بیروڕاهەواڵ

وەک ئەوەی جینۆسایدێکت نەبینێت خۆت  پیشان بدەیت

بەخامەی: ئێرهان باشیورت

لە دوای ١٥ ی تەموزەوە کارەساتی زۆر گەورەی چاوەڕواننەکراو ڕوو دەدات. زوڵمی دەسەڵاتی تورکیا هەموو سنوورەکانی تێپەڕاندووە. کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵک لە چوارچێوەی باری نائاسایی وڵاتدا بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە، کۆمەڵێکی زۆر پاسەپۆرتەکانیان لە دەست دەرهێنراوە. کۆمەڵێکی تریش هەموو بوارێکی کارکردنیان بەسەردا داخراوە. دوو خانەوادەی تورکیا کە بێ هۆ خرابوونە  زیندان، لە دوای ئازادکردنیان بە خۆیان و منداڵەکانیانەوە هەوڵی ڕزگاربوونیان دا، بەڵام لە ئاوی سەهۆڵاوی دەریادا بەلەمەکەیان نقوم دەبێت و  هەموویان گیان لە دەست دەدەن.

ئەوانەی بە شێوەیەکی نایاسایی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و گرتنەبەری هەموو ڕێگایەکی یاسایشیان بەسەر ڕوودا داخراوە، کۆمەڵێکیش بە تۆمەتی دەستکرد مەحکوم بە ژیانی زیندانی کراون، خانەوادەیەک کە مەحکوم بە برسێتی کرابوون و پاسەپۆرتەکانیان لە دەست دەرهێنرابوو، ویستیان بە بەلەمێکی کۆن لە ئاوی دەریای ئیجە  بپەڕێنەوە بۆ یۆنان، بەڵام خۆیان و دوو منداڵەکەیان لە ئاوی دەریادا گیانیان لە دەستدا.

گۆکهان ئاچککۆلو لە خوێندنگەیەکی دواناوەندی سەر بە دەوڵەت مامۆستا بوو، بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لە کارەکەی دوور خرایەوە. بە بێ هیچ تاوانێک، بە تۆمەتی ئەندامێتی لە گروپی تیرۆرستی دەستگیر کرا. لەلایەن پۆلیسەوە خرایە ژێر ئەشکەنجەی قورس. سەرەڕای ئەوەی نەخۆشی درێژخایەنی لەگەڵدابوو، بەڵام دەرمانەکانیان پێنەدا، دڵی بەرگەی ئەو هەموو ئەشکەنجەیەی نەگرت و لە ماوەی دەستگیرکراویدا گیانی لە دەستدا. لە دوای مردنی بێ تاوانی ئاشکرا بوو، پاشان گەڕێندرایەوە بۆ سەر کارەکەی.

باوکێکی شاری کۆنیا کە کوڕەکەی لە خزمەتی سەربازیدا گیانی لە دەستدا، لە کاتی ناشتنی کوڕەکەیدا تابوتەکەی نا بەسەر شانیەوە و، هەموو کەسێک بە ڕێزەوە باسیان لە خۆڕاگری و قارەمانێتی ئەو باوکە کرد.

پاش چەند ڕۆژێک ئەوە ئاشکرا بوو کە باوکەکە کارمەندی شارەوانی بووە لە شاری کۆنیا و تەنیا بە هۆی ئەوەی ئەندامی سەندیکایەک بووە، مۆڵەتی کارکردنیان لێسەندۆتەوە. ئەو بینالی یڵدرمەی واژۆی لەسەر بڕیاری دەرکردنی ئەو باوکە کردبوو، بە پاساوی ئەوەی تیرۆرستە، سەردانی ماڵی ئەو پیاوەی کرد. لە ماڵەکەیان دانیشت و سەیری دەموچاوی کرد، وەک ئەوەی هیچ شتێک ڕووینەدابێت، لێیدا و ڕۆشت.

زیندانەکان بە هاواری ئەشکەنجە دەلەرێتەوە. دایکانێکی زۆر کە تازە منداڵیان بووە، لە دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری دەبرێنەوە بۆ زیندان. منداڵانی ساوا بە بێ هیچ تاوانێک، وەک ئەوەی گۆڕەپانی یاری ئەوان زیندانەکان بێت، لەگەڵ دایکیان فڕێ دەدرێنە ژوورەوە.

