هەواڵ

وردەکاریی دەستگیر کردن و گیانلەدەست دانی مامۆستا گۆکهان پاش 13 ڕۆژ ئەشکەنجە دان لە ڕۆژنامەیەکی ئیسپانیدا

 

مامۆستا گۆکهان ئاچکۆڵو مامۆستای خوێندنگایەکی دەوڵەتی بوو، پاش هەوڵی کودەتاکەی تەمووزی ٢٠١٦ دەستگیر کرا و دوای ١٣ ڕۆژ زیندانی بوون بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە لە زینداندا گیانی لەدەست دا. دواتریش ئەشکەنجە بۆ هاوژینەکەی بەردەوامبوو، چونکە بە زۆریان دەزانی کە کاروباری مەراسیمی ناشتن و ئوتومبێلی تەرم گواستنەوە و تابوتێک و ئامادەیی هاوژینەکەی پێ ڕەوا ببینن. تەنانەت پێیان ڕەوا نەبینی کە تا کاتی ناشتنی لە تابوتی سارددا بیهێڵنەوە، تا تەرمەکەی تێکنەچێت.

موئمینە ئاچکئۆغڵوی هاوژینی مامۆستا گۆکهان دەڵێت: ” کە مێردەکەم گیانی لەدەست دا، تەمەنی کچەکەم ٧ ساڵان بوو، ئێستا تەمەنی ٩ ساڵانە و کاتێک دەڵێت” بیری ناو هێنانی باوکم دەکەن” ئیتر من بێچارە دەبم.

مامۆستا گۆکهان ١٣ ڕۆژ بە دەستبەسەری مایەوە، بێ ئەوەی کە هیچ وتەیەکی بە فەرمی لەلایەن پۆلیسەوە لێ وەرگیرێت بە ئەشکەنجەدان کوژرا. ئەو مامۆستای میژوو بوو لە خوێندنگایەکی دەوڵەتدا، بەڵام نزیکیی ئەو لە بزاڤی خزمەتەوە ئەوی کردبوو بە ناپاکێکی مەترسیدار، بۆ ئەوەش پێویستی بە دادگایی کردن و وەڵام دانەوە و وتە و هیچ شتێکی تری بێنرخ نەبوو.

مامۆستا موئمینە کە ئەو کاتە خۆشی مامۆستای دەوڵەت بوو، کە پێیان ڕاگەیاند سەرەڕای ئەوەی نابێت مەراسیمی بەخاکسپاردن بۆ هاوژینەکەی ئەنجام بدرێت، دەبێت لە گۆڕستانی ناپاکانیشدا بەخاک بسپێردرێت، ئەوەی ڕەت کردەوە. ئیتر هەر ئەو کاتە ئەشکەنجەی پاش مەرگی دەستی پێکرد. هەمان ئەو دادوەرەی کە بڕیاری دەستگیر کردنی مامۆستا گۆکهانی دەرکردبوو، هاوژینەکەشی بانگ کرد بۆ وەرگرتنی وتە لێی، سەبارەت بە دۆسیەی هاوژینەکەی بە موئمینەیان وت: ” مێردەکەت لە شەوی کودەتاکەدا، فەرمانی بە تانکەکان کردووە”، ئەو پرسیارە ٦ مانگ پاش مردنی مێردەکەی بوو.

دواتر و پاش ساڵ و نیوێک لە گیان لەدەستدانی مامۆستا گۆکهان، لە ٢٢ی شوباتی ٢٠١٨دا مامۆستا موئمینە لەو خوێندنگایەوە پەیوەندی پێوە کرا کە مێردەکەی لێی مامۆستا بوو. وەزارەتی پەروەردە بڕیاری دابوو بە گێڕانەوەی مێردەکەی بۆسەر پیشەکەی.

پاش ئەوەی پارتە بەرهەڵستکارەکان بابەتەکەیان بردە پەرلەمانەوە، ڕاگەیاندنە سێبەرەکان دەستیان کرد بە ناساندنی موئمینە خانمیش وەک ناپاکی نیشتیمانی. دواتریش ٣١ی ئایار وەک ڕۆژی دادگایی کردنی دیاری کرا. ئەو سەریسوڕمابوو، بڕیاریدا لەگەڵ دوو منداڵەکەیدا بە ڕووباری مێریچدا وڵات بەجێبهێڵێت. ئێستاش لەبەر دۆخی ئاسایشی خۆی، نایەوێت شوێنی مانەوەی ئاشکرا بکات.

