هەواڵ

وەڵامێکی گاڵتەئامێزی سەنتەری پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ ڕووداوی ڕفاندنی سالم زەیبەک

"ڕەنگە 'گولەنییەکان' ڕفاندبێتیان"

 

سالم زەیبەک کارمەندی پێشووی دەزگای گواستنەوە و گەیاندن، ٥٦ ڕۆژ پێش ئێستا لە شاری ئێدیرنە ڕێگەی لێ دەگیرێت و لە ئوتومبێلەکەی دەردەهێنرێت و دەڕفێدرێت، لەو کاتەوە هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە بارەیەوە نازاندرێت. فاتمە بەتول زەیبەکی هاوسەری سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ئاگادار کردووەتەوە و لە دوایین هەوڵیدا کە پەنای بۆ سەتەری پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا برد، لە دوای یەک مانگ وەڵامێکی گاڵتەئامێزیان دایەوە و پێیان وتووە کە “ڕەنگە گولەنییەکان ڕفاندبێتیان”.

لەو بارەیەوە فاتمە بەتول زەیبەک لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆیەوە لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “بە هۆی ئەو داواکارییەی پێشتر پێشکەشی سەنتەری پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیام کردبوو، ئەمڕۆ لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەنقەرەوە پەیوەندییان پێوە کردم. ئەو پۆلیسەی قسەی لەگەڵ کردم، وەک ئەوەی هاوسەرەکەم لە پێش چاوی خۆم و منداڵەکانم لە لایەن کۆمەڵێک چەکدار کە خۆیان وەک پۆلیس دەناساند نەڕفێندرابێت، پێی وتم ‘ڕەنگە هاوسەرەکەت لە لایەن گولەنییەکانەوە ڕفێندرابێت'”

فاتمە بەتول لە درێژەی پەیامەکەیدا دەڵێت: “لە کاتێکدا ئەو هەموو بەڵگەیە لە ئارادایە بۆچی ئەمانە بەدواداچوون ناکەن؟ باشە بۆچی نایانەوێت بەدواداچوون بکەن؟ ئایا هەوڵ دەدرێت شتانێک پەردەپۆش بکرێت، یاخود شتانێک بشاردرێنەوە؟ مرۆڤێک ڕفێندراوە بەڵام بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و داواکاری گشتی وەک ئەوەی ڕێکەوتنییان کردبێت هیچ قسەیەک ناکەن. ئەی بەرپرسان هاوسەرەکەم لە کوێیە؟ من لە لای خۆیەوە چەندین بەڵگەم پێشکەش کردوون بۆ ئەوەی ئەو کەسانە بدۆزنەوە کە هاوسەرەکەمیان ڕفاندووە. بەڵام بە بێ ئەوەی هیچ لێکۆڵینەوەیەک بکەن دەڵێن ڕەنگە ئەوە کاری گولەنییەکان بێت. واتە یەک مانگ بەسەر داواکارییەکەی من بۆ سەنتەری پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆمار تێپەڕیوە، وەک ئەوەی گاڵتەمان پێ بکەن لێمان دەپرسن هیچ هەواڵێک دەربارەی هاوسەرەکەتان هەیە؟ نەهاتووەتەوە بۆ ماڵەوە؟”

شایانی باسە ڕووداوی ڕفاندنی سالم زەیبەک لە بەرواری ٢١ی شوبات لە ئێدیرنە ڕوویدا. لە کاتێکدا سالم زەیبەک لەگەڵ هاوسەرەکەی و منداڵەکانی لە ناو ئوتومبێلە تایبەتەکەی خۆیاندا بوون لە لایەن چەند چەکدارێکەوە ڕێگەیان لێ دەگیرێت و دواتر سالم زەیبەک دەڕفێنن و دەیخەنە ناو ئوتومبێلێکەوە کە ژمارەکەی لە لایەن هاوسەرەکەی سالم زەیبەکەوە تۆمار کراوە و دراوە بە لایەنە پەیوەندیدارەکان. دواتر چەکدارەکان هەڕەشەیان لە هاوسەرەکەی سالم زەیبەک کردووە و پێیان وتووە ئەگەر هەواڵ بە هێزە ئەمنییەکان بدەیت جارێکی دیکە هاوسەرەکەت نابینیتەوە.

 

سەرچاوە: http://www.tr724.com/salim-zeybekin-esi-cimera-basvurdu-cevap-saka-gibi-geldi-belki-feto-kacirmis-olabilir/

Show More
Back to top button