نزیکەی ٢٠ هەزار خانمی باڵا پۆش بە بێ هیچ هۆیەک لە زیندانەکاندا دانراون، لە ژوورێکی ٨ کەسیدا ٢٤ کەس زیندانی کراوە. وەک ئەوەی زوڵمی زیندانیکردنی هاوڵاتیان بەس نەبێت، دەیاننێرن بۆ زیندانی شارە دوورەکان، هەتا باری هاتووچۆی کەسوکارەکەیان زیاتر سەخت بکەن. خانەوادە و کەسوکارە پەرێشانەکانیشیان، بە هەزار زەحمەت سەردانیان دەکەن. هەفتەی ڕابردوو، خانەوادەیەک لە کاتی گەڕانەوەیان لە زیندان، هەموویان گیانیان لە دەستدا و مردن.

“دەسەڵات بە هۆی درۆکانیەوە توانی هەموویان بکات بە دوژمن”

تورکیا گەورەترین زیندانی ڕۆژنامەنوسانە لەسەر ئاستی هەموو جیهان. کەسانی ئەکادیمی لە کارەکانیان دوور دەخرێنەوە. دەست دەگیرێت بەسەر وەقف و خوێندنگە نمونەی و تایبەتەکان. هەر بە ئارەزووبازی دەست دەگرن بەسەر کۆمپانیا گەورەکاندا.

وەک ئەوەی ئەمانە بەس نەبێت، لە ناوەڕاستی پایتەختی تورکیا، بە ڕۆژی نیوەڕۆ هاوڵاتیان دەڕفێنن. لە دەرەوەی وڵاتیش هاوڵاتیان دەڕفێنن. ئەوانەشی دەستیان پێیان ناگات، ژن و منداڵەکانیان بە بارمتە دەگرن هەتا خۆیان بە دەستەوە بدەن. یاخود بۆ ئەوەی دەنگیان دەرنەهێنن، لە ڕێگەی هاوسەر و کچەکانیانەوە هەڕەشە لە هاوڵاتیان دەکەن.

دەسەڵات لە ڕێگەی بە دوژمنکردنی کەسانێکەوە کە بە ڤایرۆس ناوی دەبردن، ئێستا بە تیرۆرست ناوزەندی کردوون. دەڵێت “ئاویشیان پێنادەین” و هوتافی ” لە ڕەگەوە دەریان دەکێشین” دەڵێتەوە.

 

“بە ئاشکرا جینۆسایدی کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدات”

یاسا و ویژدانیشیان خستۆتە سەر ڕەفەکان.

کارکردن بە کەیفی خۆیان و بە سیاسی کردنی دادگاکان گەشتۆتە ڕادەیەک، بڕیارەکانی دادگای دەستووریش بە فەرمانی سیاسیەکان، لەلایەن دادگاکانی خوارەوە جێبەجێ ناکرێت و حسابی بۆ ناکەن.

 

” بە دوای ماڵی بە تاڵان براوی برا ئاینیەکانیاندا دەڕۆن”

ئەو زوڵمەی دەسەڵات ئەنجامی دەدات بۆ شاردنەوەی گەندەڵیەکانی، لەلایەن لایەنگرانی خۆیەوە چاوپۆشی لێدەکرێت.

تەنانەت ئەو سەروەت و سامانەی برا ئاینیەکانیان کە بە هۆی دەستگرتن بەسەر دامودەزگاکانیانەوە دەستیان کەوتووە، وەک غەنیمەت تەماشای دەکەن و لەگەڵ یەکتردا پێشبڕکێیانە هەتا بەشی زیاتریان بەر بکەوێت.

کەسانی دژ بە دەسەڵاتیش بێدەنگیان بەرامبەر ئەم زوڵمە هەڵبژاردووە و دەڵێن ” دیندارەکان خەریکی خواردنی یەکترن، ئەو پاکتاوەی چەندین ساڵە ئەنجام نەدراوە، بە دەستی خۆیان ئەنجامی دەدەن، بەشکوم بەم هۆیەوە دەسەڵات دووبارە بکەوێتەوە دەستی خۆمان”. تەنانەت لە ناخی دڵیانەوە دڵخۆشن بەوەی ڕوو دەدات.

“چاوەڕێن دەسەڵات بۆ خۆیان بمێنێتەوە”

بەڵێ جینۆسایدەکان هەمیشە بە ٣ قۆناغدا تێدەپەڕن، یەکەمجار گروپێک دەکەیت بە شەیتان، دواتر ڕقی خەڵکیان لە دژ هەڵدەستێنیت، دواتر لە ناویان دەبەیت.

