هەواڵوتاری هەفتانەی م.فەحوڵڵا گولەن

واریسانی پێغەمبەر و میراتگرانی ماکارزی

وتاری هەفتانەی م.فەتحوڵڵا گولەن 08.10.2018

 

گەر قەدەری خۆتان بەوەوە بەستبێتەوە و ئەمەش قەدەری ئێوە بێت، ئێوەیەک کە گەر لە خانەی ئێوەدا مێرولەیەک قاچی بشکێت، لە ڕوی هزرەوە مەشغوڵتان دەکات، گەرچی ئەوەی ڕوو دەدات لە حاڵی ئێستادا شکانی شتانی شتی زۆر جیاواز جێگەی باسە…

ئیدی چەندە لە نێوان هەستی پشتبەستن و خۆڕادەستکردن و خۆدانە دەست خودادا بن، وەک مرۆڤێک کاری نەکردەیە گەر هەست بە کاریگەری ئازار و ناسۆری ئەوە نەکەن کە بەسەر براکانتان هاتووە.

لەم ڕوانگەیەشەوە سەبارەت بەو شوێنانەی کە پێش هەموو شوێنێک بە مێشکتاندا دێت، بە تایبەت لەو شوێنانەی بە شێوەیەک لە شێوەکان هێڵی بومەلەرزەیان تێدا شکاوە، لە خۆتان دەپرسن کەوا ئاخۆ دەبێت لەو شوێنانە چی ڕوویدابێت…

چونکە ئەو شتانەی ئێوەی پێوە وابەستە بوو، بەر ئەنجامی هەوڵ و تێکۆشانی خۆتان نەبوو، هەموویان لوتفی جەنابی حەق بوو، هەرواشتان وتووە و بەردەوام بوون لە ڕۆشتن لەسەر ڕێگەی خۆتان، هەمیشە وتووتانە کل من عند الله…

هەمووی هەر لە خوداوەیە، مَا أَصَابَكَ مِنْ حَسَنَةٍ فَمِنَ اللهِ وَمَا أَصَابَكَ مِنْ سَيِّئَةٍ فَمِنْ نَفْسِكَ

گەر لەو کارانەی ئەنجامتان داوە جوانیەک بەدی بکەن، ئەوە پەیوەندی بە پەروەردگارمانەوە هەیە، پەیوەندی بە پێغەمبەرمانەوە هەیە،

ئیدی هەرچیەک جوان بێت، هەرچیەک پەیوەندی بە ڕۆحی دینەوە هەبێت، هەڵسەنگاندنی ئەو شتە جوانانە لە ڕوی هێز و دەسەڵاتی خۆمانەوە شتێکی دروست نیە،  گەر لە ڕووی پەیوەندی کار و کاردانەوە بابەتەکە هەڵبسەنگێنین، ئەوا دەبێت بڵێین توانا و دەسەڵاتی ئێمە ناشێت بووبێتە هۆکاری ئەمانە، ناتوانێت ببێتە هۆکاریش بۆ ئەنجامدانیان.

دەبێت بیبەستینەوە بە حەزرەتی هۆکاری هەموو هۆکارەکان، ڕووتێکردنی ئەو و بەخشش و هەناسە و نزیکی و لەگەڵدا بوونی جەنابی حەق…

بەو هۆیەشەوە ئەمە ڕاسپاردە و ئەمانەتی ئەوە لە پێش هەموو کەسێکدا خستیە سەرشانی خاوەنی شەریعەت، دواتر لە سەدە جیاوازەکاندا خرایە سەر شانی مرۆڤە گەورەکان و هەتا ئەمڕۆ هاتووە.

لەم سەردەمەشدا وەها دەبینرێت، کە خودا ئەو ڕاسپاردەیەی لەسەر شانی ئێوە دانابێت.

یەکەم: بەرینی و فراوانی کارەکان ئەوەمان پشان دەدات، چونکە ئەمە شتێک نیە لە ڕوی هێز و توانای خۆمانەوە لێکی بدەینەوە، چونکە خودا دۆستایەتی و خۆشەویستیەکی وەهای خستۆتە ناو دڵی هەموو لایەکەوە، ئەمە شتێک نیە کە ئێوە بتانتوانیایە مسۆگەر یاخود فەراهەمی بکەن.

دووەم: ئەو شتانەی بەسەر پێغەمبەرە گەورە و هەڵبژێردراوە بەڕێزەکان هاتووە، بە هەمان شێوە بەسەر ئێوەش دێت،  یەکگرتنی ڕێچکەی ئێوە لەگەڵ ئەو ڕێگەیە بە واتای ڕاستی ڕێگەکەتان دێت،  ڕێگەتان ڕێگەی پێغەمبەرانە و هەربۆیە گەر ناڕەحەتیش بن، گەر توشی نائاسودەیش ببن،  بەڵام لەبەر ئەوەی ڕێگەکە هی ئەوانە، ئەوانیش زۆریان چەشتووە، ئێوەش بە هەمان شێوە ئەوەی چەشتیان دەیچێژن. لەم ڕوانگەیەوە دەبێت لە گۆشەنیگای ئەمانەت و ڕاسپاردەوە سەیری بابەتەکە بکەین.

گەر بەو شێوە بێت، ئەوا دەبێت تەواوی هەست و هزر و لۆجیک و هەڵسەنگاندنمان، دەبێت بە شێوەیەک بێت کە بە هەستی پاراستن و پارێزگاری لێکردنەوە لەسەر ئەو کارە هەڵلەرزێت و بڵێت : ئامان زیانێکی بەرنەکەوێت، چونکە ئەمە ئەمانەتە و هی ئێمە نیە.

 گەر ئێمە ئەم ئەمانەتەمان لە کەسانی پێش خۆمان وەرگرتبێت یاخود ئەوان هێنابێتیان و خستبێتیانە سەر شانی ئێمە، دەبێت بە شێوەیەکی بێ زەرەر و زیان بیگوازینەوە بۆ نەوەکانی دوای خۆمان و ئەمەش بە واتای وەفا دێت بەرامبەر ئەمانەت و ڕاسپاردە…

کەسی باوەڕدار دەبێت لە بابەتی ئەمانەتدا جێگای متمانە بێت، لە ڕاستیشدا کەسی ئیماندار لەسەر ڕوی زەویدا نوێنەرایەتی متمانە و سەلامەتی دەکات.

بە تایبەت لەو بابەتەی وەک ئەرک و بەرپرسیارێتی لەسەر شانیان هەڵیانگرتووە، هەربۆیە مێشکتان بەم شتانەوە زۆر سەرقاڵ دەبێت، خۆزگە مێشک و هزرتان هەر بەم شتانە سەرقاڵ بووایە، هەتا کاتی خۆ مەشغوڵ کردنی بە شتی ترەوە  نەبێت و کاتی خۆی بە فیڕۆ نەدات!

