سەرچاوەی هیوا بۆ مرۆڤایەتی

فیکرەت کاپڵان

 

مرۆڤە بەختەوەرەکان، لە ژێر کەپرێکدا دانیشتوون و گوێ لە “ڕابەرە پیرۆزەکەیان” دەگرن و، قاپی دڵەکانیان پڕ دەکەن لە هیوا و خۆشەویستی.

وەک ئەوەی کۆترێک بەسەر سەریانەوە نیشتبێتەوە، بە ئەدەبەوە گوێ لە وتەکانی مرۆڤی دڵ دەگرن.

تەنیا ئەوانیش نین ئەوەی گوێ لەم مرۆڤە جوانە دەگرن کە میراتبەری پێغەمبەرە.

لەسەر کورسیەکی سادەی لە تەختە دروستکراو، بە هەر چوار دەوری دونیادا ئەڵقەی خۆشەویستی بە دەوریدا گیراوە. تەمەن، ئیش و کار، جلەکانیان لە یەک جیاوازە و هەریەکەیان بە شێوازێک دەنوێنێت. ڕەنگەکانیان، زمانەکانیان،  جیاوازە و سینەی هەموویان وابەستەی شاشەیەکە و بەشداری لەم خوانە مەعنەویە دەکەن.

 هەندێک لە ڕۆژهەڵات، هەندێک لە ڕۆژئاوا، هەندێک لە باکور، هەندێک لە bاشور، هەندێک لە ئاخیرەت، هەندێک لە دونیا، هەندێک لە گرتوخانە و هەندێک لە زیندان، هەندێکیش لە نیشتیمانی غوربەتەوە…

هەندێک لە ڕێگای هیجرەت، هەندێک لە ڕێگای ژیانی غوربەتدا.

پێکەوە هەموویان یەکێتیەکی مەعنەویان دروست کردووە.

تەنانەت گەر هەموو هێزی گەردونیش کۆ ببێتەوە، ناتوانێت ئەوان لە کەشوهەوای ڕێکەوتن و سازان لەگەڵ ڕابەرەکەیان جیا بکاتەوە.

دڵەکانیان باوەڕیان بە یەک شتە، لە دەوری ئامانجێک کۆ بوونەتەوە:

 وابەستەبوون بە پەروەردگاری هەموو جیهانیانەوە،  ڕۆشتن لەسەر ئەو رێگایە،  بوونە عاشقێکی سەرشێتی ئەو ڕێگایە.

لە ڕوانگەی پێوانە دونیایەکان و، هەلومەرجی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان کە چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت مرۆڤەکان بتۆقێنێت، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە ئەوان لە ڕابەرەکەیان جودا بکاتەوە.

ئەشکەنجە، نەبوونی، مەغدوریەت، وای لەوان نەکردووە کە توشی بێ وەفاییان بکات.

ئەوان لە دڵەوە وابەستەی ئەو بوون و، لە یەکەم ڕۆژیەوە هەرگیز شتێکی نەکردووە کە سەریان پێ شۆڕ بکات؛ ناوی “مامۆستای بەڕێز” یان لەو کەسە ناوە کە بە ڕاستی لەسەر ڕێچکەی پێغەمبەر دەڕوات.

لە سەردەمی کارەسات و تیاچووندا، “مامۆستای بەڕێز” بە واتای ئەو رابەرە دێت، کە بە جوانترین شێوە نوێنەرایەتی زانست، ئەدەب و ئاکارە بەرزەکانی کردووە.

 

ئەوانەی خۆشیان دەوێت، دەزانن کەوا مامۆستای بەڕێز سەودایەکی زۆر جیاوازی هەیە. تەنیا دەردی ئەو ئەوەیە، خاکە وشکبووەکان بگۆڕێت بە باخچەی گوڵان. تەنیا ئارەزویەک هەبێت ئەوەیە، ئەستێرەکانیش چەشنی بەردەباز بخاتە بەر پێی مرۆڤەکان.

هەمیشە بەم شعورەوە، بە ناڵینەوە پێچی خواردووە و چاوەکانی هەمیشە مرواریان لێ باریوە.

بە هۆی گریانی لەبەر ناسۆری کەسانی تر، چاوەکانی هەمیشە وەک جۆگەلەی خوێنینی لێهاتووە.

