هەواڵوتاری هەفتانەی م.فەحوڵڵا گولەن

وتاری هەفتانەی م. فەتحوڵڵا گولەن. غوربەت، هیجرەت، شەهادەت و خزمەت. 19.02.2018

 

یەکێک نا بەڵکو زۆرێک لە مرۆڤەکان لە شوێنە جیاوازەکانی دونیا، لە کاتی هەستکردنیان بە دەردی دووری لە نیشتیمانیان، ئەمە نەخۆشیەکە لە ژیانی غوربەتدا توشت دەبێت، وەفاتیان کرد و بەرەو ژیانی ئاخیرەت ڕۆشتن.

ئیدی ئەو نەخۆشیە لەگەڵ خورپەی دڵ کە بە “خورپەی پیرۆز” ناوی دەبەین، خەمی پیرۆزیان زیاتر دەکات و، بە شێوەیەکی لێدێت ساڕێژ بوونی بۆ نیە…

ئیدی لەم بابەتەدا خۆتان دەتوانن بیر لە فڵان و فیسار بکەنەوە کە بەم شێوەیەیان لێهات.

لەلایەکەوە ئێسقانی لوتیان بە خەمی دەردی دووری لە نیشتیمانیان دەسۆڵێتەوە، لەلایەکی مەرگ یەخەیان پێ دەگرێت و بەرەو لوتکەی ڕۆحیان دەگەڕێنەوە.

دەگەڕێنەوە بۆ ئەو دونیا کە جیهانی بێ کۆتایە، ماڵئاوای لە “ماڵی تیاچوون” دەکەن و بەرەو “ماڵی ئەبەدی” دەکەونە ڕێ.

ئەمە شتێکی هەروا ئاسان نیە، لەلایەک دونیا بەجێدەهێڵیت، لەلایەکی تر بەرەو دونیایەکی نەزانراو دەکەونە ڕێ، بیر لەوە دەکەنەوە کە پردی گۆڕ چۆن تێدەپەڕێنن، چۆن ژیانی جیهانی بەرزەخ لە ناو ڕۆشناییدا دەبەنە سەر، لە کاتی تەرازووی کردارەکانماندا حاڵمان چۆن دەبێت، جەنابی حەق چۆن فەرمانمان پێ دەکات، بۆ ئەولامان دەنێرێت یاخود بۆ ئەو لا؟

تایەکانی تەرازووەکە چ کردارێکمان چۆنی دەپێوێت، گەر باوەڕیان بەو دونیا هەبێت، ئەم شتانە هەموو کاتێک لە حسابی خۆیاندا دادەنێن.

ئەم بیرکردنەوەیە، سەری دێڕی دەفتەری بیرکردنەوەیان داگیر دەکات، گەر مرۆڤێک باوەڕدار بێت. لەلایەک ئەم هەستانە داتدەگرێت و لەلایەکی تریش شتانێک هەیە لەسەری ڕاهاتووین، پێم وایە گەر کەسەکە پێغەمبەریش بێت، لە کاتی کۆچیدا بۆ ئەو دونیا، بیر لەو هاوەڵانەی دەکاتەوە کە سەردەمانێک پێکەوە هەستاون و دانیشتوون و پێکەوە ڕێگەیان تەی کردووە، لەو کاتەدا لە ڕۆحیدا هەست بە هیجرانی -کاتی- دوورکەوتنەوە لە هاوەڵانی دەکات.

تەنانەت حەزرەتی صادقی مصدوق، کە بەهێزترین پەیوەندی لەگەڵ خودادا هەیە(هەزار سەڵات و سەلامی لەسەر بێت)، هەستی بەمە کردووە، هەستی بە دوورکەوتنەوە لە هاوەڵانی خۆشەویستی کردووە.

لەلایەکەوە ئەم هەستە ئیسقانی لوتت دەسۆڵێنێتەوە، لەلایەکی ترەوە هەستکردن بە دەردی دووری لە نیشتیمان، ئەو شوێنانەی پێی راهاتبوو، ئەو خانووەی تێیدا دەژیا و ئەو کۆڵانەی ماڵەکەیانی تێدا بوو، ئەو دراوسێینەی لەگەڵیان هەڵدەستا و دادەنیشت، خزمەکانی، بیری دایک و باوکی دەکات گەر لە ژیاندا مابن، بیری تەواوی ئەو کەسانە دەکات کە لێیان دابڕاوە و دوورکەوتوون لەیەک، بیرکردنەوە لە تەواوی ئەم شتانە و ڕۆشتن بەرەو ئەو دونیا شتێکی هەروا ئاسان نیە…

شتێکی سەختە، گەر بێ ئەوەی ناڕەزایی دەرببڕێت، بەرگەی ئەم هەموو بارە سەختە بگرێت، تەنانەت لە کاتی ڕۆشتنیشیاندا بۆ ئەو دونیا هزریان هێشتا سەرقاڵ بێت بە جوینی بەرکوڵی ئەو دونیاوە، ئەمانە وەک کەسانێک لە بەدر و ئوحوددا شەهید بوو بوون، پێموایە و گومانی باشی ئەوەیان پێ دەبەم، قەناعەتم وەهایە بێ لێپرسینەوە و لێپێچینەوە، بەر لوتف و ڕەحمەتی خودا دەکەون، پشتیوان بە خودا…

پشتیوان بە خودا ئەویش وەک هاوڕێکانی تری بەر لوتف و ڕەحمەتی خودا دەکەوێت، من هاوڕێگەلێکی گیانی بە گیانیم هەبوو، کە بیریان لێدەکەمەوە چاوەکانم پڕ دەبن لە فرمێسک، ئەوانیش لە ژیانی غوربەت و تاراوگەدا گەڕانەوە بۆ لوتکەی ڕۆحی خۆیان.

ڕێگەی ئەوەیان پێنەدرا بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، تەنانەت لە کاتێکدا توشی نەخۆشی شێرپەنجە بوو بوون کە هەموو لاشەیانی تەنیبوو، دەیانوت با بگەڕێینەوە بۆ وڵاتی خۆمان و لەوێ بمرین، پێیان دەوت نەخێر گەر بگەڕێیتەوە زیندانیت دەکەین…

ئەشکەنجەت دەدەین، دەیانوت گەر ئەوەی ئێمە پێت دەڵێین بە قسەمان نەکەیت، فڵان شتت لێدەکەین و سنوری خۆتت پێ پشان دەدەین…

ئیدی بە حەسرەتی قوڵی تەواوی ئەمانە،  هەستکردن بە قوڵایی هەموو ڕەهەندەکانی، هەستکردن بە قوڵایی هەموو ئەو شتانە لە ناختدا و گەڕانەوە بۆ ئەو دونیا لە حاڵێکی ئاوەهادا، شتێک نیە بە سوکی بێتە پێش چاوت…

بیر لە هاوەڵانی خۆشەویست بکەنەوە کاتێک لە مەککە کۆچیان کردبوو. هەر لە سەرەتای کۆچەکەیانەوە، لە مەدینەی ڕۆشن، لە ساڵی دووهەمی کۆچی لەلایەک هەستیان بە دەردی دووری لە نیشتیمان دەکرد و لەلایەک جەنگی بەدر یەخەی پێ گرتبوون.

