بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

وەڵامی ئەو درۆ و بوختانانەی خزمەتیان کردۆتە ئامانج

بەشی دووهەم

ڕق و کینەی هەندێک لایەنیش بەرامبەر بزاڤی خزمەت، بە هۆی ناحەزی و حەسودی خۆیانەوە سەرچاوەی گرتووە. وەختی خۆیشی زاتێک کەوا نامەیەکی ٣ لاپەڕەیی ئا ڕاستەی من کردووە، وەک ئەوەی لەم دونیا پانوبەرینەدا جێگایەک بۆ خزمەتکردن نەمابێتەوە، لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێت” بە شێوەیەکی وەها داگیرکاری کراوە لە هەموو لایەکەوە، هیچ مەودایەک بۆ کەسانی تر بەجێنەماوە”. ئەمە لە کاتێکدایە، شوێنگەلێکی زۆری وەها هەیە، کە دەتوانرێت چارەسەری کێشەکانی مرۆڤەکانی تێدا بکرێت و حەق و حەقیقەتیان پێبگەیەنرێت؛ هەر مەپرسە.

دەیانتوانی بڕۆن بۆ ئەفەریقا، یاخود ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، چین، ڕوسیا، ئەمەریکا، دەڕۆن بۆ هەر شوێنێک بڕۆن و دونیای کەلتوری دەوڵەمەندی خۆتان بۆ ئەوانیش بگوازنەوە، هەتا ئەوانیش سوودی لێ ببینن.

لە دونیادا هێندە شوێنی پاکیزە هەیە کە تۆوی لێبچێنیت و میوەی لێ وەربگریت؛ هەر مەپرسە.

لە کاتێکدا بەم جۆرە کارانە هەڵناستن و سکاڵاکردنیشیان بەرامبەر ئەو خزمەتانەی ئەنجامدراوە، ئاماژەیە بۆ  گەورەیی ئەو ناحەزیەی لە سینەیاندا  پەنگی خواردۆتەوە. ئەمە ئەو واتایەی دەگەیەنێت کەوا ئەوان لە نێوان خۆیاندا باسی کارەکانی خزمەت دەکەن و، بەرامبەریان گوزارشت لە نیگەرانی خۆیان دەکەن.

ناحەزی و حەسودی، کاری وەها بە مرۆڤ ئەنجام دەدەن کە تەنانەت کوفریش پێی ئەنجام نادات. هەربۆیە هەندێک کەسی ناحەز، بۆ شکاندنی  ئاڕاستەی ئەوانەی ڕوویان تێکردون و بەرتەسک کردنەوەی مەودای کارکردنتان، ئەوەی لە دەستیان بێت ئەنجامی دەدەن. پەنا بۆ هەموو هەوڵێکی لەکەدارکردن، درۆ و بوختان دەبەن. تەنانەت هەندێک تاوانیش کەوا لە دوور و نزیکەوە پەیوەندی بە ئێوەوە نیە، بەسەرتانەوە دەکەن بە ماڵ. هەوڵی ئەوە دەدەن کە ئێوە و دەوڵەت بکەن بە گژ یەکدا و وەک دوژمنی دەوڵەت ناوزەندتان دەکەن.

 

وەک چۆن هەتا ئێستا زۆر جار ڕووبەڕووی هەوڵگەلێکی لەو شێوەیە بوونەتەوە، بە داخەوە لە ئێستاشدا ڕووبەڕووی هەمان شت بوونەتەوە. ئیدی نازانم توانا و هێزی ئێمە بەشی ئەوە دەکات، کە خواستی ڕکابەری و حەسودی بەرامبەرەکانمان بشکێنین یاخود نا؛ بەڵام ئێمە دەبێت ئەوەی لەسەرشانمانە ئەنجامی بدەین.

