بیروڕاهەواڵ

هەلومەرجی ئەو کاتەی مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەنی تێدا پەروەردە بووە

تارق بوراک


قۆناغی منداڵی مامۆستا بە سەردەمی جەنگی جیهانی دووهەمدا تێدەپەڕێت.
ڕەفیعە خانم لە بابەتی پەروەردەکردنی منداڵەکانیدا لە ڕووی ماددی و مەعنەویەوە، بە شێوەیەکی زۆر هەستیارانە مامەڵەی دەکرد.
دونیای ڕۆحیانی بەو نەخشانە دەهۆنیەوە، کە لەلای ئەهلی ئاسمان بەهای هەیە و لە ڕۆژی چاوپێکەوتنە گەورەکەدا دەخوات و لە تای تەرازووی لای ڕاست نرخ و سەنگی هەیە.
ئەمانەش نەخشگەلێک بوون کە بە ئاراستەی ڕەزامەندی خودا و لەسەر ڕێچکەی پێغەمبەرەکەی بوون. لە ڕاستیشدا شێوازی مامەڵەی خێزان لەسەر منداڵەکانی کاریگەریەکی گەورە دادەنێت. خێزان چی پشانی منداڵ بدات و باس بکات، منداڵیش لە ڕێگەی ئەو شتانەی خێزانەوە هەوڵی هۆنینەوەی کەسایەتی خۆی دەدات.
مرۆڤ وەک منداڵی ئەو لانەیەی تێیدا گەورە دەبێت، گۆش دەبێت و شێوازی خۆی وەردەگرێت. مامۆستا لە ساڵی ١٩٣٩ کە لە تەمەنی ١ ساڵیدایە، وڵاتانی ئەوروپا بە هۆی بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە، بە خوێناویترین جەنگی مێژوویدا تێدەپەڕین. جەنگەکە لە بەرواری ١ ی ئەیلولی ١٩٣٩ بە داگیرکردنی پۆڵۆنیا لەلایەن ئەڵمانیاوە دەستی پێکرد. پاش ئەوەی هەریەک لە فەرەنسا و ئینگلتەرا جەنگیان لە دژی ئەڵمانیا ڕاگەیاند، لە بەرواری ٣ ی ئەیلولی ١٩٣٩ جەنگی جیهانی دووهەم دەستی پێکرد. لە کاتێکدا دونیا بەم کارەساتەدا تێدەپەڕی، لە بەرواری ٢٧ ی ئەیلولی ١٩٣٩، وڵاتەکەمان بە کارەساتی بومەلەرزەکەی ئێرزینجاندا تێپەڕی. بومەلەرزەکە بە گوڕی ٨ پلەی ڕێختەر لە ئێرزینجان و چواردەورەکەی هاتە مەیدان و دەیان هەزار ماڵ رووخان و ٣٣ هەزار کەسیش گیانیان لە دەستدا. سەدان هەزار کەسیش بریندار بوون.

