بیروڕا

وانەکانی حەزرەتی یوسف بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆ کاتێک لە زیندانەوە گەیشتە پلە باڵاکان

بەشی دووەمی نووسینێکی مامۆستا عەبدوڵا ئایماز دەربارەی مەدرەسەی یوسفیی

 

“حەزرەتی یوسف (سەلامی خوای لەسەر بێت) خرایە ناو بیری ئاوەوە، لە بازاڕی کۆیلەکاندا فرۆشرا، هەموو خۆشی و جوانییەکانی ژیانی ناو کۆشکی شاهانەی بینی، وە دواتر لەگەڵ بەندکراوەکانی دیکەدا ژیانی ناو زیندانی بینی، وە بەو هۆیەوە هەموو شتەکانی کۆمەڵگای دەزانی و خۆی بەشێک بوو لە هەموو ڕووداوەکان”

لە سورەتی یوسف لە قورئانی پیرۆز دوای ئەوەی وێستگە پڕ لە کێشە و ناڕەحەتییەکانی ژیانی حەزرەتی یوسف (سەلامی خوای لەسەر بێت) باس دەکرێت، دواتر باس لە سەردەمی خۆشی و ئاسودەیی و گرتنەدەستی دەسەڵاتی باڵای وڵات دەکات:

“(ئه‌وسا پاشا که ڕاستیه‌کانی به ته‌واویی بۆ ده‌رکه‌وت ئه‌وه‌نده‌ی تر یوسفی لا به‌ڕێزو به‌نرخ بوو بۆیه‌) فه‌رمانیدا وتی: ئاده‌ی بچن بۆم بهێنن، ئه‌و (لاوه پاکه ژیره زانایه‌) تایبه‌تی ده‌که‌م بۆ خۆم و له نزیکانی من بێت، جا کاتێك (هێنایان) و پاشا قسه‌ی له‌گه‌ڵ کرد، وتی: ئه‌مڕۆ ئیتر به‌ڕاستی تۆ لای ئێمه خاوه‌نی پله ‌و جێگه‌ی متمانه و باوه‌ڕی.  یوسف وتی: پێم باشه بمکه‌یت به ‌لێپرسراو به‌سه‌ر گه‌نجینه‌کان و سامانی سه‌ر زه‌وی ئه‌م وڵاته‌، (میسر) به‌ڕاستی من پارێزه‌رێکی زانام (له‌خۆم ڕاده‌بینم که شت بپارێزم و زاناشم که چۆن ده‌یپارێزم). (خوا ده‌فه‌رموێت) ئا به‌و شێوه‌یه ده‌سه‌ڵاتمان دا به یوسف و جێگیر وپایه‌دارمان کرد له خاکی میسردا، هه‌ر پله‌و پایه‌یه‌کی ده‌ویست له‌و وڵاته‌دا ده‌ستی ده‌که‌وت بۆی ساز ده‌بوو، هه‌ر که‌سێك، هه‌ر ده‌سته‌یه‌ك بمانه‌وێت به‌هره‌وه‌ری ده‌که‌ین له ڕه‌حمه‌ت و به‌خششه‌کانمان و پاداشتی چاکه‌کاران به‌زایه ناده‌ین. بێگومان پاداشتی ئه‌و جیهان (له به‌هه‌شتی به‌ریندا) چاکتره بۆ ئه‌وانه‌ی که ئیمان و باوه‌ڕیان هێناوه و خۆیان ده‌پاڕاست.” (سورەتی یوسف – ئایەتی ٥٤ بۆ ٥٧)