هەر لە سەرەتاوە شەڕی دوژمن یەخەی پێگرتن، لە کاتێکدا تازە خەریک بوون بە مەدینە ڕادەهاتن، تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی تازە وای لێهاتبوو جێ پێی خۆی قایم بکات، لە چاوەکانیدا خونچەی هیواکان تازەیی دەستیان کردبوو بە پشکووتن، لە کاتێکی ئاوەهادا ماڵئاوایی هاوەڵان لە ژیان، شتێکی سەختە بە نیسبەت مرۆڤەوە…

هەروەک عیزەت مۆڵڵا دەڵێت:

نوری چاوم من هەرگیز لە جەفا بێتاقەت نابم

بەڵام هەرچی بێت ئەمە گیانە و بێ تاقەت دەبێت!

من پێم وانیە هیچکام لەوان توشی بێ تاقەتی بوو بن، بەڵام وەک مرۆڤێک گەر شەقێکیان لێ بدەیت، مومکین نیە لەرزەیەکیان تێنەکەوێت. هەموو کەس لە کاتێکی وەهادا دەلەرزێت، ئەمەش بە گوێرەی خۆی دەستکەوتی خۆی دەبێت، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا، هەر لەبەر ئەوەش دۆستێکی حەق دەڵێت:

چ دەرمانێک گەورەتر هەیە لە دەرد؟

یاخود هۆیەکی گەورەتر بۆ لێخۆشبون؟

ڕەحمان کەسانی دەردەداری خۆش دەوێت

چەندێک لە ناختاندا دەستە دەستە دەرد هەبێت، چەندێک هەڵیکۆڵیت هێندەی تر کێشەی پڕ خەم و ناسۆری  و سترێس و دڵتەنگیتان بۆ بێتە پێش، تەواوی ئەمانە، شتانێک لە ئێوە هەڵدەوەرێنن کە پێویستە پێوەتان نەبێت و هەڵوەرێت.

وەک ئەوەی لە تەشتی گەرماوە زۆر گەرمەکاندا خۆتان شووشتبێت، یاخود لە ژێر بەفر و باران و لێزمەی ئاسماندا خۆتان شۆردبێتەوە، ئاوەها پاکدەبنەوە…

ئەمانەش قسەی سەردارمانە کە لە نزایەکی پیرۆزیدا دەفەرموێت:

اَللَّهُمَّ نَقِّنِي مِنَ الْخَطَايَا كَمَا يُنَقَّى الثَّوْبُ الْأَبْيَضُ مِنَ الدَّنَسِ، وَاغْسِلْنِي مِنْ خَطَايَايَ بِالْمَاءِ وَالثَّلْجِ وَالْبَرَدِ

گەر ئەمە ببێتە پاکبوونەوەی ئێوە بەو شێوەیە، پێموایە دەبێت بە خۆشحاڵیەوە پێشوازی لێ بکەن…

هەموومان مرۆڤین و بە هەرجۆرێک بێت کەموکوڕی جۆراو جۆرمان هەیە، هەندێک جار هزری خۆمان پیس کردووە، هەندێک جار لە چاوەکانمەوە پیسی چۆتە ناو ناخمانەوە،  خۆ دەزانن مەبەستم لە چیە،  هەندێک جار لە گوێکانمانەوە پیسی دەچێتە ناو ناخمان، هەندێک جاریش پیسی وەها هەیە، بەری دڵمان دەگرێت و لەگەڵ ڕیتمی خۆیدا دەیگونجێنێت، هەندێک پیسی وەهاش هەیە، تەواوی جوانی و پاکی مرۆڤایەتیمانی خستۆتە ژێر کاریگەری خۆی…

تەنانەت گەر ئەمەش بە خواستی خۆمان نەبووبێت، دەبێت تەنانەت خەوی موسوڵمانێکی ڕاستەقینە، دوور بێت لە بینینی شتی پیسی لەو جۆرە…

دەبێت خەیاڵەکانی لە شتی ئاوەها بپارێزێت، کاتێک بەم تاوانانەوە دەچیتەوە ئەو دونیا، پێت دەڵێن بۆ دەستت لە خۆت بەردا؟ لەبەرچی ڕێگەتدا بەو جۆرە خەیاڵانە  بە مێشکتدا بێت، لەبەرچی دڵت – کە لەتیفەی ڕەببانیە- دەرگاکانیت بۆ شەیتان خستە سەر پشت، هەتا لێوەی بێتە ژوور؟

لەوە دەچێت ئەمانەت لێ بپرسن، کاتێک بەم جۆرە پاڵاوگانەدا تێدەپەڕیت، وەک لە زمانی تورکیدا دەڵێن بە “پاکوتەمیزی” دەچیت بۆ ئەو دونیا.

پێم وایە لە گۆڕدا کاتێک فریشتەکانی مونکیر و نەکیر دێن بۆ پرس و جۆ،  سەیری دەموچاوی ئەو کەسە دەکەن- بە هاوشێوەی عەبدوڵای کوڕی سەلام کە سەیری دەموچاوی پێغەمبەری خودای کرد، سەیری دەکەن- بێ ڕای پێشوەختە سەیری دەکەن، فریشتەکان دەڵێن وەڵڵاهی ئەمە کەسێک نیە پرس و جۆی لەگەڵدا بکەین، ئەو کەسە سەرتا بەخوار نوری لێ دەبارێت و دەدرەوشێتەوە، حەزرەتی پیر بەم شێوەیە باسی ئەو بابەتە دەکات:

ئەمە بەسەرهاتە، هەمیشە وتوومە لە کاتی گێڕانەوەی بەسەرهاتەکاندا سەیری واتاکەی دەکەیت نەک ناوەڕۆکی باسەکە، گرنگ واتاکەیەتی، دەگێڕنەوە مەلایەک دەخەنە ناو گۆڕەوە، لە کاتی وتنەوەی وانەدا دەمرێت، باسی حەدیس و تەفسیر دەکات بۆ خوێندکارەکانی، لە دۆڵەکانی ژیانی سەردارماندا پیاسە دەکات، لە ڕوی هەست و هزرەوە، هەنگاو بە هەنگاو شوێنی تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی کەوتووە، ئەبوبەکر و عوسمان و عەلی چۆنی ژیاون، بەوپەڕی دیقەتەوە هەوڵی ژیانێکی هاوشێوەی ئەوان دەدات، هەمیشە لە ژیانیدا لە خۆی پرسیوە ” چ شتێک ئەنجام بدەم هەتا بگەم بەوان”، هەتا لەو دونیا سەرم وەک پلیکانەیەک بخەمە ژێر پێکانیان، مەلاکە لە کاتێکی ئاوەهادا وەفات دەکات…