لەو ساتەی بومەلەرزەکەی ئێرزینجان ڕوو دەدات، مامۆستا سەعید نورسی نەفی ناوچەی کاستامۆنو کراوە و لە پەیامەکاندا بەم شێوەیە باسی دەکات” ڕوودانی ئەم بومەلەرزەیە لە زستانێکی سەخت و شەوێکی تاریک و سەرما و سۆڵەیەکی تۆقێنەردا، بە تایبەت لەم شارە کە ڕێزی مانگی ڕەمەزان ناگرن؛ لەگەڵ ئەوەشدا بە ئاگانەهاتنەوەیان سەرەڕای ئەو هەموو وێرانکاریەی ڕوویدا، بەردەوامی بومەلەرزەکە و زۆر ئاماژەی تریش ئەوەمان پێدەڵێن کە مەبەستی کەمێک بەئاگاهێنانەوەی کەسانی غافڵ و ئاڕاستەکردنیان بەرەو نوێژ و نزا، موسوڵمانانی ئەو ناوچەیەی کردۆتە ئامانج و دەیانهەژێنێت و خۆیشی لەگەڵیاندا دەهەژێنێت. هەژانی خەڵکی بێ چارەی ئێرزینجان زیاتر لە ناوچەکانی تر دوو ڕووی هەیە:
یەکەم: لەبەر ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچەیە هەڵە و تاوانیان کەمە، پەلە کرا لە پاککردنەوەیان.
دووهەم: لەبەر ئەوەی کەسانێکی بێ دین لەو ناوچانەدا ناوەندێکی بەهێزی چالاکیان بۆ خۆیان پێکەوە ناوە و خەریکە کەم تا زۆر زاڵ دەبن بەسەر کەسانێکدا کە پارێزەی بەهێز و ڕاستەقینەی ئیمانن و پارێزگاری لە ئیسلام دەکەن، ئەگەر هەیە لە پێش هەموو کەسێکدا ئەو جۆرە کەس و ناوەندانەی بەر شەپازلە دابێت”.
لە ساڵی ١٩٤٠ یش لەو کاتەی مامۆستا تەمەنی ٢ ساڵ بوو، لە گوندەکانی ئەو کاتەی تورکیادا بە خولیای دروستکردنی نەوەیەکی ئەتەیستەوە(نکوڵیکار لە بونی خودا)، چەندین ناوەندی خوێندنەوە دامەزرێندران.
یاسای تایبەت بە “پەیمانگای گوندەکان” لە مانگی نیسانی ١٩٤٠ بە دەنگی ٢٤٨ پەڕلەمانتار پەسەند کرا. حەسەن عەلی یوجەل وەزیری پەروەردەی ئەو کاتە، ئەم هەڵمەتەی بە “شۆرشی تورک” ناو دەبرد و پێی وابوو دەبێت بناغەی ئەم شۆڕشەیان لە گوندەکانەوە دەست پێبکات. هەر بەو شێوەیەشیان کرد. لە ڕێگەی ئەم پەیمانگایانەوە، داڕوخانی ئەخلاقیان بۆ زۆرێک لە گوندە بێ گوناحەکانی ئەم وڵاتە گواستەوە. لە ڕێگەی ئەم پەیمانگایانەوە ئامانجیان ئەوە بوو نەوەیەکی تەواو دابڕاو لە دین دروست بکەن. بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە شتێک بە ناوی پیرۆزی و قودسیەتی خێزانەوە بوونی نیە و چەندین پڕوپاگەندەی کۆمۆنیستی ئەو کاتەیان بە گوێی گەنجاندا دەدا و ژەهراویان دەکردن. تەواوی ئەو کردارانەی لە دژی بەها ئەخلاقیەکانمان بوو چاوپۆشی لێدەکرا و بگرە دنەیشیان دەدا.

خولیایی پێگەیاندنی نەوەیەکی ئەتەیست لەو سەردەمەدا هەرچیەک بووبێت، ڕێک چەشنی خولیای پێگەیاندنی نەوەیەکی ڕەدیکالی ئیسلامیە لەم سەردەمەدا، کە ناوئاخن بۆش، دوور لە ئەخلاق، بەرژەوەندیخواز و ئالودەی خۆپەرستیە. دەشتوانین بڵێین ئەو زیانەی ئەم جۆرە کەسانە بە دینیان گەیاندووە، لە مێژوودا کەس نەیتوانیوە کارێکی هاوشێوە بکات.

“باجی دەرامەت”
لە ١١ ی تشرینی دووهەمی ١٩٤١ کە جەنگی جیهانی وەک کورەی ئاگر بڵێسەی دەهات و هەموو لایەکی خاپور و وێران دەکرد، یاسای ” باجی دەرامەت” دەرکرا کە کەسانی خاوەن سەرمایەی ناموسوڵمانی بە ئامانج گرتبوو. لە ڕێگەی ئەم یاسایەوە، تەواوی ئەو کەسانەی ناموسوڵمان بوون لە وڵاتدا، گەر کۆی سەروەت و سامانەکەشیان بفرۆشتایە هێشتا نەیاندەتوانی لە ژێر باری ئەو باجە دەربچن. زۆرێک لەو هاوڵاتیانە دوکان و ماڵەکانیان فرۆشت و ژیانی بازرگانی زۆرێک لەوان کۆتایی هات. جێبەجێکردنی یاساکە بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک بەردەوام بوو. ئەوانەی باجەکەیان پێنەدەدرا، ڕەوانەی کەمپەکانی کارکردن کران، تراژیدی زۆر گەورە ڕوویدا.

ئەو زەمین و بارودۆخەی مامۆستای تێدا پەروەردە بوو
“مرۆڤ وەک منداڵی ئەو خێزانەی تێیدا گەورە دەبێت پێدەگات و شێواز وەردەگرێت. ئیدی ئێمە درک بەمە ببەین یاخود نا، منداڵ زیاتر لەو قسە و ئامۆژگاریانەی بە گوێیدا دەدرێت، لە ڕێگەی ئەو شتانەی دەیبینن و دەیبیستن لە خێزاندا، خود و کەسایەتی پێدەگات. بەڵێ هیچ وانەیەک هێندەی ئەم ئامۆژگاریە ڕاستگۆیانەی ناو خێزان کاریگەری لەسەر دروست ناکات”.