ئەویش لە ڕووی ئەوەوە دەبێت کە تا دوا ڕادە شەفافانە هەنگاو هەڵبگرین، بۆ ئەوەی پێ نەنێین بە دەماری ئیرەیی بردنی کەسانی تردا، پێویستە هەتا بڵێیت بە هەستیاریەوە مامەڵە بکەین، لەوەش زیاتر؛ ئامانجەکانی خۆمان وەک ئامانجی کەسانی تریش لێبکەین و ئەو ڕێگایەی لەسەری دەڕۆین بۆ کەسانی تریش بکەینەوە.

بۆ نمونە دەتانەوێت بچنە سەر لوتکەکانی شاخی ئێڤرەست، دەستی ئەوانە بگرن کە حەسودی بە ئێوە دەبەن و پێیان بڵێن ” وەرن با پێکەوە بڕۆین”. ئەوەیا پشان بدەن کە ئێوە جیاوازی و جیاکاری ناکەن. ئەوەش لەبیرمەکەن؛ کە مرۆڤگەلێکی جیاواز لە بیرکردنەوەدا، دەتوانێت سوود بە ئێوە بگەیەنن. بابەتەکە مەبەستنەوە بەم و بەوەوە و ئەو فراوانیەی ئیسلام خستویەتە بەردەمتان، بە دەستی خۆتان بەرتەسکی مەکەنەوە. ئەو ڕێگا فراوانەی لە بەردەمتاندایە بۆ گەشتن بە ئامانجەکانتان، بە دەستی خۆتان مەکەن بە هەوراز و نشێو. بە پێچەوانەوە لە ڕێگادا گیر دەخۆن و ناتوان بەو شوێنە بگەن، کە دەتانەوێت پێی بگەن.

بە تایبەت گەر لەگەڵ هەندێک کەسدا، لە چوارچێوەی پێودانگە قورئانی و سونەتیەکان بتوانن کۆ ببنەوە، ئەوا لە وردەکاریەکاندا مەکەونە مشتومڕ و پێكدادانەوە. زیاد لە ئاسایی بەڕێزبن بەرامبەر ئەو شێواز و  ڕێگایەی کەسانێکی تر گرتوویانەتە بەر. گەر ئێوە بەرامبەر کەسانێکی تر بەڕێز ببن، ئەوا هەستی ڕێزگرتن لە کەسانی تریشدا دەبزوێنن. گەر بەرامبەر کەسانێکی تر بێ ڕێزی ئەنجام بدەن، ئەوا بە شێوەیەک لە شێوەکان بوونەتە هۆکاری ئەوەی بێ ڕێزانە هێرش بکرێتە سەر بەهاکانتان. تەنانەت هەستی پێزانین  و ستایشی خۆشتانیان بەرامبەر دەربخەن. ئەمەش وەک کارێک مەکەن کەوا کەسانێکی تری پێ ڕایی بکەن و، با لە ناختانەوە بێتە دەر. با لە هەموو ساتێکی جیاواز و بە هەر بۆنەیەکەوە بێت، گەر ٥٠ جار گوێیان لێگرتن، هەر هەمان دەنگتان لێ ببیستن. بەم شێوەیە دەتوانن ڕاستگۆیی خۆتان دەربخەن. چونکە وتنی شتێک و کردنی بە بەشێک لە قوڵایی سروشتی خۆت و بەردەوامی پێدانی، لە یەک جیاوازن!

بێگومان لە کاتی ئەنجامدانی ئەم جۆرە کارانەشدا توشی ناڕەحەتی دەبن. لەوە دەچێت ئەو ڕێگایەی کەسانی تر لەسەری دەڕۆن، پێچەوانەی تێڕوانین و فیترەت و سورشتی ئێوە بێت. هەندێک جار خۆپەرستیش تێکەڵی کارەکان دەبێت و کاتێک ئەمەش تێکەڵ بە تێبینی لایەنگیری کردن بوو، ئیدی شێوەیەکی وەها پتەو و لە بن نەهاتوو وەردەگرێت، کە لەرزینی بۆ نەبێت. بەڵام پێویستە ئەوەش بزانن؛ گەر حەقی ئیرادەی خۆتان بدەن و بەسەر ئەم ناڕەحەتیانەدا زاڵ ببن، بەرگەی ئەو بارودۆخە بگرن کەوا ناخۆشە بە لاتانەوە، تەنانەت گەر پێویستی کرد، دوو هەنگاویش بەرەو دواوە بڕۆن، تەواوی ئەمانە پاداشتی عیبادەت دەست ئێوە دەخات؛ لەلایەکی تریشەوە وا لە دوێنراوەکانتان دەکەن بڵێن “دەتوانین لەگەڵ ئەمانەدا ملی ڕێگە بگرین و لەسەر یەک خوان دابنشین”. لەمەش زیاتر، کاتێک مرۆڤەکان ساڵانێکی دوور و درێژ هیچ هەڵەیەکیان لە ئێوە نەبینی، ئیدی متمانەتان پێدەکەن و پشتان پێ دەبەستن.