دەیخەنە ناو گۆڕ، مونکیر و نەکیر دێن پرسیاری لێ دەکەن، لێی دەپرسن من ربک و من نبیک؟

ئەویش بە زەردەخەنەیەکەوە وەڵام دەداتەوە و دەڵێت:

“من” موبتەدایە و “ربک” خەبەرە، دەڵێت پێچەوانەکەشی هەر دەبێت، دەڵێت گونجاوە خەبەرەکە بەسەر موبتەداکەشدا پێشکەوتبێت، هەردووکیان جائیزە، لە ڕوی ڕێزمانی عەرەبیەوە، دەڵێت “من” موبتەدایە و “ربک” خەبەرە، ئەمانە شتێکی ئاسانن، ئێوە شتی قورسم لێ بپرسن، فریشتەکانیش دەڵێن  وەڵڵاهی هیچ شتێک نیە لەمەی بپرسین و دەڕۆن…

پێم وایە ئەو مرۆڤانەی چەندین جار بە پاڵاوگەی دەرد و ناسۆریدا تێپەڕیون، کاتێک دەچنەوە بۆ ئەو دونیا بە هەمان شێوە دەبن، تەنانەت ئەوانەش بە هەڵبژاردەی خۆیان هیجرەتیان کردووە بۆ وڵاتان، ئەوانەی بە مەبەستی گەیاندنی ناوی جەلیلی محمدی بە هەر چواردەوری دونیا هیجرەتیان کردووە، بۆ ئەوەی شاباڵ بە رۆحی ڕەوانی محمد بگرن لە هەر چوار دەوری دونیا، مرۆڤگەلێکی زۆر هەیە هەموو شتێکی خۆیان خستۆتە ناو جانتایەکەوە و بۆ لایەکی دونیا ڕۆشتوون، لەوە دەچێت توشی هەندێک شت بوو بن، بەڵام بە هۆی پاک و بێگەردی و ڕوناکی دڵیانەوە، بە هۆی ئەو  غایە خەیاڵیەی هەیانە، لەبەر ئەوەی بە دوای بەرژەوەندیەکی دونیاییدا نەڕۆشتوون، مرۆڤەکانی ئەو وڵاتانە ئامێزیان بۆ گرتوونەتەوە…

تا دوا ڕادە لە ئامێزیان گرتوون، وەک دەرگای قەڵاکان، پێیان وتون دەتوانن کورسیەکانتان بێنن و لەسەر دڵمان دانیشن، ماوەی ٢٠ تا ٣٠ ساڵیشە، لەو وڵاتانەدا، هەوڵی شەکاندنەوەی ئەو ئاڵایەیان داوە، هەتا دوورە دەسترین شوێنەکانی دونیا ڕۆشتوون، بەڵام هێشتا ئامانجەکەیان کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو دەبوو هەتا جەمسەری باشوری زەوی بڕۆن، بۆ ئەوەی ئەم دینە بگەیەنن بە بەتریقی جەمسەرەکان، هەروەها ئامانجیان ئەوە بوو بچنە جەمسەری باکوری زەوی، بمبەخشن، بۆ ئەوەی ئەم دینە بگەیەنن بە ورچە سپیەکانی  جەمسەری باکوری زەوی، بۆ ئەوەی پێیان بڵێن “ئێوە دروستکراوی خودان، بەڵام باشترین و بە شەرەفترینی دروستکراوی خودا، حەزرەتی سەرداری رۆحی مرۆڤایەتی، سەرداری هەموومان، بۆ ئێوەش پەیامێکی پێبوو، هاتووین ئەو پەیامە بە ئێوەش بگەیەنین”.

کەسانێکی زۆر بەم تێبینیەوە جانتایەکیان بە دەستیانەوە گرتووە و ڕۆشتوون، بەم نیەتەوە ڕۆشتوون، لە ئامانجیدا ئەم لوتکەیە هەیە، ئەم غایە و ئامانجە خەیاڵیە بوونی هەیە، بەڵام تەمەنی هەتا شوێنێک بڕی کردووە، هەتا یەک لەسەر چواری ئامانجە خەیاڵیەکەی، هەتا یەک لەسەر سێی، بەڵام الله بە گوێرەی نیەتەکانمان مامەڵەمان لەگەڵ دەکات.

وەک ئەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکات کە گەشتبێتە ئەو لوتکەیەی بە تەمابوو بیگاتێ، سەرداری ڕۆحی مرۆڤایەتی دەفەرموێت : نیەتی کەسی باوەڕدار لە کردنی کارەکەی خێری زیاترە، إِنَّمَا الْأَعْمَالُ بِالنِّيَّاتِ، وَإِنَّمَا لِكُلِّ امْرِئٍ مَا نَوَى

ئەمە یەکەم حەدیسی کتێبەکەی ئیمامی بوخاریە کە ڕیوایەتی کردووە، لە حەزرەتی عومەری گێڕانەوەکەی هێناوە.

کردەوەکان بە گوێرەی نیەتەکانە، کێ نیەتی چۆن بێت خودا بەو شێوەیەی لەگەڵ دەکات…

هەندێک جار پێویست ناکات هیچ بکەن، جانتاکەتان گرت بە دەستانەوە و چوونە ناو ئۆتۆمبیلەکەتان، لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا چوونەوە بۆ لوتکەی ڕۆحی خۆتان، خودا لەو کاتەدا بە گوێرەی ئەو ئامانجەی بۆی ڕۆشتبوون مامەڵەتان لەگەڵ دەکات، هەربۆیە سەردەمانێکیش بە هۆی ئەم ئامانجەوە کەسانێک بە بژاردەی خۆیان هیجرەتیان کرد، بە خواستی دڵی خۆیان ڕۆشتن، دەچوون بۆ شوێنێک کە نەیاندەزانی لەسەر نەخشەی جوغرافیا لە کوێدایە…

ڕۆشتوون بۆ ئەو شوێنانە هەتا ببن بە مامۆستا، تا ڕێنمویی خەڵک بکەن، خوێندنگە دەکەینەوە، بەڵام لە بینای وێرانەدا چۆنی خوێندنگە بکەنەوە؟ ئەمە ڕوویداوە کە بۆتان باس دەکەم، لەو شوێنانە وەک کرێکاری خەباتە ئیشیان دەکرد…

