بیروڕاهەواڵ

وێرانکاری، هیجرەت و پێکهاتە نوێکان

عەبدوڵا ئایماز

 

مەولا جەلالەدینی ڕۆمی لە ساڵی ١٢٠٧ زاینی لە شاری بەهل لە دایک بوو. لە تەمەنی منداڵیەوە لەگەڵ باوکی بوو کە ناوی بەهائودین بەلەد بوو، لە ترسی دڕندەیی مەغۆلەکان، لە ڕێگەی مەککە و بەغداد و شامەوە هاتە ناوچەی ئەنەدۆڵو، کە لەوکاتەدا شوێنێکی پارێزراو بوو لە دەستی مەغۆل.

دوای ١٦ ساڵ لەم گەشتە دوور و درێژە دواجار هاتنە کۆنیا و لەوێ گیرسانەوە.  وانەی لە چەند زانایەکی گەورەی وەک بورهانەدین وەرگرت. لە دوای وەفاتی باوکی لە ساڵی ١٢٣٠، وەک مامۆستایەک دەستی کرد بە وانە وتنەوە. لەم کاتەدا چاوی بە شەمسی تەبریزی دەکەوێت. بە یەک گەشتنی شەمسی تەبریزی و ڕۆمی، وەک دەرخستنی پشکۆیەکی ئاگر وەهایە کە بە خۆڵە مێش شاردراوەتەوە و وەک لادانی پەردەیە لەسەر جوانیەکی بێ هاوتا کە لە ژێر پەردەوە بە شاراوەیی ماوەتەوە.

ئێفلاکی دەدە، لە کتێبی “مناقب العارفین” سەبارەت بە شەمسی تەبریزی  کەوا لە بابەتی ڕاگەیاندنی حەقیقەتدا چ ئاگادارکەرەوەیەک بووە، بەم شێوەیە باسی دەکات:

ڕۆژێک لە خانی وەزیر ناسرودین مەراسیمێکی گەورە هەبوو. روتبەی شێخیان دەدا بە زاتێکی گەورە. هەموو شێخان، زانایان، عارفان، کاربەدەستان لەوێدا ئامادە بوون. هەریەکەیان لە بابەتی جیاوازی زانستەکاندا قسەیان دەکرد و مەجلیسێکی گەرمیان دروست کردبوو. شەمسی تەبریزی کە لە گۆشەیەکەوە سەیری دەکرد و هەموویانی خستبوویە ژێر چاودێریەوە، لە پڕێکدا هەستایە سەر پێ و وتی:

هەتا کەی لە فڵان و فیسارەوە ڕیوایەت دەگێڕنەوە و شانازی بە خۆتانەوە دەکەن، کەی سواری عەرەبانەیەکی بێ ئەسپ دەبن و بەرەو مەیدانی قارەمانان ڕادەکەن؟ کەس هەیە لە نێو ئێوەدا بڵێت: خودا فڵان شتی خستە دڵمەوە و فڵان هەواڵی پێدام، هەتا کەی بە گۆچانی کەسانی تر بە پێوە ڕادەوەستن؟ ئەو قسانەی لە حەدیس و تەفسیر و حیکمەتی زانایانەوە دەیگێڕنەوە، ئەوانە هەمووی قسە و وتاری قارەمانە مەردەکانە کە لە مەیدانی مەرداندا دانیشتبوون، ئەوان باسیان لەو هەواڵانە دەکرد کە بە خۆیان گەشتبوو، مادام پیاوەکان ئەم سەردەمە ئێوەن، کەواتە ئەزموون و وتەکانی ئێوە بریتیە لە چی؟

سەردەمی ژیانی مەولا جەلالەدینی ڕۆمی، جیهانی ئیسلام بە هۆی داگیرکاری و وێرانکاری مەغۆلەکانەوە بە تەواوی کەوتبووە لەرزینەوە. زانایان، هونەرمەندان، شێخان، دەروێشان، بە دوای شوێنێکدا دەگەڕان کە لە دەستی مەغۆل پارێزراو بن، ئەو شوێنەش لەو سەردەمەدا، هیچ شوێنێک نەبوو جگە لە قەلەمڕەوی  ژێر دەستی عەلادینی کەیکوباتی گەورە. ئەم فەرمانڕەوایەی ژێر دەستی ئەم سوڵتانە، بەهۆی شوێنی ٩٥ کاروان سەرا و، ڕێگای کاروانی بازرگانی گەورە ، نەخۆشخانە، مەدرەسە، دامودەزگای زانستی و فەنی ئەو کاتەوە، جێگای خۆزگە پێخواستنی هەموو لایەک و چاوتێبڕینی دوژمنانیش بوو.ئەوانەی لە دەستی مەغۆل ڕایاندەکرد، لە دوای خۆیانەوە شاری وێران بوو، خان و ماڵی خاپور کراو، سەڵەتەنەتی دونیایی لەناوبراویان جێدەهێشت.

ئەوانەی پێش ڕۆژێک سوڵتان و دەوڵەمەند بوون، ئەمڕۆ کۆیلە و هەژار و لێقەوماو سواڵکەر دەردەچوون.