پێش هەموو شتێک ئەرکی پیرۆز و گشتی و قورسی سەر شانی حەزرەتی یوسف (سەلامی خوای لەسەر بێت) بریتیی بوو لە گەیاندنی ئیمان و یەکتاپەرستی بە خەڵکی. بۆ ئەوەی بە ئاسانی ئەو ئەرکەی بەجێ بگەیەنێت، پێویست بوو سوود و قازانجێکی گەورەی بۆ ئەو کۆمەڵگایە هەبێت. لەبەر ئەوە داوای فەرمانڕەوایی کرد بۆ ئەوەی ئەرکەکەی بەجێ بگەیەنێت. ئەوان لەو سەردەمەدا ڕووبەڕووی وشکەساڵی و برسێتییەکی زۆر گەورە بوونەوە، وە حەزرەتی یوسف داوای کرد کێشە گەورەکانیان بۆ چارەسەر بکات. وە بۆ هەموو ئەو کارانە پێویست بوو زۆر بە باشی هەموو پێکهاتەکانی ئەو کۆمەڵگایە بناسێت. بەڵێ هەر لەبەر ئەو هۆکارە بوو کە خرایە ناو بیری ئاوەوە، لە بازاڕی کۆیلەکاندا فرۆشرا، هەموو خۆشی و جوانییەکانی ژیانی ناو کۆشکی شاهانەی بینی، وە دواتر لەگەڵ بەندکراوەکانی دیکەدا ژیانی ناو زیندانی بینی، وە بەو هۆیەوە هەموو شتەکانی کۆمەڵگای دەزانی و خۆی بەشێک بوو لە هەموو ڕووداوەکان.

ئەم مرۆڤە بەڕێزە کە کۆمەڵگاکەی بە باشی دەناسی و خۆشی دەویست لە نەوەی حەزرەتی ئیبراهیم و حەزرەتی ئیسحاق و حەزرەتی یەعقوب بوو (سەلامی خودا لەسەر هەموویان)، وە هەموو ڕەفتارە جوانەکانی لە باوک و باپیرانییەوە وەرگرتبوو، وە خۆشی وەک پیغەمبەرێک ڕەوانە کرا و پێشوازی لێکرا. کاریگەری حەزرەتی یوسف تەنها بۆ ماوەی ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵ نەبوو، بەڵکو بە پێچەوانەوە دوای ٤٠٠ ساڵ، لە بەرامبەر ئەو فیرعەونەی هەوڵی دەدا حەزرەتی موسا (سەلامی خوای لەسەر بێت) بکوژێت، باوەڕی هەبوو. وەک ئەوەی لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت (ئه‌و پیاوه‌ی که ئیمانی هێنابوو وتی: بێگومان من ده‌ترسم ڕۆژێکتان به‌سه‌ربێت وه‌کو ئه‌و ڕۆژه‌ی به‌سه‌ر گرۆ و قه‌ومه ناله‌باره‌کانی پێشوودا هات…). واتە کاریگەرییەکانی حەزرەتی یوسف (سەلامی خوای لەسەر بێت) هەتا ٤٠٠ ساڵ دواتر لە کۆشکدا دەردەکەوت.

لەم خاڵەدا، وە بە تایبەت لەم قۆناغەدا کە ئەندامان و هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت بە هەموو لایەکی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، ئەرکێکی یەکجار زۆریان دەکەوێتە سەرشان. ئێمە پێویستە هەموو ئەو ڕەفتارە جوانانەی کە فێربووین و وابەستەی بووین لە خۆمان بەرجەستە بکەین و نوێنەرایەتی ئەم پەیامە بکەین… پێوستە زۆر بە باشی و بە جوانترین شێوە ئەرکی سەرشانی خۆمان بەرامبەر بەو کۆمەڵگایانە بەجێ بگەیەنین کە شوێنی مانەوە و کارکردن و هەموو پێداویستییەکانی ژیانیان بۆ دەستەبەر کردووین… واز لەوە بهێنن کە ببین بە بار بەسەر ئەو کۆمەڵگایەوە و کێشەی بۆ درووست بکەین؛ بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە پێویستە هەوڵ بدەین ببینە مرۆڤێک کە کیشەکانی ئەو کۆمەڵگایە چارەسەر بکەین. نابێت ببینە بار؛ بەڵکو پێویستە ببینە فیداکارێک کە بارە قورسەکان لە ئەستۆی خۆمان بگرین.