زۆر ئەم قسەیەمان دووبارە کردۆتەوە؛ ئەو ڕێگایانەی بەرەو الله دەڕۆن، هێندەی هەناسەی هەموو ئافەریدەکراوەکانێتی. ئەمە داخوازی فیترەتیشە. گەر لە بابەتە سەرەکیەکاندا ئیمکانی ڕێکەوتن هەبێت؛ ئیدی کەوتنە ناکۆکی لەسەر وردەکاریەکان،  تاوانێکی گەورە و جینایەتە.

ئێوە گەر بە بیانوی ئەوەی باشترین ڕێگە دەگرنە بەر کەسانێک لە خۆتان داببڕن، ئەوا لەناو هەڵەیەکی گەورەدان.

چونکە گەر بە فەرمایشتەکەی حەزرەتی ئوستاد بەدیعوزەمان گوزارشتی لێبکەین:

گەر ئەوەی لەسەری ڕێدەکەون حەسەن(باش) بێت؛ ئەوەی لەسەری دەکەونە ناکۆکی احسن(باشتر) بێت، ئەوا “باش”ەکە باشترە لە “باشتر”ەکە!

لەم ڕوانگەیەشەوە لە ڕۆژگاری ئێستادا کە زۆر پێویستی بە هەماهەنگی و ڕێکەوتن هەیە، پێویستە حەسودی ناو سینەکان و هەستی ناو نەفسەکان چاوێکی پێدا بخشێنرێتەوە، بشێلدرێت و بەرەو ڕێچکەیەکی ماقوڵ ڕابکێشرێن و لە قاڵبی ئیخلاسدا بخرێنە ڕوو. بە شێوەیەکی زۆر جددیش ئاتاجی بە کارێکی وەها هەیە.

بە پێچەوانەوە ئێوە چەندە بە هەستی خۆ فیداکارانە و خۆبەخشانە هەنگاو هەڵدەگرن، هەڵیبگرن، گەر ڕەچاوی ئەم ڕێسایانەتان نەکرد لە کاتی هەنگاو هەڵگرتندا، ڕێڕەوی ڕۆشتنی خۆتان دەخەنە مەترسی و بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو، خۆتان توشی کارەساتی هاتوچۆ دەکەن. پاشان بۆ بڕینی ڕێگایەکی دوو ساڵی، ١٠ ساڵی خۆتان بە فیڕۆ دەدەن.

“فیتنە و فەسادی دووڕووەکان”

لە پاڵ هەموو ئەمانەشدا، پێویستە ڕۆڵی ئەو کەسە دووڕووانەش فەرامۆش نەکەین کە هەمیشە خەریکی دەڵاڵی فیتنە و فەسادن. گەر کەسانێک هەبن کەوا ناحەزبن بەرامبەر گەورە بوون و کرانەوەی دین و دیانەت، ڕێگە و شێوازی ئێوە، ئەوا بەردەوام خەریکی نانەوەی فێڵ و تەڵەکە و پیلانگێڕی دەبن. هەتا ئێستاش لە وڵاتی ئێمەدا، بوونی کەسانێک؛ کە دژی دین بوون، هەوڵی شێواندنی پێکهاتەی گشتی وڵاتەکەیان داوە و خستویانەتە ناو ئاژاوە و،  دووبەرەکی و ناکۆکیان لە نێوان هاوڵاتیان دروست کردووە، ڕووی لە کەمی نەکردووە. ئەم جۆرە مرۆڤانە کە خۆیان وابەستەی هزری خراپەکاری کردووە، لە بەرامبەر هەموو هەوڵ و کارێکی ئەرێنی کە لەم وڵاتەدا ئەنجام بدرێت نیگەرانی پشان دەدەن، بۆ شێواندن و لێڵ کردنی ئەم کارانەش، ئەوەی لە دەستیان بێت ئەنجامی دەدەن.