لەوە دەچێت توشی هەندێک شتی ناشرین و ناڕەوا ببن، لەوە دەچێت هەندێک لەم شتانەتان بەر بکەوێت و جەرگتان بسوتێنێت، بەڵام هەموو ئەمانە لە ڕاستیدا دڵخۆشکەرەیەکی ڕێگاکەتان و پێویستە وەک تایبەتمەندیەکی ڕێگاکە بیبینین.

چونکە ئێوە ئەرکی ئەوەتان لەسەر شانە کە گردوگۆڵی ڕێگاکە بۆ نەوەکانی دوای خۆتان بگۆڕن بە شاشەقامی ڕاستە ڕێگا، ئەوەی لە دەستتان بێت ئەنجامی دەدەن هەتا ئەوەی توشی ئێوە بوو توشی ئەوانیش نەبێت.

ئەوانەی پێش ئێوە بەرگەی هەموو شتێکیان گرت لە پێناو ئەوەی ئەو گردوگۆڵەی لەسەر ڕێگاکەتانە بیکەنە ڕاستە شەقام.

دواتر مۆری هیوا و ئومێدیان لەو ڕێگایە دا و وتیان:

هیواداربن لەو گۆڕانکاری و وەرچەرخانەی لە داهاتوودا ڕوو دەدەن،  گەورەترین و زوڵاڵترین دەنگ و سەدا بۆ ئیسلام دەبێت.

ئەمەشیان وت…

ئەوان هیچ ڕوونکردنەوەیەکی پێچەوانەی واقع(داکەوت) و شتانێک بە زێدەڕۆیی ئەژمار بکرێت بە ئێوە ناڵێن.

هەرچیەک دەڵێن شتانێکە فڕێ دراوەتە ناو مێشک و دڵیانەوە، چونکە ئەوان هەمیشە کراوەن بە ڕووی ئەو ئاماژە و سینیاڵانەی لە لەولای لەولای ئەولاکانەوە دێت…

بۆیە هیوادار بن گەر ئەوان وتبێتیان :” هیواداربن لەو گۆڕانکاری و وەرچەرخانەی لە داهاتوودا ڕوو دەدەن، گەورەترین و زوڵاڵترین دەنگ و سەدا بۆ ئیسلام دەبێت”، کەواتە ئەمەی ئێستا هەتا هەر شوێنێک بڕوات لە کۆتایدا ئەمە هەر ڕوو دەدات، وەک چۆن خودا سەبارەت بە تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی دەفەرموێت:

وَمَا يَنْطِقُ عَنِ الْهَوَى إِنْ هُوَ إِلاَّ وَحْيٌ يُوحَى عَلَّمَهُ شَدِيدُ الْقُوَى…

ئەو بە گوێرەی هەوا و هەوەسی خۆی قسە ناکات، ئەو هەرچیەکی پێ وترابێت بە بێ هیچ لەمپەرێک بە ڕاستی گواستویەتیەوە بۆ ئێوە، هەر پەیامێک لەلایەن خوداوە بۆی هاتبێت ئەوەتان پێ ڕادەگەیەنێت.

بە هەندێک لەوان دەڵێین ” متلو” واتە وشە و واتاکەشی پێکەوە دابەزیوە، لەوە دەچێت ئەو بتوانین بە هەمان شێوە سەیری ئەو حەدیسانە بکەین کە ڕشتە و سەنەدەکەیان بە متواتری پێمان گەشتووە.

هەندێکیشیان وەک بەخشش بەسەریدا باریوە، بەهرە و بەخشش لەلای خوداوە، هەربۆیە هەمووی لەلای خوداوە هاتووە، ئەو لەو کاتەدا دەبێت تەرجومانی ئەوەی لەلای خوداوە هاتووە.

زۆر جار ئەو فەرمودەیەتان بیستووە کە دەڵێت:

ناوی جەلیلی من دەگات بە هەر شوێنێک کە خۆری لێهەڵدێت و لێی ئاوا دەبێت.

لە کەسانی تریشتان بیستووە و لە قیتمیریشتان بیستوە.

هەربۆیە پێویستە ئەرکی ڕاستەقینەی ئێوە هەر ئەمە بێت و گەر لەسەر ئەو ڕێگایە بەردەوام بن لە ڕۆشتن، گەر ئەو ڕێگەیەیان پشانی ئێوە دابێت، ئەوان لە پێشەوە چەندین قاتی ئەوەی بەسەر ئێوە هاتووە چەشتوویانە…

 

گوڵ کەوتە کەلاوە و سینەی  پڕ بوو لە فیغان عەندەلیب(بولبول)

سەیرێکی کەلاوەی کرد و بە سەیری گوڵ سینەی پڕ برین بوو عەندەلیب

بەڵێ ئەمانە قسەی نائیلی قەدیمن کە بە خوازە و تەشبیه وتوویەتی و پێویست دەکات شیکاری بۆ بکرێت…

کاتێک گوڵ دەکەوێتە کەلاوە و وێرانەوە، بولبول بریندار دەبێت، سەیرێکی گوڵەکە دەکات و دواتر بەولادا ئاوڕ دەداتەوە و دەست دەکات بە زار و شیوەن.

ڕێک وەک ئەو شتانەی بەسەر ئێوە هاتووە لە حاڵی ئێستادا، بەڵام کە ئەمانە دەبینن دەبێت بڵێن:

خۆ سیدنا حەزرەتی نوح لەم شتانە ئازاد نەبووە، حەزرەتی هودیش بە هەمان شێوە توشی هەمان شت بووە، حەزرەتی ساڵحیش ئازادی نەبووە، ئەم شتانەتان عەرز دەکەم بە گوێرەی ئەو کریمۆنۆلۆژیەی لە قورئانی کەریمدا هاتووە، حەزرەتی لوطیش لەم شتانە ئازادی نەبوو، حەزرەتی ئیبراهیمیش بە هەمان شێوە دوچاری هەمان شت بوو، هەروەها تابلۆی شانازی مرۆڤایەتیش ماوەی ١٣ ساڵ ئازاری چەشت، گەرچی حەزناکەم ئەو دەستەواژەیە لە بەرامبەر ئەو بەکاربهێنم، بەڵام تەنیا وشەیەک کە بەرامبەر بێت لەگەڵ ئەو هەموو ئازارەی چەشتی ئەوەیە بڵێین ماوەی ١٣ ساڵ خوێنیان پێ هەڵهێنایەوە لە مەککەدا، شتێک نەما بەرامبەری ئەنجامی نەدەن، گەر ئەو هێز و خۆڕاگریەی سیستەمی بەرگری ئەو نەبووایە، لە بەرامبەر ئەو شتانەی کردیان، لە بەرامبەریاندا خوێنی هەڵدەهێنایەوە، بەڵام ١٣ ساڵی ڕێک بەرگەی ئەو هەموو شتەی گرت، هیچ سکاڵایەکیشی نەکرد، من جگە لەو قسەیەی بە دایکە عائیشەمانی فەرموو کە دەڵێت” من زۆرم چەشت بە دەستی قەومەکەت”، سەبارەت بە گلەیی و گازندە بەرامبەر  ئەوەی لە ڕابردوودا بەسەری هاتووە، خودی خۆم هیچم نەبیستووە.

