بیروڕاهەواڵ

وەرن با بگەڕێینەوە بۆ کرۆکی خۆمان

جەمیل تۆکپنار

یەکێک لەو بابەتانەی مامۆستا سەعید نورسی ئامۆژگاریمان دەکات کە زۆر بیخوێنینەوە، بابەتی چوارهەمی پەیامی میوەیە کە لە زیندانی دەنیزلی نوسیوێتی.

ئەم پەیامە کورت و پوختە کە شایەنی ئەوەیە تا ڕادەی لەبەرکردن بیخوێنینەوە، بە پرسیارێک دەست پێدەکات. ئەو خوێندکارانەی لە شاری کاستامۆنو خزمەتیان دەکرد، زۆر سەریان سوڕ دەمێنێت لەوەی ئوستاد تەنانەت لە دوای تێپەڕینی ٥٠ ڕۆژیش بەسەر دەستپێکردنی جەنگی جیهانی دووهەمدا لە ساڵی ١٩٣٩، هیچ پرسیارێکیان لەسەر هەواڵەکانی جەنگەکە لێناکات. ئەمە لە کاتێکدایە زۆرێک لە وتاربێژ و مەلای مزگەوتەکان، نوێژ و جەماعەتیان دەفەوتاند تا گوێبیستی هەواڵەکان بن لە ڕادیۆکانی ئەو کاتەدا. خوێندکارەکانیشی لێی دەپرسن کە ئاخۆ ڕووداوێکی لەوە گەورەتر ڕوویداوە، یاخود خۆ خەریک کردن بەو جۆرە هەواڵانەوە زیانی هەیە یان نا؟

ئوستادیش لە وەڵامدا پێیان دەڵێت” سەرمایەی تەمەن زۆر کورتە و ئەو ئەرکانەشی لەسەر شانە زۆر زۆرن”.

ئوستاد دواتر ئاماژە بەوە دەکات کە گەورەترین و گرنگترین و ئەرکی هەمیشەیی مرۆڤ لە چوارچێوەی دڵدایە و پاشان بەم شێوەیە باسی ئەرکەکانی ئیمان و ئیسلامیەتی دەکات:

“بەڵێ لەم ڕووداوانەی ئێستا شتێکی گرنگتر بوونی هەیە، ئەویش لە هەموو ئەو گرەو و داوایانەی سەر ڕووی زەوی گرنگترە کە فەرمانڕەوایانی هەموو دونیا بە دوایەوەن. گرەو و داوایەک بەسەر سەری هەموو مرۆڤێک و بە تایبەت موسوڵماناندا دراوە، گەر هەر یەکێک لە ئێوە هێندەی ئەڵمان و ئینگلیزەکان هێز و دەسەڵات و سەروەتی هەبێت و هێندەی ئەوانیش ئەقڵی هەبێت، بە بێ هیچ دوو دڵییەک هەر هەمووی لە پێناو بردنەوەی ئەو گرەو و داوایە بە خەرج دەدات.

هەموو کەسێک لەم سەر زەویە لە بەرامبەر بردنەوە و دۆڕانی گرەوی دونیایەکە، کە ژیانێکی هەمیشەیی و ئەبەدی پێ دەبەخشێت لەسەر زەمینێک کە هێندەی ئەم سەر ڕووی زەویە پان و بەرینە و بە باخ و کۆشک و تەلاری قەشەنگ ڕازێندراوەتەوە. گەر بڕوانامەی ئیمانی بە تەواوی دەستنەکەوێت لەم دونیایەدا، ئەوا لە دەستی داوە. لەم سەردەمەشدا زۆرێک لە مرۆڤەکان بە هۆی تاعونی ماددەپەرستیەوە دۆڕاندوویانە و لە دەستیانداوە. تەنانەت یەکێک لەوانەی ئەهلی کەشف و بینین بوون، لە کاتی سەرەمەرگیدا شاهیدی ئەوە بووە، کە تەنیا چەند کەسێک لە شوێنکەوتوانی خۆی براوەی ئەو گرەو و داوایە بوون و ئەوانی تر هەموویان دۆڕاو بوون. ئایا گەر ئەو دۆڕاوانە هەموو دونیا و ئەوەشی تێیدایە بیدەن لە بری ئەوەی لە دەستیان داوە، هێشتا کەم نیە؟!”. ( تیشکی ١١، بەشی چوارەم).

 

دەبێت بە خەمی پەیام و داواکەمانەوە بین

لێرەدا پێویست ئەو بابەتانەی بە شێوەیەکی کورت باسمان کرد، لەگەڵ کەسانی چواردەورماندا باسی بکەین و بە وردی و دیقەتەوە لێی بکۆڵینەوە.