ئەوان هەندێک جار شتانێک دەچرپێنن بە گوێی بەرپرساندا کە خۆیان دروستیان کردووە و، هەندێک جاریش لە ڕێگەی ئەو ئارگومێنتانەی لە دژی ئێوە دروستیان کردووە، هەوڵ دەدەن لەبەرچاوی ویژدانی گشتی وەک تاوانبار پشانتان بدەن. هەندێک جاریش مرۆڤە جیاوازەکانی سەر بە چین و توێژە جیاوازەکان لە دژتان هان دەدەن و بەردەوام لە دژی ئێوە لە چالاکی گێڕاندا دەبن. تەنانەت گەر لە سایەی ئەم فیتنە و ئاژاوەی هەڵیانگریساندووە نەگەشتن بە ئامانجەکانیان، ئەوا ئەمجارە دوو چینی جیاوازی کۆمەڵگا بە گژ یەکدا دەکەن و، پاش ئەوەی لایەکیان ئەوی دی لەناوبرد، ئەمجارەیان سوار ملی ئەوی تریشیان دەبن.

ئەوان بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە کارانەیان، دامودەزگاگەلێکی زۆریان بە ناوی ناوەندی هزری  ” think-tank” و ناوەندی ستراتیژی پێکەوە ناوە. ئەمانە ئیش و کاریان ئەوەیە بەردەوام پیلان و پرۆژە بۆ لەناوبردنی ئەو کەسانە دابڕێژن کە وەک خۆیان بیر ناکەنەوە. دەرحەق بەو کەسانەی وەک خۆیان بیر ناکەنەوە، ئامادەن هەموو درۆ و بوختانێک ڕێک دەخەن.

ڕەشەبای پیلان و پڕۆژەکانی ئەم جۆرە کەسانە – یان ڕاستتر وەهایە بڵێین تۆفان و بۆرانەکانیان –  بە شێوەیەکە کە تەنانەت توانای ڕوخاندنی دەوڵەتەکانیشیان هەیە. چونکە بە بەراورد بە کاری چاکە و بونیادنان، هەستان بە کاری ڕوخاندن زۆر ئاسانە.

 

ئەم کارانەشیان تەنیا بریتیە لە هەوڵی لەکەدارکردن و بوختان دروست کردن. تەنانەت خۆشیان دەزانن کەوا ئەو بوختانانەیان ڕاست نیە و خودی خۆیان دروستیان کردوون. بە تایبەت خستنە پاڵی تۆمەتگەلێکی وەک “تیرۆرست” و “خیانەتکاری نیشتیمان” بەرامبەر هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت، هیچ نیە جگە لە بەرهەمی  ڕق و کینەی خۆیان بەرامبەریان. چونکە ئەوەی لە ناو بزاڤی خزمەتدا بووە و پەیامی خۆشەویستی بۆ هەر چواردەوری دونیا بردووە، هەتا ئێستا کەسێکیان تێدا هەڵنەکەوتووە کەوا پەنای بۆ توند و تیژی بردبێت.

واز لە تیرۆر، چەک، توندوتیژی بهێنە؛ تەنانەت ئەوانەی ئەم جۆرە بوختانانە ڕێک دەخەن، ئەوە چاک دەزانن کە هاوسۆزانی خزمەت لە گیرفانیاندا چەرخیش هەڵناگرن!