مامۆستا لە ڕێگەی ئەم قسانەی سەرەوە، وێنەی ئەو خێزانەی دەکرد کە خۆی تێدا گەورە بوو بوو. لە ڕاستیدا ئەویش لە خێزانێکدا گەورە بوو بوو، کە چوارچێوەی قورئان و نوێژ و عیبادەتەکان هەموویان کۆکردبوویەوە و لە ڕێگەی نزاکانی نەنکی بە ناوی مونیسە خانم کە بە فرمێسکی چاوەکانی دەیهۆنینەوە، گەورە بوو. نەنکی هەر لە سەرەتاوە چەند وشەیەکی تایبەت بە نوێژی فێر دەکرد و دواتر بەم هۆیەوە لەسەر بەرمال وەستا و دەستی بە نوێژ کرد. لە تەمەنی دوو ساڵیدا دەبێت کە دایکی مامۆستا لە کاتی نوێژی بەیانی لەگەڵ خۆیان هەڵیدەستێنن و دواتر لە تەمەنی ٤ ساڵیەوە هەر ٥ فەرزەکەی بە بێ فەوتاندن ئەنجامداوە. پاشان لە تەمەنی گەنجێتیدا تەواوی ئەو نوێژانە قەزا دەکاتەوە کە لە تەمەنی ٤ ساڵیەوە ئەنجامیداوە، لەبەر ئەوەی پێی وایە بە هۆی تەمەنی منداڵیەوە بە تەواوی ئەنجامی نەداون.
مامۆستا هەمیشە باس لەوە دەکات کەئەو خێزانەی تێیدا پەروەردە بووە، توێشووی هەموو کەرەستەیەکی ماددی و مەعنەوی تێدا بووە هەتا وەک موسوڵمانێکی باش پەروەردە ببێت. بۆ نمونە باسی شامیل ئاغای باپیرەی دەکات، کە سەرەڕای ئەوەی درەنگ دەست بە نوێژکردن دەکات، بەڵام هەموو شەوێک سەد ڕکات نوێژی ئەنجامداوە. هەروەها باس لەوە دەکات کە خۆیشی لە تەمەنی ٣ تا ٤ ساڵیەوە لە پاڵ باپیرەی وەستاوە و نوێژی کردووە. بەڵام نوێژەکانی باپیرەی هێندە درێژ بوون، چیدی توانای بە پێوە وەستانی نەماوە و بە ناچاری وازی هێناوە و لە سوچێکدا خەوی لێکەوتووە. باپیرەی تا ڕادەی شێتێتی عاشقی هاوەڵانی پێغەمبەر دەبێت و هەمیشە باسیان دەکات و لە کاتی باسکردنیاندا چاوی لە ئاسۆیەکی دوور دەبڕێت و بە خەیاڵدا ڕۆ دەچێت. هەر لەو تەمەنە منداڵیەوە خۆشەویستی هاوەڵانی پێغەمبەری خستۆتە ناو دڵیان و ئەوانیش وەک بەشێک لە خێزانی خۆیان، هەموو هاوەڵانیان قبوڵ کردووە.
مامۆستا سەبارەت بە ژیانی هاوەڵان دەڵێت” باسکردنی ژیانی هاوەڵان وەک ڕووداوێکی مێژوو کارێکی زۆر ئاسانە، بەڵام ئەوەی گرنگە لەم بابەتەدا ئەوەیە، لەناو ئەو جوانیانەدا بژین کە سەبارەت بەوان دەگێڕدرێتەوە”. هەروەها بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت” ئەوەی گرنگە لەم بابەتەدا ئەوەیە عەشق و تامەزرۆیی و گەڕان لە نەفسماندا هەبێت بۆ ژیان بە گوێرەی ئەو واتایانەی لەلایەن ئەو ئەستیرانەوە گوزارشتی لێکراوە کە ڕێگای بەرپێی ئێمەیان ڕۆشن کردۆتەوە، گەر ئەم جۆرە باسانە لە ناو ناخماندا ئاگر و عەشقی ئەوەی هەڵگیرساند کە لە ڕاستیشدا وەک ئەوانمان لێبێت، ئەوا زۆر باشە. خۆ گەر دوای هەستێکی کاتی و یەک دوو فرمێسک وەک خۆمان لێهاتەوە، ئەوا زرۆ خراپە. ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە نغرۆ دەبین. چونکە ئەو بابەتانەی سەبارەت بەم ئەستێرانە باس دەکرێت، هەر وەک ئەوەی چیرۆکگەلێک نین کە چەشنی لای لایە پێش خەواندنی منداڵ بخوێنرێتەوە، لە هەمان کاتدا چیرۆکگەلێک نین کەوا لە کۆمەڵێک خەیاڵی سادە پێکهاتبێتن. بەڵکو بریتیە لە کریستاڵی کۆمەڵێک کە لەناو حەقیقەتدا ژیاون و لەلای خوداش پەسەندبوون و لە کتێبە پیرۆزەکەی خۆیشیدا وەک نمونەیەک بۆ ئێمە، تابلۆی ئەوانی بۆ نەخشاندووین. پەیامبەری خوداش ئەم هاوەڵانەی بە ئەستێرەکانی ئاسمان چواندووە. خۆ گەر لە بەرامبەر باسی ئەواندا دڵەکانمان کاریگەر ببن و یەک پارچە حەسرەت و تامەزرۆیی ئەوەی “کەی بێت چۆنیەتی ئەوان لە ئێمەشدا دروست ببێت” هەڵبگریسێت، گەر لە ناخماندا تامەزرۆیی باش بوون سەری هەڵدا، پشتیوان بە خودا لەو کاتەدا دەتوانین بڵێین لەسەر ڕێگەیەکی چاکین، دەی با هەموو کەس لای خۆیەوە ئەم پرسیارە لە ویژدانی خۆی بکات”.