ئەو قەندیل و چراخانێکە، کەوا لە ئەخیر زەماندا بە بەختەوەری “شانوشکۆی برا بوون” لەگەڵ پێغەمبەری خاوەن شانوشکۆدا، گەشتووە.

ئەگەرچی ئاگر هەتا بنمیچی پایەی ئەو گومەزە مەزنە گەشتووە، بەڵام ئەو هەر هاواری، الله، پێغەمبەر، قورئان دەکات و هیچی تر لە دەم نایەتە دەرەوە.

 

ئەو چەشنی خضر، دڵە وشک و ڕەقەکان، دەگۆڕێت بە سەوزایی، زیندوویان دەکاتەوە.

ئەو درەوشانەوەی دەرکەوتی ئەو کەلامەیە کە دەفەرموێت” گەر ئێوە ئیمانداربن، بەڕاستی هەر ئێوە براوە دەبن”.

ئەو شاخێکی گڕ گرتووە، کە دەیەوێت دونیا لە هاوسەنگیدا ڕابگرێت.

کودەتا، ئاگادارکردنەوەکان، دادگاییەکان، زیندانەکان، تاراندنەکان ئەم پەیکەری ئیمانەیان لە ڕێگەی خۆی لانەداوە.

هەموو ئامۆژگاریەکانی ئەو، دەم بە دەم، گوێ بە گوێ، ماڵ بە ماڵ دەگوازرێتەوە. بە تەواوی دونیادا بڵاو دەبێتەوە.

ژیانی هەمیشە بە وەرچەرخان و ڕوخان و داڕمانی گەورەدا تێپەڕیوە.

لە دوای ١٥ ی تەموزەوە، کەسێک نەما کەوا نەڕوخێت و هیوای لە دەست نەدات!

بەڵام ئەو هەر ڕاست و ڕەوان بە پێوە وەستاوە.

ئیمانی وەک شاخەکان پتەو و قوڵە. وەکو کەسانێکی تر بەلادا نەهاتووە. هیچ زاڵمێک ئەوی نەکڕیوە و نەیتوانی بە ماڵی دونیا فریوی بدات.

ئیمانداران کاتێک هاوپەیمانی هێزەکانی دوژمنیان بینی لە بەردەمیاندا، لە دڵی خۆیاندا وتیان ئا ئەمەیە ئەو سەرکەوتنەی کە خودا و پێغەمبەرەکەی بەڵێنیان پێدابووین. بێگومان خودا و پێغەمبەرەکەی بەڵێنی ڕاستییان پێدابوون. کەسانی ئیماندار بە بینینی هاوپەیمانێتی دوژمنان، جگە لە زیاد بوونی ئیمان و خۆڕادەستکردنیان بە پەروەردگاریان، توشی هیچی تر نەبوون”.

ئێستا بە سەردەمێکدا تێدەپەڕین، چەشنی ئەوەی ئەم ڕوونکردنەوە ئیلاهیە لەودا بەرجەستە بوو بێت.

ئەو لەبەر ئەوەی چاوەڕوانیەکی دونیایی نیە، لە هیچ شتێک نەسڵەمیوە و ترس نایگرێت. لە دونیای ڕۆحی ئەودا، شتێک بە ناوی بێ هیوایی، ڕەشبینی وبەدبینی بوونی نیە و شایەنی باس نیە.

 

مامۆستای بەڕێز، لەم سەردەمەدا، یەکێکە لەوانەی لە ڕیزی پێشەوە، باوەڕ و ئاکار و ویژدانی بەوپەڕی فراوانی و کاریگەری خۆیەوە هێناوەتە مەیدان.

 

مەفکورەی باڵای ئەو، بیرکردنەوەی لە سەردەمی خۆیی و وتەکانی، سادەیی، فراوانی لایەنی مرۆڤایەتی، وەفا و وابەستە بوونی بە دۆستەکانی، داوێنپاکی، خاکی بوونی، خۆ بە هیچ زانینی و دەستبەرداربوونی لە هەموو شتێک، تەواوی ئەم سیفەتانەی بە شێوەیەکە کەوا بۆتە ویردی سەر زوبانی هەموو لایەک…

ئەو پێکهاتەی بەهاکانی موسوڵمانانی گۆڕی بە مەفکورەیەک کە بتوانێت هەموو مرۆڤایەتی لە ئامێز بگرێت.

ئەو مەفکورەیەکی باڵای هێندەی هەموو جیهان گەورەی بە مرۆڤایەتی بەخشی، کە چەندین سەدەیە بە دەست بێ ئاسۆیی و بێ مەفکورەییەوە دەناڵێنێت.