لە بەرامبەر ئەم وێرانکاریەدا، کاربەدەستانی جیهانی ئیسلام هیوابڕاو و دەستەوسان بوو بوون. لە چینی سەرەوە هەتا عەوامی خەڵک، ڕەشبینی هەموو لایەکی داگرتبوو. مەغۆلەکان کە قەومێکی بتپەرسبوون، وێرانکاری و داگیرکاریان بۆ خاکی ئیسلام و مەدەنیەتەکەی، وای لە زۆرێک لە هاوڵاتیان کردبوو کە باوەڕیان بە کاربەدەستانیان نەمێنێت و، تەنانەت باوەڕیان بە ئاینی ئیسلامیش لاواز  ببوو. لە ساتە وەختێکی ئاوەهادا ڕێنیشاندەرێکی وەک مەولانا سەریان هەڵدا.ئەم زاتە گەورانە لە بەرامبەر شاڵاوی خاچپەرستان جەنگاون و، بەرگری ناوچەی ئیزنیک، جەنگەکانی ئێسکیشەهیر، جەنگەکانی چواردەوری کۆنیا، جەنگەکانی چواردەوری شاخی بولغاریان سەرکەوتوانە تێپەڕاند و، هەمیشە تەڵقینی ئەوەیان بە گوێی ڕۆڵەکانی ئەنەدۆڵودا دەدا:

ئەم بارودۆخەی ئێستا تاقیکردنەوەیەکە بەسەرمان هاتووە، ئیسلام دووبارە سەردەکەوێتەوە.

 

بەڵێ، مەولانا یەکێک بوو لەو ڕێنیشاندەرانە و بگرە لە هەموویان گەورەتریش بوو.

حەزرەتی مەولانا، بە پێچەوانەی ڕێنیشاندەرە گەورەکانی ناوچەی ئەنەدۆڵو، مەغۆلەکانی بە موسوڵمانەکانی داهاتوو لە قەڵەم دەدا و وەک کافرێک تەماشای نەدەکردن. هەربۆیە لە شیعرێکیدا دەڵێت:

تۆ لە تەتەرەکان دەترسیت کەوا لە خوا ناترسن

منیش بۆ ناساندنی جوانیەکانی ئیسلام بەوان

بە قەڵغانێکی دوو سەد ڕوەوە هێرشیان بۆ دەبەم

هەرواش دەرچوو، کاتێک خانمی ناوچەی ئەبەکا بە ناوی خوداوەند سەلجوق خاتون شاژنی سەلجوقیەکان، کەسێکی وەک مەحمود غەزان خانی بە ئاینی ئیسلام پەروەردە کرد، حەزیان کرد بەوەی چاویان بە یەکێک لە نەوەکانی مەولانا بکەوێت بە ناوی عارف چەلەبی.

بە گوێرەی ڕیوایەتەکانی ئەفلاکی، عارف چەلەبی کاتێک سەردانی تەبریز دەکات، یەکێک لە ناسیاوەکانی مەحمود غەزان خانیش باس گەورەیی ئەو زاتەی بۆ دەکەن. خانیش شێخەکانی چواردەوری خۆی کۆ دەکاتەوە و پرسیاری مەولانایان لێدەکات.

ئەوانیش باس لە گەورەیی مەولانا دەکەن و ئەو پارچە هۆنراوەیەی سەرەوەی بۆ دەخوێننەوە.

خانیش فەرمان دەکات ئەم پارچە هۆنراوەیە لەسەر جبەیەک بنوسنەوە و بە ئاڵتون نەخشی چواردەورەکەی بکەن.

کاتێک لەسەر تەختی فەرمانڕەوایی دادەنیشێت بەردەوام ئەم جبەیە لەبەر دەکات و دەڵێت: مەولانا ئەم پارچە هۆنراوەیەی بۆ من نوسیوە، چونکە لە ناو مەغۆلەکاندا تەنیا منم ئاینی ئیسلامم هەڵبژاردووە. تەتەرەکانیش لە دوای منەوە موسوڵمان بوون”.

دەڵێن هەمیشە بەم شێوەیە شانازی بە خۆیەوە کردووە.

دەڵێن دواتر فەرمانڕەوایەکی تر بە ناوی کەیهاتوو دەیەوێت کۆنیا تاڵان بکات، بەڵام شەو لە خەویدا مەولانا دەبینێت و پەشیمان دەبێتەوە. هەروەها تەوبەش دەکات و دواتر زیارەتی گۆڕی مەولانا دەکات.

بەڵێ ئەو کارەی کە سەربازەکان پێیان نەدەکرا، ئەو موڕشید و ڕێنیشاندەرە گەورانە لە گۆشەی خۆیانەوە ئەنجامیاندا.

مێژووش گەر کت و متیش دووبارە نەبێتەوە، بە شێوەیەکی هاوشێوە دووبارە دەبێتەوە. گەر سەیری ڕۆژگاری ئەمڕۆشمان بکەین، کە هەندێک لایەنی لەو ڕۆژگارە دەچێت، دەبێت پەند و وانە لە کارەکانی مەولانا وەربگرین. بە تایبەت مەولانی ئەمڕۆمان و، هەروەها با خوێندنەوەی ئەو کتێبەی شەفیق جان لەسەر ژیانی نوسیوێتی لەگەڵ پێشەکیەکەیدا لە یاد نەکەین.

http://www.shaber3.com/yikimlar-hicretler-ve-yeni-olusumlar-haberi/1311400/

 

 

 

 

Show More
Back to top button