مامۆستا تەمەنی ٤ ساڵ دەبێت کە فێری خوێندنەوەی قورئان دەبێت لە دایکیەوە. لە هەلومەرجی ئەو سەردەمەدا، دایکی شەوانە بە دزیەوە هەڵیدەستان و فێری خوێندنەوەی قورئانی دەکرد. چونکە لە مزگەوت و خوێندنگەکاندا وانەی قورئان نەدەخوێندرایەوە. تەنانەت هەندێک لە گوندنشینەکان گەر مامۆستایەکیان ببینیایە خەڵک فێری قورئان دەکات، ئەوا دەستبەجێ هێزەکانی جەندەرمەیان بانگ دەکرد و ئەوانیش قۆڵبەستیان دەکرد.
” ناحەزانی قورئان لە هیچ سەردەمێکدا بوونیان ڕووی لە نوقسانی نەبووە. لە دوێنێوە هەتا ئەمڕۆ، دوژمنانی قورئان گەر نەشیانتوانیبێت دەستێوەردانی تێدا بکەن و بەلاڕێیدا ببەن، ئەوا هەرچی لە دەستیان هاتووە ئەنجامیانداوە هەتا مرۆڤەکانی لێ دوور بخەنەوە. تەنانەت هەندێک سەردەمی وەها هەبووە، کە فێرکردنی قورئان قەدەغە کراوە و کاتێک هەواڵی ئەوەشیان بیستووە لە تەویلە و پشتیری هەندێک گوندا(کۆروجوک) بە دزیەوە وانەی قورئان دەوترێتەوە، یەکسەر هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو گوندە و منداڵەکانیان کردووە بە لولەی تفەنگەکانیانەوە و کێشاویانن بە دار و دیواردا. لەو سەردەمانەی هێز و زۆرداریشیان بەکارنەهێناوە، لە ڕێگەی گومان و وەسوەسەی جیاوازەوە هەوڵی هەڵخلیسکاندنی هزری موسوڵمانیان داوە و بەرامبەر قورئان نامۆیان کردوون”.(بامتیلی، ٧-٢-٢٠١١).
ئەو زوڵمەی ئەمڕۆش بەرامبەر مرۆڤە ڕاستگۆکانی خزمەت دەکرێت هەمان شتە و بگرە لەبەر ئەوەی بە دەستی کەسانێک دەکرێت کە لە ڕواڵەتدا خۆیان بە موسوڵمان دەردەخەن، مەترسیدارترە.
بەدیعوزەمانیش زۆرترین سکاڵای بەرامبەر ئەمە دەکرد و دەیوت:
ئەوەی خەفەت بە من دەدات تەنیا ئەو مەترسیانەیە کە ڕوویان لە ئیسلام کردووە. جاران مەترسیەکان لە دەرەوە دەهاتن و هەربۆیە بەرەنگاربوونەوەیان ئاسان بوو. ئێستا مەترسیەکان لە ناوخۆوە دێن. گورگ لە پێستی مەڕدا خۆی حەشار داوە. هەربۆیە بەرەنگاربوونەوەیان زۆر سەخت بووە. دەترسم لەوەی لاشەی ئەم کۆمەڵگایە بەرگەی ئەم شاڵاوە نەگرێت. چونکە هەست بە دوژمنەکەی ناکات. چونکە ئەو دوژمنەی شادەماری دەبڕێت و خوێنێ دەمژێت بە نزیکترین دۆستی خۆی دەزانێت. گەر چاوی کۆمەڵگا بەم شێوە کوێر بوو بێت، ئەوا قەڵای ئیمان لە مەترسیدایە. هەربۆیە خەمی من و تەنیا خەمم هەر ئەمەیە. ئەگەرنا کاتی ئەوەم نیە بیر لەو ناڕەحەتیانە بکەمەوە کە توشی خۆم دەبن. خۆزگە توشی هەزار هێندەی ئێستا لە ناڕەحەتی دەبووم بەڵام داهاتووی قەڵای ئیمانم لە سەلامەتیدا ببینیایە”.