ئەم مرۆڤانە کە وابەستەی خۆشەویستی بوون، تەنانەت بە ئەنقەست پێیەک بە مێرولەیەکیشدا نانێن. سەرەڕای ئەم هەموو پاڵپێوەنان و شاڵاوانەی هێناویانە، مرۆڤەکانی خزمەت پارێزگاریان لە ڕێچکەی خۆیان کردووە و پەنا نەبردنیان بۆ ڕژانە سەر شەقامەکان، بەڵگەیەکی تەواوە لەسەر بێ گوناحیان. هەروەها بزاڤێک کەوا نزیکەی نیو سەدەیە لە زۆر شوێنی دونیادا هەن و لەلایەن چەندین دەزگای هەواڵگریەوە خراونەتە ژێر چاودێری، هەتا ئێستا لەلایەن هیچ لایەکەوە، بەڵگەیەکی وەها نەدۆزراوەتەوە کە بتوانێت وەک تاوانبار پشانیان بدات.

هەربۆیە تەواوی ئەو دامودەزگایانەی لەلایەن هاوسۆزانی خزمەتەوە لە شوێنە جیاوازەکانی دونیا بونیادنراوە، هەتا ئەمڕۆ کار دەکەن و مۆڵەتیان دراوە.

بەڵام سەرەڕای تەواوی ئەمانە، هەندێک لایەن بە هۆی ئەو هۆکارانەی باسمانکرد/ باسمان نەکردووە، هەر خەریکی دوژمنایەتی خزمەتن و، لە ڕێگەی بەڵگەی دەستکردی خۆیانەوە، “پلانی لەناوبردن” دادەڕێژن و دەیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.

بزاڤێک کەوا هیچ کارێکی دژ بە  داهاتوی گەل و نیشتیمان، بنەما سەرەکیەکانی دین و داخوازیەکانی دیموکراسی، لە هیچ شوێنێکی دونیا کارێکی دژ بە سەقامگیری ئەنجام نەداوە؛ بە پێچەوانەوە هەمیشە هەوڵی فەراهەمکردنی ئەمانەی داوە و،  پێشخستن و پاڵپشتی  ئەم ئامانجانەی کردووە بە ئامانجی ژیانی، بەڵام کەسانێک بۆ لەناوبردنی ئەم هەوڵانەی خزمەت، ڕووداوەکان بە شێوازێکی زۆر جیاواز دەخەنە ڕوو. هەربۆیە ئەوەی لەسەر شانی ئێوەیە، دوبارە و سێبارە ئەم بابەتانە لە هەموو لایەک بگەیەنن.

” بەردەوامی لەسەر ڕێگاکەمان”

ئیدی کەسانی تر بە ناوی خراپەکاریەوە هەرکارێک ئەنجام دەدەن با ئەنجامی بدەن، چەشنی ئەو کەسانەی کە عاکیفی شاعیر باسیان دەکات، گەر ئیمانتان بە خودا هێنابێت و وابەستەی دانایی ببن و باوەشتان بە هەوڵ و تێکۆشاندا کردبێت، چەشنی کەسانێک کەوا لە سایەی ئەم خاسیەتانەیانەوە ڕێگەی ڕاستیان دۆزیبێتەوە، بە هیچ شێوەیەک  نابێت لە ژێر کاریگەری ئەواندا بکەونە ناو دوو دڵی و سەرلێشێوان و دەستەوسانیەوە.

ئیدی بە ناوی گەلەکەمانەوە بێت یاخود بە ناوی هەموو مرۆڤایەتیەوە، ئەو ڕێگایەی لەسەری دەڕۆن بە ناوی داهاتوەوە بەڵێنی سەرئەنجامێکی جوان دەدات و، پێویستە دەکات لە هەموو وێستگەیەکی ڕێگاکەتاندا بوەستن و جارێکی تر چاوێک بە پێودانگە گشتیەکان و بەها گەردونیەکاندا بخشێننەوە و، دروستی و نادروستی ئەو ڕێگایەی لەسەری دەڕۆن بخەنەوە ژێر تاقیکردنەوە، گەر ئەوە بەدی کرا کە هەڵەیەکبوونی نیە، ئیدی گوێ بۆ ئەو لاقرتیانە هەڵنەخەن کەوا لە ڕاست و چەپەوە دێن و، نابێت ئەمانە توشی شڵەژانتان بکات.

