بیروڕاهەواڵ

هەلێکی گرنگ لە مانگی ڕەمەزاندا: شەوی قەدر

بەخامەی مەهمەت عەلی شەنگوڵ

هەندێک لە مرۆڤەکان، ئەوانەی لە دەستەی بەڕێزترینی دروستکراوەکانی خودان و جێنشینن لەسەر ڕوی زەوی، ئەوانەی چاویان لە بەرزاییەکانە و لە ژیانی دڵ و ڕۆحدا ڕێگا تەی دەکەن، چاویان بە هەندێک لە حەقیقەت و ڕاستیەکان دەکەوێت کە کەسانی تر درکی پێناکەن.

بۆ نمونە وەرەقەی کوڕی نەوفل…

کاتێک سەردارمان پێوقەدەمی شەرەفمەندی هێنایە ئەم دونیاوە، هەستی بە شنەبای ئەو کرد و لە ویژدانیدا ئەوەی بۆ ڕوون بوویەوە کە، ئەوەی لە ئاسمانە جارێکی تر پەیوەندی دەگرێت لەگەڵ مرۆڤەکانی سەر زەوی.

یەکێکی تریش لەوانەی هەستی بەم شنەبایە کرد بوو، زەیدی کوڕی عەمر بوو، واتە مامی حەزرەتی عومەر و باوکی سەعدی کوڕی زەیدە، کە یەکێکە لە ١٠ کەسە مژدەپێدراوەکە. هەر لەسەرەتاوە هەستی بەوە کرد کە بتەکان هیچ سوودێک و زیانێکیان نیە و بە دەنگی بەرزیش هاواری ئەم ڕاستیەی کردبوو.

تەنانەت لە کاتی سەرەمەرگدا بە کەسە نزیکەکانی دەڵێت” من هەستم بە هاتنی دینێک کردووە کە بەم زووانە دێت، سێبەرەکەی ئیستا لەسەر سەرتانە. بەڵام من نازانم ئەو ڕۆژانە بە چاوی خۆم دەبینم یاخود نا، خۆ کاتێک ئەو دینە هات، ئێوە بە بێ ئەوەی کات بە فیڕۆ بدەن باوەڕی پێ بکەن”.

زەید دواتر بە دڵێکی شکاوەوە دەڵێت”  ئەی ئەفرێنەری بە توانا، خۆزگە ناوی تۆم دەزانی و تۆم بناسیایە و سەرم بخستایەتە سەر زەوی هەتا بەندایەتی خۆمت بۆ دەرخەم”.

ئەم زاتەش دڵی هەستی بەو شنەبایە کردبوو کە بەڕێوەیە و ویژدانی بە تەواوی بەرامبەر حەق و ڕاستیەکان ئاوەڵا بوو بوو. ئەو بەم قسانەی ئەوەی دووپات دەکردەوە، کە باوەڕی بە الله هەیە و تەسلیمیەتی خۆی بۆ دووپات دەکردەوە.

خۆ هەموو ئەو ئیلهامانەی بریتین لە شنەبای ئیلاهی، بریتین لە دابەزینی قورئان بۆ ئاسمانی یەکەم. هەموو ویژدانێکی پاک کە بە ڕەحمەتی ئیلاهی هۆشیار بوو بێتەوە،  لە کاتی دابەزینی قورئان لە لەوحی مەحفوزەوە بۆ ئاسمانی یەکەم _- لە پێش و دواتریشدا- لە رۆحیدا درکی بەم ڕاستیە کردووە.

شەوی قەدر، ئەو شەوەیە کە خودا پەیوەندی بە سەردارمانەوە کردووە و، شەوی وەها بە نسیبی هیچ ئومەتێکی پێشین نەبووە و سوڵتانی ئەزەل و ئەبەد، لەو شەوەدا بەخششی خۆی بەسەر بەندە باوەڕدارەکانیدا دەبەخشێتەوە.

لەم شەوەدا الله کە سوڵتانی هەموو گەردوونە، سەیری حاڵی پەرێشانی تاوانباران و سواڵکەرانی بەر دەرگاکەی ناکات و بە گوێرەیی گەورەیی خۆی، بەخشندەییان بەرامبەر دەنوێنێت.