ئەو هەمیشە ئیمان، خۆشەویستی، فراوانی ویژدانی بە کاریگەرترین شێوە دەخاتە ڕوو، زانایەکی گەورەیە کە خاوەنی سیفاتی “میراتبەری پێغەمبەرانە”.

ئەو قارەمانێکی وەهایە، ئیماژی تیرۆرست کە دەیانەوێت وەک لەزگە لە کەسایەتی موسوڵمانی بدەن، بە شێوەیەک لە زبڵدانی مێژوودا ناشت، کە جارێکی تر زیندوو بوونەوەی بۆ نەبێت.

 

ئەو ئەندازیاری نەوەیەکی فیداکارە، کە لە وڵاتانی وەک ئەفغانستان، عێراق، بۆسنەهێرسک، تاجکستان، قەوقاسەکان ئامادەی خزمەتی مرۆڤەکانن، تەنانەت گەر لە بەرامبەریدا تەنیا عانەیەکیش وەربگرن.

بناغەی ئەو هێزە مەعنەویەیە کە موسوڵمانان، هیندو، شامان،بوزی،  موسەوی، مەسیحی، شیعە، سونە، تورکمان و کورد پێکەوە لەسەر مێزی هەمان قوتابخانە کۆ بکاتەوە.

کەسێک کەوا برایەکی لە خوێندنگەکانی خزمەت دەخوێنێت، لە وتەیەکیدا کەوا لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاو کراوەتەوە دەڵێت” لە عەشیرەتەکەی من، دوو برا هەبوون کە هەردووکیان وەک خۆ تەقێنەرەوە بە بۆمب، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا. بەڵام براکەی من، وەک موسوڵمانێکی ڕاستەقینە، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و زانستیانە لە مرۆڤەکان نزیک دەبێتەوە و بەرامبەر هیچ کەسێک ناحەزی نیە”.

خولیای ئەو بە شێوەیەک کە سەرنجی نوسەرێکی ڕۆژئاوا ڕادەکێشێت و دەڵێت” لە پاپوا غانا، هێشتا نەریتی کانیبالیزم، واتە خواردنی گۆشتی مرۆڤەکان هەر ماوە، تەنانەت نامەوێت وەک گەشتیاریش ڕوو لەو شوێنە بکەم، بەڵام تورکەکان لەوێ خوێندنگەیان هەیە”.

ئەندازیاری ئەو دڵانەیە کە جوانترین ساتەکانی گەنجیان لە وڵاتانی ئەفەریقا بەسەر دەبەن و دەست دێنن بەسەری ئەو منداڵانەدا کە لەناو جەرگەی جەنگ و بێ بەشیدا گەورە بوون. هەروەها ئەندازیاری ئەو دڵە قارەمانانەی کە لە وڵاتانی ڕوسیاش دەست بەسەری منداڵانی سپی پێستدا دەهێنن و بە بێ جیاوازی خزمەتیان دەکەن.

ئەو وابەستەی ئەو سەودایەیە کە چەشنی منداڵانی ناو فێستیڤاڵەکانی کەلتور و زمان، هەموو دونیا لە چواردەوری خۆشەویستی کۆبکاتەوە.

ئەو تەنانەت وا لە سەرۆکی پارتی مەسیحیە دیموکراسیەکانی وڵاتی ئاڕنەوت دەکات کە بڵێت” ساڵانێکی دوور و درێژە لە باشوری وڵاتەکەمان، لە نێوان مەسیحیە کاتۆلیکی و ئۆرتۆدۆکسیەکاندا کێشە و ململانێ هەیە، گەر یەکێک لە خوێندنگە تورکەکان لەم ناوچەیە بکرێتەوە، ململانێکان کۆتایی پێدێت”.

هەروەها لە دڵی جەنگیز ئایتەمۆڤدا هیوایەک دروست دەکات کە بڵێت” ئەم خوێندنگانە دەتوانن ببنە دژە ژەهری تیرۆر، کە وەک بەڵای کوشندەی ئەم گوندە گلۆبالەی(دونیا) لێهاتووە”.

مامۆستا دەنگی ئەو ژنە کامبۆچیەیە کە دەڵێت” تکاتان لێدەکەم کوڕکەم لە خوێندنگەکەتان دەرمەهێنن، دوای ئەوەی مێردەکەمم لە دەستدا، کوڕەکەم هەموو ڕۆژێک دەهاتەوە ماڵەوە و لێیدەدام، بەڵام ئێستا دەستم بۆ نابات”.