 

هەربۆیە بەم شێوەیە حەزرەتی نوح بەردەباران کراوە، حەزرەتی هود و شوێنکەوتوانی توشی سەرکوت کردن، حەزرەتی موسا ناچار بە جێهێشتنی نیشتیمانەکەیی و، هەوڵی لە خاچدرانی حەزرەتی مەسیح دراوە، حەزرەتی زەکەریان بە مشار دوو قاش کراوە، زۆرێک لە پێغەمبەرەکان گرفتاری زوڵم و زۆرداری جیاواز بوونەتەوە. بەڵام هیچ کام لەوان بە هۆی ئەم شتانەوە، لەو ڕێگایەی لەسەری ڕۆشتون، پاشگەز نەبوونەتەوە.

 

گەر شەرەفمەندترینی بەندەکانی خودا، لەلایەن ئەو ناحەز و زاڵم و دەستدرێژیکارانەی کە دوژمنایەتی دین دەکەن، توشی ئازارگەلێکی وەها بووبێتن کە بە خەیاڵی مرۆڤدا نەیەت؛ ئیدی ئەو بەندە پیرۆزانەی ملی ڕێگاکەی ئەوانیان گرتووە، ڕزگار بوونیان لە هەمان چارەنوسی ئەوان مومکین نیە!

هەروەها سەرداریشمان لە حەدیسێکی شەریفدا فەرمویەتی:

يُبْتَلَى الرَّجُلُ عَلَى قَدْرِ دِينِهِ فَمَنْ ثَخُنَ دِينُهُ ثَخُنَ بَلَاؤُهُ وَمَنْ ضَعُفَ دِينُهُ ضَعُفَ بَلَاؤُهُ

هەموو کەسێک بە گوێرەی پلەی دینداری خۆی توشی بەڵا و موسیبەت دەبێت، کەسێک کەوا خاوەنی دینداریەکی بەهێز بێت، ئەو بەڵا و موسیبەتەی توشی دەبێت بەو ڕادەیە بەهێز دەبێت و ئەوەی دینێکی لاوازیشی هەبێت، بە هەمان شێوەی دینەکەی بەڵا و موسیبەتی بەسەر دێت.(مستدرک الحاکم).

 

لەم ڕوانگەیەوە، ئەو خۆبەخشانەی لە ڕێگەی ئاوەدانکردنەوەی داهاتووی مرۆڤایەتیەوە، ڕەزامەندی خودایان بە ئامانج گرتووە، لە هەر شوێنێکی ڕێگاکەیاندا گەر فڕێشبدرێنە ناو چاڵەکانی مەرگەوە، هەر بە براوە ئەژمار دەکرێن.

هەربۆیە ئەمانە نابێت دڵگران بن بەرامبەر ئەوانەی لە لایەکی ڕێگاکەیان دەیانگرن و ڕەوانەی ئەو دونیایان دەکەن، بەڵکو دەبێت نیگەرانی ئاخیرەتی ئەو کەسانە ببن کە ئەم زوڵمەیان بەرامبەر ئەنجام دەدەن.

دایکە ئەسماشمان لەو کاتەی حەجاج؛ کوڕەکەی بە ناوی عەبدوڵای کوڕی زوبەیر بە دیواری کەعبەدا هەڵدەواسێت، دەچێتە بەردەمی حەجاج و قسەیەکی ناخهەژێنی بەرامبەر دەکات” ئەی حەجاج، تۆ دونیای کوڕەکەمت وێران کرد، بەڵام ئەویش دونیای ئاخیرەتی تۆی وێران کرد”. هەربۆیە ئەوەی دەبێت ئێمەش دڵتەنگ بکات، هەر لە هەمان ڕوانگەوە بێت.