وەک لە هەموو شتێکی تریشدا پێویست دەکات، کلیلی شەوی قەدریش ئیمان و تەسلیمیەتە. شەوی قەدر بازاڕی بازرگانیکردنە بۆ ژیانی ئاخیرەت و ئەو شەوەیە کە الله ڕەحمەتی بێ کۆتای خۆی بەسەر بەندەکانیدا بە لێشاو دەبارێنێت.

شەوێکە بارتەقای تەمەنێکی ٨٣ ساڵی دەداتەوە.

تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی وەک دەربڕینی سۆز و بەزەیی بەرامبەر ئومەتەکەی نزا دەکات و دەفەرموێت” ئەی خودایە ئومەتەکەی من وەک ئەوانی پێشین تەمەنیان زۆر نیە، هەتا بتوانن پاداشتی زۆر دەستی خۆیان بخەن…”. خوداش وەک وەڵامێک لە بەرامبەر ئەم نیگەرانیەی سەرداری مرۆڤایەتی، لوتفی شەوی قەدر بە ئومەتی محمد دەبەخشێت وەک ئیحسان و ڕێزلێنانێکی تایبەت بە خۆیان.

حەزرەتی ئوستادیش لە کتێبی  پاشکۆی بارلادا دەفەرموێت:

مانگی ڕەمەزانی پیرۆز مانگێکی پیرۆزی وەهایە کە شەوی قەدری تێدایە. هەرکەسێک ئەو شەوەی بە نسیب ببێت، هەزار ساڵ تەمەنی خستۆتە سەر تەمەنی خۆی. هەر دەقەیەکی ڕۆژێکە و کاتژمێرێکی دوو مانگە، هەموو شەوەکەشی هاوتای پاداشتی تەمەنێکی دوور و درێژی پڕ عیبادەتە”.

ئێمەش لە پاڵ ئەوەی دەبێت هەوڵی گرتنی ئەو شەوە بدەین و زیندووی بکەینەوە، دەبێت هەموو شەوێکی تەمەنمان بە شەوی قەدر بزانین و هەوڵی ئەوە بدەین کە تێشووی باقی تەمەنمانی تێدا دەست بخەین.

 

پەروەردگارمان لە سورەتی قەدردا دەفەرموێت” ئێمە قورئانمان لە شەوی قەدردا دابەزاند. ئایا تۆ دەزانی شەوی قەدر چیە؟ شەوی قەدر لە هەزار مانگ خێرترە. لەو شەوە بە مۆڵەتی پەروەردگار، هەموو فریشتە و ڕۆحەکان دادەبەزن. ئەو شەوە هەتا بەرەبەیان هەر ئاسوودەی و ڕەحمەت و میهرەبانی خودایە دەبارێت”.

تابلۆی شانازی مرۆڤایەتیش دەفەرموێت” ئەوەی شەوی قەدر زیندوو بکاتەوە بە باوەڕەوە و داوای پاداشتەکەی لە خودا بکات، لە هەموو گوناحەکانی ڕابردووی خۆش دەبێت”. هەروەها دەفەرموێت” ئەوەی لە نوێژی خەوتنان ئامادە بێت لەو شەوەدا، بەشی خۆی لەو شەوە بەرکەوتووە”. (بخاری، مسلم).

حەزرەتی عائیشەی دایکیشمان لە سەردارمانی پرسیوە “ئەی پێغەمبەری خودا، گەر لە شەوی قەدردا بووم، چۆنی نزا بکەم؟”.

سەرداریشمان لە وەڵامدا دەفەرموێت” اللَّهُمَّ إِنَّكَ عُفُوٌّ كَرِيمٌ تُحِبُّ الْعَفْوَ فَاعْفُ عَنِّي”

واتە خودایە تۆ لێبوردە و بەخشندەیت، لێبوردەیت خۆش دەوێت، لە منیش خۆش ببە”.