با لە نێوان کەوانەیەکدا یادەوەری یەکێک لەو کەسانەتان  بۆ بگێڕمەوە، دەبیستێت یەکێک لە کەسە خۆشەویستەکانی دەڕوات بۆ یەکێک لەو وڵاتانە، منیش ئەو کەسەم لە نزیکەوە بینی و بە بینینی شەرەفمەند بووم، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیایەک بوو، کەسێکی زۆر دەوڵەمەند بوو، بەڵام یەکێک لە خۆشەویستانی بۆ وڵاتێک دەڕوات، لەو شوێنەی بۆ ڕۆشتووە بووە بە بەڕێوەبەری خوێندنگەکە، دەڵێت با بڕۆم و لە شوێنی کارەکەی چاوم پێی بکەوێت، دەڕواتە ناو بیناکە و دەڵێت فڵان کەس لە کوێیە؟

بەڕێوەبەری ئەو شوێنەیە، دەڵێن لە فڵان ژوورە، کاتێک دەچێت سەیر دەکات کاغەزێکی کردووە بە سەریدا و بۆیەی دیوارەکە دەکات، ئەم ڕووداوە بەس دەبێت بۆ ئەوەی فەتحی دڵی ئەو کەسە بکات…

تەواوی ئەم ناڕەحەتیانە لەبەرچاو گیراوە ئینجا رۆشتن، ئەمە هیجرەتێکی ئارەزومەندانە بوو، چونکە ئەمە هەڵبژاردنی “باش” بوو بەسەر “باشتر”دا، یاخود ڕاستترە بڵێین لەم هەڵبژاردنەیاندا لایەنێکی “باشتر”یان لەوەی تا ئەو کاتە بە باشتر زانرابوو بەدی دەکرد.

ڕۆژێک هات و خودا ئەو شتانەی بە نسیب کردن کە دەبوو ئەنجامی بدەن.  هیچ کەسێک – بە تایبەت قیتمیر-  بۆی نیە تەنانەت خۆی بکات بە خاوەنی ١ لەسەر ١٠ ی ئەو کارانەی ئەنجامدراوە.

ئەوەی ئەم ڕێگایانەی کردەوە بۆمان خودا بوو، ئەو بوو دەرگای خۆشەویستی ناو دڵەکانی بۆ ئێوە کردەوە، إِنَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ سَيَجْعَلُ لَهُمُ الرَّحْمَنُ وُدًّا

ئەوانەی باوەڕیان هێناوە و کردەوەی چاک دەکەن، خودا لە ئاسمان و زەویدا خۆشەویستیان  بۆ دروست دەکات.

دەڕۆن بۆ هەر شوێنێک پێشوازی گەرمیان لێ دەکرێت.

هەر ئەو بوو کارەکانی ئەنجامدا و ئێوەی خۆشەویست کرد لە دڵی خەڵکدا، هەر ئەو بوو ئەو بینایانەی بە ئێوە بەخشی، پێم وایە زۆرن ئەوانەی بابەتەکە بەم شێوەیە دەبینن و دەزانن کەوا ڕەحمەتێکی خودایی بووە و ڕووی تێکردوون، هەر بۆیە کەس ناکەن بە خاوەنی ئەو دامودەزگا پەروەردەییانەی خودا بە ئێمەی بەخشیوە…

هیچ کەسێک…

هیچ کەسێک حەقی ئەوەی نیە کەوا هەست بکات بەوەی لە دامودەزگایانەدا پشکێکی هەیە، هەروەها پێم وایە هیچ کام لە هاوڕێکانمان بەلای پاش و پێشی بیرکردنەوەیەکی لەم شێوەیەدا نەڕۆشتوون، بە پشتیوانی خودا، گەر تێبینی وەهایان هەبوایە، ئەو کاتە نەیاندەتوانی لەو جوغرافیا فراوانەدا ئەم کارانە ئەنجام بدەن.

ئەو مرۆڤانە بە هیجرەتە ئارەزومەندانەکەیان تاجیان لەسەری کۆچەکەیان نا، لە پاڵ ئەنجامدانی خزمەتی زۆر گەورە، سەرەڕای ئەوەی شەیتانگەلی هاوشیوەی دێوەزمە هاتە سەر ڕێگایان و هەوڵی ڕووخاندنی کارەکانیان دا، هەتا ئێستا لە شوێنی خۆیان بە خۆڕاگری ماونەتەوە و، بەردەوامیدانیان بە کارەکانیان بۆ ئەوان پایەیەکی هێندە بەرزە مەپرسە، پێم وایە لە هیچ کام لەو شوێنانە بستێک زەوییان نیە…

من متمانەم بە قسەی ئەوان هەیە و بۆیە وا دەڵێم، گەر بڵێم کێ بستێک زەوی هەیە لەو وڵاتەی بۆی ڕۆشتووە با پەنجەی هەڵببڕێت، پێم وایە هیچ کەسێک لە ناوتاندا نیە پەنجەی هەڵببڕێت…

چونکە ئەوان بۆ خودا، لەبەر خاتری خودا، لەبەر ڕەزامەندی خودا بۆ ئەو وڵاتانە رۆشتن، لەبەر ئیخلاس و دڵسۆزی و ڕەزامەندی و عەشق و تامەزرۆیەکی پاک بۆ گەشتن بە خودا بۆ ئەو وڵاتانە ڕۆشتن، لە بەرامبەر ئەم هەنگاوە بچوکانەی ئەواندا – گەرچی بە لای خۆیانەوە هەنگاوێکی گەورەیە- جەنابی حەقیش لوتفێکی وەهای بەنسیب کردن کە چاوەکان ئەبڵەق ببێت و سەریان پێی سوڕ بمێنێت، بە شیوەیەک سەری هەموو لایەکی پێ سوڕماوە، هەندێکی وا لێکردووە بە هەڵەداوانەوە هەوڵی ڕووخاندنی دەدەن. بینایەکی وەک ئێرە منداڵێک دەتوانێت ژێراو ژووری بکات، بەڵام دروستکردنی بینایەکی وەک ئێرە ٥ تا ٦ ساڵی پێدەچێت، ئەویش لەلایەن برایەکی فیداکاری ئێوەوە دروستکرا، بە هۆی ئەو سەرمایەی لە شوێنێکدا بەدەستی هێنابوو، کاری بەڵێدەری دەکرد و شتێکی پێکەوە نابوو، پارچە پارچە دەینارد و بە ماوەی ٥ تا ٦ ساڵ تەواو بوو. یەکێکە لەو برایانەی زۆرێک لە ئێوە بە باشی دەیناسن، ئەویش بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە هیجرەتی کردبوو، ئێستا بۆ شوێنێکی تر هیجرەتی کردووە، بە مەبەستی ئەوەی هیجرەتیشی لەوێ بخاتە گەڕ، سەردەمانێک بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە هیجرەتی کردبوو، ئیستا هیجرەتی زۆرملێی و ناچاری ئەنجام داوە، خودا هەندێک جار، پاداشتی هەردوو جۆری هیجرەتەکە بە نسیبی هەندێک کەس دەکات، نۆژەنکردنەوە کارێکی زۆر سەختە و وێرانکاری کارێکی زۆر ئاسانە…

