بیروڕاهەواڵ

“وَاللَّهُ خَيْرُ الْمَاكِرِينَ”

عەبدوڵا ئایماز

“ئەوان فێڵ و تەڵە دادەنێن و  خەریکی پیلانگێڕین،  خوداش بەسەر خۆیاندا دەهێنێت، چونکە خودا باشترینی ئەوانەیە کەوا فێڵی تەڵەکەبازان دەزانێت”.(انفال)

 

جەنابی حەق دەفەرموێت:

ئەی ئەوانەی ئیمانتان هێناوە! خیانەت لە الله و پێغەمبەرەکەی مەکەن و بە دەستی ئەنقەست خیانەت لە شتێک مەکەن کەوا وەک ئەمانەت خراوەتە بەردەستان. چاک ئەوە بزانن کەوا ماڵ و منداڵتان جگە لە ئامرازێکی تاقیکردنەوەی ئێوە هیچی تر نیە. خودا پاداشتی گەورەی لەلایە و خۆتان بپارێزن لەوەی لە دژی خودا بوەستن. ئەو جیاکەرەوەی باش و خراپی بە ئێوە داوە و گوناحەکانتان دەپۆشێت و لێتان خۆش دەبێت. خودا خاوەنی فەزڵێکی گەورەیە. سەردەمانێک کافران فێڵ و تەڵەکەیان گێڕا کەوا بتبەستنەوە، یاخود بتکوژن، یان شاربەدەرت بکەن، بەڵام خودا ئەم فێڵ و تەڵەکانەی ئەوانی بەسەر خۆیاندا دایەوە، بە ڕاستی خودا باشترینی ئەوانەیە کە فێڵی تەڵەکەبازان دەزانێت”.

 

پێش ئەوەی سەردارمان لە مەککە هیجرەت بکات، موشریکان خەریکی فێڵ و تەڵەکە و پیلانگێڕی بوون، نیازی کوشتن و لەناوبردنی سەرداریان هەبوو.

موشریکانی مەککە لە دارونەدوە کۆ دەبنەوە و ڕاوێژی ئەوە دەکەن کە چۆنی بەرەنگاری سەردارمان ببنەوە. لە هەندێک ڕیوایەتدا هاتووە کەوا شەیتان لەسەر شکڵی پیرە پیاوێک بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات و دەڵێت: من خەڵکی نەجدم، حەزم کرد بەشداری لە کۆبوونەوەکەتان بکەم، بێگومان منیش دەتوانم چەند قسەیەکی بەسوود بکەم”.

 

یەکێک لە موشریکەکان وتی:

بەڕای من پێویستە لە ژوورێکدا بیبەستینەوە و تەواوی دەروازەکانی گەشتن بەو ژوورە دابخەین، ئینجا لە کونێکەوە ئاو و خواردنی پێدەدەین و هەتا دەمرێت با لەوێ بێت…

شەیتان لە وەڵامدا وتی: چەند بیرێکی خراپ دەکەیت، ئەو کات قەومەکەی دێن و لەگەڵ ئێوە دەجەنگن و ڕزگاری دەکەن…

یەکێکی تر لە موشریکەکان وتی:

بە ڕای من پێویستە بیخەینە سەر پشتی حوشترێک و بیبەینە دەرەوەی مەککە، ئیدی لەوێ چی دەکات با بیکات و پەیوەندی بە ئێمەوە نیە…

 

شەیتان لە وەڵامی ئەویشدا وتی: چەند بیرێکی خراپە، ئەو کات قەومەکانی چواردەوری مەککە لە خشتە دەبات. پاشان کۆیان دەکاتەوە و لەگەڵ ئێوە دەجەنگێت.

 

سەرەی ئەبوجەهل هات و وتی:

با لە هەموو بنەماڵەیەک گەنجێکی شمشێر بەدەست بنێرین و پێکەوە بەر شمشێری بدەن، بەم شێوەیە خوێنی دەچێتە ملی هەموو بنەماڵەکانی قوڕەیش، بەنوهاشمیش ناتوانێت لەگەڵ هەموو قوڕەیشدا بجەنگن. گەر داوای پارەی خوێنیشیان کرد، ئەوا پێیان دەدەین.