چی بەسەرهات و هەرچیەکی چەشت، بە گوێرەی وتەی مرۆڤە گەورەکان، گەر بەسەر لوتکەی شاخی ئێڤرەستدا بدرایە، ئەوا لە پڕێکدا دەبوو بە گۆمی لوط و دەچوو بە ناخی زەویدا.

بابەتەکەشم چەندین جار بەم شێوەیە دووبارە کردۆتەوە، سەریشم ئێشاندن، گەر ئەوەی بەسەر ئەوهات بەسەر لوتکەی شاخی ئێڤرەستدا بدرایە، ئەوا لە پڕێکدا دەبوو بە گۆمی لوط و دەچوو بە ناخی زەویدا…

 

 

بەڵام هێندەی گەردیلەیەک سکاڵا و گازندەی نەکرد، هەندێک جاریش شتانێکی فەرمووە، گیانمان بە قوربانی ئەو شتانەی بێت کە فەرموویەتی، ئەنجامدانی ملیم بە ملیم ئەو شتانەی ئەو فەرمویەتی بە عیبادەت ئەژمار دەکرێت، گوێڕایەڵیکردنی ئەو و ڕۆشتن لە دوای ئەوەوە، گرنگترین ئاماژەی ڕۆشتنە بەرەو خودا، ئەوانەی بەرەو ڕووی ئەو ناڕۆن، ئەوا با بزانن کەوا بەرەو خۆر و شەمسەکان ناڕۆن، بە واتای ئەوە دێت کە عەوداڵی سێبەری خۆیان بوون.

ئەوانەی سەرقاڵی دونیا بوون بە واتای ئەوە دێت کە پشتیان لەو کردووە، ئەوەی پشتی لەویش کردبێت حاشا و کلا وەک ئەوە وەهایە کە پشتی لە خودا کردبێت.

ئەو ئامرازێکە هێندەی خودی ئامانجەکە گرنگە،  هۆکار و ئامراز و خواستەیەکی وەهایە کە هێندەی ئامانجەکە گرنگە، خۆی جەنابی حەقیش لە ڕێگەی ئەوەی کە دەفەرموێت:

لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللهُ، مُحَمَّدٌ رَسُولُ اللهِ، ناوی شەریفی ئەو لەگەڵ لەفزی جەلالی خۆیدا دەهێنێت و سەرنجمان بۆ لەگەڵدابوونەی (معیة) ئەو ڕادەکێشێت، دەفەرموێت سەیرکەن ئەویش هەمان ڕێگەی گەشتنە بە خودا، لە زۆر شوێنی جیاوازدا ئەمە هاتووە و بە تایبەت یەکێک لە بناغەکانی دین کە بریتیە لەوەی لە ڕێگەی نەزەریەوە ئیمانمان هەبێت، لە کاتی وتنی لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللهُ یاخود أَشْهَدُ أَنْ لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللهُ ئەمە بە چاوی خۆت دەبینیت. ئەو لەگەڵدابوونەی خودا و پێغەمبەر دەبینیت، پێویستە نرخی ڕاستەقینەی ئەو بەم شێوەیە هەڵبسەنگێنین هەتا هەست و درکی نوقسانی ئێمە کە توانای تێگەشتن و سنوردارکردنی ئەو بابەتەی نیە زیاتر لە بابەتەکە نزیک بێتەوە، گەر نرخیمان بزانیایە هەموو ڕۆژێک کە سەرمان دەخستە سەر زەوی، ئەمڕۆ بە هۆی شتێکەوە عەرزم کردن، کاتێک سەرم خستە سەر زەوی، وەک ئەوەی بنی پێکانی ئەو ماچ بکەم، وتم خودایە چی دەبێت گەر ئەوم بە جەستە بهێنیتە پێش چاو و ژێری پێکانی ماچ بکەم،  یاخود ئەو خۆڵەی کە ئەو پێی پێدا دەنێت…

وەک چۆن قودوسی دەڵێت:

ئەو تۆز و خۆڵی مەدینەیە کل و سورمەی دەموچاوی قودسیە

بەڵێ گەر بابەتەکە بە تەواوی بزانین و نرخی ڕاستەقینەی ئەو بزانین، پێموایە لەگەڵ هەموو سەر دانەواندنێکماندا بۆ سەر زەوی، دەڵێین خۆزگە ئەو پێ موبارەکانی خۆی دەنا بە سەرماندا، هەروەک بەردی پلیکانە، ئەو شەرەفە بدات بە ئێمە کە پێمان پێدا بنێت.

گەر بە تەواوی ئەو بناسین، بەڵام زۆرێک لە مرۆڤەکان – مەبەستم ئێوە نیە- نرخی ڕاستەقینەی ئەویان نەزانی، لە ڕوی ئەرک و ئامانجەوە تێنەگەشتن لەو، تێنەگەشتن لە شوێنی ئەو لەلای پەروەردگاریان، وەک بەیانیش خوێندمانەوە ئەو ئامرازێکە هێندەی خودی ئامانجەکە گرنگە، ئەو زۆر گرنگە لە ڕووە محمدی و ئەحمەدیەکەشیەوە، چونکە گەردون لە سەرەتادا لەبەر خاتری ڕێز و حورمەتی ئەو دروست دەکرێت، أَوَّلُ مَا خَلَقَ اللهُ اَلْقَلَمَ، أَوَّلُ مَا خَلَقَ اللهُ نُورِي، سەبارەت بە حاڵ و بەرپرسیارێتی خۆی لە ڕۆژی مەحشەریشدا دەڵێت: ئەو کاتەی هەموو کەس خەریکی نەفسی خۆیەتی، ئەو لە ڕێگەی شەکاندنەوەی ئاڵای شەفاعەتەوە، لە ژێر بەیداخی لیوای سوپاسگوزاری(حەمد) بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا دەبێتە هۆکاری ئەوەی کەسانی تریش بگەن بە کەناری ئارامی، زۆرێک لە ئێمە لە نرخی ڕاستەقینەی ئەو تێنەگەشتین و ستایشمان نەکرد.

لەلایەکی ترەوە کاتێک بە هەموو هێز و توانامانەوە تەماشای دونیا دەکەین و هەوڵی ژیان دەدەین تێیدا، هەوڵی سوود وەرگرتن دەدەین لە چێژ و لەزەتە دونیایەکان، کاتێک بە دوای سەڵەتەنەت و باقوبریقی دونیا دەکەوین، کاتێک دوای سەروەت و سامان دەکەوین، ئەوا ناتوانین بە تەواوی لە بابەتی تێگەشتن لەودا قاڵ ببین، ناتوانن وەک پێویست تێیدا قوڵ ببنەوە.