جگە لەوەش ئێوە هەرچەندە باسی خۆشەویستی دەکەن بیکەن، پێویستە ئەوە نادیدە نەگرن؛ دەربارەکانی شەیتان و کۆیلەکانی، ئەوانەی لە ڕێگەی ئاڕاستەکردنی ئەوەوە هەنگاو هەڵدەگرن، واز لە دوژمنایەتی ئێوە ناهێنن و، بەم هۆیەشەوە  پێویستە  ئێوەش بە تەمکین و بێداریەوە لەسەر ڕێگای خۆتان بەردەوام بن.

پێویستە هەرگیز ئەوە پشتگوێتان نەخەن، کە هەتا خودا لوتفی زیاتر بەرامبەر ئێوە پشان بدات، دوژمنانەی الله و پێغەمبەرەکەی لەم بابەتەدا زیاتر نیگەران دەبن و لە پێناو لەکەدارکردنی خزمەتە پاک و بێگەردەکانتان، هەندێک فێڵ و تەڵەکە و پیلان دەگێڕن. لە ڕاستیدا کاتێک سەیری کارەکانی خزمەت دەکرێت، مومکین نیە جگە لەو شەیتانەی لەلایەن خوداوە لە ڕەحمەتی خۆی دەرکراوە، کەسێک هەبێت نیگەرانی پشان بدات. بەڵام دەبێت ئەوەش لە بیر نەکەین کە شەیتانیش نوێنەری زۆری هەیە.

هەربۆیە دەشێت ئەمانە هەموو کاتێک خراپەکاریتان بەرامبەر ئەنجام بدەن، لەم ڕوانگەیەشەوە؛ لە پاڵ ئەوەی  پێویست بەوە دەکات بە بێ ئەوەی کۆڵ بدەن و بشڵەژێن، لەسەر ڕێگەی خۆتان بەردەوام بن، لە هەمان کاتدا پێویستە بەوە دەکات کە زیاد لە ئاسایی، تیژبینانە و بە تەگبیر و وریاییەوە هەنگاو هەڵبگرن.

لەبەر ئەوەی ئەنجامدانی ئەم کارانەش بە گوێرەی ئەم بازنە فراوانە لە توانی تاکە کەسدا نیە، بە شێوەیەکی ڕەها داخوازی ئەوە دەکات، کە بە ڕاوێژ و شعوری دەستەجەمعی، کارەکانتان ببەن بەڕێوە.

گەر بتانەوێت توشی دۆڕان و زەرەرەومەندی نەبن، پێویستە لە بچوکترین بابەتەکانیشتاندا ڕاوێژ بە یەکتری بکەن؛ پاشان لە ڕێگەی ئەو بڕیارەی لە ڕاوێژەکردنەکەوە دەرچێت، هەنگاو هەڵبگیردرێت.

” لەخۆپرسینەوە”

لێرەدا بە پێویستی دەزانم تایبەتمەندیەک کەوا هەموو کاتێک ئاماژەمان پێداوە، لێرەشدا دووبارەی بکەمەوە. ئوستاد لە شوێنێکدا، هەندێک لەو هەستانەی ناو ناخی کە بە دروستی نەزانیون، وەک هۆکاری ئەو هێرشانەی لەلایەن ئەهلی دونیاوە دەکرێنە سەری، پشان دەدات.

هەربۆیە ئێمەش پێویستە لەم بابەتەدا، نەفسی خۆمان بخەینە بەر لێپرسینەوە. ئێمە هەمیشە ئەوەمان وتووە کەوا خۆمان وابەستەی ڕەزامەندی خودا کردووە و، وەک گەورەترین ئامرازی گەشتنمان بەم  ئامانجەش، پابەندی خۆمان بە بەرزکردنەوەی کەلیمەی الله، وەک گەورەترین ئامرازی گەشتن بە ڕەزامەندی خودا پشانداوە.