شەیتان لە وەڵامدا وتی: پێشنیاری ئەم کەسە مەردە زۆر ڕاستە!

دوای وەرگرتنی ئەم بڕیارە هەموویان بڵاوەیان لێکرد.

 

جوبرەئیلیش دەستبەجێ هەواڵی پیلانی موشریکانی بە پێغەمبەر گەیاند و فەرمانی هیجرەتی پێگەیاند. حەزرەتی پێغەمبەریش ئیمامی عەلی لە جێگاکەی خۆیدا خەواند و لەگەڵ ئیمامی ئەبوبەکر پەنایان بردە بەر ئەشکەوتی سەور.

دوژمنانیش پیلانی خۆیان تەواو کرد، لە هەموو لایەکەوە کۆ دەبوونەوە و چاودێریان دەکرد.

کاتێک بەیانی بوویەوە، هەموویان پێکەوە هێرشیان کردە سەر جێگای خەوتنەکەی بەڵام لە جیاتی خۆی حەزرەتی عەلییان بینی،  شتێکی چاوەڕوان نەکراو بوو، لە شوێنی خۆی واقیان وڕما.

ئێلمالی حەمدی یازر لە تەفسیرەکەیدا باس لەوە دەکات، کە هەر ئایەتێک بە دەستەواژەی ” ئەی ئەوانەی ئیمانتان هێناوە” دەستی پێکرد، بە مەبەستی هۆشداریدانە بەو فەرمان و نەهیانەی لەو ئایەتەدا هاتووە. هەروەها بە مەبەستی دەرخستنی تایبەتمەندیەکانی ئەو بابەتەیە و وەک داخوازیەکی ئیمان دەیخاتە بەردەمی کەسانی ئیماندار.

لەم ڕوانگەیەوە کاتێک دەفەرموێت خیانەت لە خودا و پێغەمبەرەکەی مەکەن، واتە فەرمانبەرداری فەرمانەکانی خودا و سونەتەکانی پێغەمبەرەکەی ببن و ئەمانە یاساگەلێکن کەوا ژیان بە ئێوە دەدەن. هەروەها سوپاسگوزاربن بەرامبەریان و لەم بابەتەدا بێ نمەکی مەکەن. هەرگیز لە وابەستەیی و ڕاستگۆییتان بەرامبەریان جیا مەبنەوە. لە دیندا بابەتی گوێمەدەرەییانە بوونی نیە و، تەنیا لە ڕوی ڕواڵەتەوە پابەندی خۆتانیان پێوە پشان مەدەن. بە دڵ و گیان پابەندبن پێوەیان و ئەخلاقی خۆتان لە ڕێگەی گەیاندنی نهێنیەکان بە کافران و هەوڵدان بۆ ڕفاندنی ماڵ لە کاتی غەنیمەتدا؛ لەکەدار مەکەن. بە کورتی: دەبێت هەموو ئەرکە ئاینیەکان بە جددیەت و ڕاستگۆییەوە ئەنجام بدەن. گەر خیانەت لە فەرمانەکانی خودا و پێغەمبەرەکەی بکەن، ئەوا خیانەتتان لە خۆتان کردووە. گەر یەک جار خیانەتتان لە خودا و پێغەمبەرەکەی کرد، ئیدی خیانەت لە ماڵ، گیان، ناموسی یەکتریش دەکەن. هەروەها دەست دەکەن بەوەی خیانەت لە حەق و مافی گەل و نیشتیمانتان بکەن.  لەو کاتەشدا دەبن بە کەسانێک کەوا بە ئەنقەست خیانەتیان ئەنجامداوە. ئیدی کەس متمانەی بە کەسی تر نامێنێت و کۆمەڵگایەکتان لێدەردەچێت، کە متمانە لە نێوانیاندا نیە. گەر ئێوەش لە نێو خۆتاندا متمانەتان بە یەکتر نەبوو، ئیدی کەسی تریش متمانە بە ئێوە ناکات. ئیدی متمانە و ئاسایش بە تەواوی هەڵدەگیرێت،  ئەو فیتنە گەورانە بەسەرتان دێت کە باسی لێوە کراوە. لەم ڕوانگەیەشەوە مەبن بە یەکێک لەو کەسانەی خیانەت لە خودا، پێغەمبەر، خودی خۆشیان دەکەن. گەرچی لە ڕوانگەی کەسی ئیماندارەوە، خیانەت و درۆکردن وەک خوی لێنایەت و لەسەری بەردەوام نابێت، لە حەدیسێکی شەریفیشدا ئاماژە بەوە دەکات، کە درۆ و خیانەت وەک تایبەتمەندی کەسی ئیمانداریان لێنایەت.