ئەو یەکێکە لە عاشقانی پێغەمبەر کە خاوەنی (غایەی خەیاڵ) ئامانجێکی میسالی وەک “پێویستە ناوی جەلیلی محمدی بە هەموو کون و قوژبنێکی دونیا بگەیەنین کە خۆری لێهەڵدێت و لێی ئاوا دەبێت”.

مامۆستای بەڕێز پرد بەرەو خولیاکانی سبەێنێ لێدەدات و، میراتگری تاجی زاتە ساڵحەکان، دوای ئەڵقەی ئەوان و، یەکێکە لەو کەسانەی لە کاروانی کەسانێکی ئەهلی خودای وەک ئوستاد بەدیعوزەمان،  هەڵکەوتووە.

ئەو زاتانەی لەم عەیارەدان، هەموو ژیانیان بە ڕۆژوو و شەونوێژ بردۆتە سەر؛ بۆ ژیاندنی کەسانی تر ژیانیان بردۆتە سەر.

ئەو مرۆڤانەی لەسەر زەویدا جێنشینن، هەمیشە هاواری ئەوەیان کردووە کە جگە لە هەوڵدانیان بۆ داڕشتنەوەی پەیکەری ڕۆحیان، کاتیان بۆ هیچ کارێکی تر نیە. لەمڕۆدا کەسێک بە تەواوی هەست بە ناسۆری ئەم ئەرکە سەختە بکات، تەنیا ئەوە…

لە بەرهەمەکانیدا دەشێت گوێی لە ئاخ و فیغانی تەواوی جیهانی ئیسلام، هەروەها هیوا و خۆشی و شادیەکانیشیان ببێت.

مرۆڤێک کەوا هەمیشە لەقوڵایی ڕۆحیدا هەستی بە لێپرسینەوەی ڕۆژی دوایی کردووە و هیچ چاوەڕوانیەکی دونیایی نەبێت، ئایا دەشێت ترس و نیگەرانی دونیایی ڕووی تێبکات؟ ئایا دەشێت بکەوێتە ناو بێ هیواییەوە؟

نەخێر، هەرگیز…

مامۆستا سەبارەت بە خەوەکەی باوکی، کە زۆر خۆشی دەویست، پاش ئەوەی باوکی لە خەوێکیدا مژدەی ئەوەی پێدەدرێت کە ئەوەی بە لە دەستچووی کوڕەکەی دادەنرێت، بەدەستی دەهێنێتەوە، لە وەڵامدا دەڵێت:

زۆر ئەستەمە ئەوەی لە دەستمداوە جارێکی تر بیدۆزمەوە. چونکە ئەوەی من لە دەستمداوە، بریتیە لە بەهەشتی لە دەستچووی هەموومان ، ئەوەی لە دەستمانداوە بریتیە لە وڵات، بەها میلیەکان، دینامیکە مەعنەویەکانمان و هەیەجانی گەیاندنی دینەکەمان بە کەسانی تر.

ئەوەی لە دەستمانداوە بریتیە لە ڕێگەکەمان. کاتێک دێمە سەر لە دەستچوەکانی ترمان، ئیدی یەک گەردیلەش بە لامەوە گرنگ نیە.

لە ڕاستیشدا هیچ کاتێک خاوەنی هیچ نەبووم هەتا لە دەستی بدەم. تەنانەت گەر خۆشم لە دەست بدەم، خودا شایەتە کە بە خەیاڵمدا نایەت. تەنیا خەمی من بۆ ئەوەیە ساتێک زووتر ئەوەی لە دەستچووە ڕاستەقینەکەیە بەدەستبهێنینەوە، کە لە ڕابردوودا لە دەستمانداوە.

 

بە ناوی خۆمەوە، توشبوون بە سەودای بەدەستهێنانی پایە و مەقامی دونیای، یاخود ئەوەی بە باشی بناسرێم لەناو خەڵکدا، یاخود هەر چاوەڕوانیەکی تری دونیایی، بە بێ وەفایی دەزانم بەرامبەر سەردار و پەروەردگارم.

