بیروڕاهەواڵ

هەستی بەرپرسیارێتی و قوڵبوونەوە تێیدا

مەهمەت عەلی شەنگوڵ

خودای گەورەی خاوەن شکۆ، لە ناو هەموو دروستکراوەکانیدا مرۆڤی شەرەفمەند کردووە و هەموو بوونەوەرانی خستۆتە ژێر دەسەڵاتی ئەو.

یەکێک لەو تایبەتمەندیە گرنگانەشی کە مرۆڤ لە بوونەوەرەکانی تر جودا دەکاتەوە، هەستی بەرپرسیارێتیە. ئەم تایبەتمەندیەش پەیوەندی ڕاستەوانەی لەگەڵ ئیمانی کەسەکەدا هەیە. چەندێک ئیمان و باوەڕی بە پایەکانی ئیمان قوڵتر بێت، بەو ڕادەیەش هەستی بەرپرسیارێتی لەو کەسەدا پێشکەوتووە.

کەسی باوەڕدار خاوەنی ئەرک و بەپرسیارێتیە. ئیدی بە ڕادەی قوڵبوونەوەی لەو ئیمانەیدا، هەست بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر خودا و پیغەمبەرەکەی و موسوڵمانان و تەنانەت هەموو مرۆڤایەتیش دەکات، هەر بە گوێرەی ئەوەش کردار و ڕەفتاری خۆی ڕێک دەخات.

بە چەشنی حەزرەتی عومەر کە فەرموویەتی ” پێش ئەوەی لە دادگا گەورەکەدا لێپرسینەوەتان لەگەڵدا بکرێت، خۆتان لە نەفسی خۆتان بپێچنەوە”، بەم هەستیاریەوە هەوڵی بە ڕێکردنی ژیانی دەدات.

هەرکەسێک بە شێوەیەکی زۆر قوڵ لێپرسینەوەی لەگەڵ خۆیدا بکات – پشتیوان بە خودا – لەو دونیا کە لێپرسینەوە بەرامبەر گەردیلەیەک خراپە و چاکەش دەکرێت، لە هەموو جۆرە بەرپرسیارێتیەک ڕزگاری دەبێت.

لە دونیادا بە بێ گومان، گەورەترین نیعمەت خودا بە بەندەی خۆی بەخشیبێت نیعمەتی ئیمانە. هەموو نیعمەتێکیش پێویستی بە سوپاسگوزاری هەیە. سوپاسگوزاری ئیمانیش ئەوەیە ئیمان بگەیەنیت بۆ ئەو بەندانەی خودا کە پێویستی و ئاتاجیان بە ئیمان هەیە و، ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی خۆشەویستکردنی خودا و پیغەمبەرەکەیەوە دەبێت.

 

ئەم ئەرک و بەرپرسیارێتیە کە لە سەردەمی سەعادەتدا لەلایەن سەردارمان و هاوەڵە بەڕێزەکانیەوە نوێنەرایەتی دەکرا، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بە هۆی لوتف و ئیحسانی ئیلاهیەوە، ئەم ئەرکە پڕ پیرۆزی و شەرەفمەندیە خراوەتە سەر شانەکانی ئێمە. ئەمەش هەتا بڵێی ئەرکێکی قورس و گرانە. بەڵام هەرچیەکیش بێت، شەرەفەکەی بەو ڕادەیەش گەورەیە. لەبەر ئەوەشی زۆر بە قوڵی هەستمان بە قورسی ئەم ئەرکە نەکردووە لە ویژدانماندا، هەربۆیە زۆر پێدەکەنین و کەم دەگرین. سەردارمان دەفەرموێت” گەر ئەوەی من دەمزانی ئێوەش بتانزانیایە، ئەوا زۆر دەگریان و کەم پێدەکەنین”.