بەڵام کەسی ئیماندار دەشێت هەندێک جار بکەوێتە غەفڵەت، بە هۆی دەردی بەخێوکردنی ماڵ و منداڵ و بژێوی ژیانەوە، پێدەچێت لەم بابەتەدا لاوازی رووی تێبکات. هەربۆیە خوداش دەفەرموێت” بزانن کەوا ماڵ و منداڵتان ئامرازی تاقیکردنەوەی ئێوەن و گەر لەم تاقیکردنەوە دەرنەچن دەکەونە ناو فیتنەوە”. بۆیە ئەوان لەم بابەتە، بە نیسبەت ئێوەوە دەرد و تاقیکردنەوەن. بەڵام لەلای خودا پاداشتی گەورە هەیە و، ئەوەی لای ئەوە لەلای هیچ کەسێک دەست ناکەوێت”.

جەنابی حەق هەریەک لە ناوەکانی جەلال و جەمالی هەیە. هەم ڕەحیمە و هەم قەههارە. هەربۆیە دۆزەخ و بەهەشتیشی هەیە. لەبەر ئەوەی ئەمە دونیای تاقیکردنەوەیە، هەم بەهەشت و هەم دۆزەخ، هەم باش و خراپیشی تێدایە. هەربۆیە لە سەردەمی حەزرەتی ئادەمەوە کە یەکەم مرۆڤە، یەکێک لە کوڕەکانی ئەو تریان دەکوژێت. واتە هەر لەو سەردەمەوە زاڵم و مەزلوم هەیە. لە بەردەم حەزرەتی ئیبراهیم، زاڵمێکی وەک نەمرود، لەبەردەم حەزرەتی موساش زاڵمێکی وەک فیرعەون، لە بەردەمی حەزرەتی محمدیش موشریکە زاڵمەکان بوونیان هەبوو.

پاش ئەوەی ئیسلام بەسەر هەموو زاڵماندا سەرکەوت، ئەمجارەیان زاڵمان لە نێو موسوڵمانە مەزلومەکانی دوێنێدا پەیدا بوو. ئەوانەی سەری حەزرەتی حوسەینیان بڕی، کافر و موشریک نەبوون، موسوڵمان بوون، بەڵام زاڵم و خوێنڕێژیش بوون.

مێژوو بەردەوام دووبارە دەبێتەوە… پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: تۆ دەتەوێت لەم قۆناغە ناهەموارەدا، لە ڕیزی زاڵمان بیت، یاخود مەزلومان؟

هیچ گومانتان نەبێت لەوەی تەواوی فێڵ و تەڵەکەی زاڵمان، لەلایەن جەنابی حەقەوە پوچەڵ دەکرێتەوە و لە دەست و قاچ و ملی خۆیانی دەئاڵێنێت. سەیری شازادەکانی سعودیە بکەن… سەیری سەرۆکەکانی مالیزیا و پاکستان بکەن. ئیستا لە زیندانن. سەیری ئەو سزا ئیلاهیەی بەسەر سەرۆکی مۆڵدۆڤادا هات، بکەن.

 

 

 

 

Show More
Back to top button