مامۆستا لە ڕەفیعە خانمی فێری قورئان خوێندنەوە دەبێت و پاشان لە ماوەی یەک مانگدا خەتمی دەکات.
مامۆستا هەر لە منداڵیەوە دانیشتن لە مەجلیسی گەورەکان و گوێگرتن بە دیقەتەوە بۆ قسەکانیانی کردبوو بە عادەتی خۆی. هەروەها زوو زوو مامۆستا و زانای گەورەی ئەو سەردەمە دەهاتن بۆ ماڵیان و ئەمانیش میوانداریان لێدەکردن.
بەدیعوزەمان سەعید نورسیش جیاواز لە منداڵانی هاو تەمەنی خۆی، هەمیشە حەزی بەوە دەکرد لە مەجلیسی گەورەکاندا دابنیشێت، بە تایبەت حەزی لە مەجلیسی زاناکانی ئەو سەردەمە دەکرد، کە شەوانی زستان لە گوندەکەی ئەوان و لە ماڵی خۆیان میوانداریان دەکردن.
یادگەی مامۆستا زۆر بەهێز دەبێت و، زیرەکی و بیرە تیژەکەیی و توانستە دەراساکانی وای لێکردبوو هەر لە منداڵیەوە جیاواز لە هاوتەمەنەکانی سەردەمی خۆی دەربکەوێت. وەک ئەوە وەها بوو تەواوی قسەکانی لەو مەجلیسی گەورەکاندا دەیبیست، وشە بە وشەی لە یادگەیدا تۆمار کردبێت. کاتێک مەجلیس و کۆڕەکە تەواو دەبوو، مونیسە خانم و ڕەفیعە خانمی دایکی هەر پرسیارێکیان سەبارەت بە مەجلیسەکە لێبکردایە، دێڕ بە دێڕ بۆی دەگێڕانەوە. زۆر جار بە هەمان هەست و جۆش و خرۆشی ناو مەجلیسەکە بۆی دەگێڕانەوە. مونیسە خانمیش بەم هۆیەوە بە گریانەوە گوێی بۆ دەگرت و هەندێک جار لە هۆش خۆی دەچوو.
هەر لە تەمەنی منداڵیەوە ڕەچاوی حەق و مافی دایک و باوکی دەکرد. ئەوەی لە دەستی دەهات ئەنجامی دەدا هەتا بێ ڕێزیان بەرامبەر نەکات و هەرگیز لە قسەی دایکی دەرنەدەچوو. زۆر بە تەنگ خێزان و خزم و کەسوکارەکەیەوە بوو. دڵی کەسی نەدەشکاند و هەرگیز بەشداری لە مشتومڕ و شەڕدا نەدەکرد. لە دوورەوە سەیری یاری منداڵانی دەکرد. گەر بۆ کارێکیان نەناردایە، لە ماڵەوە دادەنیشت و کتێبی دەخوێندەوە.
کاتێک منداڵان لە دەرەوە شەڕیان دەکرد، دەچووە دەرەوە و هەموویانی بێدەنگ دەکرد. مونیسە خانمیش هەمیشە دەیوت” ئەوە فەرماندە دەرچوو، ئێستا هەموویان بێدەنگ دەکات”. مامەڵەی پێگەشتووانەی مامۆستا سەرەڕای تەمەنی بچوکی، بە لە دڵی گەورەکاندا ڕێزێکی گەورەیان بەرامبەر دروست کردبوو. بۆ نمونە ئەنوەری مامە گەورەی، هەر لە منداڵیەوە مامەڵەی پیاوی گەورەی لەگەڵدا دەکات و لە ڕێگای پێشی نەدەکەوت و وەک کەسێکی گەورە قسەی لەگەڵدا دەکرد و بایەخی پێدەدا.
