“دایکێک دوێنێ منداڵی بوو، ئەمڕۆ خرایەوە زیندان”

 

ئیبراهیم ئۆزدەباک کاریکاتێریستی ڕۆژنامەی یەنی ئاسیا کە ڕۆژنامەیەکی نزیکی جەماعەتی نوری تورکیایە، لە نوێترین ژمارەی ڕۆژنامەکەدا کاریکاتێری ئەو خانمەی کێشا، کە دوای یەک ڕۆژ لە منداڵبوونی گەڕێندرایەوە بۆ زیندان.

لە بەشێکی کاریکاتێرەکەدا نوسراوە ” دایکێکی یەک ڕۆژە لە زینداندایە”، لە بەشێکی تریدا کۆمەڵێک ژنی زیندانی دەبینرێت کە بۆنی منداڵەکە دەکەن و لەسەر نوسراوە” بۆنی منداڵی ساوا، بۆنی بەهەشتە”.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، عائیشە ئاتەش خانمێکی زیندانیکراوی گرتوخانەی شەکرانی شاری ئیزمیر، کە ماوەی ٥ مانگە لە زیندانە، پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری منداڵ بوون، لەلایەن هێزەکانی جەندەرمەوە گەڕێندرایەوە بۆ زیندان.

هێزەکانی جەندرمە ڕێگەیان بە هیچ کەسێک لە کەسە نزیکەکانی خانمەکە بکەوێت و، دوای ڕۆژێک لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری، خانمەکەیان ڕەوانەی زیندان کردەوە.

Back to top button