هەربۆیە دڵتان لە ڕەفتاری هەندێک کەس نەڕەنجێت، دونیا دەپەرستن ئەی چی بکەن!، سەروەت و سامان دەپەرستن ئەی چی بکەن!، پۆست و پلەوپایە دەپەرستن ئەی چی بکەن!؟، کۆشک دەپەرستن ئەی چی بکەن!؟ چەپڵەی خەڵک دەپەرستن ئەی چی بکەن!؟

کاتێک تۆ ئەم هەموو شتەت پەرست ئیدی ناتوانیت ئەوت خۆش بوێت و بەندایەتی بۆ خودا بکەیت، مرۆڤێکی هێندە داپرژاو ناتوانێت لەو بابەتەدا وەک پێویست قاڵ ببێتەوە…

توانای دەرکی ئەوی نابێت، هەرچیەک سەبارەت بەو دەڵێت تەنیا دەربڕینی زار و لێوێتی…

وەک دەنگ و سەدای دڵێک نیە کە لە ناوەڕاستیدا ڕمێکی بەرکەوتبێت!

تەنیا گوزارشتی زمان و لێوێتی، ئەو زمان و لێوە وشک بێت کە دەنگ و هەناسەی دڵی لێوە نایەتە دەر، موسوڵمانێتیەکی لەو شێوەیە و ژیانێکی موسوڵمانانەی لەو شێوەیە،  ئەنجامدانی سیاسەت بە ناوی ئیسلامەوە و دامەزراندنی بناغەی کارێکی لەو شێوەیە،  گەر تەواوی ئەمانە یەکێک لە کارەکانی دڵ نەبێت، ئەو زمانە یەکێکە لەو زمانانەی کە پێویستە وشک بێت، ئەو لێوەش بە هەمان شێوە شایەنی وشک بوونە…

تەواوی ئەو قسانەشیان درۆیە، وەڵاهی درۆیە، بیللاهی درۆیە تەڵڵاهی درۆیە، ئەمانەش جگە لە پرتە و بۆڵەی کەسانی دووڕوو هیچی تر نیە.

ئەوەی ئەوی خۆش بوێت جگە لەو بیر لە کەسی تر ناکاتەوە، خۆ لە ڕاستیشدا لە دڵێکدا دوو خۆشەویست جێینابێتەوە…

 

لە دڵمدا خەم هەیە، شادی لوتف مەکە و مەیە ناو دڵم

چونکە لە دڵێکدا ناشێت میوان بەسەر میوانەوە بێت

گەر میوانداری ئەوتان کردبێت هەر بە ڕاستی، ئیدی هەندێک جار ناوی شتانی ترتان لەبیر دەچێت. ناونیشانیتان بیر دەچێتەوە، سیمایتان بیر دەچێتەوە، گەر لەو بابەتەدا بە تەواوی قاڵ ببنەوە، دەڵێن وای خودایە ئەرێ ناوی ئەو منداڵەم چیبوو، ناوی دایک و باوکم چیبوو؟!

چونکە بە تەواوی خۆت داوە بەو کارە و بوویتە کەسێک بە تەواوی لە پێغەمبەر و خودادا فەنا و تواوەیت.

 

هەربۆیە لەم ڕوانگەیەوە ئەو دونیا پەرستانەی کە تەنیا خەریکی دونیاپەرستین، گوێ بە حاڵی ئەوان مەدەن کە چیتان بەرامبەر دەکەن، دڵتان لێیان نەڕەنجێت و لێیان زویر مەبن، کارەکانیان بەرامبەر ئێوە بە عەیب مەزانن…

ئەوەی توخمی بێگەردە بە دەگمەن تێیدا نوقسانی دەبینرێت

هەرکەس هەوێنی نوقسانە هەرچی بکات نەنگی تێدا بەدیدەکەیت

ئەوانیش بە گوێرەی کەسایەتی خۆیان مامەڵە دەکەن، ڕاغیب پاشا وا دەڵێت، ئەوەی هەوێنی نوقسانە هەرچی بکات نەنگی تێدا بەدیدەکەیت.

ئێوەش دەبێت بە گوێرەی کەسایەتی خۆتان مامەڵە بکەن، دەبێت بە لێبودەییەوە سەیریان بکەن، دەبێت هەموو شتێک بە خۆشی ببینن، گەر بە خۆشیش نەیبینن ئەوا نابێت بە ناخۆشی بیبینن، گەر بە ناخۆشیش بیبینن ئەوا بە زارتان گوزارشتی لێناکەن!

قسەیەکی ئیمامی بوخاری بە ئەقڵمدا هات کە ئێوەش باش دەیزانن، ئیمامێکی گەورەی وەک بوخاری، گەر لە سەردەمی نەوەکانی ئیسرائیلدا بووایە، یەکێک لەو مرۆڤانە دەبوو کە شایستەی پێغەمبەرایەتی بن، بوخاری و ئیمامی شافعی و مالیک و ئەحمەد، ئەوانە مرۆڤگەلێکی وەها پایەبەرزن، ئیمامی بوخاری دەیفەرموو :”بێ ئەوەی غەیبەتی هیچ کەسێک بکەم و تانەی لێبدەم، ئارەزوی گەشتن بە خودا دەکەم”…

با لێرەدا کەموکورتیەکی خۆمتان عەرز بکەم، من پێشتر وامدەزانی ئەمە قسەی ئیمامی ئەبو حەنیفەیە، دواتر لە سەرچاوەکەی خۆیدا ئەوەم بەدی کرد کە ئەمە قسەی ئیمامی بوخاریە.

بەڵام ئەگەریش هەیە کەوا ئیمامی ئەبو حەنیفەش هەمان قسەی کردبێت.

دواتر ئیمامی بوخاریش هەمان قسەی دووبارە کردبێتەوە، چونکە لە دوای ئیمامی ئەبو حەنیفە هاتووە…

ویردی سەر زوبانی هەموویان لە بناغەوە هەمان شت بوو، لێبوردەیی لە هەموویاندا وەک قوڵاییەکی سروشتیانی لێهاتبوو،

نزیک نەدەبوونەوە لەوەی تانە و تەشەر لە هیچ کەسێک بدەن.