زیاتر لە هەزار وتار و قسە کە بە تاوانی نەفرەت ئەژمار دەکرێن، لە ڕێگەی مێدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە دووبارە دەکرێنەوە و، لە ڕێگەی هەموو جۆرە درۆ و بوختانێکەوە کە دەسەڵات بڵاوی دەکاتەوە، ئەوەی خوازیاری بوون هەتا ڕادەیەک بە دەستیان هێناوە.

ئێستا دەسەڵات  هەوڵی ئەوە دەدات هەموو گروپە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بخاتە هەمان سەبەتەوە و ئەوانیش بە هەمان شێوە لە ناو ببات.

دەسەڵات و ئەوانەی چاوەڕێن دەسەڵات بۆ خۆیان بە جێبمێنێت، بە هەردووکیان وڵات بەرەو کارەسات و تیاچوون دەبەن.

 

“مومکین نیە خەڵک ئاگای لەوە نەبێت کە ڕوو دەدات”

مومکین نیە خەڵک ئاگای لە ڕووداوەکانی چواردەوری نەبێت. ٤٠ هەزار هاوڵاتی دەستبەسەر کراو و ٨٠ هەزار هاوڵاتی بەردەم دادگاکان، ١٥٠ هەزار هاوڵاتی دەرکراو لە کارەکانیان، ٢٢٠ هاوڵاتی کە پاسەپۆرتەکانیان پوچەڵ کراوەتەوە، ٥٠٠ هەزار خوێندکاری زوڵم لێکراو…

هەرکەسێک لە کارەکەی دوور خرابێتەوە و زوڵمی لێکرابێت، کەسە نزیکەکانیش بەو هۆیەوە مەغدوور بوون و ژمارەیان خۆی دەدات لە یەک ملیۆن کەس…

گەر خۆشیان هیچیان بەسەر نەهاتبێت، خۆ ئاگایان لە خزم و کەسوکار و دراوسێکانیانە کە چییان بەسەر هاتووە…

“لەبەرچی کاردانەوەیەک پشان نادرێت کەکۆتایی بهێنێتبە زوڵمی دەسەڵات؟”

یادەوەریەکانی خاتوو پۆمێلسی سکرتێری گۆیبێلس

جینۆسایدێکی هاوشیوەی ئێستای تورکیا لە ئەڵمانیاکەی هیتلەریشدا ڕوویدا و بێ هەڵوێستی کۆمەڵگای ئەو کاتەی ئەڵمانیاش هەروەک ئێستای تورکیا بوو.

تا ئێستا چەندین توێژینەوەی لەسەر بڵاو کراوەتەوە، بەڵام بۆ تێگەشتن لەوەی لە ئێستای تورکیادا ڕوو دەدات، وەک بەسەرهاتێکی ڕاستەقینە کە ڕوویداوە، یادەوەریەکانی پۆمێلس گرنگی خۆی هەیە، کە لەماوەی ڕابردوودا لە ژێر ناوی ” ئەو کارەی من دەمکرد” بڵاوی کرایەوە.

ئەم خانمە سکرتێری گۆیبێلس بوو، ئەو کەسەی کەڵتی هیتلەری داڕشت و وەزیری پڕوپاگەندەی هیتلەر بوو. کاتێک هیتلەر خۆی کوشت، ئەویش لە هەمان ژێر زەمیندا کۆتایی بە ژیانی خۆی و ٥ منداڵەکەی هێنا.

” ٣ شتی گەورە کە پۆمێلس دانی پێدا ناوە”

پۆمێلس باس لەوە دەکات کە هەتا ساڵی ١٩٣٣ شتێک بە ناوی ” کێشەی جولەکە” بوونی نەبووە و، خۆشی بە منداڵی یاری لەگەڵ منداڵی جولەکەکان کردووە و، لە دوای بە شەیتان کردنی جولەکە و بوختانەکانی  هیتلەرەوە، لە پڕێکدا لە کۆمەڵگادا هەستی نەفرەت و دوژمنایەتی بەرامبەر جولەکەکان دروست بووە…

دووهەم شت کە دانی پێدا دەنێت ئەوەیە کە خۆشیان ناڕەحەت بوون بەرامبەر ئەو فاشیزمەی هیتلەر دروستی کردووە، بەڵام بە هۆی ئەو ئیمکانیەتەی لەلایەن هیتلەرەوە خراوەتە بەردەمیان، بەرامبەر ئەو نەتەوەپەرستیە هیچیان نەوتووە کە بەردەوام لەلایەن هیتلەرەوە پەمپی لێدراوە. دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی هیتلەر، یاساکان بە خێرایی گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە و، سنووری بۆ زۆر شت داناوە و، باری نائاسایی لە وڵاتدا ڕاگەیاندراوە و، بەڵام لە هەمان کاتدا لە وڵاتدا شتی جوانیش ڕووی داوە، بۆ نمونە شەقامی زۆریان دروست کراوە!