لەبەر ئەوەی ئەرک و بەرپرسیارێتی پەیامێکمان لەسەر شانەکانمان هەڵگرتووە کە تایبەت بە خودا و پیغەمبەرەکەیەتی، دەبێت لە ئاست درک و شعوری ئەم بەرپرسیارێتیە بین و ژیانمان سەرلەنوێ کۆبکەینەوە و بە گوێرەی ئەو ئەرکە ڕێکی بخەینەوە.

جەنابی حەق لە ئایەتی ١٥ ی سورەتی ئەحزابدا دەفەرموێت” ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر بەڵێنیان بە خودا دابوو کە بەرامبەر دوژمنان هەڵنەیەن، بێگومان خودا لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو بەڵێنانە دەکات کە پێی درابوو”.

هەروەها لە ئایەتی ٢٨٦ سورەتی بەقەرەشدا دەفەرموێت:

خودا داوای هیچ شتێک لە کەسێک ناکات کە لە سەروی توانای خۆیەوە بێت و هەرکەسێک چاکەیەک بکات بۆ خۆیەتی و کاری خراپیش لەسەر خاوەنەکەیەتی”.

ڕێگامان ڕێگای جەنابی حەقە، هەر بۆیە پێویستە هزریشمان ڕێگەی حەق بگرێت و هەوڵی سەرخستنی بدات، ئەرکی سەرشانیشمان ئەوەیە حەق بگەیەنین بە هەرکەسێک پێویستی پێیەتی. ئامانجیشمان ئەوەیە لە پێناو بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خودادا بەرگەی هەموو جۆرە ناڕەحەتیەک بگرین و دان بە خۆداگر بین. وەک مرۆڤێکیش ئامانج لە دروست کردن و حیکمەتی بوونمان هەر ئەمەیە کە باسمان کرد.

 

سەردارمان ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەریەکێک لە ئێمە، بە گوێرەی پۆست و پلە و پایەی خۆی، ئەرک و بەرپرسیارێتی لەسەر شانە. “هەریەکێک لە ئێوە شوانە و ئەوەی لە ژێر دەستیدایە ئەرک و بەرپرسیارێتیە لەسەر شانی. سەرۆکی وڵات شوانە و ئەوەی لە ژێر فەرمانڕەوایی ئەودایە، جا ئیتر زمان و ڕەنگ و ئاینی هەرچیەک بێت، هەر ئەو لێی بەرپرسیارە.

هەموو تاکێک لە ئێوە شوانی خێزانەکەی خۆیەتی و لە هەموویان بەرپرسیارە. ژن شوانی ماڵی خۆیەتی و لە هەموو ئەوەی لە ژێر دەستی ئەودایە بەرپرسیارە. خزمەتکار لە ماڵێکدا وەک شوان وەهایە و هەرچی شتێک خراوەتە ژێر دەستی لێی بەرپرسیارە. هەموو یەکێک لە ئێمە شوانە و بەرپرسی ڕانەکەی خۆیەتی”.

لە ڕووی پێگەیاندن و ڕاگەیاندن و نوێنەرایەتیەوە، ئەرک و بەرپرسیارێتی لەسەر شانی هەموو باوەڕدارێکە. هەروەها دەفەرموێت” هەریەک لە ئێوە خراپەیەکی بینی بە دەستەکانی لایبەرێت. گەر هێزی ئەوەی نەبوو ئەوا بە قسەی نەرم و نیان بیگۆڕێت. گەر هەر دەسەڵاتی ئەوەشی نەبوو، ئەوا با لە دڵەوە ڕقی لێی بێت”.

 

هەر بزاڤێک بە هەستی بەرپرسیارێتیەوە ڕێسا و یاساکانی ڕێکبخرێت دەگاتە ئامانجی خۆی، سوود بە هەموو لایەکیش دەگەیەنێت. سەردارمان هەمیشە داوای لە باوەڕداران دەکرد کە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن.