 نەیاندەزانی درۆ چیە، بوختان لە زمانی هزری ئەواندا بوونی نەبوو، تانە و تەشەر لە کەسانی تر لە زمانی هزریاندا بوونی نەبوو، گەر شتێکی وەهات بووتایە دەیانوت ئەمە بە چ واتایەک دێت؟

ئێستاش کەسانێک لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کە من بە مونافیق ناویان نابەم، ئەویش قسەیەکی نەشیاو دەبێت گەر وا بڵێم، بەڵام ئەو کارانەیان بە سیفاتی کەسانی دوو ڕوو ناودەبەم… غەیبەت دەکات و دەڵێت : الحرب خدعة( جەنگ فێڵ و تەڵەکەیە). بوختان دەکات و دەڵێت الحرب خدعة، تانە لە کەسانی تر دەدات و دەڵێت الحرب خدعة، کەسانی تر لەکەدار دەکات و دەڵێت الحرب خدعة، الحرب خدعة، الحرب خدعة، هەزار سەرکەشی و گوناح ئەنجام دەدات، هەزار جار وەک مزراح سوڕ دەخوا و دەخولێتەوە،  لە هەموویاندا دەڵێت: الحرب خدعة…

واتە جەنگ فێڵ و گەمەکردنە بە بەرامبەرت.

 

 ئەمە بە نیسبەت جیهادی ماددی واتە لە کاتی جەنگدا، بە واتای ئەوە دێت کە بێ ئەوەی درۆ و غەیبەت و فریوی کەسانی تر بدەیت، لە ڕێگەی گۆڕنی ستراتیژی خۆتەوە، وا لە کەسانی تر بکەیت بە هەڵەدا بچن و لەم ڕێگەیەشەوە ڕێگە بە ڕشتنی خوێنی زیاتر بگریت هەتا سەرکەوتنی گەورەتر بەدەستبهێنیت، وەک چۆن تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی ئەم کارەی ئەنجامدا و لە بازنەیەکی بەرتەسکی وەک کتێبی “نوری نەمریشدا” ئاماژەی پێکراوە، ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە سەرکەوتنەکانت بە ئاسانترین شێوە بەدەستبهێنیت،  بەم شەرت و مەرجەوە دەبێت ستراتیژی جیاواز بگریتە بەر و هەتا لەم ڕێگەیەوە لایەنی بەرامبەر بە هەڵە تێگەشتندا بەریت، بۆ نمونە کاتێک دەیەوێت بچێتەوە ناو مەککەی پیرۆز کەس ئاگای لەم پلانەی نەبوو، کاتێک هەواڵیان پێدەگات دەبینن کەوا ٥ کیلۆمەتری ماوە بگاتە ناو مەککە و دەبینن کەوا هەزار خێمەی هەڵداوە، دەڵێن مادام هەزار خێمەی هەڵداوە کەوا دەیان هەزار کەسی لەگەڵدایە، ئەمە ستراتیژی ئەوە هەتا ئەوان بە هەڵەدا ببات، دەڵێن گەر لە هەموو چادرێکدا ١٠ کەس هەبێت ئەوا ١٠ هەزار سەربازی هێناوە، دەڵێن گەر ٢٠ کەسی تێدا بێت ئەوا ٢٠ هەزارن، گەر بیست هەزار کەسی ئامادە بۆ جەنگ لە دەرگای مەککەیان دابێت و تۆش ئاگات لە دونیا نەبێت، ئیدی ناتوانیت هیچ پەرچەکردارێک پشان بدەیت، کەواتە باشترین شت ئەوەیە چەکەکان تەسلیم بکەین، أَسْلِمْ تَسْلَمْ، يُؤْتِكَ اللهُ أَجْرَكَ مَرَّتَيْنِ

 

ئەمە لەو نامەیەدا کەوا بۆ هێرەقلوسی نوسیوە جەنابی پێغەمبەرمان ئاماژەی پێدەدات.

أَسْلِمْ تَسْلَمْ، يُؤْتِكَ اللهُ أَجْرَكَ مَرَّتَيْنِ

کاتێک لە بەرامبەریان چادرەکان دەبینن مەراق دایاندەگرێت و دەپرسن دەڵێن کەسێک بنێرن و با سەیر بکات کە چەند حوشتر سەر دەبڕن، دەیانەوێت لەو ڕێگەیەشەوە پێشبینی ژمارەی سەربازەکان بکەن، ئەوان خۆیان دەزانن کەوا حوشترێک بەشی چەند کەس دەکات، هەوڵی زانینی ژمارەکەیان دەدەن، کاتێک لە دەرگای مەککە دەدات ئیدی هیچیان لە دەست نایەت هەتا ئەنجامی بدەن، ئیدی لەوێدا  تەنیا پشاندانی جوامێری دەمێنێتەوە بۆ سەردارمان، کاتێک لە بەردەم دەرگای کەعبە دەوەستێت بە گوێرەی کەسایەتی خۆی مامەڵە دەکات، دەڵێت : ئێوە چاوەڕێی چی لە من دەکەن؟

ئەوانیش لە وەڵامدا دەڵێن تۆ بەخشندەی کوڕی بەخشندەیت، کوڕی عەبدوڵا و نەوەی عەبدولموتەلیب و نەوەی هاشم و عەدنانی و لەسەرو هەموو ئەوانیشەوە نەوەی حەزرەتی ئیسماعیلیت.

تۆ کەریمی کوڕی کەریمی کوڕی کەریمی کوڕی کەریمیت. وتیان تۆ کەسێکی بەو شێوەیەیت.

ئەویش لە وەڵامدا پێی وتن:

اِذْهَبُوا، أَنْتُمُ الطُّلَقَاءُ

بڕۆن هەمووتان ئازادن، سەیرکەن مەککە فەتح دەکەن، ئەوان لەوێ غروریان شکاوە، بەڵام ئەم قسانە وەک ئۆکسیجین وەهایە لە بۆ دانیشتوانی مەککە، دواتر لەوێ دەڕوات و جێیان دەهێڵێت، بە وتەکەی حەزرەتی یوسفیش قافیەی قسەکانی دادەنێم:

لاَ تَثْرِيبَ عَلَيْكُمُ الْيَوْمَ يَغْفِرُ اللهُ لَكُمْ وَهُوَ أَرْحَمُ الرَّاحِمِينَ…

ئەمڕۆ ئیدانەکردن نیە، خودا لێتان خۆش دەبێت چونکە ئەو بەخشندەترینی بەخشندەکانە، لە هەموو شتێکتان خۆش دەبێت، تەنانەت ئەبوسوفیان و هیندیش کە تا ئەو ڕۆژە بەهەر شوێنێکدا ڕۆشتبێتن و تۆزیان کردبێت هەر تۆوی ڕق و کینەیان دەچاند، لە پەنجەرەی ماڵەکەیان تەماشا دەکەن و دەڵێن: وەڵاهی ئەمە لەلایەن خوداوە پشتگیری دەکرێت… پاش ماوەیەکی زۆر کەم لە کاتی غەزای یەرموکدا، لەگەڵ هاوسەرەکەیدا بەشداری غەزاکە دەکەن و لەگەڵ پێغەمبەری خودا لە بەرامبەر کەسانێک کە هاتبوون بۆ ڕوخاندنی ئەو پیغەمبەری خودا بونیادی نابوو دەجەنگێت.

بەرزبونەوەیەکی ئاسۆیی وەهای بە نسیب بوو، ئەقڵی مرۆڤ دەوەستێت لە بەرامبەریدا.