سێهەم شت کە دانی پێدا ناوە ئەوەیە هەموو دوکانی جولەکەکان لەبەرچاویان داخراون، دواتر مێشکەکان کۆچیان کرد بۆ دەرەوەی وڵات، دواجار بەس هەژارەکان ماونەتەوە لە ئەڵمانیادا. هەروەها باسی ئەوە دەکات کە بیستوویەتی جولەکەکان خراونەتە ناو لۆریەوە براون بۆ ئۆردوگا زۆرە ملێیەکان، بەڵام خۆی نەیدیبوون، نەشیویستووە بیانبینێت. دەیانوت بۆ ئەوەی چاکسازی لە نەیارانی ڕژێمی هیتلەردا بکەن لەو کەمپانەدا کۆیان کردوونەتەوە و، سەروەت و سامانەکەشیان بەسەر ئەو ئەڵمانیاییانەدا دابەش کردووە، کە لە دەرەوەی ئەڵمانیا ژیاون و هاتوونەتەوە ئەڵمانیا. واتە سەرەڕای ئەوەی دەیزانی جینۆسایدی جولەکەکان کراوە، چاوپۆشی لێکردووە و وەک ئەوەی شتی وەها ڕووی نەدابێت، حسابی بۆ کردوون.

هەروەها پۆمێلس باس لەوە دەکات کە لە شاری بەرلینیشدا کەسانی ڕەش و ڕووت زۆر بوون، بەڵام ئەوانەی بە خۆشی ژیاون، حسابی نەبوویان بۆ ئەو کەسانە دەکرد و درێژەیان بە ژیانی خۆیان دەدا.

پۆمێلس باس لەوە دەکات کە تەنانەت نیگەران نەبووە بەرامبەر ئەو برایەی لە بەرەکانی جەنگ بووە و، هەتا ئەو کاتەی فڕۆکەکان شاری بەرلینیان بۆمباران کردووە، هەستیان بەو کابوسە نەکردووە کە چواردەوری داون.

خاتوو پۆمێلس  لە تەمەنی ١٠٢ ساڵیدا لە ٢٠١٧ وەفاتی کرد، لە ماوەی ڕابردوودا یادەوەریەکانی بڵاو کرایەوە.

لە پێشەکی کتێبەکە و هەڵسەنگاندنەکانیدا باس لەوە دەکات کە ئەم کتێبە بەرچاو ڕۆشنی دەخاتە بەردەمی ئەو وڵاتانەی سیستەمێکی هاوشێوەی ڕژێمەکەی هیتلەر پەیڕەو دەکەن.

ئەوەی لێرەدا جیی داخە، لەو کتێبەدا باسی تورکیا دەکات و ئاماژە بە ئێردۆغان دەکات، کە سیستەمی دەسەڵاتی تورکیا بەرەو دیکتاتۆری دەبات.

تەنانەت باس لە ئاوارە سوریەکان دەکات کە چۆن لە پێناو وتارێکی پۆپۆلیستیانە (عەوامگەرا) لەلایەن ئێردۆغانەوە بەکار دەهێنرێن و، دەیچوێنێت بە هەمان مامەڵەی سەردەمی هیتلەر لەگەڵ کەسانی ئاوارە و پەناهەندە.

د. هانسۆن لە بەشێکی تری کتێبەکەیدا سەرنجمان بۆ خاڵێکی گرنگی تر ڕادەکێشێت، باس لەوە دەکات لە ساڵی ١٩٣٩ کۆچی جولەکەکان بۆ ئەڵمانیا قەدەغە کراوە و  وەک ” کۆتا چارەسەر” هەوڵی لە ناوبردنی تەواوەتیان دەستی پێکردووە.