شەوی قەدر شەوی قورئانە. شەوی کۆبوونەوەی فریشتە باڵاکانی ئاسمانە. شەوی قەدر ئەو شەوەیە قورئانی تێدا دابەزیوە. ئەو شەوەیە کە جوبرەئیل یەکەم سروشی خودایی بۆ سەر سەردارمان هێنا و ئەو شەوەیە کە ئەرکی پێغەمبەرایەتی بە سەردارمان ڕاگەیاند.

شەوی قەدر، بەخششی خودایە بۆ ئەو بەندانەی کە دان بە لاوازی و بێدەسەڵاتی و هەژاری خۆیان دەنێن لەبەرامبەر الله ی خاوەنی هەموو گەنجینەکان.

لە قورئاندا تەنیا ناوی مانگی ڕەمەزان و شەوی قەدر هاتووە. تەمەنمان یان بەشی ساڵی داهاتوو دەکات یاخود نایکات. بەرەو جیهانێک بەڕێدەکەوین کە بە هیچ شێوەیەک گاڵتە وگەپی لەگەڵ ناکرێت. نازانین ئە کاتە کەیە کە فەرمانی گەڕانەوەمان پێ دەکرێت.

قسەیەک هەیە لە ناو خەڵکدا وەک حەدیس باسی لێوە دەکرێت و زانایانیش دەڵێن کرۆکی واتاکەی لە ئاستی حەدیسدایە، ئەویش وتەیەکی حەزرەتی عومەرە کە دەفەرموێت:

پێش ئەوەی لەبەردەم فەرمانڕەوای هەموو فەرمانڕەواکان بخڕینە ژێر لێپرسینەوە، خۆتا لەم دونیا لێپرسینەوە لەگەڵ خۆتاندا ئەنجام بدەن.

تەوبە ئەوەیە دوای ئەوەی تاوان و گوناحت ئەنجامدا، داوای لێبوردن لە خودا بکەیت و بیری زنجیری بەندایەتی خۆتت بکەوێتەوە و پەیمانی سەر زەمینی “الست بربکم” تازە بکەیتەوە و ڕوو بکەیتەوە جەنابی حەق. جەنابی حەقیش دەفەرموێت” ئەی ئەوانەی ئیمانتان هێناوە، بە تەوبەیەکی نەصوحەوە( لە دڵەوە و بە نیەتێکی پاکوبێگەردەوە) بۆ لای خودا بگەڕێنەوە”. هەر بۆیە باوەڕداران نابێت ئەم هەلانە لە دەست بدات و  دەبێت تەواوی هەوڵی بەم ئاڕاستەیەدا بخاتە گەڕ.

وەک نیشاندەری بەخشندەیی و میهرەبانی خودا بەرامبەر هەموو بوونەوەران، هەر تۆوێک کە بە گوێرەی یاسای هێزی ڕاکێشانی زەوی فرێ دەدرێتە ناو ئامێزی خاکەوە، لە جێی هەر دەنکێک دەیان و سەدان و ٧٠٠ دەنکە گەنم یاخود میوە دروست دەبێت.

ئەوانەی لە دڵەوە باوەڕیان بە خودا هەیە و، کەموکورتیش نانوێنن لە ڕێزگرتندا، ئەوانەی ڕێز لە هەموو فەرمان و قەدەغەکراوێکی خودا دەگرن  و کەموکورتی نانوێنن لە پەیڕەویکردن لێیاندا، لە بازاڕی ژیانی ئاخیرەتدا هەوڵ و کۆششیان بۆ ئەوەیە پاداشتی کارە چاکەکانیان دە قات و هەزار قات وەرگرن لە شەو و ڕۆژە پیرۆزەکاندا و بە تایبەتیش لە شەوی قەدردا، کە پاداشتی هەر چاکەیەک هەتا ڕادەی یەک بە ٣٠ هەزار بەرز دەبێتەوە.