من لێرەدا با لە دەرەوەی کەوانە عەرزتان بکەم، من هیچ کاتێک ئەقڵم بە بەرزبونەوەی ئاسۆیی حەزرەتی خالید و ئەبو سوفیان نەشکاوە.

بەرز بوونەوەی لەم شێوەیەی مرۆڤەکان لە ماوەی ٣ ساڵدا و بەردەوام هەستکردنیان بە سەیر و سلوکی ڕۆحی، گەر مرۆڤێک لە مانگێکدا تەنیا یەک ژەم نان بخوات و هەفتەی یەک قوم ئاو بخۆن، گەر هەموو کاتەکانی هەر ڕوو لە خودا بێت، مرۆڤێک ناتوانێت بەو شێوەیە بەرز ببێتەوە بۆ لای خودا.

بەڵام وەک دەزانن حەزرەتی خالید لەناو چادرەکەدا ڕاکشاوە و خوڕ خوڕ لە لاشەیەوە خوێن دەچۆڕێت، دەڵێت: لە لاشەمدا شوێنێک نیە نوکی شمشێری بەرنەکەوتبێت، بەڵام وەک دەبینن لە چادرێکدا بە زەلیلی دەمرم، ئەمە گوزارشتی چ ئاستێکی بەرزە و دەنگ و هەناسەی چ پایەیەکی بەرزە. سەیرکەن چ هەناسەیەکی لێوە دێتە دەر.

لێرەوە ڕۆشتمە ناو ئەو دەروازەیەوە…

هەربۆیە کەسانی تر بە گوێرەی کەسایەتی خۆیان مامەڵە دەکەن، ئێوەش ئەوەی لەسەر شانتانە ئەنجامی دەدەن، ئەوانەی پێش ئێوە هەرچیەک کە پێویست بووە بیچێژن چەشتوویانە، تەنانەت قات قاتی ئەو شتانەیان چەشتووە، هەرواشی فەرمووە، أَشَدُّ النَّاسِ بَلَاءً اَلْأَنْبِيَاءُ، ثُمَّ الْأَمْثَلُ فَالْأَمْثَلُ…

سەختترینی بەڵاکان بەسەر سەری پێغەمبەراندا دێت، ئەوەی کە زۆر دژوار و بێ دەرچەیە، ئەوە گەورەترینی بەڵاکانە، ئەو شتانەیە بەسەر سەری پێغەمبەراندا دێت، دواتر ئەو شتانەی بەسەر سەری مرۆڤەکانی تر دێت ئیدی هەر یەکەیان بە گوێرەی ئاستی خۆی.

 

کاتێک لەم بابەتەدا سەیری خۆم دەکەم، لە ڕووی ئەو هەڵە و گوناحانەی ئەنجاممداوە، لەبەر ئەوەی بە گوێرەی لوتفی جەنابی  حەق و  ئەو شوێنەی منی تێدا داناوە نەبووە، لەبەر ئەوەی ئەو شتەم بەجێنەگەیاندووە کە چاوەڕوانکراوبوو لە من، وەک لوتفێکی زیادەی ئەو لەگەڵ من، لە ڕێگەی بەڵا و موسیبەتەوە بە پاڵفتەکاریدا تێمدەپەڕێنێت.

بەڵام بە نیسبەت ئێوەوە بۆ ئەوەی پلەتان لە لای خۆی بەرز بکاتەوە توشی ئەم ئازارانەتان دەکات، بە نیسبەت ئەو برایانەتان کە خزمەت دەکەن، ئەوانەی لە بابەتی خزمەتدا پێشڕەویان کردووە، ئەوانەی بە چواردەوری دونیادا بڵاوبونەتەوە هەتا ئەو ئامانج و غایە خەیاڵیە بهێننە دی کە ئەویش بریتیە لەوەی ناوی جەلیلی پێغەمبەر لە هەر چوار دەوری دونیا وەک ئاڵا بشەکێننەوە، گەر خودا ئەم برایانەشی توشی ئازار و ناسۆری کردبێت، یەکەم بە هۆی ئەوەوەیە کە گەر لە ڕێگەی کەسە گەورەکانی پێش خۆتانەوە بڕۆن ئەمەیان بە وەرەسە لێوەردەگرن، وەک چۆن کەسێک لە باوکیەوە ماڵێکی بۆ بەجێدەمێنێت، ئێوەش بە هەمان شێوە لە ڕوی پەیام و بانگەواز و هەست و هزرەوە، لەبەر ئەوەی ئەو شتانەی کەسانی گەورەی پێش خۆتان بۆیان بەجێهێشتوون، ئیدی وەک واریسی ئەوان بەڵا و موسیبەتەکانی ئەوانتان بۆ بەجێماوە.

ئەو باشی و جوانیانەی لەوانەوە بۆتان ماوەتەوە، بِقَدْرِ الْكَدِّ تُكْتَسَبُ الْمَعَالِي، بە گوێرەی ئەو ناڕەحەتی و مەشەقەتەی توشتان دەبێت پلەی بەرزتان دەست دەکەوێت.

واتە ئەو ئەمانەتە جوانەی لەوانەوە وەرتان گرتووە ئێوە بە شێوەیەکی ئاسۆیی بەرز دەکاتەوە.

بەڵام ئەو ئەمانەتە لە هەمان کاتدا بە ناڕەحەتی و مەشەقەت چواردەوری گیراوە، ئەمانەتەکە لە کۆشکی لەو شێوەدایە و هەربۆیە لەگەڵ وەرگرتنی ئەودا هەمان شتی چواردەوری کۆشکەکەشتان بۆ دێت.

هەربۆیە دەبێت بابەتەکە زۆر بە ئاسایی وەربگرن.

ئیدی نازانم من مرۆڤێکی لاوازم، ئاخ و وا وەیلا دەکەم، لە بەرامبەر ورتە و ویزەی هەر شوێنێکدا بە دەنگی دەهۆڵ وەڵامی دەدەمەوە و خۆمی تێ فڕێ دەدەم، بەڵام پشتیوان بە خودا ئێوە بەو شێوەیە ناکەن و ئەو شتانەی دەیچێژن بە چەشنی ڕۆشتن بە پاڵاوگەیەکدا هەڵدەسەنگێنن و ستایشی دەکەن و دەڵێن:

الله هیچ کارێکی بێ حیکمەت و لە خۆڕا ناکات و پاشان دەڵێن:

 

لەوە دەچێت جەنابی حەق لەمەودوا لوتفی زیاتری خۆیمان پشان بدات و بەم تێبینیە لە بابەتەکە نزیک دەبنەوە و، خۆ گەر ئێوەش ئەمە نەبینن نەوەکانی دوای ئێوە چاویان بەو لوتفە دەکەوێت و ئیدی بەردەوام چاکە و حەسەنات هەڵدەڕژێتە دەفتەری کارە چاکەکانی ئێوەوە…

بە ڕای من لە پێناو ئەم کارەدا دەشێت بەرگەی هەموو شتێک بگریت، پشتیوان بە خودا ئێوەش بە بێ ئەوەی ئاخ و ئۆفتان لە دەمەوە بێتە دەر بەرگە دەگرن و لە جێگای ئاخ و ئۆف هەمیشە دەڵێن ئۆخەی!