موسعەبی کوڕی عومەیر لە دەوڵەمەندترین کەسەکانی مەککە بوو. گەنجێکی زۆر جوان و ڕێکوپێک و سەنگین بوو. لە جەنگی ئوحوددا باوەشی بە سەردارماندا کرد و هەردوو قۆڵی بە شمشێر پەڕێندرا. کە لە دونیادا بوون لەگەڵ حەزرەتی حەمزە دەیانوت کەوا دوو گۆڕی ئەم دونیایە بۆ ئەوان زۆرە، هەربۆیە بە یەکەوە هەردووکیان لە یەک گۆڕدا ناشت.

سەردارمان لە دوای پەیمانی یەکەمی عەقەبە، حەزرەتی موسعەبی نارد بۆ لای موسوڵمانەکانی مەدینە هەتا فێری ئیسلام و قورئانیان بکات. لە یەسریب(مەدینە) لە ماڵی ئەسەدی کوڕی زورارە دەمایەوە.

ئەرکی سەر شانی ئەوە بوو ئیسلام بە کەسانێک بگەیەنێت، کە دەیان هەزار کەسیان لە ژێر دەستدایە  و لە دڵیاندا خۆشەویستی بکات هەتا کرانەوەیەکی گەورە ڕوو بدات. سەعدی کوڕی موعاز، سەرۆکی بنەماڵەی ئەوس، هێشتا موسوڵمان نەبوو بوو. نیگەران بوو بەرامبەر بوونی موسعەب و ئەو پەیامەی دەیویست بیگەیەنێت. هەر بۆ ئەو مەبەستەش، یەکێک لە بەناوبانگترین کەسەکانی بنەماڵەی خۆی بە ناوی ئوسەید کوڕی خوزەیری بۆ نارد، هەتا لەمپەر بخاتە بەردەم کارەکانی. وتی بڕۆ پێی بڵێ ” گەر میوانی ئەسەدی کوڕی زورارە نەبووایە، خۆم دەمزانی چی لەگەڵدا دەکەم”.

ئوسەیدی کوڕی خوزەیر، بە شێوەیەکی توڕە و ڕقاوی هات بۆ ماڵی ئەسەدی کوڕی زورارە و پێی وت” ئێمە نازانین تۆ لێرەدا چ کارێک دەکەیت. گەر دەتەوێت ژیانت پارێزراو بێت، ئەوا بە زووترین کات ئەم شارە بەجێبهێڵە”.

حەزرەتی موسعەبیش لە وەڵامدا وتی” تۆ جارێک دانیشە و گوێ لە قسەکانم بگرە، لە مەبەستم تێبگە، گەر بە دڵتبوو ئەوا قبوڵی بکە، گەر بە دڵیشت نەبوو ئەوەی پێت خۆشە بیکە، چونکە من توانایەکیشم نیە کەوا بەرپرچی تۆی پێبدەمەوە”.

ئوسەیدی کوڕی خوزەیریش بە قسەکەی ڕازی بوو. شمشێرەکەی دانا و لەلایەوە دانیشت. حەزرەتی موسعەبیش باسی ئیسلامی بۆ کرد و هەندێک ئایەتی قورئانی خوێندەوە.

خوزەیر لە دوای گوێگرتنی وتی ” بە ڕاستی ئەمانە هەمووی قسەی جوانن و باوەڕم بە هەموویەتی، من دەڕۆم و کەسێکت بۆ دەنێرم، خۆ گەر ئەویش ئیمانتان پێبهێنێت، ئەوا کەس لەم شارەدا نامێنێت باوەڕتان پێنەهێنێت”.

خوزەیر کاتێک گەڕایەوە بۆ لای سەعد وتی” وەڵاهی هیچ کێشەیەکم لە قسەکانیدا نەبینی”، سەعدیش دوای ئەم قسانە هەستا و چووە لای حەزرەتی موسعەب.

سەعدیش لە بەرامبەر ئەو ڕاستیانەی گوێی لێبوو، بیروڕای گۆڕا و ئیمانی هێنا. لە سایەی زمانی شیرین و نەرمونیانی و دەموچاوی پڕ زەردەخەنەی حەزرەتی موسعەبەوە، هیچ ماڵێک لە مەدینەدا نەما ئیسلامی تێنەچێت.

