هەواڵوتاری هەفتانەی م.فەحوڵڵا گولەن

وای بە حاڵی ئەو زاڵمانە… وتاری هەفتانەی م. فەتحوڵڵا گولەن 19.03.2018

وای بە حاڵی ئەو زاڵمانە

اَللَّهُمَّ إِسْلاَمًا تَامًّا تُغْنِينَا بِهِ عَنْ كُلِّ الزَّيْغِ وَالزَّلَلِ ‏خودایە ئیسلامێکی وەها تەواوەتیمان پێ ببەخشە، لە هەموو خلیسکان و هەڵنوتینێک بمانپارێزێت، کە بەو هۆیەوە هەموو کات بێ گوناح و بێگەرد بمێنینەوە.

هیچ شتێک هەڵمان نەخلیسکێنێت، هیچ شتێک نەمانگلێنێت، لە نیوەی ڕێگا بە جێنەمێنین، ئەو ڕێگایەی بەرەو ئەو دەڕوات، ڕێگایەکە کە دەبێت هەتا کۆتایی لەسەری بڕۆیت و، ڕۆشتن لەسەری هەتا کۆتایی، نرخ و بەهای هەیە.

بۆ نمونە هەتا نیوەی دەڕۆن و حەقی خۆیی پێ دەدەن، بەڵام گەر لەوێدا هەڵنوتیت و گلایت، ئیدی هەموو شتێک لە دەست دەدەیت. هەر بۆیە سوڵتانی بەیان و ڕوونکردنەوەکان دەفەرموێت:

إِنَّ الْقُلُوبَ بَيْنَ إِصْبَعَيْنِ مِنْ أَصَابِعِ الرَّحْمَنِ يُقَلِّبُهَا كَيْفَ يَشَاءُ‏

دڵ لە دەستی خودادا پێکهاتەیەکە بەردەوام هەڵاوگێڕی پێ دەکرێت، یاخود لەتیفەی ڕەبانیە، هەر بۆیە دەفەرموێت:

يَا مُقَلِّبَ الْقُلُوبِ، ثَبِّتْ قَلْبِي عَلَى دِينِكَ‏

بەردەوام ئەمەی دووبارە دەکردەوە، ئەم نزایە بە واتای ئەوەیە: خودایە  لە هەموو قۆناغێکی ڕێگا، لە هەموو وەرزێکی ژیان، دڵمان لەو کاتانەدا جێگیر بکە کە پێویستە بەجێگیری بمێنێتەوە…

بە تایبەت لە سەردەمێکدا کە بەڵا و موسیبەتەکان وەک تاڤگەیان لێهاتووە و خوڕەیان دێت، لە سەردەمێکدا کە سنوری بەرگە گرتنی مرۆڤەکانی تێپەڕاندووە، مرۆڤەکان توشی هەندێک حاڵەتی لەرزین دەبین…

بەڵام ئەمە لە دێر زەمانەوە بەم شێوە هاتووە و دەڕوات، قسەیەک دووبارە دەکەمەوە کە پێم وایە بە هۆی دووبارە کردنیەوە ئێوەم بێزار کردووە:

لە بازنەی بەردەوامی دووبارە بوونەوەی ڕووداوە مێژوویەکاندا، زۆربەی ڕووداوەکان بە شێوەیەکی زۆر نزیک لە یەکتری  خۆیان دووبارە دەکەنەوە، هیچ شتێک نەگۆڕاوە و گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، نەگۆڕاوە هەر بۆیە پێغەمبەرێک نابینیت نەیناڵاندبێت، لە هەمان کاتدا زاڵمێکیش نیە بە تالوکە و لەناوچووندا نەڕۆشتبێت…

ئەمەش لە کاتێکدایە: پێغەمبەران لە تافێکدا ئەمەیان بەسەر هاتووە کە کاتی گەیاندن و ڕاگەیاندنی ئەو پەیامە بوو بە شوێنی خۆی، هەروەها زاڵمانیش کاتێک تیاچوون کە زوڵمیان سنوری دیاریکراوی مۆڵەتی خودایی تێپەڕاند، ئیدی ئەوە ساتێکە، کە خودا فەرمانی خۆی تێدا دەدات و هەموو ئازارەکان لە پڕێکدا دەگۆڕێن بە خۆشی…

لە بابەتی تێڕوانین و گۆشەنیگای ئیمامی غەزالی بۆ ژیان، لە وانەی ئەم بەیانیەماندا باسمان کرد…

ئەوەی بەشداری لەو وانەیەدا کرد ئەم بابەتە دەزانێت، ئیمامی غەزالی سەبارەت بە ژیانی دونیایی دەڵێت:

اَلدُّنْيَا جِيفَةٌ، وَطَوَالِبُهَا كِلاَبٌ ‏

واتە دونیا شوێنی پۆخڵەواتە، ئەوەشی بە دوایدا ڕادەکات، جگە لە سەگەکان کەسانی تر نین…

ئەوەی بە دوای کۆشک و سەڵتەنەت و دەسەڵاتدا دەڕوات، کەسانێکن بەرەو ئەو زبڵدانە ڕا دەکەن، ئەو مرۆڤانەن کە دونیا دەپەرستن…

بەڵام ئەم دونیایە لایەنێکی جوانیشی هەیە، من لە کەسی ترم نەبیستوە بەم شێوەیە پێناسەی بکات، بەڵام بە شێوازی جیاواز هەر باسی لێوە کراوە، چونکە بەدیعوزەمان لە شاڕێگای پێشینە چاکەکاندا، هەموو بابەتێکی بە شێوەیەکی تەڕ و تازە خستۆتەوە بەردەمی ئێمە و کەسێکی نوێکارە…

دەفەرموێت ژیانی دونیا کێڵگەی ژیانی ئاخیرەتە…

مرۆڤ لێرە تۆوی ڕەنج و کرداری چاک دەچێنێت، لەو دونیاش دروێنەی بەرهەم و میوەکانی دەکات…

لێرە تۆوی کردار و تێکۆشان دەچێنێت، لەو دونیاش دروێنەی بەروبومەکەی دەکات…

ئێ لێرەش ڕەنج و تێکۆشان و کردەوەی چاکە، توشی هەندێک لە ناڕەحەتیت دەکەن…

ناڕەحەتیەکەی لە چیدایە؟ لە ئەنجامدانی فەریزەی حەجەوە هاتە ئەنجامدانی ٥ فەرزی نوێژ لە ڕۆژێکدا، هەتا دەگاتە بەخشین و خەرجکردن و سەرفکردنی ئەو ماڵەی بە عارەقەی ناوچەوان پەیاتکردووە، هەتا دەگاتە دەستنوێژ گرتن لە کاتی سەخت و دژواردا، وەک چۆن سەردارمان دەفەرموێت: إِسْبَاغُ الْوُضُوءِ عَلَى الْمَكَارِهِ ‏

لەو کاتەی ناڕەحەت دەبیت بە دەستنوێژگرتن، ئەو کاتەی ئاوت دەستناکەوێت، یاخود کاتێک دەستدەکەوێت و وەک سەهۆڵاوە لە وەرزی زستاندا…

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە،  دەبێت دەستنوێژێکی خەستوخۆڵی لێبگریت، تەواوی ئەمانە ناڕەحەتی و مەشەقەتن دێنە ڕێت، ئەمانە کرداری چاک و عەمەلن، لە هەمان کاتدا ڕەنج و تێکۆشانە…

بەڵام لە ژیانی ئەو دونیا بەروبومی دەبێت…

دەتوانین شتەکانی تریش بەراورد بکەن بەمەی باسمان کرد…

ژیانی دونیا کێڵگەیە و ژیانی ئاخیرەتیش بە نیسبەت ئەوەی لێرە چاندووتانە وەرزی دروێنەیە…

تەنانەت هەندێک جار لە دونیاشدا دەتوانیت دروێنەی بەروبومەکەی بکەیت، هەندێک هەڵدەستن بە ئەنجامدانی کارێک، دەستپێشخەری دەکات و تۆو دەچێنێت، ئەوانەی لە دوای ئەو دێن ئاوی دەدەن، هەندێکیش دەیخەینە بەردەم هەوای پاک و بۆی دابین دەکەن، هەندێکیش دێن و بە داس و شەن خەرمانەی دەکەن، دواتر دەیگوانەوە و لە  کۆگایەکدا هەڵیدەگرن…

یاخود هەندێک جار لە دونیادا تۆوێک دەچینیت، دوای خۆت کەسانێکی تر دێن و بەرهەمەکەی دروێنە دەکەن و کۆی دەکەنەوە.