هەوڵی ڕووخاندن و وێرانکاری دەدەن، گەر ئەو شوێنانەی دەنگی نازوڵاڵیان کاریگەری هەبووە بژمێریت، لەوە دەچێت ١٠ شوێن هەبێت یاخود کەمتر بوونی هەبێت، بەڵام بە داخێکی گەورەوە دەبێت ئاماژە بەوە بکەم، هەندێک لە وڵاتانی جیهانی ئیسلام، تاقیکردنەوەکەیان دۆڕاند، هەندێک وڵاتی جیهانی ئیسلام، لە ڕێگەی باوەڕیان بە ئیمانی هەندێک مرۆڤی کاپادۆکیا، توشی دۆڕان هاتن، لەم تاقیکردنەوەیەدا دۆڕان. ڕۆژێک دێت بۆیان دەردەکەوێت کە ئەو شتانەی بە ڕاستیان دەزانی هەمووی هەڵە بوو، پەشمان دەبنەوە و دەڵێن “خۆزگایە، خۆزگایە”، بەڵام خودا لە بەرامبەر ئەو وێرانکاریەی ئەنجامیانداوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکات…

لێیان دەپرسێت کە بۆ باوەڕیان بە شەیتان و هاووێنەکانی شەیتان کرد؟!

لەبەرچی باوەڕتان بە ڕاستگۆیی ئەم مرۆڤە ڕاستگۆیانە نەکرد؟بۆ چی پشتان پێ نەبەستن؟ بەم شێوەیە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ئەنجام دەدات.

بەڵێ ئەوان بۆ نۆژەنکردنەوە ڕۆشتبوون، ڕۆژی دوێنێ یەکێک لەو برایانەی بە شێوەیەکی ناچاری یەکێک لەو وڵاتانەی جێهێشتبوو، هات بۆ ئێرە، کاتێک بەسەرهاتەکەی بۆ گێڕامەوە دەستم بە گریان کرد، وتی منیشیان دەستگیر کردبوو بۆ ئەوەی بمنێرن، وەک لە چەند شوێنێکی تری دونیا ڕوویداوە، بە دزیەوە دەیانخەنە فڕۆکەیەکەوە و ڕەوانەی تورکیایان دەکەنەوە و دەیانخەنە زیندان و ئەشکەنجەیان دەدەن، ڕفاندنی مرۆڤەکان، بەمە دەوترێت کاری چەتەیی…

چەتەکانی عەلی بابا کاری ئاوەها ئەنجام نەداوە، ئەم برایەش دەڕفێنن، بەڵام یەکیک لە خانمی کەسە ناسراوەکانی ئەو وڵاتە دێتە سەر خەت و ڕزگاری دەکات، دواتر لە شوێنێکی ترەوە سواری فڕۆکەی دەکات و دەینێرێت، وابزانم کێشە لە وتنی ئەو وڵاتە نیە، دەینێرنە دوبەی، لە دوبەییەوە دەینێرنە ئێرە، وتی کە ڕزگاری کردم، پێی وتم لێرە بڕۆن، چونکە دووبارە ئەگەر هەیە بتڕفێنن، وتی کە وای پێ وتووە زۆر گریاوە و تکای لێکردووە کە لەو شوێنەی خزمەتی لێ دەکات جوودای نەکاتەوە، پێی وتووە” من حەز دەکەم هەر لێرە بمێنمەوە”، ئەوانیش پێیان وتووە ناتوانین متمانەت بدەینێ، دیار نیە ئەمانە چی دەکەن، بۆ نمونە وەک ئەوەی لە ئەندەنوسیا و پاکستان و جەزائیر و مەغریب و تونس ڕوویدا، دەتگرن و تەسلیمی چەتەکانت دەکەن…

 

 ئیدی دیاریش نیە کەسانی چەتە چی دەکەن،  ژمارەی ئەو کەسانەی لە ژێر ئەشکەنجەی زیندانەکاندا گیانیان لە دەستداوە نازانرێت، ئەوانەی لە ژێر ئەشکەنجەدا ئەقڵیان لە دەستداوە لە ئەژمار نایەت، ئەوانەی بە مەبەستی قسە پێکردن دەرمانخواردیان کردوون و بەو هۆیەوە ئەقڵیان لە دەستداوە لە ئەژمار نایەت، ئەوانەی ڕفێندراون و لە دارستانەکان ئەشکەنجەیان داون و دواتر فڕێدراون لە ئەژمار نایەن، ئیدی بیر لەوە بکەنەوە تەنانەت ئەم شتانە بەسەری ئەو مرۆڤانە دێت، کە بە حەسرەتی دەردی دووری لە نیشتیمان ئێسقانی لوتیان دەسۆلێتەوە و وڵاتی خۆیان جێهێشتووە ، لە دەرەوەش توشی ڕفاندن و ئەشکەنجەدان دەبن…

ئیدی بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە بەو هاوڕێیە دەڵێن ” وەڵڵاهی چەندە ئاگامان لە ئێوە بێت، هەر ناتوانین بتپارێزین، باشترین شت بۆ ئێوە ئەوەیە بڕۆن”.  هاوڕێکەمان دەڵێت بە هەنسکی گریانەوە داوای لێکردوون کە لەو شوێنی خزمەتەی جوودای نەکەنەوە. لێرەش لەلای من دەستی بە گریان کرد. ئێ هەموو ڕۆژێک شتی لەم جۆرە دەبیستم و خۆشتان دەزانن قیتمیر لەم بابەتانەدا زۆر هەستیارە، وەک چۆن لای هەندێک گوڵ باسی تۆپ و تەیارە بکەیت ڕەنگیان دەژاکێت!  بە وێنەی ئەوان، لە پڕێکدا ڕیتم و لەرەی دڵم گۆڕا، دوێنێش بە هەمان شێوە ڕیتمەکەی گۆڕا و خۆمم لە ژوورەکەمدا حەپس کرد، وتم تۆ پێویستت بە خەڵوەتێک هەیە!

