هەواڵ

وردەکاریەکانی ڕفاندنی مامۆستاکانی مۆڵدۆڤا ئاشکرا بوو

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٧ مامۆستای بزاڤی خزمەت لە وڵاتی مۆڵدۆڤا ڕفێندران، ڕۆژنامەیەکی ئەو وڵاتە بە ناوی زیارول دە گاردە، وردەکاریەکانی ڕفاندنی مامۆستاکانی بڵاو کردەوە.

بە گوێرەی هەواڵی ڕۆژنامەکە مامۆستاکان لە فڕۆکەخانەی کیشنەڤی پایتەختی مۆڵدۆڤاوە گواستراونەتەوە بۆ فڕۆکەخانەی چۆرلو لە تورکیا.

بە گوێرەی هەواڵی ڕۆژنامەکە، دەزگای هەواڵگری مۆڵدۆڤا (SIS) و دەزگای هەواڵگری تورکیا لە ٣ شاری جیای ئەو وڵاتە ئۆپەراسیۆنیان بۆ سەر ماڵی مامۆستاکان ئەنجامداوە و دەستگیریان کردوون.

دواتر بە ٣ ئۆتۆمبیکی جیاواز گواستراونەتەوە بۆ فڕۆکەخانەی کیشنەڤی پایتەختی مۆڵدۆڤا و، بە فڕۆکەیەکی بەکرێگیراوی هێڵی ئاسمانی ئەرمەنستان بە ناوی تایرۆن ئاڤیا، کە لە جۆری Boeing 737-55S بووە گواستراونەتەوە بۆ تورکیا.

هەروەها ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە فڕۆکە کاتژمێر ١١:٤٠بە کاتی مۆڵدۆڤا دەستی بە گەشتەکەی کردووە و، کاتژمێر ١٢:٤٣ لە فڕۆکەخانەی چۆرلو دەنیشێتەوە. دوای نیو کاتژمێر فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی چۆرلوەوە هەڵدەستێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ فڕۆکەخانەی کیشنەڤ؛ دواتر کاتژمێر ١٤:٥٠  گەشتی ئاسایی خۆی لە نێوان کیشنەڤ – ئیستەنبول ئەنجام دەدات.

ڕۆژنامەکە ئاماژەش بەوە دەکات کە زۆرێک لەو پرسیارانەی لە کاربەدەستانی وڵاتەکەی کردووە، بێ وەڵام ماونەتەوە.

یەکێک لەو پرسیارانەی کە کاربەدەستانی “AIR MOLDOVA” وەڵامیان نەداوەتەوە،  گەشتی نائاسایی فڕۆکەکەیان بۆ فڕۆکەخانی چۆرلو بە فەرمانی کێ ئەنجامدراوە و کێبوون گەشتیارەکانی ناو ئەو فڕۆکەیە.

هەروەها بەرپرسانی مۆڵدۆڤاش وەڵامی زۆرێک لە پرسیارەکانیان نەداوەتەوە. هەروەها پارێزەر و کەسوکاری مامۆستاکانیش هیچ وەڵامێکیان لە داواکاری گشتی ئەو وڵاتە دەستنەکەوتووە لە دوای تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی.

پارێزەرەکان بە کۆدی ” بەپەلە” داوایان لە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کرد کەوا ڕادەستکردنەوەی مامۆستاکان بە وڵاتی تورکیا ڕابگرن.

دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاش سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی کاربەدەستانی یەکێتی ئەوروپا ئاگادار دەکاتەوە و ئەوەیان پێڕادەگەیەنێت کەوا ڕادەستکردنەوەی ئەو هاوڵاتیانەی داوای مافی پەنابەرێتیان کردووە، پێشێلکاریەکی گەورەی مافەکانی مرۆڤە.

 

“مێدیای تورکیا بە تەواوی بێدەنگە”

لە ڕووداوی ڕفاندنی ئەم جارەی مامۆستاکانی بزاڤی خزمەتدا، مێدیاکانی تورکیا بە پێچەوانەوەی ڕووداوەکانی پێشووترەوە، بە تەواوی بێدەنگیان هەڵبژارد. ئاژانسی ئەنەدۆڵو بە تەنیا دێڕێکیش باسی ئەم ڕووداوەی نەکرد.

هۆکاری ئەمەش ئەوەیە تورکیا لە قەیرانێکی گەورەی ئابوریدایە و ئێردۆغان خوازیارە پشتگیری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بەدەستبهێنێت.

دەزگای هەواڵگری مۆڵدۆڤاش لە ڕوونکردنەوەکەیدا بە بێ ئەوەی ناوی تورکیا ببات دەڵێت” دوای ئەوەی بۆمان ئاشکرا بوو کە ئەم ٧ هاوڵاتیە سەر بە گروپێکی ئیسلامین و لە زۆربەی وڵاتانی دونیا بوونیان هەیە و مەترسیان بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییمان دروست کردووە، بڕیاری ئەوەماندا کە لە وڵاتی خۆمان بیانکەینە دەرەوە و ڕادەستی وڵاتی خۆیان بکەینەوە”.

ڕۆژنامەکانی مۆڵدۆڤاش باس لەوە دەکەن کە ئیگۆر دۆدۆن سەرۆک کۆماری مۆڵدۆڤا، لە بەرامبەر ئەو ١٠ ملیۆن دۆلارەی ئێردۆغان بەخشیوێتی بە نۆژەنکردنەوەی کۆشکی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە، ڕەزامەندی بەرامبەر ڕادەستکردنەوەی مامۆستاکان پشانداوە.

جگە لە نۆژەنکردنەوەی کۆشکەکە، حکومەتی مۆڵدۆڤا داوای لە ئێردۆغان کردووە کە کەلوپەلی ناو کۆشکەکەش دابین بکات و ئێردۆغان ڕەزامەندی لەسەر ئەوەش پشانداوە.

http://www.shaber3.com/moldovadan-adam-kacirma-haydutlugunun-detaylari-ortaya-cikti-haberi/1311625/

 

Show More
Back to top button