بەڵام دروێنە و کۆککردنەوەی ڕاستەقینەی بەروبوم لەو دونیا ڕوو دەدات. ئەم دونیا کێڵگەی ژیانی ئاخیرەتە اَلدُّنْيَا مَزْرَعَةُ اْلآخِرَةِ ‏

لەلایەکی ترەوە، لە دونیادا چەندە جوانی بە دیدەکەیت، ئەوەی لە چاوی ئێوەدا لە ڕادە بەدەر جوان دێتە پێش چاوتان، هەموویان وەک ئاوێنەیەک وەها کە جوانی خودا عەکس دەکەنەوە بۆ ئێوە…

دەتوانین لەم ڕوەشەوە دونیا بە جوان بزانین…

لەوە دەچێت مرۆڤ هەندێک جار لەم دونیایەدا پاداشتی کارەکانی وەرنەگرێت…

قسەیەک هەیە دەڵێت” تۆ تۆوی خۆت فڕێدە و بیچێنە، کێ دوای تۆ دروێنەی دەکات با بیکات، دواتر ئەوانە هەمووی لە دەفتەری چاکەکانتدا تۆمار دەکرێن”…

تۆ نە چرۆکەی دەبینیت نە سەرچڵەکەی دەبینیت، نە خەرمانەکەی دەبینیت، نە عەمبارکردنی لە کۆگاکاندا دەبینیت،  بەڵام کاتێک دەچیت بۆ ئەو دونیا، پێت دەڵێن ئەم تۆوانە تۆ چاندتن، هێندەی ئەوەی دروێنەی کرد چاکەمان لە دەفتەری چاکەکانتدا نوسی، هێندەی ئەوەی لە کۆگاکاندا هەڵیگرت، لە دەفتەری چاکەکانتدا چاکەمان نوسی، هێندەی ڕەنجی هەمووان چاکەمان نوسی، هێندەی چاکەی هەموویان، بە تەواوی لە دەفتەری تۆدا چاکەمان تۆمار کرد…

هەربۆیە هەر ناڕەحەتی و ئازارێک کە لێرەدا دەیبینن، کاتێک لە ڕوی سەرئەنجامەوە تەماشای دەکەن، هەمووی وەک بەسەرهاتێکی زۆر خۆشی ژیانتانی لێبەسەر دێت…

 گەر ئەم بابەتەش بگێڕینەوە بۆ سەر دەربڕینێکی تری ئوستاد، گەر بە دەستەواژەکانی ئەو باسی لێوە بکەین: ئەم ئازار و ژەهر و زەقنەبوتانەی ژیانی ئەم دونیا، لەو دونیا مرۆڤەکان لەسەر قەنەفەی زۆر جوانەکان بۆ یەکتری دەگێڕنەوە، وەک ئەمەی ژێر من نا، لە قەنەفە جوانەکاندا بۆ یەکتری دەگێڕنەوە، ئەو قەنەفانەی بە هەموو لایەکدا دەسوڕێن و، هەر شکڵێک بە مێشکتدا بێت بەو شێوەیەی لێ دێت، لەگەڵ دۆستە خۆشەویستەکانتدا لەسەری دادەنیشن و لەگەڵ دۆستی دوێنێتان و ئەمڕۆتان، کاتێک دەڵێی حەز دەکەم چاوم بە فڵان دۆستم بکەوێت، یەکسەر لەبەردەمتدا ئامادە دەبن…

دواتر تەواوی ئەو ناخۆشیانەی لە دونیا توشتان بووە، ئەو ژەهر و زەقنەبوتانەی چەشتوتە، وەک هەنگوین و قەیماغی لێ دێت لەو دونیا، بە چاوی  خۆتان ئەوە دەبینن کە هەموویان بوونەتە بەسەرهاتێکی زۆر خۆشی ژیانتان…

ئیدی لەوێ بۆ یەکتری دەگێڕنەوە، لەوێ تەواوی ئەو شتانەی بەسەرتان هاتووە، هەموو فەرامۆش دەکرێن و لە بیر دەکرێن…

یەکێک دەڵێت ئەرێ فڵان شت ڕوویدا وانیە؟ لە وەڵامدا دەڵێی کورە وازی لێبێنە، وەک لە قورئاندا دەفەرموێت: قَالَ كَمْ لَبِثْتُمْ فِي اْلأَرْضِ عَدَدَ سِنِينَ * قَالُوا لَبِثْنَا يَوْمًا أَوْ بَعْضَ ‏يَوْمٍ فَاسْأَلِ الْعَادِّينَ‏

 قال لَبِثْتُمْ فِي اْلأَرْضِ عَدَدَ سِنِينَ * قَالُوا لَبِثْنَا يَوْمًا أَوْ بَعْضَ يَوْمٍ فَاسْأَلِ ‏الْعَادِّينَ ‏

دەپرسن ئێمە لەسەر زەوی ڕۆژێک ماینەوە یاخود زیاتر؟ دەڵێن وەڵاهی زۆر بیرمان نەماوە، باشترە لە کەسێکی شارەزاتر بپرسن ، گەر بەراوردی بکەین بە ژیانی ئەبەدی ئاخیرەت، گریمان هەزار ساڵ بوو، بۆ نمونە وەک حەزرەتی نوح هەزار ساڵ ژیایت، یاخود بە قەدەر حەزرەتی ئادەم، گەر بەراوردی بکەیت بە ژیانی ئەبەدی ئەو دونیا، لە زەڕەیەک زیاتر نیە…

وەک دڵۆپەیەک وەهایە بە نیسبەت دەریاوە، پێکەنینتان بە ئەقڵی خۆتان دێت و دەڵێن ” وای خودایە بە دوای چ شتێکی بێ نرخدا ڕامان کرد”.