لە قورئانی پیرۆزدا کاتێک باس لە کاتی گرتنەدەستی دەسەڵاتی میسر لە لایەن حەزرەتی یوسفەوە (سەلامی خوای لەسەر بێت دەکات) دەفەرموێت: ” ئا به‌و شێوه‌یه ده‌سه‌ڵاتمان دا به یوسف و جێگیر وپایه‌دارمان کرد له خاکی میسردا، هه‌ر پله‌و پایه‌یه‌کی ده‌ویست له‌و وڵاته‌دا ده‌ستی ده‌که‌وت بۆی ساز ده‌بوو، هه‌ر که‌سێك، هه‌ر ده‌سته‌یه‌ك بمانه‌وێت به‌هره‌وه‌ری ده‌که‌ین له ڕه‌حمه‌ت و به‌خششه‌کانمان و پاداشتی چاکه‌کاران به‌زایه ناده‌ین.” (سورەتی یوسف – ئایەتی ٥٦).

ئەگەر سەرنج بدەین لە سورەتی (کهف) دا سێ بابەتی سەرەکی و گرنگ باس دەکرێت:

  1. (أصحاب الکهف) واتە یارانی ئەشکەوت، هاوشێوەی ئەو گەنجانەی لە ماڵی (ئەرقەمی کوڕی ئەرقەم) (ڕەزای خوای لەسەر بێت) کۆببوونەوە، لە پێناو تەواوکردن و پارێزگاری کردن لە ئیمانیان ڕوویان لە ئەشکەوت کرد، دەستیان خستە ناو دەستی یەک و ڕوویان لە ئەشکەوت کرد بۆ خۆپاراستن لە هەڵسوکەوتە هەڵەکان و ئینکاری کردن لە هەبوونی خودای گەورە.
  2. چەند ڕووداوێکی پڕ لە پەند و ئامۆژگاری کە لە نێوان حەزرەتی موسا و حەزرەتی خضر (سەلامی خوایان لەسەر بێت) ڕوویاندا. حەزرەتی موسا یەکێک لە پێنج پێغمبەرە گەورەکان (سەلامی خودا لە تێکڕای پێغەمبەران)، وە حەزرەتی خضر یەکێکە لەو زاتە خاوەن پلە بەرزانە کە خودای گەورە زانستێکی تایبەتی فێرکردوون. لەو چیرۆک و بەسەرهاتانەدا پلانەکانی پشت ڕووداوەکان باس دەکرێت، واتە ئەو ڕاستییانەی لە پشت ڕووداوە فریودەرەکانی دوونیاوە هەن…
  3. بەسەرهاتی حەزرەتی زولقەرنەین (سەلامی خوای لەسەر بێت)… دەسەلاتدارێک بووە لە سەردەمی حەزرەتی ئیبراهیم (سەلامی خوای لەسەر بێت) ژیاوە و وانەی لە حەزرەتی خضر (سەلامی خوای لەسەر بێت) وەرگرتووە… زاتێکی موبارەک بوو کە دەبووە پشتوپەنا بۆ هەژار و ستەملێکراوان، وە لە لایەن خودای گەورەوە پشتیوانی لێدەکرا، لە قورئانی پیرۆزدا بەم شێوەیە باس لە دوایین سەفەری دەکات:
    ” (زولقەرنەین هەموو هۆکارێکی پێویست و هەر پێویستییەک کە دێتە ڕێی لە هەموو بوارەکاندا لە لایەن خوای گەورەوە بۆی دابین کرابوو)، هه‌تا کاتێک گه‌یشته نێوان هه‌ردوو به‌ربه‌سته‌که‌، که له نێوانیاندا قه‌ومێک هه‌بوو که له هیچ قسه‌یه‌ک تێ نه‌ده‌گه‌یشتن (مه‌گه‌ر زۆر به‌ده‌گمه‌ن) کاتێک ده‌سه‌ڵاتی (ذو القرنین) یان بینی وتیان: ئه‌ی (ذو القرنین) به‌ڕاستی یه‌ئجوج و مه‌ئجوج تۆوی خراپه و تاوان ده‌چێنن له زه‌ویدا، ئێمە باج دەدەین بە تۆ تا به‌ربه‌ستێک له نێوان ئێمه و ئه‌واندا دروست بکه‌یت. (ذو القرنین) وتی: ئه‌و ده‌سه‌ڵات و زانیاری و شتانه‌ی په‌روه‌ردگارم پێی به‌خشیووم چاکتره بۆ من (له پاره و سامان) جا ئێوه به‌هێزی بازوو یارمه‌تیم بده‌ن تا به‌ربه‌ستێکی به‌هێز له نێوان ئێوه و ئه‌واندا دروست بکه‌م.  پارچه ئاسنم بۆ بهێنن و (که‌ڵه‌که‌ی بکه‌ن) هه‌تا ئه‌مبه‌رو ئه‌وبه‌ری هه‌ردوو کێوه‌که‌ی پڕ کرد، ئه‌وسا فه‌رمانیدا، تا به (موشه‌ده‌مه‌) فوو بکه‌ن له‌و ئاگره‌ی که له ژێریدا کرابۆوه‌، هه‌تا کاتێک هه‌مووی کرد به ئاگر، ئینجا (ذو القرنین) وتی: ئاده‌ی مسی تواوه‌م بۆ بهێنن تا بیکه‌م به‌سه‌ریدا (مس له‌گه‌ڵ ئاسندا تێکه‌ڵ بکرێت پێکهاته‌یه‌کی به‌هێزی لێ دروست ده‌بێت).  ئه‌و‌سا ئیتر (یه‌ئجوج و مه‌ئجوج) نه توانیان سه‌ربکه‌ون، نه توانیان کوناو ده‌ری بکه‌ن.” (سورەتی کهف – ئایەتی ٩٣ بۆ ٩٧)

