بیروڕاهەواڵ

وشەیەکی جوان و درەختێکی جوان

سەفوەت سەنیح

وشەکان لە قورئانی کەریمدا بە درەختێک دەچوێنرێن و لە ئایەتێکی پیرۆزدا دەفەرموێت” سەیرکەن خودا چۆن نمونەیەکتان بۆ دەهێنێتەوە، قسەی جوان وەک درەختێک وەهایە کە ڕەگی بە زەویدا داکوتابێت و پەلوپۆشی لە ئاسماندا بێت، بە پشتیوانی خوداش هەموو کاتێک میوەی خۆی دەدات. خودا بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بیر بکەنەوە، نمونەی لەم شێوەیەیان بۆ دەهێنێتەوە”.(سورەتی ئیبراهیم ئایەتی ٢٤ – ٢٥).

پڕۆفیسۆر دکتۆر سوات یڵدرمی مامۆستاشمان سەبارەت بەم ئایەتە دەفەرموێت” لێرەدا ئیمان بە درەختێکی جوان شوبهێندراوە. درەختیش ڕەگ و دەمار و قەد و میوەی هەیە. قەدەکەی ئیخلاسە. لق و پۆپەکانی کرداری چاکە، میوەکانیشی وەک پێویستیەکی کرداری چاک بریتیە لە خولیا و خووی پاک و بێگەرد. وەک چۆن درەختێکیش پێویستی بە ئاودان و چاودێری کردنە، درەختی ئیمانیش پێویستی بەوەیە بە ئاوی زانست، کاری چاکە، بیرکردنەوە ئاو بدرێت. گەر جاودێری نەکەیت درەختە وشک دەبێتەوە. لە حەدیسێکدا سەردارمان دەفەرموێت: وەک چۆن جلەکانی بەرتان هەمیشە توشی دڕان و داخوران دەبێت، ئیمانی  ناو دڵیشتان هەمیشە بەو شێوەیەیە، هەر بۆیە پێویستە هەموو کاتێک ئیمانتان تازە بکەنەوە. ئەنجامدانی عیبادەتەکان لە کاتی خۆیاندا، ئەرکی ئەم تازەکردنەوەیە لە ئەستۆ دەگرێت”.

هەروەها قسەی خراپیش لە هەمان ئایەتدا بە درەختێک شوبهێندراوە کەوا ڕەگی بە زەویدا دانەکوتیوە و ، شتێکی بێ فەڕ و کەڵکی وەهایە کە هەر زوو بەلادا دەکەوێت و تیا دەچێت.

ئەوانەی ئیمان دەهێنن، لەلایەن خوداوە لەسەر ئەو وتە جێگیرە دەهێڵێتەوە لە دونیا و ئاخیرەتیشدا. بەڵام سەر لە زاڵمەکان دەشێوێنێت و، بێگومان خودا هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی خواستەکانی خۆی. ئایا ئێوە کەسانێکتان نەدیوە کە نیعمەتی خودایان گۆڕیەوە بە بێ نمەکی و نکوڵی کردن و، وڵات و گەلی خۆیان بەرەو دۆزەخ برد؟ ئەوان هەموویان دۆزەخ جێگایانە و وای کە شوێنێکی خراپە دۆزەخ لانکە و هەوارت بێت”.

لە تەفسیری في ظلال هاتووە:

ئەم دیمەنەی لەم ئایەتەدا پشان دەدرێت کە وتەی جوان بە درەختێکی جوانی ڕەگ داکوتیو بە زەویدا کە چڵ و پۆپەکانی لە ئاسماندا بن، وتەی خراپیش کە بە درەختێکی ناشرینی بێ ڕەگ دەشوبهێنرێت، لە کەشوهەوای گشتی ئایەتەکەدا، وەک دیمەنی چیرۆکی پێغەمبەران و ئەو کەسانەیە کە بە درۆیان دەخەنەوە و، ئەمە بەشێکە لە دیمەنی کۆتایی هەردوولا. لێرەدا درەختەکە باوکی پێغەمبەرانە کە حەزرەتی ئیبراهیمە و لە هەموو سەردەمێکدا میوەی جوان و قەشەنگی خۆی بەخشیوە. هەر پێغەمبەرێکیش بۆ خۆی میوەیەکە. میوەی ئەوانیش ئیمان و چاکە و زیندوویەتیت پێ دەبەخشێت”.

هەرچەندە ئەم ڕاڤەیە تا ڕادەیەک لەگەڵ کەشوهەوا و ناوکۆی ئایەتەکەدا یەک نایەتەوە، لوتکەیەکی فراوانتر  و قوڵایی ڕاستیەکمان دەخاتە پێش چاو.

بێگومان قسەی جوان، واتە قسەی ڕاست، وەک درەختێکی جوانە و، لەگەڵ پتەوی و خۆڕاگریەکەشیدا میوەی زۆر دەبەخشێت. پتەوە و هەرچەندە گەردەلول و ڕەشەبا لێی بدەن، هەر لە شوێنی خۆی جێگیرە و بە لادا ناکەوێت. ڕەشەبای هیچ و پوچ و باتڵەکان نایخەن بەلادا. تەور و پیکی نەدان و گومڕاکان کاریگەری لەسەر دانانێن. هەرچەندە زۆر کات وا هەست دەکرێت ڕوو بەڕووی مەترسی تیاچوون بۆتەوە، بەڵام هەمیشە بەرز و بڵندە. هەمیشە لەسەر و هەموو زوڵم و خراپە و ئاست نزمیەوەیە. گەرچی هەندێک جار وا هەست بکرێت لەلایەن زاڵمانەوە لە بێخی دەرهێنراوە و فڕێدراوە، بەڵام ئەو هەر بەردەوامە لە میوەدانی خۆی. ئەم درەختە خۆیی و میوەکانی هەرگیز کەم ناکەن. چونکە هەتا کات زیاتر بڕوات، تۆوەکانی ئەم درەختە لە دڵەکاندا زیاتر سەوز دەبێت.

هەروەها وتەی ناشرینیش، واتە قسەی درۆ، وەک درەختێکی ناشرین و بێ فەڕە. هەرچەندە گەورە دەبێت و لق و پەلی دەبێت، بەو هۆیەشەوە هەندێک لە مرۆڤەکان لە درەختە جوانەکە بە گەورەتر و قەشەنگتریش دێتە بەرچاویان، بەڵام لەسەر زەوی جێگیر نابێت و ئەم گەورەبوونەی کاتیە و لە پڕێکدا بەلادا دەکەوێت. هەرگیز ناتوانێت خۆی پتەو بکات و لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە.

 

Show More
Back to top button