کەوایە پێویستە بپرسین؛ ئایا ئەم هەستەی سەرەتامان لە تەواوی ژیانماندا ڕەنگی داوەتەوە و پاراستومانە؟ تەنانەت گەر لە گۆشەیەکی بچوکی مێشکیشماندا بێت، تێبینی سوودمەند بوون لە نیعمەتەکانی دونیا و ئاسوودە بوون تێیدا، تێپەریوە یاخود نا؟ داخۆ بە ناوی هەندێک چاوەڕوانی داهاتوومانەوە، خۆمان لە داخوازیە پەروەردگاریەکان هەڵدەقورتێنین و دەستی تێدەخەین یاخود نا؟ یاخود بە تێڕوانینمان لە گەورەیی کارەکان، ئەمانە وەک سەرچاوەیەکی هێز دێتە پێشچاومان و بە جێگەی متمانە و پاڵپشتی خۆمانیان دەزانین؛ سەرچاوەی سەرەکی هێز و دەسەڵات، واتە هێز و دەسەڵاتی ئیلاهیمان، پشت گوێی خۆمان خستووە یاخود نا؟

 

 

لێرەدا دەتوانین ژمارەی ئەم جۆرە پرسیارانە زیاتر بکەین. دەتوانن بیر شتانێکی ئەولاتریش بکەنەوە و لەم ڕوانگەیەوە خۆتان بخەنە ژێر لێپرسینەوە. چونکە گوزارشت کردن لە شتێک جیایە و، “بەو شێوەیە بوون” شتێکی جیاوازترە. گەر لە هەر یەکێک لەم بابەتانەدا کەموکورتیتان هەبێت، ئەوا شەپازلەتان بەر دەکەوێت.

هەربۆیە ئەوەی لەسەرشانتانە ئەنجامی بدەن، چەشنی ئەوەی گوناحێکتان ئەنجامدابێت، پێویستە هەرچی زووە ڕوو لە جەنابی حەق بکەنەوە و تۆبە بکەن و داوای لێخۆشبوونی لێبکەن.

مادام هیچ کام لە ئێمە پاڵفتەکراو و پاککراوە(مذکی) نیە، ناتوانین بانگەشەی ئەوە بکەین کە هەموو ساتێک هەست و هزرەکانمان بە پاکی ڕاگرتووە.

چەشنی ئەو ئاردەی لە نێوان بەردی بەرداش و لە کاتی هەڵڕشتنە ناو عەمبارەوە هەڵدەڕژێت، هەندێک جار هەست و هزرەکانی ئێمەش بە لایەکدا دەچن کەوا بە باشیان نازانین و حەزیان پێناکەین. شەیتانیش لە ڕێگەی سوود وەرگرتن لەم بۆشاییانەی ئێمەوە، وا لە هەندێک مرۆڤ دەکات کەوا هەڵبکوتنە سەرمان. ئەمە لە هەمان کاتدا، سزایەکی خوداییە کەوا بەسەر سەرماندا هاتووە.

لەم ڕوانگەیەشەوە پێویستە زۆر سەرنجی ئەوە بدەین کە لە پەیوەندیمان لەگەڵ خودادا هیچ بۆشاییەک بەجێنەهێڵین. زوو زوو بەوەدا بچینەوە کە پارێزگاریمان لە ڕێچکەی خۆمان کردوە یاخود نا؛ گەر هەندێک کەموکورتی و کەلێنمان هەبێت، بە زووترین کات چاکیان بکەین.

گەر ئێمە ئەوەی لەسەرشانمانە و پەیوەندی خۆمان لەگەڵ ئەودا توندوتۆڵ ڕابگرین، ئەویش لە هەموو هێرش و زوڵمێکی دوژمنەکانمان دەمانپارێزێت. گەر ئێمە پشتی شەیتان و نەفسی خۆمان بشکێنین، ئەوا پشتی ئەو کەسانەش دەشکێنین کەوا لە دژی ئێمە دەخەنگێن.

چونکە ئەوەی کەسانێکی تریش لە دژمان هان دەدەن، هەر ئەوانن.

بە کورتی؛ ئێمە هەتا لە ناخمانەوە توشی تێکچوون نەبین، نیعمەتەکانی الله ش بەردەوامیان دەبێت.

 

Show More
Back to top button