نرخ و بەهای شەوی قەدر بزانن، هەتا قەدر و نرختان بزانرێت. لە هەموو ساڵێکدا خودا شەوێکی وەهای داناوە، گەر هەموو تەمەنت عیبادەتت بکەیت هێندەی ئەو شەوە پاداشتی هەیە و ئەو شەوەش تەنیا بریتیە لە شەوی قەدر. لە هەزار مانگ خێری زیاترە. باوەڕدار دەبێت هەموو شەو و ڕۆژێک وەک شەوی قەدر ئەژمار بکات و عیبادەتیان تێدا ئەنجام بدات هەتا لە خێری ئەو شەوە بێبەش نەبێت.

شەوی قەدر ئەو شەوەیە کە فریشتەکان تێیدا پیرۆزبایی دەکەن لە یەکتری. ئەو شەوە هێندە فریشتە دادەبەزێت، هەتا بەرەبەیان هاتنیان بەردەوامی هەیە. مرۆڤیش دەبێت بە باشی ئەو شەوە هەڵبسەنگێنێت هەتا هەستەکانی بۆ فریشتەکانیش ئاشکرا ببێت. گەر لە دڵێکی هۆشیارەوە دەست بۆ خودا بەرز بکاتەوە و، بە ئیخلاس و ڕاستگۆییەوە لە خودا بپاڕێتەوە، دەتوانین لەو ڕەحمەتە بێ کۆتاییەی ئەو بەشی خۆمان دەست بکەوێت.

هەندێک عیبادەت کە لە هەندێک شوێن و کاتدا ئەنجام دەدرێت، لە شێوازی ڕێژەییەوە دەگۆڕێت بە شێوازێکی گشتگیر و لە سێبەر و تەقلیدەوە دەگۆڕێت بە ئەسڵ و بنەمای ڕاستی خۆی. وەک چۆن یەک کاتژمێر پاسەوانی لەسەر سنوری دوژمن هێندەی پاداشتی ساڵێک عیبادەتە، یەک کاتژمێر بیرکردنەوەش هێندەی ٦٠ ساڵ عیبادەت خێری هەیە. مرۆڤێک شەوی قەدری زیندوو کردبێتەوە، هێندەی عیبادەتی ١٠٠٠ ساڵ پاداشتی بە نسیب خۆی خستووە.

هەموو چاکەیەک قورسایی و سەنگی خۆی هەیە، دەبێت ئەم هەلە بە باشی هەڵبسەنگێنین. زۆرن ئەو گوناح و تاوانانەی بە بچوک ئەژمار دەکرێن، بەڵام دەبنە هۆی ئەوەی خاوەنەکەی زەرەرەومەند و ڕەنج بە خەسار بدەن. سەردارمان باس لە پیاوێک دەکات کە بە هۆی ئاودان بە سەگێکی تینو لە بیاباندا، خودا خستویەتە بەهەشتەوە و، هەروەها باس لە ژنێکی باوەڕدار دەکات کە دەچێتە دۆزەخ بە هۆی زیندانیکردنی پشیلەیەک کە بە تینوێتی هێشتوویەتەوە هەتا مردووە.

ئیماندار دەبێت ئەم شەوە وەکو هەموو شەوەکانی تری تەمەنی بە نزاکردن و فێربوونی زانست و خوێندنەوەی قورئان بە گەردنکەچی و لێتێگەشتنێکی قوڵەوە زیندوو بکاتەوە. دەبێت نزا بکات و بە تەوبە کردنەوە مەشغوڵ بێت، خێر و سەدەقە بکات و هەتیو و هەژاران دڵخۆش بکات. دەبێت هەوڵی کۆکردنەوە تێشووی ژیانێکی ئەبەدی بدات لەم ژیان و تەمەنە فانیەی خۆیدا.

خودای گەورە مانگی بە شێوەیەک دروستکردووە کە بە هەموو ساڵەکەدا تێپەڕێت. هەربۆیە ڕۆژوو و شەوی قەدر دەکەوێتە هەموو ڕۆژەکانی ساڵەوە.

پشتیوان بە خودا ئەو شەوە خودا لە هەموو موسوڵمانان خۆش دەبێت تەنیا ئەمانە نەبێت: ئەوانەی کاری فاڵچێتی دەکەن و هەواڵ لەسەر غەیب و داهاتوو دەدەن، ئەوانەی سحر و جادوو لە خەڵک دەکەن، ئەوانەی لە دایک و باوکیان سەرکەشی دەکەن، ئەوانەی ماددە کحولیەکان دەخۆن، ئەوانەی لە قومار و زیناکردن بەردەوامن لەو شەوەدا.