باوکی مامۆستاش لە تەمەنی ٣٤ ساڵی و لەو کاتەی جەنگی جیهانی دووهەم بەردەوامە، بە تایبەت لە ڕێگەی ئەو وانانەی لە شەوانی زستاندا لە مەدرەسە خوێندبووی، لە گوندەکەی خۆیان دەبێت بە مەلا. خەڵکی گوندەکەش زۆر لێی ڕازی دەبن و دەڵێن: تۆ تازە ببە بە مەلای ئەم گوندە و مەڕۆ بۆ هیچ شوێنێکی تر.
جەنگەکە لە ساڵی ١٩٣٩ هەتا ساڵی ١٩٤٥ تەواوی دونیای گرتەوە و وڵاتانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و یابان، لە دژی فەرەنسا و ئینگلتەرا و ئەمەریکا دەجەنگان. جەنگەکە بەسەر تەواوی ناوچەکانی دونیادا باڵی کێشا بوو. وڵاتانی بەشدار لە جەنگەکە، لەگەڵ بەکارهێنانی تەواوی توانای ماددی خۆیان، هێزی مرۆیی خۆیشیان بە شێوەیەکی بێ ڕەحمانە دوور لەبەزەیی وەگەڕ خستبوو.
جگە لەو سەربازانەی جەنگیان دەکرد، ملیۆنان مرۆڤی مەدەنیش لەو جەنگەدا کوژرا. تورکیا لە جەنگەکەدا بەشدار نەبوو، بەڵام باری نەرێنی تەواوی هەلومەرجی ئەو کاتەی بەسەردا سەپا بوو.
باوکی مامۆستا کە لە ساڵی ١٩٤١ کوڕێکی دێتە دونیاوە، حەز دەکات ناوی لێبنێت “صبغةالله” بەڵام لەبەر ئەوەی دەزانێت کارمەندی بنکەی ناسنامە قبوڵی نەکات، ناسنامە بۆ منداڵەکەی دەرناهێنێت، هەروەک چۆن لە ساڵی ١٩٣٨ ڕازی نەبوون بەوەی ناوی “محمد فەتحوڵڵا” تۆمار بکەن و ئەویش ڕەتی کردەوە ناوەکە بگۆڕێت.
باوکی مامۆستا لە ساڵی ١٩٤٢ وەک دەستەی ئەنجومەنی گوندەکەی هەڵدەبژێدرێت. موختاری گوندەکەش لەبەر ئەوەی زۆر متمانەی بە باوکی مامۆستا هەبوو، تەواوی کارەکانی خۆی دایە دەستی. موختاری گوندەکە بە هۆی ئەو نزیکیەی لەگەڵ سەربازێکی بنکەیەکی سەربازی جێگێری گوندەکەیان پەیای کردبوو، کێشەی ناسنامەی کوڕەکانی بۆ چارەسەر کرد. سەربازەکە دەچێتە بنکەی ناسنامەی بە کارمەندەکە دەڵێت” ئەم ناوانە بەم شێوەیە تۆمار دەکەیت کە خۆیان دەیانەوێت”. کارمەندەکەش دوای ڕۆشتنی سەربازەکە، ناچار دەبێت ناوی هەردوکیان تۆمار بکات. بەڵام لە کاتی تۆماری ناوەکانیاندا بە ئەنقەست هەندێک هەڵە ئەنجام دەدات، هەرچەندە باوکی مامۆستا داوای لێدەکات کە بە ناوی “محمد فەتحوڵڵا” تۆماری بکات، بەڵام ئەو هەر فەتحوڵڵا دەنوسێت و، سەبارەت بە ناوی براکەشی لە جیاتی “صبغةالله” بە سەیفوڵڵا تۆماری دەکات.
هەروەها سەرەڕای ئەوەی تەمەنی مامۆستا ١٩٣٨ دەبێت، بەڵام کارمەندەکە بە لە دایک بووی ساڵی ١٩٤٢ تۆماری دەکات.

Show More
Back to top button