 


کاکم بە دەستەکانی خۆی مێردەکەمی ئامادە کرد بۆ بەخاک سپاردن

خێزانی ئاچکۆڵو لە ئیستەنبوڵ دەژیان و دەیانویست کوڕەکەشیان لەوێ بەخاک بسپێرن. موئمینە خانم سەبارەت بەو دۆخە بە ڕادیۆی ئێلدیاریۆی ئیسپانی ڕاگەیاند: “ئەوان وتیان کە تەرمی مێردەکەم نادەنەوە بە ئێمە کە دەمانویست لە ئیستەنبوڵ بەخاکی بسپێرین، بەڵکو دەیبەن لە گۆڕستانی ناپاکان بەبێ مەراسیم بەخاکی دەسپێرن. هەرچەندە دەیانوت کە هێشتا دادگاییان نەکردووە ئیتر ئێمە تێگەیشتین کە کەس نییە یارمەتی ئێمە بدات. ئەوان دەیانویست ئەو فەرمانانە جێبەجێ بکەن کە لە سەرەوە بۆیان دەنێردرا.”

لە ڕابردوودا ئامانج لە دروستکردنی گۆڕستانی ناپاکان کە لە سەردەمی قادر تۆپباش سەرۆک شارەوانیی ئیستەنبوڵدا دروست کرا، تۆپباش وتی: ” شوێنێک جیا دەکەنەوە و پێی دەڵێن گۆڕستانی ناپاکان، لەوێ نەفرەتیان بەسەردا دەخوێندرێت. هەرکەس چوو بۆ ئەوێ با نەفرەت بخوێنێت، تا لە گۆڕەکانیاندا ئۆقرە نەگرن.” ئەوانەی ئەو کارەشیان زۆر بە باشی ئەنجام دەدا، بەرپرسەکان بوون.

دواتر بڕیاریان دا کە لە کۆنیای زێدی باپیران بە خاکی بسپێرن کە ٧ کاتژمێر لە ئیستەنبوڵەوە دوور بوو. بەرپرسان بەو مەرجە تەرمەکەیان دایەوە بە کەسوکارەکەی، بەڵام لە تابوتێکی گەورەی شڕدا. وتیشیان: ” هەوڵمانداوە تابوتێک بدۆزینەوە کە مۆری شارەوانیی ئیستەنبوڵی بەسەرەوە نەبێت”، چونکە مامۆستا گۆکهان شایەنی ئەوەش نەبوو.

موئمینە خانم بە گریانەوە وتی: ” دۆخێکی زۆر ناخۆش و ئازادەر بوو. کەسێک کە ئەوەندە نیشتیمانی خۆی خۆشبوێت و خزمەتیان بکات، کەچی ئاوا مامەڵەی بەرانبەر بکرێت و تەنانەت تابوتێکیشیان پێ زۆر بێت، و بڵێن کە با لۆگۆی شارەوانیی بەسەرەوە نەبێت.”

دواتر ڕاگەیەندرا کە پێویستە تەرمەکە دەرزی تایبەتی لی بدرێت، تا تێکنەچێت و بۆگەن نەکات، بەڵام حکومەت ئەو کارەی بۆ ناکات. بە گواستنەوەی تەرمەکەش بە ڕێگایەکی ٧ کاتژمێریدا لە گەرمای هاویندا تێکدەچوو. براکانی وتیان: ” مادام وایە ناوی ئەو مادانەمان بۆ بنێرن با خۆمان بیکڕین”، ئیتر یەکێک لە کارمەندەکان بە نهێنی ناوی دەرمانەکە و چۆنیەتی بەکارهێنانی پێ وتین، ئیتر کاکم بە دەستی خۆی دەرزییەکەی لە تەرمی مێردەکەم دا.”

 

 

شارەوانی گۆڕیشی بۆ هەڵەنکەنی

پاش ئەوەی تابوتە گەورەکە بەرەو کۆنیا بەڕێکرا و مۆڵەتی ناشتن لە گوندەکە لە موختاری گوندەکە وەرگیرا، داوا لە شارەوانیی کرا کە هەڵکەنێک (حەفارە) بنێرێت، بەڵام داواکە لەلایەن شارەوانی گوندەکە و کۆنیاشەوە ڕەت کرایەوە. دواتر بە ناچاری خێزانەکە هەڵکەنێکیان بە کرێ گرت، بەڵام مامۆستایەکیان بۆ بەڕێوەبردنی مەراسیمەکە دەستنەکەوت، ئیتر دانیشتوویەکی گوندەکە نویژی مردووی لەسەر مامۆستا گۆکهان کرد.

