هەواڵ

هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە تەنیا یەک قورئانی تر نەچێتە زیندانەکانەوە

 

وەزارەتی دادی سەر بە پارتی ئاکەپە، هەموو هەوڵێک دەدات کەوا  تەنیا یەک قورئانی تر نەبرێتە ناو زیندانەکانی تورکیاوە.

دادگای دەستوری تورکیا لە چەند ڕۆژی رابردوودا  سەبارەت بە بردنی قورئانی پیرۆز بۆ ناو زیندانەکانی تورکیا، بڕیاری کۆتایی خۆی دەرکرد.

ئەحمەد سیل یەکێکە لە سەدان دادوەرەی لە دوای کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦ ، بە بێ پشاندانی هیچ بەڵگەیەک بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ لە کارخستنی دەستوری تورکیا دەستبەسەر کراوە.

ئەحمەد کە لە زیندانی عوسمانیەی شاری ئەدەنە ژیان بەسەر دەبات، لە ماوەی ڕابردوودا کەسوکارەکەی قورئانێکی پیرۆزی بۆ دەنێرن تا ڕۆژانە بیخوێنێتەوە.

بەڵام کاربەدەستانی زیندانەکە ئەوەی پێ ڕادەگەیەنن کەوا وەزارەتی داد لە بڕیارێکیدا هێنانی هەموو جۆرە کتێبێک لە دەرەوەی زیندان، لە  تۆمەتبارانی دۆسیەی ١٥ ی تەموز قەدەغە کردووە؛ بەو هۆیەوە دەستیان گرت بەسەر قورئانەکەیدا.

ناوبراویش بەو هۆیەوە لە دادگای دووهەمی سزا قورسەکانی عوسمانیە سکاڵای یاسایی لە دژی کاربەدەستانی زیندانەکە تۆمار کرد، بەڵام دادگا داواکەی ناوبراوی ڕەتکردەوە.

هەربۆیە دادوەرە زیندانیەکە بە ناچاری ڕووی لە دادگای دەستوری تورکیا کرد.

ئەحمەد لە سکاڵاکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە زیندانەکە ٣ هەزار کەسی تێدایە و تەنیا یەک چاپی قورئانی پیرۆزیشیان لە کتێبخانە داناوە، هەتا زیندانیەکان بتوانن بیخوێننەوە. ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو حەز دەکات هەموو کاتێک قورئانی لەلا بێت هەتا بتوانێت بیخوێنێتەوە.

دادگای دەستوری سەرەتا داوای ڕوونکردنەوە لە وەزارەتی دادی تورکیا دەکات و، وەزارەتی دادیش لە وەڵامدا ئەوەیان پێ ڕادەگەیەنێت، کەوا بە هۆی ئەوەی ئەگەر هەیە ئایەتەکانی قورئان وەک شفرەی نهێنی بەکاربهێنرێت، بڕیاری لەو جۆرەیان دەرکردووە.

 

دادگای دەستوریش لە بڕیاری کۆتاییدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە زیندانەکەدا تەنیا یەک چاپی قورئان بوونی هەیە و هەر زیندانیەکیش مافی ئەوەی هەیە ١٥ ڕۆژ کتێبێک لەلای خۆی بهێڵێتەوە؛ بەو هۆیەوە بڕیاری ئەوەیدا کە مافی یەکسانی و دادگایکردنی دادپەروەرانەی ئەحمەد سیل  پێشێل کراوە.

دادگای دەستوری لە بڕیاری کۆتایدا ئاماژە بەوە دەکات کە مافی ئازادی دین و ویژدانی ئەحمەد سیل پێشێلکراوە لەلایەن وەزارەتی دادی تورکیاوە و فەرمان بە وەزارەتی دادی تورکیا و کاربەدەستانی زیندانەکە دەکات، کەوا چاپێکی قورئانی پیرۆز بۆ ئەحمەد سیل دابین بکەن.

http://www.shaber3.com/butun-mucadele-tek-bir-kuran-i-kerimi-daha-cezaevine-sokturmamak-icin-haberi/1308413/

Show More
Back to top button