ئێستاش وا ڕەمەزانێکی تر هاتووە و تێدەپەڕێت، ئەم مانگە و شەوی قەدر کە بە نیسبەت مرۆڤەوە هۆکارە بۆ نوێبوونەوە و زیندوو بوونەوەیە، هەلێکی گەورەیە و دەبێت لە دەستی خۆمانی نەدەین.

ئێستا گومان لەوەدا نیە بە سەردەمێکدا تێدەپەڕین کە منداڵ و پیر پێکەوە دەکوژرێن و دایکان فرمێسک هەڵدەڕژن و، برا بە بێ چاوتروکان برای خۆی دەکوژێت.

بۆ وەستانی خوێن و فرمێسکی چاوەکان، بۆ کۆتای هێنان بەو زوڵم و ستەمەی ئەنجام دەدرێت، دەبێت لەم شەو و ڕۆژە پیرۆزانەدا هەتا دێتە سەر زمان و دڵمان نزا بکەین و داوای ڕزگاری و سەرفرازی لە جەنابی حەق بکەین. هەلومەرجەکان چەندە بێ ڕەحمانەتر و زوڵم و زۆرداریەکان چەندە گەورەتر بن، دەبێت هزرمان بە هۆی خەمی ڕابردوو و داهاتوو پەرش و بڵاو نەبێتەوە و، هەموو ڕۆژێک ئەوە ئەنجام بدەین کە لەسەر شانمانە و ئەنجامەکەی بۆ جەنابی حەق بەجێبهێڵین و باری شانی خۆمان سوکتر بکەین.

کەسی باوەڕدار لەبەر فەرمانی خودا، عیبادەت و ڕۆژوو  وزەکات و حەج ئەنجام دەدات. بە هۆی ئەم عیبادەتانەوە کە بە نیەتێکی پاک ئەنجامی دەدات، چاوی لە ڕەزامەندی خودا بڕیوە.

ئێستا لە ڕۆژانێکی پڕ بەرەکەتی وەهاداین، بە هۆی رەحمەت و لێبوردەیی خوداوە ئەهلی ئیمانی تێدا بۆ ژیانی فیردەوس ئامادە دەکرێت و، ئەندامە پیس بووەکانیانیانی تێدا پاک دەکرێتەوە، جارێکی تر هەلی ئەو مانگەی پێداون کە ” یەکەمەکەی ڕەحمەتە و ناوەڕاستەکەی لێخۆشبوون و مەغفیرەتە و، کۆتاییەکەی ڕزگاربوونە لە دۆزەخ”. ئێستا کاتی ئەوەیە لە فەیز و بەرەکەتی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز خۆمان بێ بەش نەکەین.

 

لە شەو و ڕۆژی ئەم کەش وهەوا پڕ مەعنەویەدا گوێ بدەین بەو بانگهێشتە خوداییەی کە دەفەرموێت” هەرکەسێک نزا بکات لێی وەردەگرم، هەرکەسێک داوای شتێک بکات لێی وەردەگرم، هەرکەسێک داوای لێخۆشبوون بکات لێی خۆش دەبم” و لە دڵەوە باوەڕ بەمە بکەین و ملکەچی ببین و، سەبارەت بەو کەش و هەوا دونیاییەی لە ڕۆحماندا چەندین ناڕەحەتی دروست کردووە، ڕوو بکەینە جەنابی حەق و، بێ ئەوەی ئەرکی سەرشانی خۆمان فەرامۆش بکەین، بێ دەسەڵاتی و لاوازی و هەژاری خۆمان بۆ خودا دەرببڕین و دانی پێدا بنێین و هەوڵی ئەوە بدەین شەوێکی وەک شەوی قەدر لە کیس خۆمان نەدەین.