هاوشێوەی حەزرەتی زولقەرنەین (سەلامی خوای لەسەر بێت) کە بەربەستێکی بەهێزی لە بەرامبەر ئەو کەسانەدا درووست کرد کە بە تەواوی لە هەموو بەها باڵاکانی مرۆڤایەتی داماڵرابوون، وە چەندین ڕووشتی وەک هێرشبەری و تاڵانچێتی و ئاژاوەگێڕی و تیرۆریستی تێیاندا بڵاوبووەوە، بەڵام بە فەرمانی خودای گەورە ئەو بەربەستە لە ڕۆژی دواییدا دەڕوخێت، بە هەمان شێوە بزاڤی خزمەت هەوڵ دەدات لە ڕێگەی قورئانی پیرۆزەوە بەربەستێک لە بەرامبەر هەموو ئەو کەس و گروپانەدا درووست بکات کە دونیایان بە خوێن بۆیە کردووە و وێنای پاکی ئایینی ئیسلامیان شێواندووە و هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ئاژاوەگێڕی و کاری تیرۆریستییەوە ئەم ئایینە جوانە لە کەدار بکەن. پێویستە دەست بخەینە ناو دەستی یەکتر بۆ ڕێگری لە هەموو ئەو کەسانەی دەیانەوێت کەشتییەکە کون بکەن و هەوڵی نقوم کردنی کەشتییەکە دەدەن.

مامۆستا سەعیدی نورسی لە پەیامی قەستەمۆنیدا باسی قەڵایەک دەکات. هەزار ساڵە ئەو قەڵایە لە ڕاستەوە، لە چەپەوە، لە ژێرەوە و لە سەرەوە بە چەندین لێدانی وێرانکەرانە بریندار کراوە و چەندین هەوڵ بۆ بەزاندنی ئەو قەڵایە دراوە، بۆیە ئێمە ئەرکێکی زۆر گەورەمان دەکەوێتە سەر شان بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو قەڵایە. چونکە ئەوە قەڵای مرۆڤایەتییە. سەرەڕای ئەوە مامۆستا سەعید کاتێک باسی ئەو قەڵایە دەکات ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو قەڵایە هەموو بەردێکی نەک شاخێک، بەڵکو هێندەی چەندین شاخی بەرز گەورەیە، وە دواتر دەڵێت: “ئەوە قەڵایەکی هێندە گەورەیە کە ئیسلامییەتیشی لە نێودایە”. ئەوەش بە واتای ئەوە دێت کە ئێمە خزمەتێکی هێندە گەورەمان لەسەر شانە کە پەیوەندی بە هەموو مرۆڤایەتییەوە هەیە.

 

سەرچاوە: http://www.shaber3.com/zindandan-yuksek-makama-giden-yol-hz-yusuf-aleyhisselam-haberi/1318132/

Show More
Back to top button