سەعید نورسی لە زۆر شوێندا ڕەخنەی لە خۆ خەریک کردن بە سیاسەت و ڕووداوەکانی ڕۆژگارەوە گرتووە و لەو بارەیەوە هۆشداری پێداوین، هەروەها هانی ئەوەشی داوین کە هەموو کات خەریکی خزمەتی ئیمانمان بین. بۆ ئەوەی لەسەر حەقبوونی ئەویشمان بۆ دەرکەوێت لەم هۆشداریدان و ئاگادارکردنەوەیەی، بوونی ملیۆنان گەنجی تورکیا کە بێ ئاگان لە ڕاستیە ئیمانیەکان و بینینی ئەو ڕاستیەش کەوا سیاسەت ناتوانێت چارەسەرێکی گونجاوی ئەم کێشەیە بدۆزێتەوە، بەسە بۆ تێگەشتن لەوەی کەوا کە چەندە لەسەر حەق بووە لەو قسە و ئامۆژگاریانەیدا.

گەر ژیان و مردنی تەنیا مرۆڤێک لە بابەتی هەموو گەردوون گەورەتر و گرنگتر بێت، ئەوا بینینی دڵی تەواوی دونیا کە ئاتاجی ئیمانە، بەسە بۆ ئەوەی خەوەکانی ئێمە بزڕێنێت. لە ڕاپرسیەکەدا کەوا لە ساڵی ٢٠١٧ لە تورکیا ئەنجامدراوە، ئاماژە بەوە کراوە کەوا لە %٤٥ هاوڵاتیەکانمان کێشەیان لە بابەتە ئیمانیەکاندا هەیە.

گەر لە تورکیا بەم شێوەیە بێت، ئەوا دەبێت ڕەهەندەکانی بێ ئیمانی لە تەواوی دونیادا گەشتبێت بە کوێ و ئایا توانی خەیاڵکردنی ئەم ڕاستیەمان هەیە؟ واز لەوە بهێنن کەوا ملیارەها مرۆڤ لە کاتی گۆڕ و ڕۆژی لێپرسینەوەدا چییان بەسەر دێت، گەر تەنیا بیر لە چەند ساتێکی ژیانی ناو گۆڕ و ڕۆژی لێپرسینەوەی ئەو کەسە بکەین، کە تەنیا بە هۆی ئەوەی ئیمانی تەواوی دەستنەکەوتوە توشی دۆڕان بووە، ئەوا لە خواردن و خواردنەوە دەکەوتین و لە هیچ شتێک چیژمان نەدەبینی و پێکەنینمان لەبیر دەکرد. هەربۆیە خەمخۆری سەدەی خۆی کە بە قوڵی هەستی بەم نەهامەتیە گەورەیە کردووە دەڵێت” هیچ کاتی بیرکردنەوەم نیە لەو ئازار و ناڕەحەتیانەی کە توشی خۆم بوون”. هەروها خەمخۆری ئەم سەدەیەش کە بە عەشقی هەمان داواوە دەسوتێت، کێ دەزانێت چەند شەو بە فرمێسکەوە گەشتۆتە بەرەبەیان و  بە ناڵینەوە وتوویەتی ” ئەم شەو تەنیا یەک خولەکیش خەو لە چاوم نەکەوتووە”.

 

دەبێت سەنرجمان بخەینە سەر پڕۆژەی نوێ

هەرچیەک بێت، ئێمەش گەر سەیری حاڵی خۆمان بکەین کەوا بانگەشەی ئەوە دەکەین لەسەر ڕێچکە ئەوان دەڕۆین بە ڕێگادا، ئەوا ئەوە دەبینین کەوا حەقی خزمەتی ئیمان و قورئانمان وەک پێویست نەداوە. بە داخەوە ڕووداوە سیاسیەکان و کاتیەکان، پۆستەکانمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، کاتی ئاڵتوونی ئێمەیان بۆ خۆیان بردووە و بە فیڕۆی دەدەن.

بە تایبەت ماوەی ئەم ٥ ساڵەی ڕابردوو، بە هۆی ئەو ئازار و ناڕەحەتیانەی توشمان بووە، لە نێوان خۆماندا هەر قسە و باسێکمان کردۆتەوە، بریتیبووە لە دووبارەکردنەوەی ئەوانی پێشتر و پۆستەکانمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، زۆربەی کات لە چوارچێوەی دروشم و قسەی سۆزدارانە تێپەڕی نەکردووە.

لە ڕاستیشدا پێویست بەوە هەبووە چارەسەری مەعنەوی قوڵتر و سەراپاگیرتر بدۆزینەوە و، هەر شوێنە و بە گوێرەی شێوازی خۆی، پڕۆگرامی نوێی بە هەموو دونیا پێشکەش بکردایە.

دەزانین کەوا لەمپەری زۆر سەخت و ناڕەحەتی زۆر چەتونمان لەبەردەمدایە. بەڵام دەبێت ئەوە لەبیر نەکەین کە “فەرمان فەرمانی پاشایە و شاخەکان تەنیا ڕێگەمانە”، ئەوەشمان بیر نەچێت، کە شاخ چەندە بڵند بێت، هەر ڕێگایەک بەسەریدا تێپەڕ دەکات.

گەر هاوسۆزانی ئەم داوایە لە ڕابردوودا دیوارە کۆنکرێتی و دەرگا ئاسنینەکانی زیندانیان بڕیبێت، ئەوا ئێمەش لەمڕۆدا، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا، هیچ لەمپەرێک نیە نەتوانین بیبڕین و کێشەیەک نیە کەوا توانای چارەسەریمان نەبێت.

 

Show More
Back to top button