ئێستاش هیجرەتی ناچاری هاتۆتە پێشمان، زۆرێک لەو شوێنانەی جاران کەس بۆی نەدەڕۆشت، ئێستا هەندێک لە براکانمان ڕوویان لەو شوێنانە کردووە، مەزلوم بوون و ستەمدیدە بوون، لە ڕێگەی زمانی حاڵ و نوێنەرایەتیەوە، ئەمە زمانێکی وەهایە هەموو دونیا بیستوویەتی، ناوی زۆرێک لە کەسانی ستەمدیدە بیستراوە و بە وێنەکانیانەوە لە یادگای هاوڵاتیاندا جێگایان گرتووە، ئێستا بوونەتە جێگای باوەڕ و متمانە و بە هەستی ئاگادار بوونەوە و پرسیارکردنەوە دەڵێن ” بۆ خاتری خودا قسە بکەن، چیتان بەسەر هاتووە بۆمان باس بکەن”، دەڵێن ” دەتوانین چیتان بۆ بکەین؟”، کاتێک ئەو ستەم و بێبەشبوونەی ئێوەیان بینی، دەستیان کرد بە گیرفانیاندا و کلیلی ماڵەکانی خۆیانیان بە ئیوەدا، گەر خۆیان ماڵێکیان نەبووبێت بیدەن بە ئێوە، دەستیان کردووە بە گیرفانیاندا و پارەیان دەرهێناوە و وتوویانە بڕۆن لە شوێنێکدا خانوویەک بگرن، مەسرەفەکەی لەسەر ئێمە بێت، ئەمە لە ئەڵمانیا و کەنەدا و تەنانەت لە فەرەنساش ڕوویداوە، لە ئەمەریکاش هەندێک کەس وایان وتووە، زۆر لای تریش ئەمەیان کردووە…

بەڵام وڵاتانی جیهانی ئیسلامی گوێی خۆیان لێ خەواند، ئەمە بە نیسبەت زۆریانەوە ڕاستە،  وای چەندە عەیبە لە پاڵ کەسی زاڵمدا بوەستیت، کەسێک زوڵم دەکات، کەسانێک کە دەبێت لەو چوارچێوەیەی ئێوەدا بیر بکەنەوە و بڕیار بدەن، بەڵام باوەڕ ناهێنن و بیرناکەنەوە، بەڵام سیفاتی کەسی باوەڕداریشیان لە خۆیان ناوە، إِنَّ اللَّهَ لَا يَنْظُرُ إِلَى صُوَرِكُمْ، وَلَكِنْ يَنْظُرُ إِلَى قُلُوبِكُمْ وَأَعْمَالِكُمْ

خودا سەیری شێوە و ناسناوی ئێوە ناکات، کوردم، تورکم، ئاڕنەوتم، لازم، گورجیم، خودا سەیری ئەوە ناکات بەڵکو سەیری دڵتان دەکات…

سەیری مرۆڤایەتی ناو دڵتان دەکات، سەیری باوەڕتان دەکات، حەزرەتی پیر دەفەرموێت:

وەک چۆن هەموو سیفاتێکی کەسی باوەڕدار سیفاتی کەسانی باوەڕدار نیە، هەموو سیفاتی کەسێکی کافریش، سیفاتی کەسانی کافر نیە، لە سەردەمێکی وەک ئێستا کە سەردەمی سەر لێ شێواویە، لەبەر ئەوەی کەسانێک نیە بە ڕاستی و دروستی نوێنەرایەتی موسوڵمانێتی بکەن، لەبەر ئەوەی کەسانێک نیە بە زمانی حاڵ باسی ئەم دینە بکەن بۆ خەڵک، لەبەر ئەوەی لەم سەردەمەدا موسوڵمانی ڕاستەقینە قاتی بووە، زۆر سەختە بڵێین کەوا خودا لە ڕۆژی دوایدا چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسانی ناموسوڵمان  دەکات، بمبورن کەوا دەڵێم، هەر قسەیەک بکەیت دەبێتە قسەفڕێدان.

دیار نیە خودا چۆن مامەڵە لەگەڵ ناموسوڵمانەکان دەکات، ئەبوتالیب نەیوت لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللهُ، مُحَمَّدٌ رَسُولُ اللهِ

بەڵام هەمیشە سنگی وەک قەڵغان لەبەردەم تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی ئاوەڵا کردووە و پاراسوتوویەتی، وەک حەزرەتی پیر دەڵێت:

لەبەر ئەوەی باوەڕێکی ڕاستەقینەی نەهێنا بە ئاینی ئیسلام، گەرچی خودا بیشیخاتە ئاگری دۆزەخەوە، لەوێدا هەر ژیانێکی بەهەشتی پێ دەبەخشێت لە چاو کەسەکانی دۆزەخدا، واتە لە ناو دۆزەخدا بە شێوەیەک بەهەشتێکی لە چاو ئەوانی تردا بۆ دروست دەکات لە پاداشتی ئەو کارە چاکانەی لەگەڵ سەرداری مرۆڤایەتی ئەنجامیدا…

بیرکردنەوەی قیتمیر وەک بیرکردنەوەی حەزرەتی ئەبوبەکرە، لە دوای فەتحی مەککە دەستی ئەبو قوحافەی باوکی دەگرێت و بە هەنسکی گریانەوە دەچێتە لای پێغەمبەر،سەردارمان لێی دەپرسی بۆ دەگریت؟ لە وەڵامدا دەڵێت : لە جیاتی باوکم، ئای چەندە حەزم دەکرد دەستی ئەبوتالیبم بگرتایە و بمهێنایە بۆت!!!

سوڵتانم باوەڕکە منیش هەمان هەستم هەیە!

گیانی من قوربانی ئەو کەسەش بێت کە دڕکێک لەسەر رێگای سەردارمان هەڵدەگرێت.

کەسانێک ئاوەها ئامێزتان بۆ دەکاتەوە و خۆی دەکات بە خاوەنتان، پێتان دەڵێن وەرن، تەنانەت هەندێکیان دەڵێن مادام ئێوە پارێزەر بوون، گەر هەندێک ئامادەکاری بکەن لەو بابەتەدا، دەتوانن لەمەودوا کاری خۆتان لێرەش ئەنجام بدەن…

دەڵێن حەزتان بە کارکردنە؟ دەتوانن لەگەڵ فڵان کەسدا ئەو کارەی دەیزانن ئەنجامی بدەن، وەک چۆن لە مەدینە لە بەرامبەر ئەو کەسانەی هەموو شتێکی خۆیان لە دەستدابوو، خەڵکی مەدینە سینەی خۆیان بۆ کردنەوە و لە باخ و بێستانەکانیاندا هاوبەشییان لەگەڵدا ئەنجامدان.

هەموو شوێنێک بووە شوێنی هیجرەت بۆ کردن و، هەموو موهاجیرەکانیش وەک ئەنسارێک مامەڵەیان لەگەڵ کرا.

ئامێزیان بۆ گرتنەوە جگە لەوانەی سەریان لێشێوابوو، هەموو کەسێک ئامێزی بۆ گرتنەوە، پێیان وتن ” بەخێر بێن، خێر و بەرەکەتتان هێنا”، بەو پەڕی خۆشحاڵیەوە پێشوازیان لێکردن.