ئەو پەروەردگارەی ڕەحمەت و بەزەیی بێ کۆتایی هەیە، هەلی گەورە دەبەخشێتە بەندەکانی هەتا بەر لێبوردەیی و بەخشندەیی خۆی بکەون. ئەو داپۆشەرە و عەیب و نەنگی ئێمە دەشارێتەوە. ئەو لێبوردەیە و لە هەموو گوناحەکان خۆش دەبێت. گەنجینەکانی ئەو کۆتایی نایەت. مادام خۆی خاوەنی گەنجینەکانە، بە خواستی خۆی چەندی بوێت هێندە دەبەخشێت بە هەر بەندەیەکی خۆی کە بیەوێت. چونکە ئەو بە گوێرەی نیەتەکان مامەڵەمان لەگەڵ دەکات. چونکە هەر خۆی لە هەموو ئاشکرا و نهێنیەک ئاگادارە.

٥ ئایەتی یەکەمی سورەتی عەلەق، لە شەوی قەدردا دابەزیوە کە دەفەرموێت” بخوێنە بە ناوی خودای ئەفرێنەرەوە، ئەو خودایەی مرۆڤی لە خانەیەکی هەڵواسراو دروست کردووە، بخوێنە، خودای تۆ خاوەنی بەخشندەیی بێ کۆتایە. مرۆڤەکانی لە ڕێگەی پێنووسەوە فێرکردووە و فێری ئەو شتانەی کردوون کە نایزانن”.

لە سەردەمە پێشووەکاندا، مرۆڤەکان ساڵانێکی درێژ دەژیان و عیبادەت و تاعەتیان بە گوێرەی ئەو تەمەنە درێژە ئەنجام دەدا. سەردارمان بەوە نیگەران بوو کە تەمەنی ئومەتی محمد کەم دەخایەنێت. جەنابی حەق وەک وەڵامدانەوەیەکی ئەم نیگەرانیەی سەردارمان، لە ڕێگەی جوبرەئیلی ئەمینەوە سورەتی قەدری بۆ سەردارمان نارد و مژدەی ئەم شەوەی پێدا.

سەردارمان لەلای خودا شوێنێکی تایبەتی هەیە. چونکە ئەو هەمیشە دەستێکی لە ئاسمان و دەستێکی لە زەوی بوو. چاوی لەسەر خودا بوو، چاوەکەی تریشی لەسەر ئومەتی بوو کە چۆن ڕێگایەک بگرێتە بەر هەتا بیانگەیەنێت بە خودا. ئیمام هەرچیەک بکات دەبێت جەماعەتەکەشی هەمان شت ئەنجام بدەن. ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە، ئەوەیە بە شیوەیەک خۆمان بکەینە ئومەتی ئەو، تا لە ڕۆژی مەحشەر و دادگاییە گەورەکەدا، بە شایەتیدانی بۆ ئێمە شەرمەزار نەبێت.

هەربۆیە هەرچەندە وا باوە دەڵێن شەوی قەدر لە ٢٧ ی ڕەمەزاندایە، بەڵام هەموو ساڵێک کاتی مانگی ڕەمەزان دەگۆڕێت و ئەگەر هەیە لە هەر شەوێکی ئەو مانگەدا بە نسیبمان ببێت، لەوەش زیاتر دەبێت لە هەموو شەوەکانی ساڵدا بە دوایدا بگەڕیین. باشترین شت ئەوەیە هەموو شەوێکی تەمەنمان وەک شەوی قەدر هەڵبسەنگێنین و، هەموو ڕەمەزانێک وەک دوا ڕەمەزانی تەمەنمان بێت هەڵبسەنگێنین و تەمەنمان وەک دەسخەری تێشووی ژیانی ئاخیرەت بەکار بهێنین.

ئەو مانگەی زۆر خۆشمان دەوێت و لەم ڕۆژانەدا کە هێواش هێواش بەرەو ماڵئاوایی کردن خۆی ئامادە دەکات، پیرۆزبای شەوی قەدر و جەژنی ڕەمەزانتان لێدەکەم و ئاواتەخوازم ببێتە مایەی خێت بۆ وڵاتەکەمان و هەموو جیهانی ئیسلام و مرۆڤایەتی.

 

Show More
Back to top button