بە ناوی گەلەکەشمەوە، جگە لە خواستی خۆ نوێکردنەوەی بە گوێرەی زەمان، پشاندانی وێنەیەکی پرشنگدارتر، بە تایبەت ناسین و ناساندنی ئەوەی لە هەزار ساڵی کۆتاییدا بەدەستمان هێناوە لە کەلتور و بەهاکان، جگە لە گەیاندنی دینەکەمان بە هەر چواردەوری دونیا، نامەوێت هیچ سەودایەکی ترم هەبێت”.

مامۆستای بەڕێز، هەمیشە لە بەرامبەر حەق و حەقیقەتدا زۆر بە وەفا بووە.

هەرگیز بوختان و زیندان و هەڵمەتی پڕوپاگەندە چۆکیان پێ دانەداوە. بە تەنیا مانەوەی لە زۆرینەی کاتەکان و ڕێگە نەدان بەوەی کە کەسێک بچێتە لای، هەرگیز توشی هیوابڕاوییان نەکردووە.

تەنانەت خراپترینی ڕووداوەکان نەیانتوانی ئەو بە چۆکدا بهێنن.

بە درێژایی ژیانی چەشنی مامۆستا سەعید هەر وتی” غەریبم، بێ کەسم، نەتوانام، کۆڵەوار و زەلیلم” و بەڵام هەمیشە سەربەرزانە و پشتێکی نەچەماوەی هەبوو.

هەوڵی بێ پایانی ئەو لە گەیاندنی حەق و حەقیقەت، کۆششی بۆ بەرزکردنەوەی کەلیمەی الله، بە شێوەیەکە کە قسە و کتێبەکان ناتوانن باسی بکەن.

مومکین نیە مرۆڤێک هێندەی ئەو خاوەنی هەوڵ و کۆشش و مەشغوڵیەت بێت لە پێناو خزمەت بە دین و مرۆڤایەتی.

ئەو لە پاڵ ئەو خزمەتانەی کە کەس ناتوانێت لە ژێر باری قورسیاندا هەڵبستێتەوە، هەرگیزا و هەرگیز کەموکورتی لە زیکر و ویردەکانیدا پشان نەداوە.

لە ژێر سەختترین بارودۆخدا کتێب دەنوسێت و وتار پێشکەش دەکات، خویندکار پێدەگەیەنێت، لە ویرد و زیکرەکانیشیدا هیچ کاتێک کەمتەرخەمی پشان نەداوە.

بە شایەتی خوێندکارەکانی، شەوانە بە خشوعێکی چاو ئەبڵەقکەرانەوە، هەتا ڕۆژی لێدەبێتەوە عبودیەتیی خۆی ئەنجام دەدا.

ئیدی کێ چی دەڵێت با بیڵێت، لە سایەی ئەو خزمەتانەی مامۆستای بەڕێز ڕابەرایەتی کردن، بیابانە وشکوبرنگەکان وەک باخەکانی بەهەشتیان لێهات.

زۆر ڕۆحی چەشنی خەڵوز، وەرچەرخان بەرەو ئەڵماس. سروشتگەلێکی چەشنی داروبەرد، بۆ پایەی زیو و ئاڵتون بەرز بوونەوە. تەنانەت گەر لە وڵاتەکەی خۆی لە نرخ و بەهای تێنەگەن، ئێستا لەسەر ئاستی دونیا باسی لێوە دەکرێت. چاوەڕێی هاتنە دی ڕۆژانی پڕ خۆشەویستی، برایەتی، لێبوردەییەیان لێدەکرێت کە خۆیی و هاوڕێکانی بەڵێنی هاتنی دەدەن.

ئەمڕۆ تەنیا ئەوانەی ڕوناکی و تاریکی تێکەڵ بە یەک دەکەن، ئەوانەی ژیانیان لە زیندانی لاشەیاندا بەسەر دەبەن، لە دژی ئەو پرتە و بۆڵەیانە…

ئەگەرچی سەرلەنوێ ئاگری کورەی درۆ، بوختان، ساختەکاریەکانیان جۆش داوە، بەڵام تەواوی ئەم پەلە قاژێیەیان بێهودەیە.

چونکە ڕوناکی هەموو لایەکی تەنیوە، ئەو نورەی لە جیهانی بێ کۆتاوە دێت، هەموو جیهانی تەنیوە!

ئیدی تافی ڕۆحە ڕۆشنەکانە و سەردەمیش هەر سەردەمی ڕۆحە ڕۆشنەکانە!

 

 

 

 

  

Back to top button