

چیتیل لە درێژەی قسەکانیدا وتی” زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان ناوی ئەو پۆلیسەی تێدا نیە کە لێکۆڵینەوەکەی ئەنجامداوە، بەڵکو کەسی ئامادەکار ناوی ئەو پۆلیسەی نوسیوە، کە دۆسیە فەرمیەکەی گەیاندووە بە دادگاکان، تەنانەت ئەو کەسەی ڕاپۆرتەکەی ئامادە کردووە، متمانەی بە خۆی نیە و ناوی کەسێکی تر دەنوسێت لە شوێنی خۆی. لە هەندێکیشیاندا ناوی هیچ کەسێک بوونی نیە”.

مورات ئاککۆچ پارێزەرێکی تری تورکیا سەبارەت بەو ١١ هەزار هاوڵاتیەی لە ماوەی ڕابردوودا بێ تاوانیان ئاشکرا بوو وتی” ناوی ١١ هەزار کەس بە ئەنقەست خراوەتە ناو  لیستی ناوی ئەو کەسانەی کە گوایا بەرنامەی بایلۆکیان بەکار هێناوە، بەڵام دواتر پێیان دەڵێن “ببورن” بە هەڵە ئێوەمان خستۆتە ئەو لیستەوە. پێم وایە هەندێک کەس بە مەبەستی چەواشەکاری ئەو هاوڵاتیانەیان تێوە گلاندووە”.

ئاککۆچ سەبارەت بەو ٣ پارێزەرەی ئەم بابەتەیان ئاشکرا کرد” ئافەرین کارێکی باشتان کرد، ئەو کارەی پێتان ڕاسپێردرابوو بە باشی ئەنجامتاندا، پاڕەی چاکتان دەستکەوت، ئێستا لاچن سەرەی ئێمەیە ڕاستیەکان بۆ هاوڵاتیان ئاشکرا بکەین”.

ئاککۆچ لە درێژەی قسەکانیدا وتی” ناوی تەواوی ئەو کەسانەتان دەرهێنا کە سەر بە دەسەڵاتن و بۆ پەردەپۆشی بابەتەکە ناوی هەندێک کەسی دەرەوەی دەسەڵاتیشتان تێکەڵ کردوون. بەهانەی وەک ” ناونیشانی IP” تێکەڵ بووە، دەدۆزنەوە بۆ ڕزگارکردنی کەسانی سەر بە دەسەڵات. سەرەتا وتیان ٢٢٥ هەزار کەس لەلایەن میتەوە ناویان دیاری کراوە. دواتر بێ ئەوەی هیچ هۆیەک پشان بدەن ناوی ١١٣ هەزار کەسیان دەرهێنا. پاشان بە هەمان هۆ  ١١ هەزار کەسی تریشیان لەناو کەسانی زیندانی کراودا دەرهێنا، دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە ئەو ٩١ هەزار کەسەی لە زیندانەکاندا ماونەتەوە، هێندەی ئەو ١١ هەزار کەسەی ئازاد کراون بێ تاوانن”.

http://www.tr724.com/ankara-cumhuriset-bassavciligi-bylock-suclamasi-yapilan-30-bin-kisiyi-daha-incelemeye-aldi-tutanaklarda-imza-bile-yok/

Show More
Back to top button