باسیش لەوە دەکات لە ڕێکەوتننامەکانی ساڵی ١٩٥١ ی نەتەوەیەکگرتوەکان، هەوڵی ئەوە دراوە، کە ڕێگە بە کۆمەڵکوژی هاوشێوەی ئەوەی هیتلەر ئەنجامیدا بگیرێت و، نەهێڵن ڕووداوەی هاوشێوە دووبارە ببێتەوە.

 

“دەیزانێت، دەیبیستێت، دەیبینێت، بەڵام وەک ئەوەی نەبێت ئەژماری دەکات”

بەڵام وەک ئەوەی لە سەرەتای نوسینەکەدا ئاماژەمان پێدا، باسی چەند ڕووداوێک دەکەین کە لە تەواوی مێدیاکانی جیهان بە درێژی  باسی لێوەکرا.

ئایا مومکینە هەموو خەڵکی دونیا بیبیستێت بەڵام هاوڵاتیانی تورکیا نەیبیستن؟ بێگومان نەخێر…

ئەی باشە هۆکار چیە هاوڵاتیان لە بەرامبەر ئەم تاوانە مرۆیی و کارەساتانە کاردانەوەی بە کۆمەڵ پشان نادەن؟

وەڵامی ئەم پرسیارانە لەو ٣ خاڵەی سەرەوەدایە کە خاتوو پۆمێلس باسی لێوە دەکات.

دەیبستن و دەیبینن و دەیزانن، بەڵام باوەڕ بە درۆ و بوختانی دەسەڵات دەکەن و، چاوپۆشی لەو زوڵمە دەکەن بەرامبەر کەسانێک ئەنجام دەدرێت کە بە “دوژمن” ی خۆیان قبوڵیان کردوون. وەک ئەوەی ڕووی نەدابێت حسابی بۆ دەکەن.

“دەبێت کەسانی غەدر لێکراو هەموویان لە خاڵی هاوبەشی مافەکانی مرۆڤدا یەکبگرن”

ئایا هیچ ڕێگە چارەیەک هەیە؟ بێگومان بەڵێ…

هەموو کەسانی غەدر لێکراو، بە پارێزگاری کردن لە تێڕوانینی جیاوازی سیاسی و ئایدۆلۆژی خۆیان، دەبێت لە خاڵی  هاوبەشی بەها گەردوونیەکان و مافەکانی مرۆڤدا یەکبگرن و پێکەوە هەڵوێستی هاوبەش پشان بدەن.

ئەو کاردانەوانەی لەلایەن چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا پشاندرا   بەرامبەر ئەو ناحەقیەی کە لە ڕابردوودا  دەرحەق بە مامۆستا گۆکهان ئەنجامدرا بوو، هەروەها هەمان کاردانەوەی لە بەرامبەر باوکی سەربازە کوژراوەکە پشاندرا، دەبێت بە هەمان شێوە لەلایەن هەموو چینەکانی کۆمەڵگاوە بەرامبەر ناحەقی و پێشێلکاریەکانی تریش پشان بدرێت، بە بێ جیاوازی کردن لەوەی بەرامبەر چ کەس و توێژێک ئەنجامدراوە.

 

سەردانی ڤەلی ساچلیک بۆ گۆڕی مامۆستا گۆکهان

دەبێت هاوسۆزانی جەماعەتیش بە هەمان شێوە هەڵوێستیان بەرامبەر ئەو زوڵم و ناحەقیانە دەرببڕن کە بەرامبەر کورد و چینی سۆسیال دیموکراتەکان ئەنجام دەدرێت.

دەبێت هاوڵاتیانی تورکیا بە شێوەیەکی هۆشیارانە و هەستیارانە بەرامبەر هەر زوڵم و زۆرێک  کاردانەوەی پێویست پشان بدەن ئەمەش بە شێوەیەک بێت کە کۆتای بهێنێت بەو زوڵم و پێشێلکاریانە.

ئەوەی لە ڕابردوودا ڕوویداوە بڵیین لە ڕابردوودا ماوەتەوە و پێویستە هەموومان لە خاڵێکی هاوبەشدا یەکبگرین و بەرامبەر زوڵم و پێشێلکاریەکان  بوەستینەوە.

بێ ئەوەی پێشبڕکێ دروست بکەین لەسەر ئەوەی کە کێ ئازاری گەورەی چەشتووە، بێ ” بەڵام” کردن، دەبێت لە خاڵێکی هاوبەشدا یەکبگرین و پشتیوانی لە یەک بکەین.

http://www.tr724.com/soykirima-yokmus-gibi-davranmak/

 

Show More
Back to top button