سەبارەت بەو شتانەی بەسەرتان دێت، دەبێت بەم تێبینیەوە سەیری بکەن، خۆ ئێمەش مرۆڤین و گیانمان ئازاری پێ دەگات، بەڵام گەر سەیری سەرئەنجام و کۆتاییەکەی بکەیت، گەر ئەو بەرهەمەی لێوەیمان دەست دەکەوێت لەبەرچاو بگرین، دەتوانین ئەو ئازارەش لەلای خۆمان شیرین بکەین…

سەیری پێغەمبەرە گەورەکان بکەن کە بە شێوەیەکی ڕەها ئەمەیان بەسەر هاتووە،

حَسِبْتُمْ أَنْ تَدْخُلُوا الْجَنَّةَ وَلَمَّا يَأْتِكُمْ مَثَلُ الَّذِينَ خَلَوْا مِنْ قَبْلِكُمْ مَسَّتْهُمُ الْبَأْسَاءُ وَالضَّرَّاءُ وَزُلْزِلُوا حَتَّى يَقُولَ الرَّسُولُ وَالَّذِينَ آمَنُوا مَعَهُ مَتَى نَصْرُ اللهِ

ئایا واتانزانی دەچنە بەهەشتەوە بێ ئەوەی توشی ئەو بەڵاو موسیبەتانە ببن کە بەسەر گەلانی پێشووتردا هاتووە ؟

گەلانی پێشوو بە لێزمە بارانی بەڵاو موسیبەتیان بەسەردا دەباری، تەنانەت توشی بەڵاو موسیبەتی وەها بوون، پێغەمبەرەکەشیان هاواری لێ هەستا، پێغەمبەر واتە ئەو کەسەی سەرئەنجامی شتەکان دەزانێت، ئەو کەسەی دەیزانی سەرئەنجامی بەڵاکان چیە، کەواتە ڕووداوەکان هێندە تاقەت پڕوکێن بوون، پێغەمبەر و رسول و ئەوانەشی شوێنی کەوتبوون، وتیان متی نصر الله، سەرکەوتنی خودایی کەی دەگات؟

بە شێوەیەکی گشتی ئەمەیان وت، ئەمە لە سەرگوزەشتەی  هەموو پێغەمبەرانیشدا بەدی کراوە، سەبارەت بە حەزرەتی ئادەم نازانم ئەمەی بەسەر هاتووە یاخود نا، بەڵام هەر لە سەرەتاوە توشی ناڕەحەتی بوو بە هۆی کێشەی منداڵەکانیەوە، هەر لەو کاتەوە چیرۆکی فاوستۆ- مەفیستۆ دەستی پێکرد، حەزرەتی نوح چیوت؟

رَبِّ إِنِّي مَغْلُوبٌ فَانْتَصِرْ

هەموو ئارگومێنت و بەڵگەکاریەکی لەگەڵدا بەکار هێنان، لە سورەتی پیرۆزی نوحدا دەفەرموێت، بە ئاشکرا بانگم کرد بە نهێنی بانگم کردن، قسەم لەگەڵ هەموویان کرد، تاکە تاکە قسەم بۆ کردن،  دەرگا بە دەرگا گەڕام و خۆم لە دەسکی دەرگاکانیان ئاڵاند، کاتێک بە کۆ دادەنیشتن دەچومە ناویان، چومە ماڵەکانیشیان و ئامۆژگاریم کردن، بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو هەواڵانەم، هەرجارە و توشی شتێکی خراپتر دەبوو لە جاران ، ئەم پێغەمبەرە دەفەرموێت :

رَبِّ إِنِّي مَغْلُوبٌ فَانْتَصِرْ

دەفەرموێت خودایە من دۆڕام، تۆ یارمەتی خۆتم بۆ بنێرە، بە شێوەیەک ئەو یارمەتیە بنێرە، بە شێوازێک بیت بە تەواوی لەگەڵ سروشتی مندا بگونجێت،  سەرکەوتنێک بێت کە پێی بڵێم ئا ئەمەیە سەرکەوتن، پێی بڵێم ئەمە یارمەتی و سەرکەوتنی خوداییە…

کاتێک سەرکەشیان گەشتە ئەو ئاستە، فَفَتَحْنَا أَبْوَابَ السَّمَاءِ بِمَاءٍ مُنْهَمِرٍ