ئەمانە بە بەلاش ناڕوات، کەسانێکی تر بانگەشەی چی دەکەن با بیکەن، با هەر بڵێت موسوڵمانم، جار جار بێ دەستنوێژ و بە دەستنوێژەوە بچێت بۆ مزگەوت، ئارگومێنتی موسوڵمانێتی لە بەرژەوەندی سیاسی و تاکە کەسی خۆی بەکار بهێنێت، ئەمانە هەمووی لە دۆڵی درۆکانیاندا وەک قوڕ و چڵپاو دەڕۆن و تەواو دەبن، بەڵام ئەوانەی مامەڵەی مرۆڤانە دەکەن، بە بێ گومان لەو دونیا پاداشتەکەی وەردەگرن…

لە بەرامبەر ئەم هیجرەتە ناچاریەی ئەنجامتانداوە، تەواوی دونیا بە حاڵی ئێوەی زانی و ئێوەیان ناسیوە…

بۆ نمونە ناسینی قیتمیرێک، ئیتر خۆتان حسابی بکەن، ئەمە بە ناوی خۆمەوە ناڵێم، گەر باسی ئەمە نەکەم شەرم دەمگرێت، دەزانن هەموو هونەرێکی من چیە؟

بوونی منە لە ناو جەماعەتێکی نورانی وەک ئێوەدا، ئەها چۆن پاشاکان بەخشیشی شاهانەیان هەیە و دەیدەن بە هەندێک کەس، خۆم وا دەبینم لە ڕۆژی مەحشەردا لە دوای ڕیزەکانی ئێوەوە دەوەستم، جەنابی حەق بە هەمووتان دەڵێت دەی هەمووتان بڕۆن پردەکەتان بڕیوە، کاتێک منیش دوای ئێوە دەکەوم، یەکێک لە دواوە شەپازلەیەک دەکێشێت بە پشتەملمدا و دەڵێت ” دەی بێکەڵک تۆش لەگەڵیان بڕۆ”.

هەمیشە بەم شێوەیە سەیری خۆمم کردووە، ئێستا هەندێک بە ئێوە دەڵێن تیرۆریست، سوێند دەخۆم لە هەموو ژیانمدا، بە ئەنقەست پێم نەناوە بە مێروولەیەکدا، سوێندتان بۆ دەخۆم، لە بەرامبەر مردنی هەنگێک لە ژوورەکەمدا نیو کاتژمێر گریام، ئەمەش هەموو هاوڕێ نزیکەکانیشم دەیزانن، خستمە سەر شانەی هەنگوینێک ویستم لێی بخوات، بەڵام دەمی بۆ نەبرد، دواتر ئاوم بۆ هێنا دووبارە نەیخواردەوە، لە پاڵیدا دانیشتم و دەستم کرد بە گریان، لە بەرامبەر مردنی ئەو زیندەوەرە کە بەشێکی سروشتە، زۆر گرنگە بە نیسبەت ئێکۆ سیستەمەوە، بە هەنسکەوە بۆی گریام، ئەمە ڕۆحی منە، من ناتوانم هیچ کام لە دەرەوەی ئەم هەست و هزرەی خۆم ببینم، لەوە دەچێت هەندێکتان بڵێن ئەمانەی تۆ باسی دەکەیت شتی زۆر بچوکن، بڵێن ئێوە شتی لەوە گرنگتر دەکەن، بە پشتیوانی خودا، بەڵام کەسانێک کە خاوەنی ئەم ڕۆح و هزرەن بە تیرۆرست ناویان دەبەن…

بەڵام ئەوانەی ڕۆشتوون بۆ ئەمەریکا وئەڵمانیا و کەنەدا، دێن لەلای قیتمیرەوە دەوەستن و وێنە دەگرن، دەڵێن ئەمە دەبێتە ڕێفەرانس(سەرچاوەی باوەڕپێکراو)، دەڵێن مادام وێنەت لەگەڵ ئەودا هەیە کەواتە تۆش یەکێکی لەو بزاڤە…

یاخود لە هەندێک شوێن تاقیان دەکەنەوە، دەپرسن لە دوا وتاریدا قیتمیر چی وت؟ باسی چی کرد؟ گەر بزانێت باسی چی کردووە، ئیدی دەڵێن بڕۆ تاقیکردنەوەکەت تێپەڕاند…

هەرکەسێک بزانێت چی وتووە، لەلایەک کەسانێک بە ناخی زەویدا دەبەن، لەلایەکی تر کەسانی تر دەیانکەن بە تاجی سەریان…

ئەمانە هەروا بە بەلاش ناڕوات، ئێستا پێناسەیەکی لەم شێوەیە هەیە، ڕێزگرتنێکی لەو شیوەیە هەیە،  لە هەمان کاتدا مەراقێکی گەورەیان بەرامبەر ئێوە هەیە، لە هەمان کاتدا جۆرێک لە گومانیش هەیە لە مێشکیاندا، لە هەموو مرۆڤێکدا جۆرێک لە هەستی پارانۆیا هەیە، بەڵام ئەمەی ئێستا کە هەرگیز نەتاندەتوانی لە رێگەی ڕێکلامەوە خۆتان ئاوەها بە خەڵکی بناسێنن، گەر یەک ترلیۆنتان بدایە بە ڕێکلام، وەکو ئێستا نەتاندەتوانی خۆتان بە خەڵک بناسێنن…

هەتا بەتریقی سەر جەمسەرەکان هەموو کەس ئێوەی ناسیوە-بمبەخشن- تەنانەت ورچی سەر جەمسەرەکانیش بە ئێوەی زانیوە…

مادام ئێستا هەموو کەسێک بە مەراقەوە سەیری ئێوە دەکات، ئەوەتان لەسەر شانە لە ڕێگەی زمانی حاڵ و نوێنەرایەتیەوە باسی خۆتانیان بۆ بکەن…

ئەم هەلە هەلێکی وەهایە کە خودا ڕەخساندوویەتی، گەر ببیتە هۆی ئیمانی کەسێک و هەنگاوێکی بەرەو ئیمان پێ هەڵبگریت، لەوە خێرترە دەستە دەستە مەڕ بکەیتە قوربانی، ئەمە حەدیسێکی سەحیحە، لە حەدیسێکی لاوازیشدا هەیە دەڵێت: خێری زیاترە لە هەر شتێک کە ڕۆژی بەسەردا هەڵدێت و لێی ئاوا دەبێت…

وا لە کەسێک بکەیت بەرەو ئیسلام هەنگاو هەڵبگرێت، یەکێک وەک ئێوەی لێ دێت و هەموو لایەکی تەواو دەبێت، زۆرن ئەوانەی کە وەهایان لێهاتووە، ئێوە کاری تەبشیری ناکەن، ئێوە لە ڕێگەی حاڵ و نوێنەرایەتی بەهاکانی خۆتان، کەسانێک دەڵێن وای چەند شتێکی جوانە، ئێمە بۆ هەتا ئێستا ئەمەمان نەبیستووە، لەبەرچی هەتا ئێستا بەدواداچوونمان بۆ ئەمە نەکردووە، هەندێکیش دەڵێن با ئەمەی ئەمانیش لەگەڵ ئەوەی خۆماندا قبوڵ بکەین، بۆ نمونە هەندێک کەس خۆیان مەسیحی بوون و ئێستا لە پاڵ مەسیحیەتدا خۆیان بە موسوڵمانیش دەزانن!