وەک ئەوەی ئۆکسیجین هەڵمژین لەبەر خۆتانەوە دەڵێن ئۆخەی، هەتا ئێستاش وەهاتان وتووە و حەدی من نیە ئەمە وەک شێوازێک لە سەپاندن بەسەر ئێوەدا بسەپێنم، بەڵام لەمەودواش لەبەرامبەر ئەو شتانەی کە چەشتووتانە، هەر بڵێن ئۆخەی…

بڵێن ئۆخەی جارێکی تریش ئازاری پێ چەشتین، ئۆخەی، لە حەدیسێکی شەریفدا هاتووە کە چەقانی دڕکێکی بچکۆلە بە قاچیشتاندا دەبێتە هۆکاری ئەوەی گوناحتان لێهەڵوەرێت. دەبێتە هۆکاری ئەوەی پاک ببنەوە، گەر بەردێک ئازاری پێکانتان بدات ئەوا دەبێتە هۆکاری پاک بونەوەتان.

 

 

 

گەر ڕووبەڕوی کارێکی نەشیاو و ناڕەوا بوونەوە، دەبێتە هۆکاری پاک بونەوەتان، گەر کەسانێک هەوڵی لەکەدارکردنتان بدەن ئەوا دەبێتە هۆی پاک بوونەوەتان، هەر بۆیە بەردەوام لە تافی بردنەوەدا ژیان بەسەر دەبەن، ئەوانەی لە تافی بردنەوەدا ژیان بەسەر دەبەن، گەشتیان بەرەو خۆر و شەمسەکان دەست پێکردووە و بڕیاریان داوە بەردەوام بن، پێویستە سێبەریان -چونکە تاریکە- هەمیشە لە دوایانەوە بڕوات، هەمیشە بەرەو خۆری مرۆڤەکان بڕوات، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا، وەک هەتا ئێستا بەم شێوەیە بووە لەمەودواش بە پشتیوانی خودا بە هەمان شێوە بەردەوام دەبێت.

لەوە دەچێت هەندێک هەستن و بڵێن بە چەشنی ماکارزی پاکتاویان دەکەین و بەردەوام دەبین لە پاکتاوکردنیان، سەیرکەن میراتەکەیان لە کێ وەرگرتووە، ئێوە دەڵێن بە هەموو ئازار و ناڕەحەتی و چێژ و لەزەت و خۆشی و سەفایەوە، بە هەموو ئازار و ژەهریەوە، بە شیرینی و دەردەداریەکەشیەوە، لە پێغەمبەران و پیاوچاکانەوە ئەم ڕێگایەمان بە میراس بۆ ماوەتەوە، ئەویش لە شوێنی خۆیەوە بە زمانی ماکارزی قسە دەکات و دەڵێت بەردەوام دەبین لە ڕەشبگیری(ڕاوی جادوگەران).

دەڵێت کەوا بەردەوام دەبن لە ڕفاندنی مرۆڤەکان، دەڵێت با هەموو جیهان لەمە ئاگادار بن!

دەڵێت لە شوێنی جیاوازی دونیا بە تەڵەکە و پیلانی جیاواز، دەدەین بەسەر ماڵەکاندا و دەرگاکانیان دەشکێنین و وەک ئەوەی لە کۆسۆڤا و مۆڵدۆڤا و عێراق و ئەفغانستان و پاکستان و زۆر شوێنی جیاوازی تری دونیا کردمان، ئیدی هەرچی عەمودێک بە ناوی خێر و چاکەوە ئاڵای پێدا هەڵواسرابێت، ئیدی بە هەر نرخێک بێت کە بیانڕوخێنین، خەریکی کاری ماکارزیانەی خۆمان دەبین و دەیانڕوخێنین، چونکە ئێمە میراتگرانی ماکارزین!

هەرچی تایبەتمەندیەک هی ئەوە بۆ ئێمەش ماوەتەوە و وەک میرات وەرمانگرتوە، ئەم قسانە دەکەن و  هەروەها دەڵێت گەر هاتنە بەردەم دەرگاکانتان بە هیچ شێوەیەک مەهێڵن بێنە ژوورەوە…

پاشان دەڵێت هەرگیز کەوچک مەدەن لە قاپێک شۆربای ئەوان، دەڵێت یەک کەوچک شۆربایان پێمەدەن، ئەمانە هیچی قسەی خۆم نیە و دەرخم نەکردوون، پیاوێک هەیە ئەمە لە ڕۆژنامەکاندا دەنوسێت، دەینوسێت، میراتگرێکی ماکارزی ئەم قسانەی نوسیوە!

پەنا بە خودا کێ لە ئێوە ئامادەیە ئاستی خۆی بەو شێوەیە دابەزێنێت!؟

گەر تەواوی هۆکارەن بە تەواوی کول و کوێر ببن، ئێوەش بە ناچاری بێنە کەناری کەندەڵانێکی لەو شێوەیە، لەو کاتەدا پەنا بۆ خودا دەبەن و دەڵێن پەروەردگارا لە نوری یەکتاپەرستیدا نهێنی ئەحەدیەتی خۆت دەرخە بۆمان و ئێمە دامەبەزێنە ئەو ئاستە نزمەوە!

دەڵێن ئامان خودایە ئێمە مەبەرە ئاستی ئەوان.  ئێمەش مەکە بە میراتگری ماکارزی، ئێمە هەوڵ دەدەین واریسی پێغەمبەران بین، ئێمە هەوڵ دەدەین وارسی ئیمامی شافعی و حەنەفی و مالیکی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل و  فوزەیلی کوڕی عەیاز و  ئەبا یەزیدی بەستامی و جونەیدی بەغدادی و شێخی حارانی و شاهی گەیلانی و مەعروفی کەرخی و نەجمەدینی گەورە و  محمد بەهائودینی نەقشیبەندی بین.

ئەوانیش زۆریان چەشت، تەنیا بۆ ساتێکیش سەریان لە دەرد و بەڵا دەرنەچووە، هەمیشە چەشتوویانە، پیکێک لەسەریان هەستاوە و دانەیەکی تر پێیدا کێشاون.

بەڵام هیچ کاتێک ڕێچکەی خۆیان نەگۆڕیوە و لەو ڕێگەیەی لەسەری ڕۆشتوون هەر بەردەوام بوون، ئەمەشە ڕێگای ئێوە بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا.