دواتر دەرگای بەڵا و موسیبەتمان لە ئاسمان و زەویەوە بەسەردا کردنەوە، بارانمان لە ئاسمانەوە باراند، لە زەویەوە ئاومان هەڵقوڵاند، هەموو لایەک نقومی ئاو بوو، ئەوانەی باوەڕیان نەهێنابوو، خنکان و تیاچوون…

ئەویش سواری کەشتیەکەی بوو، بەرەو کەناری ئارامی و سەلامەتی بەڕێکەوت…

بِسْمِ اللهِ مَجْرَاهَا وَمُرْسَاهَا گەر لە ڕوی زمانەوانیەوە سەیری بکەیت واتە زۆر بە سادە و ساکاری سواری کەشتیەکە بوون، بێ ئازار و ناڕەحەتی چوونە ئەو شوێنەی دەبوو بۆی بڕۆن…

وەک ئەوەی ئەو هەموو شەپۆلە ترساناکەی چواردەوریان هەر بوونی نەبووبێت، خودا گەیاندنیە کەناری ئارامی لە شاخی جودی، هەموو ئەو شەپۆلانەش گیرسانەوە و خامۆش بوون…

ئەویش هەر لەوێ خێمەی خۆی هەڵدا…

بەسەرهاتی حەزرەتی ئیبراهیمیش بە هەمان شێوە، گەرچی ئەم بەشە لە قورئاندا نیە، حەزرەتی جوبرەئیل دەچێتە لایی و پێی دەڵێت :  جەنابی حەق سەلامی بۆت هەیە، فڕێت دەدەنە ناو ئاگر،  

 وەک چۆن هەموو فیرعەونەکان و نەمرودەکان تەختی زەوی بوون.

بەڵێ لە کەوانەیەکدا شتێک دەڵێم:

” سەردارمان کاتێک چووە ناو سوڵتانی ئەشکەوتی سەور، لەوێشدا هەموو هۆکارەکان شکست دەهێنن و بە ڕوویاندا دادەخرێن، بەڵام لەوێشدا لە نوری یەکتاپەرستیدا نهێنی تاک و تەنیای و ئەحەدیەتی خودا جارێکی تر بەدەر دەکەوێت، کاتێک حەزرەتی ئەبوبەکر نیگەرانی خۆیی پێ ڕادەگەیەنێت،دەفەرموێت گەر سەرێک دانەوێنن ئەوا ئێمە دەبینن، هەتا ئەوێ دوایان کەوتوون، لەوێشدا بە تەما نین وازیان لێ بهێنن، بەڵام لەوێدا سەردارمان شتێکی زۆر جیاواز دەڵێت، دەفەرموێت لا تحزن، خەمت نەبێت هاوڕێم، ان الله معنا، لێرەدا وشەی “س” بەکار نەهێنا، نافەرموێت خودا لە داهاتوودا لەگەڵمان دەبێت و ڕزگارمان دەکات، دەفەرموێت خودامان لەگەڵە، خەمت نەبێت، خەمت نەبێت خودا لەگەڵمانە…

فَأَنْزَلَ اللهُ سَكِينَتَهُ عَلَيْهِ وَأَيَّدَهُ بِجُنُودٍ لَمْ تَرَوْهَا، خودا بە فریایان کەوت بە هۆی سوپایەکەوە کە ئەوان هەرگیز چاویان پێی نەکەوتبوو، ئەم سوپایە کێ بوون؟

دوو کۆتر و جاڵجاڵۆکەیەک، با بە نوکتەیەک باسی ئەمە بکەین: ئەوان بە هەموو هێز و دەسەڵاتیانەوە هاتبوونە بەردەم ئەشکەوتەکە، بەڵام خودا بە دوو کۆتر و جاڵجاڵۆکەیەک ئەوانی تەخت کرد…