پاش دوو ڕۆژ، قایمقام و داواکاری ناحیەکە موختاری گوندیان بانگ کردبوو بۆ لێپرسینەوە لەوەی کە بۆچی بۆ بەخاکسپاردنی ئەو تەرمە پرسی پێ نەکردوون. موختاریش وتبووی کە پێشتر بۆ بەخاکسپاردنی تەرم پێویستی بە وەرگرتنی مۆڵەت نەکردووە. موئمینە خانم دەڵێت: ” کاتێک ئەو ڕووداوەیان بۆ باس کردم، تێگەیشتم کە جگە لە داخ کردنی دەروونمان، یەک لەسەر یەک کێشەمان بۆ دروست دەکەن. ئەوەندە ترسام کە بە خەیاڵمدا دەهات لە سەردەمێکی زۆر ئەستەمتر لە سەردەمی بەدیعوزەماندا دەژین و لەوانەیە تەرمی مێردەکەم وەک تەرمی ئەو دەربهێننەوە و بیبەنە شوینێکی نادیار بەخاکی بسپێرن.”

موئمینە خانم دواتر لە تشرینی دووەمدا بە ڕێنمایی لەجێی یاسا لە پیشەکەی دوورخرایەوە، خۆی بە چاوی پڕ فرمێسکەوە دەڵێت:

” لەلایەکەوە کرێی خانوومان دەدا، مەعکەرۆنی لە ماڵماندا نەمابوو، لە ماڵەوە سەرقاڵی چنین بووم، کە شتانێک دروست بکەم و بیانفرۆشم و بەرگە بگرین. لە ٢٤ی شوباتدا دەستگیر کرام. هەر خۆمان بارودۆخمان خراپ بوو. لە دەنگی بەرزکەرەوە(مەصعەد) و لە دەرگادان دەسڵەمینەوە. کچەکەم هەندێک جار بۆ ڕەواندنەوەی دڵەڕوکێی من دەیوت( دایە خەمت نەبێت، لە نهۆمەکەی ئێمە نەوەستا.) کە مێردەکەم گیانی لەدەست دا، تەمەنی کچەکەم ٧ ساڵان بوو، ئێستا تەمەنی ٩ ساڵانە و کاتێک دەڵێت” بیری ناو هێنانی باوکم دەکەن” ئیتر من بێچارە دەبم.”

 


 

دەرمانەکانم چۆن بردبوو، وەک خۆی دایانمەوە

ئەو کاتەی کە لە ١٥ی تەمووز ی ٢٠١٦دا و لە ڕۆژی هەینی دا هەوڵی کودەتاکە درا، خێزانەکەی ئاچکئۆغڵوو لە دەرەوەی شار بوون.، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە منداڵەکانیان لە خوێندنگاکانی بزاڤی خزمەتدا دەیانخوێند، هەواڵیان پێگەیشت کە خوێندنگاکە داخراوە. دواتریش مامۆستا گۆکهان بە مەبەستی وەرگرتنەوەی ئەو پارەیەی لە بەرانبەر خوێندنی منداڵەکانیان دابووی بۆ ساڵی داهاتوو، چووە خوێندنگاکە و ئیتر هەمووشتێک دەستیپێکرد.

کاتژمێر ٧ی بەیان ژمارەیەکی نەناسراو پەیوەندی کرد بە موئمینە خانمەوە و وتی :” مێردەکەتان لەلایەن ژووری ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرەوە دەستگیر کراوە، ئاگادار بن.” دواتر پەیوەندییەکەی داخستەوە، هەرچەندە موئمینە خانم چەندین جار پەیوەندی کرد بەو ژمارەیەوە تا زانیاری سەبارەت بە شوێنی مێردەکەی وەربگرێت، بەڵام هیچ وەڵامێکی دەست نەکەوت. بێ ئەوەی کە ناوی مێردەکەشی لێ بپرسن، یەکسەر دەیانوت: ” مێردەکەتان باشە، لێرە ئاگایان لێیەتی.”. کەچی گۆکهان ئاچکئۆغڵوو چەند ڕۆژێکی مابوو لە ژیاندا.