زۆرن ئەوانەی کە ئێستا وەهایان لێهاتووە، فەقیریش هەندێک لەو کەسانەی بە چاوی خۆی بینیوە، حەزرەتی پیریش ئاماژەی بەمە کردووە…

ئەمەش هەنگاوی دووهەمە، ئەمە هەنگاوێکە لە پلەی دووهەمدا، کەسانێکیش سەیری حاڵ و نوێنەرایەتی جوانی ئێوە دەکەن، دەڵێن گەر شتێک ئەنجام بدرێت بە ناوی بەرقەرابوونی ئاشتی و ئاشتەوایی هەموو جیهان، گەر شانمان بنێین بە شانی ئەم مرۆڤانەوە، دەتوانین ئەم پڕۆژە گەورەیە جێبەجێ بکەین… ئەمەش دەستکەوتێکی ترە، هەندێکی تریش لە پلەی چوارەمدا – لەوە دەچێت ئەمەیان دوور ترین بێت لە ئێوەوە- دەڵێن: وەڵڵاهی ئەمانە گەر بە پیک نەکێشیت بەسەریاندا پێناچێت ببن بە کێشە، هەر بۆیە بە ناوی بەرقەرارکردنی ئاشتی لەسەر ڕووی زەوی، پێویستیش بەمانە هەیە، ئەمانە هەمووی لەلای خودا بەهایان هەیە و هۆکار و فاکتەری گرنگن کە کەسانی تریش وەهایان لێبێت هەنگاو بەرەو ڕێگای خودا هەڵبگرن…

 

درەخت بۆ ئەوەی لە بەردەم زریان و گەردەلولدا بەلادا نەکەوێت، ڕەگەکانی بە قوڵایی زەویدا دادەکوتێت، ئەوان بە پشتیوانی خودا بە شێوەیەک ڕەگیان بە قوڵایی ئیماندا داکوتیوە، بە پشتیوانی خودا، کە نامە دەنێرن لە زیندانەکانەوە دەڵێن ” هەزاران جار حەمد و سەنا بۆ خودا”، دەڵێن سوپاس بۆ خودا شەونوێژ و تەهەجودمان نەدەکرد، بەڵام ئێستا ئەنجامی دەدەن، ٥ ڕۆژ جارێک خەتمێکی قورئان دەکەین، نوێژەکانمان هەموو کات بە جەماعەت دەکەین، هیچ کات لە تەسبیحاتەکانماندا کەموکوڕیمان نیە، هەتا لە دەستمان بێت و بۆمان بلوێت، بە ڕاوێژ لە نێوان خۆماندا کارەکان ئەنجام دەدەین.

بە ورەیەکی زۆر بەرزەوە خۆڕاگریان پشانداوە، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا…

با لە کەوانەیەکیشدا قسەیەکی تر بکەم :

گەر لوتفی زیادەی خودا بەسەر ئێوە و ئەوانیشدا نەباریایە، ئەمانە هیچی نەدەبوو،  وەک لە فەرمودەی سەردارماندا دەفەرموێت بِحَيْثُ مَا لَا عَيْنٌ رَأَتْ، وَلاَ أُذُنٌ سَمِعَتْ، وَلاَ خَطَرَ عَلَى قَلْبِ بَشَرٍ

ئەمەی سەبارەت بەو شتانە فەرمووە کە خودا لە ژیانی ئاخیرەتدا بۆ بەندەکانی ئامادەی کردووە، دەتوانین ئەمە سەبارەت بە لوتفە بێ خەوشەکانی خوداش بڵێین کە لەم دونیا پێی بەخشیوین، ئەوەی چاو نەیبینیوە و گوێکان نەیانبیستووە و بە خەیاڵی هیچ کەسێکدا نەهاتووە، تەنانەت بە خەیاڵی کەسانێکی وەک جولیوس ڤێرنە نەهاتووە کە تەسەور و خەیاڵیان زۆر فراوان بووە، خودا شتانێکی لەو شێوەی بە ئێوە بەخشیوە و ، وا دەکات ئێوە لە هۆش خۆتان بچن…

خودا بە شێوەیەک ورەی بە کەسانی ناو زیندانەکان بەخشیوە، زیندانیان لەبەرچاو بووە بە خوێندنگەیەکی یوسفی… گەرچی ئاسانکاری بۆ کاری زاڵمان زوڵمە، هەتا پێتبکرێت دەبێت کارێک ئەنجام بدەیت کە سەر لە زاڵمان بشێوێنیت، خۆ هەر خۆشیان سەریان لێ شێوا بوو، چونکە ترسی لە دەستدانی ئەو شتانەی بە ناشەرعی پەیایان کردبوو دایگرتبوون…

ئیدی بەو هۆیەوە خەویان لێ زڕاوە و بە هۆی پارانۆیا بوونی خۆیانەوە تا پێیان بکرێت زوڵمیان فراوانتر دەکەن، وەک ئەوەی سزای گۆڕیان بدەیت ئاوەها سزای خۆیان دەدەن…

ئیدی نازانم باوەڕیان بە سزای گۆڕ هەیە یان نا، لەوە دەچێت بێ دەستنوێژ بچن بۆ مزگەوت، بەڵام باوەڕ بە گۆڕ و شتەکانی ئەو دونیا بابەتێکی ترە…

یەکێک لەو کەسانەی لەم ماوەیەدا ناشتمان – هەندێک کەس بۆیان گێڕامەوە- پێی وتوون سەیری جانتاکەم بکەن، چەندی تێدا بوو لە فڵان شوێندا بۆ کاری خێر بەکاری بهێنن…

ئەمە هەناسەی ئەو شتانەی لە جیهانی ڕۆحانی ئێوەوە دەردەچێت، پێم وایە گەر بە ئامێرێکی دێتەکتۆر(کەشفکردن) بچنە ناو ناخی ئێوەوە، هەمان هەست و هەناسەی هاوشێوەی لێ بەدی دەکەیت…

گوێی لە هەمان شت دەبێت، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا…

بەڵێ قسەکانم درێژ کردەوە، هەندێک شتم لەبەر خۆمەوە وت، داوای لێبوردن دەکەم، بمبورن، خودا ئێوە بە تەمەنێکی درێژ سەرفراز بکات، بەردەوامتان بکات لە خزمەتی ئیمانی و قورئانی، خودا لە شاباڵگرتن بە ناوی جەلیلی موحەمەدی لە هەر چواردەوری دونیا ئێوە بەکاربهێنێت و بتانخاتە گەڕ، پشتیوان بە خودا، سەرکەوتووتان بکات لەوەی بە ئیمانەوە بچنە ئەو دونیا، لە ژێر ئاڵای سوپاسگوزاری و مژدەبەخشی موحەمەدیدا کۆتان بکاتەوە، شەرەفمەندتان بکات بە لوتفە جیاوازەکانی ئەو دونیای، والسلام…

 

 

Show More
Back to top button