لەوێدا قودرەتی بێ کۆتای خۆی پشان دەدات…

لەوێشدا مرۆڤ دووبارە ئەمە دەبینێتەوە:  رَبِّ إِنِّي مَغْلُوبٌ فَانْتَصِرْ

واتە لەوێشدا هیچ نەگۆڕابوو، هەمان شت لە سیدنا حەزرەتی عیساشدا بەدی دەکەین، وەک لە حەزرەتی موساشدا بینیتان، هەمان شت لە تابلۆی شانازی مرۆڤایەتیشدا بەدی دەکەین، هەر بۆیە لە هەموو سەردەمەکاندا، کاتێک هۆکارەکان بە تەواوی بە ڕوتدا دادەخرێن، کاتێک فیرعەونەکان چارۆکەی کەشتیەکانیان لە ئاوی سەرکەشیدا هەڵدا، فیرعەنەکانی دوێنێ، یاخود شەداد و شابور و نەمرود یاخود نەمروز، ئامنۆفیس، یاخود ئەوەی ئەزیەتی پێغەمبەری دەدا بە ناوی ئەبوجەهل، هەروەها عوتبە و شەیبە و ابن ابی معید، ئیدی هەرکەسێک نەمرودی ئەو سەردەمە بێت، یاخود نەمرودەکانی دواتر وەک هیتلەر، سەددام، یان قەزافی، ئیدی هەر فیرعەونێک بێت لە وڵاتی خۆی، ئەمانە وەک باوە پیارە موسوڵمانان دەچەوسێننەوە، دایک لە ڕۆڵەی خۆی جیا دەکەنەوە، ڕۆڵە لە دایکی جیا دەکەنەوە، ژن لە هاوسەرەکەی جیا دەکەنەوە، مێرد لە ژنەکەی جیا دەکەنەوە، زۆر زوڵم و ستەمی جیاواز بەرامبەر مرۆڤەکان ئەنجام دەدەن.

شاعیر دەڵێت:

گەر بە ڕێکەوت بەردێک دای بە جامێکی ئاڵتوندا

نە بەرد لە نرخی زیاد دەکا، نە جامیش لە نرخی کەم دەکا

هەموو کات فیرعەونەکان بەردیان فڕێداوە بە ڕوی جامە ئاڵتونەکاندا، نە نرخی ئەو بەردە زیادی کردووە، نە ئەو جامەش لە نرخی خۆی کەوتووە، هەتا ڕۆژی قیامەت هەر بەرد دەگیرێتە ئەو جامە ئاڵتونانە…

مرۆڤێک کە هیچ کاتێک پێی نەناوە بە مێروولەیەکدا، پێی دەڵێن تیرۆرست، هەوڵی لەکەدارکردنی دەدەن، وەک خۆیان دەیانچەوسێننەوە، هەوڵی ئەوەش دەدەن هەموو مرۆڤەکانی دونیا بیانچەوسێنێتەوە، کۆش کۆش پارە هەڵدەڕژن، پڕ کۆشیان بەڵێن دەدەن بە مرۆڤەکان، دەڵێن ڕێگاتان بۆ دەکەین، دەڵێن فرۆکەخانەتان بۆ دروست دەکەین، دەڵێن با کەناری لەنگەرگرتنی کەشتیتان بۆ دروست بکەین، بەڵام بەو مەرجەی ئەمانەمان ڕادەست بکەن…

ئەمانە دەڵێن، بێ ئەوەی گۆڕانکاری بەسەردا بێت، ئەم جۆرە کەسایەتیانە هەر بەردەوام بوونیان دەبێت، لە بازنەی بەردەوامی دووبارە بوونەوەی ڕووداوە مێژوویەکاندا ئەمە هەر دەبینرێت…

بەڵام ئەو مرۆڤانەی دوچاری ئەمانە دەبن، لە کاتێکدا کە هەموو هۆکارەکان بە ڕوویاندا دادەخرێت، لە پڕێکدا تەماشا دەکەن، لە بەرامبەر گەردەلول و تۆفانێکی بەهێزدا، چۆن درەختەکان بەرگە ناگرن و بەلادا دەکەون،   یەکە بە یەکەی نەمرود و سەدام و شەدادەکان و هیتلەرەکان بە لادا دەکەون و تیا دەچن…

ئێوەش بەو دەریایانەدا تێدەپەڕن کە وا دێتە پێش چاوتان هەرگیز نابڕدرێن…

لە هەمان کاتدا بە ناو ئاگرە سوتێنەرەکاندا تێدەپەڕن، هەروەها کاتێک لافاو هەستا و هەموو لایەکی گرتەوە، ئەو کاتەش دەڵێن بِسْمِ اللهِ مَجْرَاهَا وَمُرْسَاهَا إِنَّ رَبِّي لَغَفُورٌ رَحِيمٌ

ناوی خودای لێ دەبەن و بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا، بەردەوام دەبن لە ڕێگەی خۆتان، وەک تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی، دەپەڕنەوە بۆ کەناری ئارامی و سەلامەتی، یەسریب دەکەنە ناوەندێکی مەدەنیەت و دەیکەن بە مەدینە…

پاش ماوەیەکی زۆر کەمیش، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا، ناوی جەلیلی محمدی بە هەر چوار دەوری دونیادا شاباڵ دەگرێت و بڵاو دەبێتەوە…

چونکە هەر لە سەرەتاوە ئەمە نیەتی ئێوە بوو، نیەتی ئێوە بوو جوانی بێ خەوشی سەردارمان بە هەموو دونیا پشان بدەن، هەر ئەوە خەم و بانگەوازی ئێوە بوو.