دواتر و لە کۆتاییدا پاش چوار ڕۆژ شوێنی زیندانی کردنی مێردەکەیان بە موئمینە خانم وت و ئەویش توانی دەرمانەکانی بۆ ببات. مێردەکەی نەخۆشی شەکرەی هەبوو. موئمینە خانمیش دەڵێت:” پاش مردنی مێردەکەم زانیم کە هیچی لە دەرمانەکان نەخواردووە، چونکە چۆن بردبووم بەو وەک خۆی دایانمەوە.”

موئمینە خانم سەبارەت بە پشکنینی ماڵەکەشیان دەڵێت: ” ماڵەکەیان سەروژێر کرد، تەنەت خۆڵی ناوی ئینجانەی بالکۆنەکەشیان شی کردەوە، نازانم دەیانویست چی بدۆزنەوە.”

 

 

بەپێی وتەی ناسیاوێکیان کە لەو کاتەدا لەوێ بووە، مامۆستا گۆکهان داوای پارێزەری کردووە، بەڵام پۆلیسەکان پێیان وتووە:” ناتوانیت پارێزەر بگریت، ئەگەر پێویست بێت ئێمە خۆمان بۆت دباین دەکەین.”

هەرچەندە بەرپرسانی تورکیا هەبوونی ئەشکەنجە ڕەت دەکەنەوە، بەڵام چەندین بەڵگە هەیە کە پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت بەرانبەر ئەو دەستگیرکراوانەی کە بە زۆر دەیانەوێت وتەیان لێ وەربگرن. کاتێکیش پزیشکی دادوەری لێی پرسیوە کە ئەشکەنجە دراوە یاخود نا، مامۆستا گۆکهان وتوویەتی کە هەم لە ماڵەوە و هەم لە ئوتومبێلەکەدا لێیانداوە. ئەوانەش هەموو لە ڕاپۆرتە پزیشکییەکەدا تۆمار کراون.

کاتێکیش تەرمی مامۆستا گۆکهانیان داوەتەوە بە کەسوکاری، چاویلکەکەی شکاوە. بەپێی وتەی گورۆڵ بێربێر کە هاوزیندانی مامۆستا گۆکهان بووە، چاویلکەکەی مامۆستا گۆکهان لەو کاتەدا شکاوە کە لە بنکەی پۆلیسەوە بردوویانە بۆ زیندان و لێیان داوە:

ئەو دەشڵێت:” ٨-١٠ پۆلیس لە دەوری بوون، یەکێکیان وتی” بۆ سەیری دەموچاوم ئەکەیت؟” ئینجا دەستی کرد بە لێدانی. کە سەیری زەویشی دەکرد و سەیری دەموچاوی نەدەکرد: دەیوت “بۆسەیری زەوی دەکەیت؟ سەیری دەموچاوم بکە!” و لێیان دەدا. کاک گۆکهان چەندین جار لێدان بەر دەموچاوی کەوت. دواتریش پاڵیان خست و بە ئەژنۆ دەیاندا لە پەراسوەکانی.”

بە درێژایی ١٣ ڕۆژ دەستبەسەری، گۆکهان ئاچکۆڵو لێدانی خواردووە و دۆخی خراپ بووە، لەهۆشخۆی چووە. شینبوونەوە و ئاوسان بە لەشیەوە بوو… ئازارێکی زۆر لە سنگ و پەراسووەکانیدا هەبووە.. ئەمانە هەمووی لە ڕاپۆرتی پزیشکییدا نووسراون. بەهۆی ئازاری پەراسوەکانییەوە نەیتوانیوە هیچ وێنەیەکی تیشکیی بگرێت. دواتر دەرکەوتووە کە پەراسوەکانی شکاوە.

 

 

ئەم ڕاپۆرتە بە سود وەرگرتن لە ماڵپەڕی www.prodorechos.org ئامادە کراوە.

سەرچاوە: https://www.eldiario.es/internacional/Morir-torturado-carceles-Turquia-condenada_0_841316162.html

http://www.shaber3.com/tabutu-logosuz-naasi-memlekete-ilacsiz-gonderildi-haberi/1315804/

Show More
Back to top button