ئەوانەی هەست و شعوریان لە ئاستی درک بردنە بە بەرپرسیارێتی، کاتێک زامێکی ناو کۆمەڵگا دەبینین، جەرگیان لەت لەت دەبێت. ناتوانێت گوێ بەوە نەدات کە نەوەیەک لە ئاگردا بسوێت و ئەمیش بە لایدا بڕوات و قسە نەکات. وەک کارمەندی ئاگر کوژێنەوە، هەوڵی ڕزگارکردنی ئەو نەوە بەدبەختە دەدات. بە پێچەوانەوە خۆشی ڕۆژێک لەو ئاگرەدا دەسوتێت.

هەرکەسێک هەڵگری ئیمان بێت لە دڵیدا، دەبێت لە خودا بترسێت و لە ڕۆحانیەتی سەردارماندا بتوێتەوە و خۆی بکات بە خاوەنی ئەم دینە بە بێ ئەوەی بیکاتە قوربانی هیچ بەهایەکی ماددی و مەعنەوی.

لە پشتی هەموو هەنگاویكمانەوە کە بە ناوی ئیسلامەوە هەڵی دەنێین دەبێت سەردارمان بوونی هەبێت، گەر موسوڵمانێک بیەوێت بە شێوەیەکی دیار سەردارمان ببینێت لە پشتی کردارەکانیەوە، دەبێت ئەو ئەرکەی لەسەر شانێتی ئەنجامی بدات بەو شێوەیەی کە پێویست بیکات.

هەرکەسێک لە ئاستی هەست و شعور و درک کردن بێت بە بەرپرسیارێتیەکانی، لەسەر بنەمای قورئان و سونەت و ڕای زانایانی ئیسلام فێری دینەکەی دەبێت و بەوپەڕی دڵسۆزی، ڕاستگۆی، وەفاوە دەژی و بە قسەی کەسانی تر فریو نەخوات و دەبێتە نمونەیەکی جوان بۆ هەموو لایەک.

ئیماندار بە مەرجی ئەوەی لە هۆکارەکاندا ڕێگەی هەڵەی نەگرتبێتە بەر، دەبێت ئارامگر بێت لەو تاقیکردنەوانەی لەلایەن خوداوە دێنە سەر ڕێگاکەیی و دان بەخۆداگر بێت. خۆ لە ڕاستیشدا گەورەترینی بەڵاکان، بەسەر پێغەمبەرانی خودادا هاتووە کە نازدارترینی بەندەکانی خۆی پێک دەهێنن.

 

هیچ کارێکی خراپ نەماوە بەرامبەر پێغەمبەر و هاوەڵانی بەڕێزی ئەنجام نەدرێت. ماوەی ١٣ تا ١٤ ساڵ سزا و ئازار و جەفایەک نەما نەیبینن و نەیچێژن. خۆ ئەوانەی بەسەر ئەواندا هات، حاشا لەبەر گوناحەکانیان بوو؟! نەخێر بەڵکو بە پێچەوانەوە، بۆ بڕینی تاقیکردنەوەیەک بوو کە چەندە وابەستەی ئەو ڕێگا حەقەن، کە لەسەری دەڕۆن و چەندە لە وانەکانیدا هەوڵ و تێکۆشانیان ئەنجامداوە.

خودای گەورە لە ئایەتی دووهەم و سێهەمی سورەتی عەنکەبوتدا دەفەرموێت:

” ئایا ئەوانەی وتیان باوەڕیان هێناوە، وایانزانی بە وتنی ئەمە ڕزگاریان دەبێت و توشی هیچ تاقیکردنەوەیەک نابن. ئێمە بێگومان ئەوانەی پێش ئێوەشمان تاقی کردەوە.بێگومان ئێوەش تاقی دەکاتەوە و ئەو کەسانەی بۆ ئاشکرا دەبێت کە بە ڕاستی  و ڕاستگۆیانە ئیمانیان هێناوە؟”.

   

Show More
Back to top button