با لەم دونیایەدا بستێک زەویتان نەبێت، کۆشک و تەلار لە خەویشدا مەبینن، کەشتی با لە خەویشدا چاوتان پێی نەکەوێت، لە خەویشدا خەو بە سەڵتەنەت و دەسەڵاتەوە مەبینن، بەڵام با  ڕۆژێک ناوی جەلیلی محمد لە بەرزترینی شوێنەکان، وەک بەیداخێک بشەکێتەوە، تەنیا ئەمە خەم و پەیامی ئێوە بوو…

با هەندێک کەس هەر لە خۆیانەوە لە دواتانەوە ورتە ورتیان بێت، بە هەر پێتان بڵێن تیرۆرست، با هەر بڵێن ئەمانە چەتەن، با هەر بڵێن “ئەمانە کاتێک بەهێز بوون توشی بەڵاتان دەکەن”، تەواوی ئەم پرتە و بۆڵەیەی دەیکەن، لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە و ، خودا نیەتی ڕاستەقینەی ئێوە بەدەر دەخات…

ناوی جەلیلی محمدی دەگات بە هەموو شوێنێک، دەگات بە هەموو شتێک، هەر ئەوەش ئاواتی ئێوەیە و خودا فەراهەمی دەکات…

اَللَّهُمَّ إِحْسَانًا أَتَمَّ تُغْنِينَا بِهِ عَنِ التَّوَجُّهِ إِلَى مَنْ سِوَاكَ

خودا ئێوە دەکات بە شایستەی ئیحسانێکی تەواوەتی، ئیدی پێویستان بە یارمەتی و دەستگیرۆیی کەسانی تر نامێنێت…

بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا…

هەروەک چۆن ئەم بابەتە هەتا ئێستا بەم شێوەیە هاتووە، لەمەودواش هەر بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت، ئێوە شوکربن بە حاڵی خۆتان کەوا لەسەر ڕێگای پێغەمبەران ڕێ تەی دەکەن، بەڵام ئەم ڕێیە دوورە، نشێوی زۆرە، دەریچەی نیە و ئاوی مەنگی تێدایە…

یار دڵی من یار

ببینە کە چی هەیە

لە ناو ئەم خەڵکە

هەندێک پێتان پێ دەکەنن و دەڵێن ئەمانە گەمژەن

دەڵێن وازی لە دونیا هێناوە و بە دوای شتانێکدا دەگەڕێن، کە زۆر دوورە و دڵیان وابەستەی شتانێکی ئەو دونیا کردووە،

یار دڵی من یار

ببینە کە چی هەیە

لەناو ئەم خەڵکە

هەندێک وا پێمان دەخەنن

هەرچی حاڵێکمان هەیە خودایە لای تۆ ئاشکرایە، نیاز و نزای ئێمە ئەوەیە، لە زمانە پەرێشانەکانمانەوە تەنیا یەک نزا دەکەین، ڕێگامان بۆ ڕوون و بەیان بکەوە، الله ئەو بەیانەمان بە زووترین کات بۆ بگەیەنێت، لەسەر هەموو چاوەڕوانیەکەوە جەنابی حەق بە لوتفی خۆی ئێوە شەرەفمەند بکات.

باسی بازنەی بەردەوامی دووبارەبوونەوەی ڕووداوە مێژوویەکانمان کرد، وتمان ڕووداوەکان “کتومت” وەک خۆی دووبارە نابنەوە، بەڵام بە شێوازی زۆر لە یەک نزیک دووبارە دەبنەوە، چونکە بە گوێرەی هەلومەرجێ شوێن و کات گۆڕانکاری تێدا ڕوو دەدات، شتی خۆیانی دەخەنە سەر، هەربۆیە هەموو کاتێک وەک ئەوە وەهایە هەمان ئەتەمینی ژیان بچنیت، بەڵام کاتێک تەماشا دەکەیت، کات و زەمان ڕەنگی خۆیانیان تێکەڵ کردووە، هەر بۆیە لە سەردەمی حەزرەتی  نوح بە شێوازێکە، لە سەردەمی حەزرەتی ئیبراهیمیش تۆزێک جیاواز دەبێت، بەڵام جیاوازیەکەیان هێندە کەمە، وەک ئەوە وەهایە کتومت هەمان شت ڕوویدابێتەوە، کاتێک سەیری ئەوانە دەکەیت کە کافرێتی و دووڕوویەتی دەکەن، هەمان شت ئەنجام دەدەن، زوڵم و ستەم دەکەن و مرۆڤەکان بێ بەش دەکەن، مرۆڤەکان نانبڕاو دەکەن و لە کارەکانیان دووریان دەخەنەوە، دەست دەگرن بەسەر پێگەکانیاندا، مرۆڤگەلێک کە زۆر پیویست بە تواناکانیان هەیە، هەڵیان دەگرن و دەیانخەنە کەنارەوە…

  

هەموو کات هەمان شت دووبارە دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا هەمان شت دووبارە دەبنەوە، دەبێت بابەتەکە ببەستینەوە بە “بازنەی بەردەوامی دووبارەبوونەوەی ڕووداوە مێژوویەکان”، لە گۆشەنیگای قورئانەوە بۆ ڕووداوەکان و مرۆڤەکان و دونیا، بابەتەکە بۆ کەسانی تریش باس بکەین.