بەڵام گەر جەنابی حەق لوتفێکی زیادەتان لەگەڵدا بکات و لە ئاسۆتاندا کاتێک گزنگی درۆزنانەش هەڵنەهاتووە، لە پڕێکدا دەبینن کەوا هەڵهاتنی خۆر پێش هەڵهاتنی گزنگ کەوتووە!

دواتر دەڵێن وای خودایە، ئێمە چاوەڕێ بووین گزنگ هەڵبێت بەڵام لە جیاتی گزنگ خۆر هەڵهاتووە!

هەر ئەو هەڵیدەهێنێت، ئێوە سەیری ئەوە مەکەن کە هەڵدێت، سەیری ئەوە بکەن کە وای لێدەکات هەڵبێت!

بەسەر هەموو شتێکدا توانای هەیە یاخود نا، هەرچیەک خودا بیەوێت دەبێت و هەرچی نەوێت نابێت. وَاللهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ، وَأَنَّاللَّهَ قَدْ أَحَاطَ بِكُلِّ شَيْءٍ عِلْمًا …

 

ئەمە ڕوونکردنەوە و بەیانێکی موبارەکی سەرداری ڕۆحی مرۆڤایەتیە کە بەیانیان و ئێواران ویردی سەر زوبانی بوو. وَاللهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ خودا بەسەر هەموو شتێکدا بە توانا و دەسەڵاتە…

 

هەندێک لە مرۆڤەکان تەنیا لە ڕێگەی ئەو ئازار و ناڕەحەتیانەی چەشتوویانە، گەشتوونەتە ترۆپی کەماڵی مرۆڤایەتی خۆیان، هەندێک لەوانیش بە شێوەیەکی ئیرادی و بە خواستی خۆیان چەشتوویانە، لە ڕێگەی سەیر و سلوکی ڕۆحانیەوە، لە ڕێگەی خۆ برسی کردن و خۆ تینوکردنەوە گەشتوون بەو پلە بەرزانە،    ئەمە لایەنێکی بابەتەکەیە و یەکێکە لە فاکتەرەکان ئەوەیە ئازار بچێژیت…

وەک لە شعرەکەی فزوڵیشدا هاتووە، کاتێک من وەک ئیمامی ئاڵڤاری گوزارشتی لێبکەم تۆزێک شعرەکە دەگۆڕم، فزوڵی بە ناوی عەشقەوە شعرەکەی نوسیوە لەو دوو دێرەدا کە دایناوە دەڵێت:

 بە بەڵای عەشق دەردەدارم بکە و بۆ ساتێکیش لە بەڵای عەشق جودام مەکەوە.

گەر منیش بە گوێرەی شعرەکەی ئیمامی ئاڵڤاری دەریبڕم کە دەڵێت:

دەرمانێک لە دەرد گەورەتر هەیە؟

هۆکارێکی لەو گەورەتر بۆ لێخۆشبوون بوونی هەیە؟

منیش دەڵێم گەر لە شوێنی فزوڵی بووایە ئەوا بەم شێوەیەی دەوت:

خودایە توشی دەرد و بەڵام بکە و بۆ ساتێکیش لە دەرد و بەڵا جودام مەکەوە…

چونکە لە ڕێگەی دەرد و بەڵاوە بە شێوەیەکی ئاسۆیی بەرز دەبێتەوە.

چونکە ئەو لە خەمی ئەوەدایە بە خودا بگات و ئەوە دەرد و خەمی ڕاستەقینەی ئەوە.

واتە بەڵا و موسیبەت لایەنێکی وەهای هەیە کە مرۆڤ بەرز دەکاتەوە بۆ لای پەروەردگاری.

هەروەها گەر ئاخ و ئۆف نەکەیت بەرامبەری ، وەک پێش کەمێکیش ئاماژەم پێدا گەر بە ئۆخەی کردنەوە پێشوازی لێبکەیت، بڵێی سوپاس بۆ خودا جەنابی حەق تاقیکردنەوەم لەگەڵدا ئەنجام دەدات، کەواتە لەلایەن خوداوە هێشتا نرخێکم ماوە کە شایەنی تاقیکردنەوە بێت، قوربانی ئەو بم کە وام لێدەکات، ئەم قسانە لە ناخیەوە دێن و دەیڵێت، هەر بەو هۆیەشەوە لەوێدا ئارام دەگرێت، ئەو بەڵایە لە پاڵ ئەوەی دەبێتە باڵێک بۆت و بەرزت دەکاتەوە لە لایەکی ترەوە دەبێتە باڵی ئارامگری و فێری ئارامگرتن دەکات.

لەوێدا بۆڵە بۆڵ ناکەیت و ئاخ و ئۆفت لێوە دەرناچێت، هەر ئۆخەی دەکەیت!

لەم ڕێگەیەوە مرۆڤ دەتوانێت کە زۆر پلە و پایەی بەرز بدەستبهێنێت کە تەنیا لە ڕێگەی تاعەت و عیبادەتەوە بەدەستی دەکەوێت بە پشتیوانی خودای گەورە.

پشتیوان بە خوداش ئێوەش بە هەمان شێوە لە بەرامبەر ئەو شتانەی بەسەرتان هاتووە هەمیشە هەر دەڵێن : ئۆخەی، ئەم ئۆخەی کردنە هەنگاوێکی وەها ڕاست و ڕێکە کە بە ئاڕاستەی جەنابی حەقدا هەڵنراوە، ئێوە ئاگاداری بن یاخود نا، دەتانگەیەنێتە پلەیەکی وەها بەرز لەلای جەنابی حەق، ئیدی وەک ئەبداڵ و ئەوتاد و ئەقتاب هەرچیەک لە دەمتان دێتە دەرەوە لە هەموو لایەکە بە جوانی وەردەگریێت و،جەنابی حەقیش وەڵامی نزاکانتان دەداتەوە.

بە پشتیوانی و کۆمەکی ئیلاهی خۆی.

وەک چۆن سەدەقە بەڵاتان لەسەر بەرز دەکاتەوە و لایدەبات، نزای دڵسۆزانە و پڕ ئیخلاسانەی بە کۆمەڵ، ڕزگاری هەموولایەک بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

ئەمە قسەی وتەبێژی سەدەیە.

هەربۆیە پێویستە نزاکانمان یەک بخەین هەتا خودا بەڵاکانمان لەسەر لاببات و ڕێگای براکانمان بکاتەوە لەوەی بەردەوام بن لە خزمەت،     لە پێناو ئەوەی گرد و گۆڵی ڕێگاکەمان بکەین بە شاشەقامی ڕاست و ڕەوان، پێویستە شەوان سەرمان بخەینە سەر زەوی، بەرماڵەکەی ژێرمان بە فرمێسکی چاوەکانمان تەڕ بێت، لەلای خودا ببێتە شایەتی ئێمە و جەنابی حەقیش ڕزگاری و دەرچەیەکی سەرفرازیمان بخاتە سەر ڕێ، والسلام…

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

Show More
Back to top button