ئەوەتان لە بیر نەچێت گەر ئێوە کەسانێکی خودا ناس بن، پێم وایە وەهاشن:

خودا دڵی عارفانی  غەمگین دەکا و خۆشی ناکا

هەرکەسێ بەندەی مەقبول بێت، مەولاکەی ئازادی ناکا

گەر خودا بناسن، خودا دڵی ئێوە شاد ناکات، توشی ناسۆریتان دەکات هەتا چاوتان لەسەر ئەو بێت دایم، هەرکەسێک بەندەی مەقبول بێت، مەولاکەی ئازادی ناکات، گەر کۆیلەیەک خاوەنەکەی خۆیی ڕازی کردبێت، ئەوا ئازادی ناکات، هەموو کات لەگەڵ خۆیدا دەیهێڵێتەوە. لەلای خۆی دەیهێڵێتەوە، لەلای خۆی دەیگرێت، یوسف دەخاتە بیرەوە، تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی دەخزێنێتە ئەشکەوتی سەورەوە، حەزرەتی ئیبراهیم فڕێ دەداتە ناو ئاگر، حەزرەتی نوح دووچاری لافاو و ڕوبەڕوی شەپۆلە بەرزەکانی ئاو دەکاتەوە، حەزرەتی موسا ڕوبەڕوی دەریایەک دەکاتەوە، ئەمانە عادەتی خودایین، بێ ئەوەی گۆڕانکاری بەسەر بێت، هەروا دێت و دەڕوات…

ئەوانەی بەسەر ئێوە و هاوڕێکانتان هاتووە، دەبێت لە هەمان گۆشەنیگاوە تەماشای بکەن، ڕۆژێکیش ئەو مرۆڤانەی ئەم کارانەیان دەرحەق ئەنجام دەدەن، وەک حەجاج شێت دەبن و دەمرن، وەکو یەزید بە ئاخ و ناڵەوە سەردەنێنەوە و لەناو دەچن…

دواتر بە نەفرینەوە یاد دەکرێنەوە، سەبارەت بە یەکێک ئەم قسەیە کراوە:

نە خۆی سرەوت و، نە هێشتی خەڵک ئاسودە بن

ئەمانە قسەگەلێکن لەسەر کەلێنی گۆڕی هەندێک دەنوسرێن!

نە خۆی سرەوت و، نە هێشتی خەڵک ئاسودە ببن

لەم ژینە ڕۆشتوو تیاچوو، خوا سەبوری ئەهلی گۆڕستان بدات

ئەمەیان وتووە، ئەمەش دەڵێن، هیچ گومانتان نەبێت لەمەی باسمان کرد، ئەو عادەتە ئیلاهیە هیچ کات نەگۆڕاوە و ناگۆڕێت…

زاڵم سزای خۆی وەردەگرێت، ستەمدیدەش بە پاداشتی خۆی سەرفراز دەکرێت…

گەر زاڵم زوڵمی هەبێت، مەزڵومیش خودای هەیە

ئاسانە ئەمڕۆ زوڵم لە خەلک بکەی، بەیانی دیوانی حەق هەیە

ئەوەی بە زوڵم خۆی گرتبێت، داهاتووی پەرپوت دەبێت،

ئەمەیان وتووە و لە مێژوودا سەدان نمونەی هەیە، هەموو کات ئەم بابەتە پشان دراوە و خراوەتە سەر تەختەی شانۆ، کەسانێک دڵیان بەمە شکاوە و هەندێکی تری پێ شاد بوون…

ئەوەی بە زوڵم خۆی گرتبێت، داهاتووی پەرپوت دەبێت

ئەمە لە مێژە وتراوە و مێژوو لێوان لێوە لە سەدان نمونەی هاوشێوە. لەوەش زیاتر ڕۆژێک دێت کە حسابی نوکە دەرزی و تاڵە دەزویەکت لەگەڵدا دەکەن، وای بە حاڵی ئەو زاڵمانە لەو ڕۆژەدا!

 

Show More
Back to top button